بایکۆت و مانگرتن بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان بەس نییە، وەڕێخستنی بزوتنەوەی راستەوخۆی جەماوەری پێویستە!

0

بەهۆی بێدەربەستی نابەرپرسیاریەتی دەسەڵاتی سیاسی و دواکەوتنی موچە، جارێکی تر بەشێکی زۆر لەمامۆستایان و کرێکار و کارمەندانی سلکی تەندروستی و فەرمانبەرانی شارەوانی هەڵەبجە…تاد، بەناچاری بریاری  کۆبونەوەو بایکۆت و راگرتنی دەوامیان داوە. ماوەی زیاتر لە دوو مانگە موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەش نەکراوە، ئەمەش بۆتە هۆی گوشارێکی یەکجار گەورەو لەسەر ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و هاوڵاتیان بەشێوەی گشتی. نەدانی موچە بە موچەخۆران کە بەڕێوەچوونی ژیان و گوزەرانیان لەسەر ئەو برە موچەی مانگانەیە، بە مانای راگرتنی ژیان و شێواندنی خێزان و بێئیرادەکردن و برسیکردنێکی دەست ئەنقەست دێت. گێرانەوەی هەواڵی ئەوەی خەڵک کار دەکات و مانگانە موچەی پێنادرێت بۆ هەر تاکێکی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم، لەوانەیە جێگای باوەڕنەکردن و شۆک هێنەر بێت. ئاخر لە هیچ جێگایەکی ئەم گۆی زەوی و لەهیچ وڵات و دەوڵەتێکدا ئەوە نییە موچەخۆران موچەیان پێ نەدرێت. ئەگەر هاوڵاتی و کارمەندێک لەهەر وڵاتیکی ئەم گۆی زەویە مانگانە لەکاتی خۆیدا موچەی پێنەدرێت، ناتوانێت ژیان بکات. ئەوە راستیەکی بی ئەمما و ئەگەرە. کەچی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد هەر ماوەیە بە پاساوێک موچە دوادەخات، لە موچە دەبڕن و لەوەش زیاتر موچە نادەن بە کرێکارو کارمەندانیان… خۆ ئەوە ئەگەر بۆ یەکجار و یەک مانگ بێت، لەوانەیە لەڕیگای قەرز یان ڕێگای ترەوە بتوانرێت ئەو مانگە بەهەر سەختیەکەوە تێ پەڕێنریت، بەڵام نەدانی موچە بۆ چەند مانگ بۆ خەڵکێک کە ژیانی بەندە بەموچەکەیەوە، ناتوانرێت هیچ ناوێکی لێ بنرێت جگە لە تاوان و تاوانکارییەکی ئاشکرا.

سەرانی حزبەکان و بەرپرسەکانیان لە حزب و حکومەتدا، بەو هۆیەوە لەسەر کێوێک لەداهات و قوتی دزراو و موچەی خەیاڵیین، هەست بە نەبوونی و مانای نەدانی موچە ناکەن. لە برسێتی و گرانی حاڵی نین، لە کروزانەوی مناڵ و لاوی گیرفان خاڵی، تێ ناگەن. نازانن تێچووی ژیان و خوێندن و پەروەردەو تەندروستی و دەیان پێداویستی تر یانی چی؟ بۆیە زۆر بێباکانە دەڵێن پارەمان لەبەردەست نییە، بەغدا پارە نانێرێت، ئەوە لەکاتێکدایە خەڵک و موچەخۆرانی هەرێم لە هەرێمدا ژیان دەکەن و لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا خەریکی کارو رەنج و بەرهەمهێنان و رووبەڕوون لەگەڵ دام و دەزگاکانی هەرێم، نەک دەرەوەی هەرێم و دەسەڵاتێکی دەرەکی. ئەوە لە کاتێکدایە داهاتی هەرێم، گومرگ و زەریبە، داهاتی کارگە و کارخانەکان و بەرهەمی ناوخۆیی دام و دەزگاکان، لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە وەردەگیرێت، کەچی لەو داهاتەش ئامادەنین موچە بدەن و بێ باکانە شانی خۆیان لە دابەشکردنی دەدزنەوە.

ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی ئامادە نییە موچە وەکو مافێکی حاشاهەڵنەگری موچەخۆرانی هەرێم بدات، جەنگیکی ئاشکرایە لەدژی هاوڵاتیان و موچەخۆران و سیاسەتێکی دژە ئینسانی برسیکردن و کوشتنی دەست ئەنقەستی ژیانە. لەبەرامبەر بەو دۆخەدا نەک نارەزایەتی و کۆبونەوە و مانگرتن و بایکۆت، بەڵکو هەر کاردانەوەیەکی تر لەبەرامبە بەو دەسەڵاتە بۆ راماڵین و لەبەینبردنی نەک ڕەوایە، بەڵکو دواخستنی ئەرکی کۆتاییهێننان بەو دەسەڵاتە کارێکی نابەجێ و نادروستە.

