پرسی ڕۆژ/ هاوڵاتی هێمن جەوهەر وەڵامی پرسی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە.

0

لەم مانگەدا ناوچەکە بەگشتی وکوردستانی عێراق وسوریا وئێران بەتایبەت رووداوی نزیک بەیەکی لێ روویداوە. رووداوەکانی کەرکوک، ودێرزوور لەسوریا وبڕیاری هەڕەشەی ئێران لە ئۆپۆزسیۆنی ناو هەرێمی کوردستان لە١٩ی مانگی ئەیلوول؛ پێمان دەڵێن گۆڕانکاری گەورە وجێگۆڕکێی هێز وبەیەکدادان چاوەڕێمان دەکات.

بەڕێزتان رووداوی کەرکووک چۆن لێکدەدەنەوە، هەروەها پێتانوایە ئەم کێشانە پەیوەندیان هەبێت بەیەکترەوە؟

هێمن جەوهەر: سروشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەر وابووە، هەر چەند ساڵ جارێک گۆڕانکاری بچووک تا گەورە تیایدا ڕوویداوە. لە ئێستاشدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری چاوەڕوانکراو لە ناوچەکە و جیهانیشدا لە ڕووی ئابوری و سیاسیدا بەڕێوەن، جموجوڵی هێزی سەربازی هاوپەیمانان لەلایەک و شەڕی ڕوسیا وئۆکراین لە لایەک وهەڕەشەکانی ئێران لە دژی هێزە دژبەرەکانی خۆی لە هەرێم وفراوانخوازیەکانی تورکیا وهەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ونزیکبونەوەی ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و هتد …، کە هەموو ئەوانە دواجار هەر یەکە وبە ئەندازەیەک لێککەوتەیان دەبێ بۆ ناوچەکە وجیهان. ئەگەر لە هەڕەشەکانی ئێرانەوە بدوێین، دەتوانین بڵێین ئەوە شتێکی تازە نیە؛ بەڵام لە ئێستادا بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراقدا بڕیاری چەککردن یان بێ ڕۆڵکردنیان دراوە لە چوارچێوەی کەمپنشینیدا، چونکە لە شانزەی ئەیلولدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی دەکرێتەوە، چاوەڕوانی پشێوی ناوخۆیی لێدەکرێت لە لایەک، لە لایەکیتریش ئەمریکا و هاوپەیمانان هێزیان جوڵاندووە و کار لەسەر بێڕۆڵکردنی ئێران دەکرێت و ئەگەری لێدانی گورزی سەربازی هەیە لەو میلیشیایانەی نزیکایەتیان هەیە لەگەڵ ئێراندا، لە دیوی سوریا و عێراقیش، بۆیە ئێران کار لەسەر بێڕۆڵکردنی ئۆپۆزسیونی ئێران دەکات لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەر سنورەکان. لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دێرەزور لە کۆتایی مانگی ئاب شەڕ و پشێوی لە نێوان هۆزە عەرەبەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕوویدا، کە تیادا زیاتر لە پەنجا قوربانی لێکەوتەوە، ئەو هۆزانە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەمیشە بەکاردەهێندرێن لە لایەن (ئێران و تورکیا)وە، بۆ بەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی ڕۆژاڤا لە بواری خۆبەڕێوەبەری و پێشکەوتنەکانی ستاتۆی ڕۆژئاڤا بەگشتی، کە پشتگیریەکی زۆر باشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی هەیە، وبەرە و دروستکردنی پەرلەمان و بوون بە هەرێمێکی تۆکمە دەڕوات. هەر لە سەروبەندی ڕوداوەکانی دێرەزور لە شاری (کەرکوک)یش ڕوداوگەلێکی دروستکراو ڕویاندا، کە ژمارەیەک لە عەرەبی سوننە و هەندێک لە تورکمانەکان خێمەی ناڕەزایەتیان هەڵدا لە دژی کردنەوەی بارەگایەکی (پدک) لە شارەکەدا، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی و لێکنزیکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەی خۆپیشاندانیان له دژی کردنەوەی بارەگاکەی کردبوو، پاشان هەستان بە هاندانی گەنجانی کوردی شارەکە بۆ کردنەوەی ئەو ڕێگایەی کە خۆپیشاندەرەکان لە خەڵکی شارەکەیان گرتبوو کە بوبووە هۆی بێزاری و تۆڕەیی زۆری خەڵک، بەو هۆیەوە زیاتر لە بیست قوربانی لێکەوتەوە بە شەهید و بریندار، کە پیلانگێڕی یەکی زۆر مەترسیداربوو بە ئاڕاستەی نانەوەی شەڕ لە نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی شارەکە… هەردوو ناوچەکە (دێرەزور و کەرکوک) دەوڵەمەندن بە نەوت، بۆیە چاوی تەماحی داگیرکەرانی لەسەرە، بۆیە ئەو پشێویانەی هەردوولا دەستکردی دوژمنانی گەلی کوردن. خۆشبەختانە لە ڕۆژاڤا گەلی کورد لەلایەن ئیدارەی خۆسەریەوە خاوەندارێتی لێدەکرێ و هاوپەیمانان پاڵپشتیانن، بەڵام جێی داخە لە کەرکوک کوردەکان بێ پشتیوانن، بەهۆی سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتدارانی (پدک و ینک)ەوە، کە بۆماوەی چواردە ساڵ لە کەرکوک فەرمانڕەوابوون، لە جیاتی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، هەستان بە ئەنجامدانی تاڵانی و دروستکردنی کەشێکی ناتەندروست کە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە بە کوردیشەوە جێگای نیگەرانی بوو. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کرکوک بە بڕوای من درێژکراوەی پیلانەکانی پشتی ڕیفراندۆمن کە شانزەی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە.

*****

Leave A Reply

Your email address will not be published.