شاری کەرکوک لە بەینی مەنگەنەی ناسیونالیستی کورد و شۆڤینیزمی عەرەبیدا… نووسینی: عوسمان محەمەد

0

پێش کودەتاکەی عبدالکریم قاســم گۆڕینی دەسەڵات لە مەلەکیەوە بۆ جمهوری، خەڵکی شاری کەرکوک نەک هیچ ناکۆکیەک نەبوو لەبەینی نەتەوەکاندا، بەڵکو تەبایی و پەیوەندیەکی کۆمەڵاتی زۆر گەرم و گوڕ زۆر ئینسانی لەبەینی نەتەوەکاندا هەبوو. لەدوای کودەتاکەو بەتایبەت ئیجازەدانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و کردنەوە بارەگاکانی لە شارەکانی کوردستان ئیتر شیرازەی کۆمەڵاتی لەو شارەدا ئاڵۆزی و پشێوییەکی زۆری بەخۆیەوە بیـــنی. لەساڵی(١٩٥٩) بەڕابەراییەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرش کراوەتە سەر نەتەوەی تورکمان، ئەوەی ئینسانیەت پێی ناخۆشبێ هەر تاڵان و کوشتن و ئەتکردن و ئەشکەنجەو ئیهانەکردن هەموویان بەسەریانا هێنا. ئا لەم کردەوە دژی ئینسانیەدا کادرانی حیزبی شیوعیش بەشدار بوون. لەم هێرشە دڕندانەیە دەسەڵاتدارانی کەرکوک، نەک دەوری باشیان نەبوو، بەڵکو بەناڕاستەوخۆ لەپشتی ئەم هێرشەوەبوون و خۆیان دەمەزەردی ئەو ناکۆکیە نەتەوەییان ئەکرد. ئەم ڕووداوە گەورەیەو کارەساتە دژی ئینسانێکانی گەورەتر کردو ئاڵۆزی دروستکرد لەدڵ و دەروونی نەتەوەی تورکمان، کە تائێستاش ئاسەوارەکانی بە زیندووی هەر ماوەتەوەو ئەو هەموو کینەیە هەر درێژەی هەیە. لەساڵی (١٩٦٣) کە کودەتای ڕەشی هەشتی شوبات کراو حیزبی بەعس دەسەڵاتی گرد لەگەڵ عبدالسلام عارف حەرەس قەومی دروست کرا ئیتر ئەم شارە بووبە دۆزەخ بۆ نەتەوەی کوردو حیزبی شیوعی عێراق و خەڵکی شار بەگشـــتی ڕۆژانە دەیان کەس ڕاپیچی گرتووخانەکان ئەکرا، تاکار گەیشتە ئەوەی هەرکەسێک جلی کوردی لەبەربووایە ڕەشبگیریان ئەکرد، سەدەها خەڵکی بێتاوانیان لە گرتووخانەکاندا دەست بەسەر کرد، بەبێ لێکۆڵینەوەو دادگایکردن هەلوومەرجەکە ئەوەندە تۆقێنەر بوون کەس لەژیان و گوزەرانی دڵنیا نەبوو، سەرانی ناسیۆنالستی تورکمانیش ئەم هەلەیان قۆستەوە کارەساتەکەی ساڵی (١٩٥٩) یان تازەکردەوە کۆمەڵێ ناویان دابووە هێزە سەرکوتگرەکانی ڕژێم، کەئەمانە دەستیان هەیە لەو کارەساتە دڕندانەی ساڵی (١٩٥٩) هەندێ لە لەو ناوانە هیچ تاوانێکیان نەبوو، بەپێچەوانەوە شێخ مارف و شێخ حسنی دەوری کاریگەریان هەبوو لەبەرگرتن لە کارەساتەکە، بەڵام ڕژێم بۆ قوڵکردنەوەی ئەو ناکۆکییە نەتەوایەتییە بەنەخشە کاری ئەکرد سەرئەنجام سی بۆ چل کەس لەباشترین ڕۆڵەکانی کەرکوک بەبیانووی ئەوەی دەستیان هەبووە لەتاوانەکەی ساڵی (١٩٥٩) کەرکوک ڕاپێچی زیندانەکان کران و لەماوەیەکی زۆر کورتدا بیست و حەوت کەس لەوانە سزای لەسێدارەدان دران. دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە لەسێ شوێنی شاری کەرکوک و بەئاشکرا هەڵواسران نۆ دانەیان لەباخچەی (موسەڵا) و نۆ دانەیان لە(گاورباخی) ئەو نۆکەی تر لەگەڕەکی (ئاخوڕحسین) سێ شەو و سێ ڕۆژ بەهەڵواسراوی ماناوە تورکمانەکانیش دەهۆڵ و زۆڕنایان هێنابوو لەتەنیشت لەسێدارە