بایکۆت و مانگرتن و کۆبونەوە، راستە بەشێکە لە دەربرینی نارەزایەتی و شێوەی جیاواز جیاوازی بێدەنگ نەبوون و ناڕازی بوونە، بەڵام هێشتا ئەم شێوازانە وەڵامدەرەوە نین، خواستی زیادکردنی موچە، هەلی کار، بیمەی بیکاری و تەندروستی، خواستی خزمەتگوازارییەکان…تاد، دەشی لەڕێگای مانگرتن و کۆبونەوە و مانگرتن گوشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن و دەسەڵاتیش بە ئاسانی مل بەو گوشارە نەدات. بەڵام هیچ پاساوێک بۆ نەدانی موچە نییەو وەڵامیش بەبێ موچەیی بەتەنها بە بایکۆت و کۆبونەوە و مانگرتن نابێت، بەڵکو دەخوازێت ئاستی نارەزایەتیەکە شێوازی تر بەخۆوە بگرێت. لەوانە دەستبەسەراگرتنی داهاتی دام و دەزگاکانی وەکو هاتووچوو، زەریبە، تاپۆ، کارگەکان، تەندروستی، راگرتنی شادەماری بەرهەمهێنان و ڕیگری لە فرۆشتنی نەوت و تانکەرەکان، لەجوڵەخستنی کێڵگە نەوتییەکان، داخستنی دەروازە سنورییەکان… تا دەگاتە دەست بەسەراگرتنی داهات وسامانی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان و کەلەسەر ژیان و گوزەران و ماندووبوونی خەڵک و دزی و تاڵانی ئاشکرا بوونە ملیۆنیر و ملیاردێر.

بۆئەوەی داهاتی خودی دەسترەنجی موچەخۆران بۆ موچەخۆران و کارمەندان بگێردرێتەوە، رێکخراوبوون و یەگگرتووبوون بۆ دەست بەسەراگرتنی داهات لەلایەن خودی موچەخۆران و کارمەندانی کەرتە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و داهات و دوبارە دابەشکردنەوەی بەشیوەی یەکسان و ستاندارد بەسەر موچەخۆراندا هەنگاوێکە پێویستە دەستی بۆ ببرێت. ناکرێ هیچی تر ئەو دۆخە قبوڵ بکرێت. کاتی وەرێخستنی بزوتنەوەی راستەوخۆی جەماوەرییە، دەسەڵات نەئامادەییەو نەتوانایی هەیەو نەئەهلی فەرمانرەواییە، بەکردەوە نیشانیداوە جگە لە کۆمەڵیک تاڵانچی کە بەزۆری چەک خۆیان داسەپاندووە، هیچی تر نین. کاتی ئەوە هاتووە داهات و چەکیان لێ دابماڵرێت. هەنگاوی یەکەمیش وەڕێخستنی بزوتنەوەیەکی راستەخۆی جەماوەری رێکخراو هاوئاهەنگ و یەکگرتوانەیە، کە خۆی دەست ببات بۆ بەڕێوەبردنی کارگەو کارخانەو خوێندن و پەروەردەو تەندروستی و ئاو و کارەبا و کۆنترۆڵی دەروازە سنورییەکان و کارگەکان و…تاد. لەهەر کەرت و بەشێکدا کارمەندان و کرێکاران، نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و لەڕیگای ئەو نوێنەرانەوە بەرهەمی ماندبوون و کاری خۆیان، بەشێوەیەکی عادلانە وەربگرن و چاوەڕوانی ئەوە نەبن کەس موچەیان پێبدات و دابەش بکات.

داهاتی کارگەو کەتەکانی بەرهەم‌هێنان و بەشەکانی ئاو و کارەبا، هاتوچۆ و تەندروستی، تاپۆ و زەریبە و خاڵەسنورییەکان و گومرگ و… بەتەواوەتی و بەزیادەوە بەشی موچەو خزمەتگوازرییەکانی هاوڵاتیان دەکات و لەوەش زیاتر دەستبردنی جەماوەری نارازی بۆئەم شێوەکارە و گێرانەوە و کۆنترۆڵکردنی داهات و سەرچاوەکانی لەلایەن خۆیان و بەشێوەی ریكخراو و هاوئاهەنگ، ئیرادەی سیاسی و ئینسانی و توانای واقعیان بۆ دەگێڕێتەوە و بۆ هەمیشەش دەستی دەسەڵاتی دزەکان لەسەر ژیان و گوزەرانیانی کۆتا دەکات… لەوەها دۆخیکیشدا بەغداش ناچارە مل بەو ئەمری واقعە بدات و مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات. چ لەپەیوەند بۆ موچەو داهات و سامان و چ لەپەیوەند بە چۆنیەتی پەیوەندی هەرێم بەبەغدا و پرسی سیاسی و ئەمنی و حقوقی، خەڵکی کوردستان…

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.