جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قوتابخانەکان، زیان و لێکەوتەکانی… هاوژین ڕەشید

0

 خوێندن و چونە قوتابخانە، یەکێکە لە هۆکارەکانی فێربوون و کۆمەڵایەتی بوون و کرانەوە بەڕووی خەڵکانی دەرەوەی خێزان و ژینگەی دەرەوە. بۆ کچان و کوڕان سەرەتایەکی باشە و دەتوانن لە پاڵ فێربوونی زانست و زانیاری ناو کتێبەکان کە لەڕێی مامۆستاکانیانەوە وەریدەگرن، بەهەمان شێوە بناغەی هاوڕێیەتی و کەسێتی پتەوی خۆیان بنیادبنێن. یەکێک لەو ڕێگا باش و کۆمەڵایەتییانەی کە دەکرێ ببێتە بناغەی بنیادنانی کەسێتییەکی کۆمەڵایەتی و سەرکەوتوو، بریتی یە لەوەی لە قوتابخانەی تێکەڵاو بخوێنێت. ئەمەش واتا ناسین و بەریەککەوتن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر. لەو قوتابخانانەی کە کچان و کوڕان تێکەڵاون، منافەسەی فێربوون و هەوڵدان بۆ هێنانی نمرەی بەرزتر زیاترە. وە هەروەها هاوکاریکردنی یەکتری لەناو ژینگەی قوتابخانەدا زۆر زیاترە بەبەراورد بە ژینگەی ئەو قوتابخانانەی کە تەنیا کچان یان تەنیا کوڕان تێیدا دەخوێنن. توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٩کرا لە ئەمریکا، تێیدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەو کوڕانەی لە قوتابخانەی کوڕان خوێندوویانە، زیاتر توشی نیگەرانی و دۆخی ئاڵۆزی دەروونی و گیروگرفت دەبن لە ساڵانی دوایی تەمەنیان بەبەراورد بەوانەی کە لەگەڵ کچان خوێندوویانە.

جەیمس پیدەری دەروونناس دەڵێ: “تێکەڵاوی کچان و کوڕان لە قوتابخانە ئەگەری کۆمەڵایەتیبوون لەناویاندا زیاتر دەکات. هەروەها وایان لێ دەکات ڕابێن و هەڵکەن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەریان و باشتر دەتوانن شتەکان بەکاربێنن و سود لە ژینگەی قوتابخانە ببینن. ئەو دەرفەتە لەو قوتابخانانەدا نییە کە تەنیا یەک ڕەگەزیان تێدایە.”

ئەگەر بێینە سەر باسی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا کە زۆربەی قوتابخانەکان تێکەڵاون و جێگای دڵخۆشی یە. لێ بەداخەوە زۆرجار لێرە و لەوێ دەبیستین مەلاکان فەتوا دەردەکەن کە نابێ کچان و کوڕان تێکەڵ بن و حەرامەو دەبێتە هۆی نەزەر و زیناو ئەو جۆرە قسانە. ئەوە لەکاتێکدا کە هەر بۆخۆیان دێن و دژی هاوڕەگەزخوازی قسەدەکەن! هیچ بیرناکەنەوە نەبوونی قوتابخانەی تێکەڵاو بۆ هەردوو ڕەگەز نامۆیان دەکات بەیەکتری و لەکۆتاییدا لەجیاتی ئەوەی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان لە دڵیاندا بچێنێ، ڕق و ترس و دوو دڵی لەنێوانیاندا دروستدەبێت. ئەوەش سەردەکێشێ بۆ هاوڕەگەزخوازی، چونکە ئەو منداڵانە یان گەنجانە لە ڕەگەزی خۆیان زیاتر، کەسیدی نابینن و تێکەڵاو نابن.

هەروەها کیشەیەکی تر کەیەخەگیری خوێندن و پەروەردە و خوێندکارانە، ئەوەیە بەشیک لە مامۆستاکان، ئەو بەشەی کەباسی ناسینی جەستەی بایلۆژی ئینسان دەکات، لە مەنهەجی خوێندن دەردەکێشن و گرنگی پێنادەن، ئەوە لەکاتێکدایە ئەوە یەکجار گرنگە بۆئەوەی چ کوڕ و چ کچ ئاشنای جەستەی خۆیان و هۆکاری ئەو گۆڕانکاریانە بن کە لە ماوەی گەشەیاندا بەسەریاندا دێت. بۆ ئەوەی بەکردەوە خوێندن و پەروەردەیەکی تەندروست و سەردەمی هەبێت، جیاکردنەوەی دین لە مەنهەجی خوێندن و پەروەردە، دەتوانێت هاوکارێکی باش بیت. لە جێگای تێکەڵکردنی دین و مەزهەب لە مەنهەجی خوێندندا، دروست ئەوەیە هەموو دین و مەزهەبە سەرەکیەکان وەکو دەرسێک بۆ زانیاری دەستکەوتن لەسەریان، بخوێنرێت، بێ ئەوەی هیچ دینێک وەکو دینی فەرمی دابسەپێنرێت و تیکەڵی مەنهەج بکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.