دراوەکان هەڵەپەڕین و ئیهانە و سووکایەتیەکی زۆر نامرۆڤانەییان دژی لەسێدارەدراوەکان ئەکرد وەک تۆڵەیەک بۆ کارەساتەکەی ساڵی (١٩٥٩) ئیتر ئەمە بوو بەلوتکەی ناکۆکی کورد و تورکمان. ئەم کردەوە دژی ئینسانی و قێزەونانەیە یەکەمجار بوو لەسەرتاسەری عێڕاقدا کەڕژێمە شۆڤێنەکانی عەرەب وا بەئاشکرا و لەشوێنی گشتیدا مرۆڤەکان هەڵواسن. ئیتر دوژمنانی کورد و تورکمان بەفیتی ڕژێمە شۆڤێنیەکانی عێڕاق بەتوندی دەستی پێکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەی (اغتیالاتی) دروست کردو تورکمانەکانیش چەند کەسێکی چەقۆکێش و دڕندەیان دروست کرد هەر بەفیتی ڕژێم ئەو ئاگرەی خۆش ئەکرد و ڕۆژانە لەیەکتریان ئەکوشت چەقی ئەم کوشتن و ڕەشەکوژییە گەڕەکی شۆرجە و گەڕەکەکانی موسەڵا و پریادی و چای محەلە بوون، چونکە تێکەڵاوییەکی زۆر لەم گەڕەکانە لەنێوان کورد و تورکماندا هەبووە، ئیتر ڕۆژانە لەیەکتریان ئەکوشت ئەم پانۆرامایە درێژەی هەبووە تاساڵەکانی (١٩٦٦-١٩٦٧) لەم هەلومەرجە ناهەموارەیا ئینشقاق لەناو پارتی درووست بوو پارتی شۆڕشگێڕی لێی جیابووەوە (جەلالیەکان) ئەمانیش زۆریان کرد بەگەڕەکە کوردیەکان بەتایبەتی خەڵکی ڕەحیم ئاوا و شۆرجە، هەرکەسێک گومانیان لێ هەبوایە کەسەربە (مەلایەکانە) ئەوە زۆر دڕندانە ڕەفتاریان لەگەڵیا ئەکرد و ڕاپێچی زیندانی بارەگاکانی خۆیان ئەکرد، بەتایبەت زیندانی بەکرەجۆ ئەم کاروکردەوانەی (جەلالیەکان) نەک بەتەنها لەگەڵ دۆست و لایەنگرانی پارتی، بەڵکو لەگەڵ حیزبی شیوعیش دوژمنایەتیەکی سەرسەختیان هەبوو، لەهەرجێگەیەک یەکتریان ببینیایە ئەوە شەڕەتەقە درووست ئەبوو و چەندین کادری یەکتریان ئەکوشت، هەر ئێوارەی لێ ئەهات ئەبوو خەڵکی گەڕەکە کوردییەکان لەماڵ دەرنەچووبان بەتایبەت خەڵکی گەڕەکەکانی شۆرجە و ڕەحیم ئاوا. سەیرەکە لەوەدابوو کەئەم شارە ئەتوت حکومەتی تێدا نییە ئەو هەموو شەڕ و کوشتارە ڕووی ئەدا دەسەڵاتدارانی کەرکوک وەک چاودێر تەماشای ڕووداوەکەیان ئەکرد. دیاربوو سیاسەتێکی ڕژێمی ئەو کاتی عێڕاق بوو بۆ دەست واڵاکردنی نەیارەکانی بۆئەوەی چەند دوژمنایەتی لەنێوانیان قوڵبکاتەوە ئەوەندە بۆ سوودی سیاسی ئەو باشترە. ئەم سیناریۆ و نمایشە سیاسیەش تاساڵی (١٩٧٠) درێژەی هەبوو واتا دوای بەیانی (١٩٧٠/٣/١١) کەپارتی و ملامصطفی و ڕژێمی بەعس ڕێکەوتنی سیاسیان کرد و لەلایەن هەردوولاوە بڕیاردرا لەماوەی چوارساڵدا بەندەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت دیارە ئارامی و ئاسایش لەماوەی ئەو چوارساڵەدا لەکوردستان ڕوویدا، بەڵام لەشاری کەرکوک هەرساڵێک درێژەی هەبوو دوای ئەو ساڵە هەر چەند ڕۆژ جارێک لەبازاڕ و شەقامەکاندا ئەبوو بەشەڕەتەقە پارتی و بەعس پەلاماری چەکدارەکانی یەکتریان ئەدا هەر لەو مێژوویەدا (نازم گزار) بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی عێڕاق لەناو شاری کەرکوک بەڕۆژی ڕووناک کادری پارتی و حیزبی شیوعی ئەفڕاند ئیتر ترس و تۆقاندن جارێکی تر دەستی پێ کردەوە