دەبێ نەخشە و پلانی جمهوری ئیسلامی لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی پوچەڵ بکرێتەوە…

0

رژێمی لەسەرە مەرگی جمهوری ئیسلامی لەچوارچێوەی هێرشی بەردەوامی بۆسەر چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی ئیران، بەمەبەستی پاشەکشەپیکردن بە بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی وەقوڵپکەوتووی جەماوەری بێبەشی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە رادیکاڵ و شۆرشگێرەکان، لەلایەکەوە لەناوخۆی ئیراندا خەریکی سەرکوت و گرتنی چالاکوان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و رابەرانی نارەزایەتیەکانە و لەلایەکی تریشەوە دەستی داوەتە هەرەشە پلانان دانان، تا ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لە دەرەوەی سنورەکانی و بەتایبەت لە کوردستانی عیراقدا، بکاتە نیشانەو بنکەو بارەگاکانیان بگوازێتەوە بۆ ژێر چاودێری دەسەڵاتی نۆکەر پیشەی عێراق. ئەم هەوڵ و پلانەی جمهوری ئیسلامی کە ریشەی لە بن بەست و بێچارەییدایە، بۆ ئەوەیە تا خۆی لە ژێر باری بزوتنەوەی نارەزایەتی لەناوخۆی ئیراندا رزگار بکات و هۆکاری بزوتنەوەی روخاندنی رژێم لەناوخۆی ئیراندا شەتەکی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوەی سنورەکان بکات و رای گشتی لەسەر واقعیەتی کۆمەڵگەی ئێران بگوازێتەوە جێگایەکی تر. دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە جمهوری ئیسلامی پلانی هێرش و تەنانەت هیرش بکاتە سەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بەڵکو ئەوە بۆتە پیشەیەکی ناسراوی ئەم رژێمە و سەرکوت و درندەیی لەناوخۆی ئێرانەوە تا دەگاتە دەرەوەی سنورەکان، تایبەتمەندیەکی ئەم رژێمەیە. هەوڵ و پلانی ئەمجارەشی بە دانانی مۆڵەت بۆ داخستنی بنکەو بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆن و گواستنەوەی بۆ قوڵایی شارەکانی تری عیراق، لەدرێژەی هەرەشەو ملهوریەکانی پێشوویدایە، بەڵام چۆن هەرەشەو پلانەکانی پیشووی تا دەگاتە بۆمباباران و تیرۆری کادر و هەلسوڕاوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی نەیتوانیوە بەشوێنیک بگات و بەتایبەتیش نەبۆتە ڕیگایەک بۆ ترساندن ولاوازکردنی رەوتی بزوتنەوەی سەرنگونکردنی دەسەڵاتی رژێم لەناوخۆی ئیراندا، ئاواش هەوڵ و پلان و نەخشەکانی ئەمجارەشی جگە لەشکست هیچی بەدوادا نایەت و ناتوانێت پاشەکشە بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لەناوخۆی ئیراندا بکات، کە مۆتەکە و مۆتۆری هەڵتەکاندی پایەکانی ئەم نیزامە نەگریسەیە. دیارە پێویستە وەکو هەمیشە هەرەشەو پلانەکانی جمهوری ئیسلامی بەجدی وەربگیرێت و بەنەخشەوە هەوڵی پوچەڵ کردنەوەی بدرێت، بەتایبەتیش دەسەڵاتی بەغداو هەرێم بەرپرسن لەهەر هێرشێک کە بکریتە سەر ئۆردگاو شوێنی نیشتەجی بوونی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن. وە هیرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی هاوکات هێرشە بۆسەر ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردسان، بۆیە خەڵکی کوردستانیش نابێ ڕیگە بدەن دەستێوەردانی ئیران و پلانەکانی هاوکاری حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی هەرێم، بەجێگایەک بگات، هاوکات دەبێ هاوکاری پاراستنی گیان و شوێنی نیشتەجیی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بن و هەرچی لەتوانایاندایە بۆ پاراستنیان بیگرنەبەر و دەسەڵاتی سیاسی ناچار بکەن لەجیاتی هاوکاری رژێمی ئیران، بەرپرسیاریەتی پاراستنی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئازادی چالاکی سیاسیان بۆ بەرەسمی بناسن.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.