ساڵیک بەسەر ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئێراندا… عەبدوڵا مەحمود
١٦ ی ئەم مانگە ساڵیک بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەرین و بزوتنەوەی شکۆداری خەڵکی ئیراندا تیپەڕدەبێت. ساڵیک بەسەر بزوتنەوەیەی شۆرشگێرانەی ئێراندا تێپەردەبێت، کە لەدریژەی بزوتنەوەی نارەزایەتی چوار دەهەی پیشووی خۆیدا، بۆ جارێکی تر بە ئاستێکی بەرینتر و بە هوشیاریەکی باڵاترەوە سەراپای کۆمەڵگەی ئیرانی داگرت و پایەکانی نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی خستە لەرزەو ئومێدیکی یەکجار گەورەشی بەخشییە سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و پیشکەوتنخوازەکانی ناوچەکەو دنیا.
ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیران، لەگەڵ ئەوەدا بەدوا مەنزڵی خۆ نەگەیشت و کۆتایی بەدەسەڵاتی نەنگینی جمهوری ئیسلامی نەهێنا، بەڵام ئاڵوگۆڕیکی گەورەی بەسەر دۆخی ئیراندا هێنا. هاوسەنگی هێزی بەسودی بزوتنەوەی روخاندنی جمهوری ئیسلامی گۆڕی… بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی بەرەوپیشەوە برد و هاوئاهەنگی لەنێوانیادا پەرە پێدا، توانایی دەسەڵاتی هێنایەخوارەوە و پایەکانی لەرزاند، رەمزو نیشانەکانی دەسەڵاتی مەزهەبی لەئیراندا توڕداو پیرۆزییەکانی تڕۆ کرد. حجاب وە رەمزی کۆیلەتی ژنان و دژە ژن بوونی جمهوری ئیسلامی تایبەتمەندی ئەو دەسەڵاتە مەزهەبیەی خستە کەنارەوە… باوەربەخۆ بوونی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی لە بزوتنەوەی کریکاری و ژنان و لاوان و مامۆستایان و خویندکاران و فەرهەنگیان، بردە سەرەوە. تەلیسمی ترس و تۆقاندنی شکاند. ئاستی رێکخراوبوون و هوشیاری چینایەتی بەرەو پیشەوە برد. مۆر و نیشانەکان و پیگەی بزوتنەوە بۆرژوازییەکانی خستە ڕوو. ناسنامەی رادیکاڵ بوونی ئەم بزوتنەوەی سەرنگونی رژێمی بەهەموو لایەنەکانی خۆیەوە نیشاندا و ناسنامە درو ساختە و هەڵاوێرد ئامیزەکانی بەتەواوی خستە کەنارەوە… هیچ خۆشباوەریەکی بەهیزە دەرەکییەکان و بە ئەمریکاو غەرب نیشان نەدا. وە دەسەڵات و سەرجەم بزوتنەوە کۆنەپەست و دواکەتووە ئیسلامیەکانی لەسەراسەری دنیا، خستە قەفەزی دژە ئینسانی و گورزێکی گەورەی لێی وەشاند. رادیکاڵ بوونی ئەم بزوتنەوەیە وای کرد تەنانەت ناسیونالیستە زۆر توندرەوەکانیش بخاتە ژێر هەژموونی بزوتنەوەیەکی سەراسەریەوە مۆر و نیشانەی قەوگەرایی و ناوچە گەرێتی و هەڵاوێردن ئامیزی، لەخۆی نیشان نەدا. هەوڵی ئارایا مهیری و سەڵەتەنەت تەڵەبەکان و سلیبریتیەکانی بۆ دزینی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی ئیران، ناکام کردەوە. رۆڵی پیشرەو و بەرجەستەی ژنان و لاوان لەدڵی ئەم بزوتنەوەیەدا، لاوێتی شۆرش و پیشکەوتنخواز بوونی بەهەموو دنیا نیشاندا. هەموو ئەوانە رەوەندی بێ گەرانەوەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی ئیرانی نەخشاندوە و جارێکی تر ئیران ناگەڕیتەوە بۆ دۆخی بەر لەساڵی رابردوو وە بۆ بەر لە بزوتنەوەیەی بەناوی” ژن، ژیان، ئازادی”…تاد.
دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی لەڕیگای سەرکوتێکی خوێناوییەوە توانی ئەم بزوتنەوە سەراسەریی و هاوئاهەنگ و دریژ مەودایە، لە شەقام و شارەکاندا پاشەکشە پێبکات، بەڵام ئەمە هەرگیز بەمانای خەواندن و خامۆشکردنی بزوتنەوە سەرەو ژووکردنی جمهوری ئیسلامی نییە، بەڵکو هەموو بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی بە هوشیاری و بەرچاو رۆشنیەکی زۆتر و بە خاراویەکی زیاتر و رێکخراترەوە ئامادەی نەبەردەکانی داهاتوو کردووە.
ئەم بزوتنەوەیە بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی نزیک بەساڵیکی خۆی و بەزاڵبوون بەسەر لاوازییەکانی خۆیدا، دەتوانێت لەهەر راسان و هاتنەمەیدانێکی تردا، هیندەی تر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی پاشەکشە پێ بکات و بناغەکانی لە ریشەوە هەڵبکەنێت.
جەماوەری بوونی ئەم بزوتنەوەیە و لە ئاستی فراوانتر لە پیشوودا، وە رێکخرابوون و دەستبردن بۆ جێگیر کردنی دەسەڵات لەهەر جێگایەک هاوسەنگی هیز بوار بدات، تا پەیوەست بوونی کرێکاران بە ئاستێکی بەرینتر و بە ئامادەیەیەکی زیاترەوە، تا دەگات بەوەی بزوتنەوە شۆرشگێرو ئازادیخوازەکان ئەلتەرناتیڤی خۆیان بخەنە ڕوو، وە ئامادەیی پیویستیان هەبیت، بۆ ناکامکردنەوەی هەوڵی بزوتنەوە دواکەتوو ناسیونالیستی و عەزمەتەليبی ئیرانی….تاد دەتوانێت لە نەبەرد و راسانەکانی داهاتوودا، ئاڵای سەرکەوتنی خۆی بشەکێنێتەوە و ئومیدیش ببەخشیت بەسەرم بزوتنەوە رادیکاڵ و ئازادیخوازەکانی ناوچەکەو دونیا.
لەدوای پاشەکشەکردن بەو بزوتنەوە گەورەو کۆمەڵایەتیەی ساڵی رابردوو، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەر یەکەیان لە مەیدان و نەبەردی خۆیدا ئامادەییان هەبووە… هیچ رۆژێک نەبووە ئیران نەبێتە مەیدانی نارەزایەتی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، واتە ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستی سەراسەریدا و هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتری پاشەکشەی پێکرا، بەڵام لە ئاست و مەیدانەکانی خۆیاندا بە قامەتی بەرزەوەو ماونەتەوە، لە بزوتنەوەی کرێکارییەوە بۆ بزوتنەوەی ژنان و لاوان مامۆستایان. کرێکاران بۆ ماف و موچە دواکەوتوەکانیان و بەدژی دەرکردن لەسەر کار و سەختی کار، ژنان بەدژی هەوڵەکانی پیاوانی رژێم بۆ دەستبردنەوە بۆ حجابی ژنان، و لاوان بەدژی بێکاری و سەرکوتی ئیسلامی و مامۆستایان بۆ خواستەکانیان،…تاد. لەسەنگەری خەباتی بەردەوامدان.
ئەو ئامادەییەی چینی کریکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر لە بەرامبەر بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا، پاشەکشەی پیناکرێت و ئەو دەستکەوتانەی راپەرینی خەڵکی ئیران قابیلی وەرگرتنەوە نین. دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیش هیچ شانسێکی بۆ خۆشباوەرکردنی جەماوەر لەدەستدا نەماوەو سەرکوت و فریوکاریش ناتوانێت ئەم دەسەڵاتە لە زەبری راپەڕین و شۆرشی داهاتوو ڕزگار بکات.
ساڵیک بەسەر کوشتنی ژینا و راپەرینی خەڵکی ئێراندا تیپەڕی، ژینا و راپەرین لە ئێراندا بوونەتە رەمزو دەستمایەی ڕاپەرین و شۆرشی داهاتووی بیبەشانی ئیران لە پێناو ژیانێکی ئازاد و تەسەل و ئینسانیدا.