پارتی بارەگای لقی سێی بردە ناحیەی سەنگاو لەترسی ئەوەی کەکادرەکانی پارێزراوبێت. دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گفتوگۆی پارتی و بەعس جارێکیتر شەڕی چەکداری دەستی پێ کردەوەو دوای ساڵێک ملامصطفی و پارتی ئاشبەتاڵیان ڕاگەیاند و بەلێشاو پێشمەرگەکان تەسلیم بەحکومەتی بەعس ئەبوونەوە، بەڵام لەساڵی (١٩٧٤-١٩٧٥) سەدان کەس لەشاری کەرکوک کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و لەگرتووخانەکان توندکران و چەندین کەسیان بەسزای لەسێدارەدان گیانیان بەخشی ئیتر لەشاری کەرکوک ئەوەندە هەلومەرجی خەڵکەکەی نالەباربوو بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە خەڵکیان ڕاپێچی زیندانەکان ئەکرد وای کردبوو گەنجەکان ئەگەر کارێکیان نەبوایە مەشغوڵ ببن پێوەی ئەوە زۆر بەکەمی لەماڵ ئەهاتنە دەرەوە لەترسی گرتن. لەگەڵ ئەمانەشدا حکومەتی بەعس سیاسەتی (ترحیل) ی دەست پێ کرد هەر خێزانێ کورد (صورة قيد)ی ساڵی (١٩٥٧)ی کەرکوکی نەبوایە ئەوە دەری ئەکردنە ناوچەی کوردستان، ئیتر شیرازەی کۆمەڵایەتیان تێکدا بەملی یەکدا، ئەم سیاسەتی دژە ئینسانیە درێژەی هەبوو تاساڵی (١٩٩١)، دوای لێدانی هاوپەیمانان و خڕۆشانی جەماوەری خەڵک لەعێڕاق و کوردستان و ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەوەندەی تر کەرکوک بەر شاڵاوی گرتن کەوتن و دەیان و سەدان لاو ئەخرانە زیندانەکانەوە دەیان کەسیان ڕەمی ئەکران، ئەمەش تاساڵی (٢٠٠٣) و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو. ئالێرەوە هەلومەرجێکی تازە هاتە پێش حیزبە کوردیەکان کەهاتنە ناو کەرکوک و بوون بەشەریکی دەسەڵات، بەڵام بەشی شێری دەسەڵات بەر حیزبە کوردیەکان کەوت و ئەوانیش بەگەرم و گوڕی، دەمە زەردی ئەو ناکۆکیە کۆمەڵایەتیە نەتەوەییەیان کردەوە، ئەوانەی کەنەیاربوون لەماڵەکانی خۆیاندا ئەیانڕفاندن و دواتر لەدەرەوەی کەرکوک ڕەمیان ئەکردن و ئەیانخستە چاڵێکەوە، (١٤)ساڵ لەکەرکوک دەسەڵاتیان هەبوو لەجیاتی درووست کردنی تەبایی و برایەتی لەنێوان نەتەوەکاندا ئەوەندەی تر ئەو قڵشتەیان گەورەتر کردو دوژمنایەتیان لەنێوان نەتەوەکان تازەکردەوە. لەماوەی شەست و چوار ساڵی ڕابردوودا شاری کەرکوک ئارامی بەخۆیەوە نەبینیووە بەئێستاشەوە، ئەم هەلومەرجەی مانگی هەشتیش، کەشۆڤێنیزمی عەرەبی و ناسیۆنالیستی کوردی بەڕابەری پارتی درووستبوو ئەو کارەساتەی لێ کەوتەوە. دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی هیچ فشارێکی بەدەستەوە نەماوە بۆئەوەی دەسەڵاتی (شۆڤینی_ئیسلامی) عێڕاق ناچاربکات بۆملدان بەداواکاری دەسەڵاتی کوردی، بەتەنها ئەوە نەبێ کەئەیانەوێ شەڕی نەتەوەیی لەکەرکوک درووست بکەن و بیکەنە فشار بەسەر حکومەتی عێڕاقەوە، ئەبێ نەتەوەکانی کەرکوک مل نەدەن بەو سیناریۆ سیاسیانە کەهەمدیسان دەسەڵاتی (شۆڤێنی_ئیسلامی) عێڕاق و دەسەڵاتی ناسێۆنالستی کوردی ئەیانەوێ هەڵیگیرسێنن .

Leave A Reply

Your email address will not be published.