سەمای بالێ و سودەکانی… نووسینی: هاوژین ڕەشید
سەمای بالێ یەکێکە لە سەما جیهانییەکان. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٥ و ١٦ و لە ئیتاڵیاوە سەری هەڵداوە پاشان گوازراوەتەوە بۆ فەڕەنسا دوای هاوسەرگیری خاتونێکی ئیتاڵی لەگەڵ شازادەیەکی فەڕەنسیدا. بالێ کۆمەڵێک سودی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و لاشەیی و زهنی هەن کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ژیانی تاک ئەگەر برەوی پێ بدرێت. بەس بەداخەوە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و لەو شوێنانەی کە ئایینی اسلام تێیدا باڵادەستە، ئەو سەمایە و هەموو جۆرەکانیتری سەماو تەنانەت هەڵپەڕکێ و مۆسقاش حەرامکراوە!
سودەکانی سەمای بالێ زۆرن و لێرەدا بە پشت بەستن بە نوسراو و سەرچاوەکانی زمانی ئینگلیزی ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم: ١- ڕێک وەستان. لە زەمەنی ئێستادا خەڵک زۆر کاتیان بەدیار شاشەی مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیتەرەوە بەسەردەبەن، ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕێکی لەش و لار. بەهۆی بالێ و جوڵەکانییەوە دەبینە خاوەنی لەشولارێکی ڕێک. ٢- گەشە بە ماسولکەکان دەدات. باوەڕکەی یان نا، زۆرێک لە وەرزشەکانی وەکو بازدان و پیلاتێ و خولانەوەو سکوات سەرچاوەکانیان بریتی یە لە تەکنیکەکانی بالێ. هەموو ئەوانەش دەبنە هۆی زیادبوونی ماسولکە و هەناسەدانی تەندروست چونکە بالێ داوات لێدەکات بە ئارامی هەناسە بدەی لەگەڵ مۆسیقادا. ٣- کشان و فلێکسبڵیتی: ئەو کشانەی لەش و لارە بەهۆی پڕۆڤەکردنەوە دەستدەکەوێت. ئەو پڕۆڤەکردنە وادەکات جەستەت بەهێز بێت.
٤- توانای فێربوون زیاد دەکات. ئەگەر بتەوێ باشتر فێری وانە بیرکاریەکان بیت و دەرچی لە تاقیکردنەوەکان، سەمای بالێ هۆکارێکی گرنگە. ئاخر لە بالێدا ڕاهێنەر داوا لە قوتابی یەکانی دەکات جوڵە و چونە پێش و هاتنە دواو ڕۆتینەکان لەبەرکەن. بەوەش لە پۆلێنی یەکەمدا دێن لەو کلاسانەی کە تێیاندا لەبەرکردنی تێدا بەکاردێت. ٥- بالێ وادەکات زۆر زیرەک بی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا. مامۆستای بالێ داوا لە سەماکەران دەکات زۆر کار بکەن لە یەک کاتدا. واتا سەماکەر جۆرە کێشەیەک چارەسەر دەکەن. داوایان لێ دەکرێ هەشت هەنگاو بژمێرن (بۆ پێشەوە) ئەوەش واتا مێشک و جەستە پێکەوە کاردەکەن لەوکاتەدا و وادەکات زیرەک بی لە چارەکردنی هەموو ئەوشتانە پێکەوە.
٦-تێگەیشتنی باشتر: بەهۆی بالێوە دەتوانین ئاسانتر لە مۆسیقا و گۆرانی تێبگەین تەنانەت زەحمەتترین گۆرانیەکانیشمان لەلا ئاسان دەبێت. ئەوە زیرەکی یەکیترە. ٧- باوەڕبەخۆبوون زیاددەکات: بالێ بەهۆی جوڵە بەردەوامەکانی و گوێگرتن لە مۆسقاو گۆرانی و تێگەیشتنیانەوە، وات لێدەکەن زیاتر باوەڕت بەخۆت بێ و ژیانت لەلا جوانتر بێ. هێزی خۆ خۆشویستنت پێ دەبەخشێ و وات لیدەکات شانازی بەخۆتەوە بکەی. ٧-هۆڕمۆنی دڵخۆشی دەردەکات. کاتێ سەما دەکەی لەگەڵ مۆسیقادا و لەش و لارت لەگەڵ مۆسیقاکەدا باڵانس دەکەی، دەتوانی ڕاکەی لەدەست سترێس و ژیانی ڕۆژانە. جەستەت هۆڕمۆنی ئیندۆڕفین دەردەدات هەستێکی خۆشت دەداتێ. جگە لەوەش سەلمێنراوە کە مۆسیقای کلاسیک هۆکارێکی باشن بۆ ئارامکردنەوەی مێشک و دەروون و وادەکات سەماکەری بالێ دڵخۆشبێت. ٨- بالێ وادەکات چیدی کەسێکی شەرمن و ترسنۆک نەبی. پاڵت پێوەدەنێ تا زیاتر کۆمەڵایەتی بی و لەگەڵ تیمدا کاربکەی و هاوکاری یەکتر بکەن. بەهۆی بالێوە ترسی چونە سەر ستەیج و وەستان بەرامبەر بینەرو بیسەرت نەمێنێ. ٩- بالێ وادەکات زیاتر کەسێکی دروستکەر و بەرهەمهێن بی. ١٠- کاریگەری هەیە بۆ سەر جوڵە وەرزشیەکان و وادەکات زیاتر دوای وەرزش و یاریەکان بکەوی. ئەمانەو چەندان سودی تری جۆراوجۆر کە دەکرێ لەکاتی بیستنی ناوی سەمای بالێدا دووجار بیرکەینەوەو هەوڵدەین بەشداربین بۆئەوەی بێبەش نەبین لە سودەکانی ئەو سەما جیهانییە…