لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان پێکهات و ڕێگەی ئەنجامدانی یەکەمین چالاکیشی لێگیرا…
بەدەست پێشخەری ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی و هەڵسوڕاوی مەدەنی و جەماوەری و بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکان لە چەند رۆژی رابردوودا، لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان پێکهاتووە، بێگومان دەستبردن بۆ وەها کارێک، لە بنەرەتدا ریشەی لەوەدایە کە ئاسایشی خەڵکی کوردستان هەمیشە لەژێر زەبری مەترسی جۆراوجۆری دەرەکی و ناوخۆییدایە… ناکۆکی و ململانێی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد “پارتی و یەکێتی” لەسەر داهات و دەسەڵات لەلایەک و دەستێوەردانی بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵگەی کوردستانی رووبەڕووی پشێویەکی زۆر کردۆتەوە و ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان و هەڵسوڕانی سیاسی و ئازادییەکان و کار و چالاکی ئۆپۆزیسۆنی وڵاتەکانی ناوچەکەی، تێکداوە. خودی دەسەڵاتی سیاسی هۆکارێکی سەرەکی ئەو دۆخەیە. بۆیە دەستبردن بۆ لیژنە یان ریکخراوەی تر کە راستەوخۆ کار بۆ بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان بکات و ماکەکانی شێواندنی ئاسایشی جەماوەری کوردستان، ببرێت، پێویستی بە کاری راستەوخۆی جەماوەری هەیە کە لەڕیگای ئیرادەنواندنی خۆیەوە هۆکارەکان و مەترسییەکان و لایەنەکانی پشت تێکدانی ئاسایشی هاولاتیان، بخاتە کەنارەوە. دیارە هەوڵێکی ئاوا بۆ ئەوەی کارو چالاکییە مەدەنی و سیاسی و جەماوەری و یاسایی و نێودەوڵەتی و دیبلۆماسیەکانی… خۆی پەرەپێبدات و سەراسەری بکاتەوە، توانایەکانی بباتە سەرەوەو هەنگاوی پێویست بەدەستەوە بگرێت، پێوستی بەوەیە هەموو کەسێکی هەڵسوراو و لایەنگر لە ماف و ئازادییەکانی و مافی مرۆڤ و مافە فەردی و مەدەنیەکان، پێوەی پەیوەست بن و بەهێزی بکەن. نەک هەر گوشار هێنانی بۆدەسەڵات، بەڵکو خۆیان هەنگاوی بەکردەوە لەرێگای ئەلگۆی گونجاو رێکخراوەوە بگرنە بەر بۆ ئەوەی خۆیان ئەرکی ئەم پاراستنی ئاسایشە و گێرانەوەی ئاسایش و ئارامی بگرنە ئەستۆ. چاوەروان مانەوە بەوەی لەڕێگای گوشار هێنانەوە بۆ دەسەڵات تا ئارامی ئاسایش بگێرێتەوە کەخۆی بەهۆی میلیشیاکانی، دەخالەتی حزبی، دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەهۆی دواخستنی موچە دزی و تاڵانی ئاشکراوە، ژینگەی نائارام نا ئاسایش کردووە، لە وەهم زیاتر شتیكی تر نییە… بەڵکو ئیرادەی لەخوارەوەی جەماوەری و کاری رێکخراو دەتوانیت ئەم ئەرکە بگریتە ئەستۆ و بەکردەوە خۆی ببێتە داینەمۆی پاراستنی ئارامی ئاسایشی هاوڵاتیان. گرتنە ئەستۆی کارێکی ئاوا لەلایەن ژمارەیەک لە کەسانی تیکۆشەر و ئازادیخواز و ئینسان دۆست، لەگەڵ پێشوازی جەماوەری ئازادیخواز بەرەو ڕوودەبێتەوە.
یەکەمین چالاکی ئەو لیژنەیە بانگەوازکردن بوو بۆ کۆبونەوەیەکی نارەزایەتی لەبەرامبەر بە هێرشی درونی بۆسەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، بەڵام بەو هۆیەوە کە خەڵکی ئازادیخواز و ئینسان دۆست پێشوازییان لەم چالاکیەو دەکرد و هاواری نارەزایەتیان بەروویدا بەرز دەکردەوە، دەسەڵاتی نۆکەر پیشە، بەپاساوی نەبوونی مۆڵەت رێگەی لە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە گرت. ریگرتن لەو چالاکییە مەدەنیانە بەدژی دەستێوەردانی و هێرشی دەرەکیدا، خودی ئەو دەسەڵاتە دەکاتە هاوکاری دەستێوەردانی دەرکی و دوبارەبوونەوە و چەند بارە بوونەوەی، بۆیە لیژنەی بەرگری لە ئاسایشی خەڵکی کوردستان حەقیانە، لەدژی بریار سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتیش هەنگاوی پێویست و کارا، بەدەستەوە بگرن.
بۆپێشەوە