بەر لە هەڵبژاردنەکان… عەبدوڵا مەحمود

0

هێشتا دیار نییە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا دەکرێت یان نا، بەڵام دیارە کە خەڵکی عێراق و کوردستان وەکو جاری پێشوو بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن و بەشکستی دەکێشن. ئەمەش وای کردووە حزبە سیاسییەکان لە ئێستاوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بن بۆ هەڵبژاردنەکان و لەوەش زیاتر کەمپەینی هەڵبژاردنەکان بەکردەوە وەڕێبخەن.

کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هێشتا ناکۆکی نێوان حزبە سەرەکیەکانی هەرێم لەوانە یەکێتی و پارتی لەپەیوەند بەچەندین دۆسیە بە هەڵبژاردنەکانیشەوە بە هەڵواسراوی و بێ چارسەر ماوەتەوە. ئەوەش کۆسپێکی بەردەم هەڵبژاردنەکانە. بەجیا لەناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەپەیوەند بەهەڵبژاردنەکانەوە، گوشارەکانی ئەمریکا و غەرب و رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و دۆسیەی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەو ڕیکەوتنیان لەگەڵ بەغداو…تاد، هێندەی تر یەکێتی و پارتی خستۆتە ژێر زەبری دەستێوەردانی دەرەکی و هۆکاریکیش بۆ قوڵکردنەوەی ئەزمەی دەسەڵاتدارێتی و نێوان پارتی و یەکێتی و گرفت بۆ ڕیکەوتنی نێوانیان لەسەر هەڵبژاردنەکان.

لەو نێوەدا ئەوەی لەهەموویان زیاتر گوشارە لەسەر پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری هیوا هەڵچنراو لەسەر هەڵبژاردنەکان، بەشداری نەکردنی رێژەیەکی یەکجار زۆری هاوڵاتیانە و بن بەستی حزبەکانیشە لەوەی چۆن بتوانن خەڵکی راپێچی سەر سندوقەکانی دەنگدان بکەن.

خەڵکی کوردستان بەجیا لە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، وە بەجیا لەو هەزاران بەڵینە رەنگاڵەیانەی کە حزبەکان بە خەڵکی کوردستانیان دەدا، بەکردەوە بۆیان سەلماوە، کە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هیچ لە واقعیەتی داسەپاوی سیاسی ناگۆرێت و دەستی ئەحزابی دەسەڵاتدار لەسەر ژیانیان کورت ناکاتەوە، بەڵکو دەنگ بهێنن یان نا، براوە بن یان دۆڕاو… بەهۆی بوونی هێزی چەکدار و دەزگای هەواڵگری حزبی و بەتاڵانبردنی داهات و خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەیەکانەوە، لەجێگای خۆیان دەمێنەوە. هەروەها ئەوە رۆشنە ئەوەی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانی لەدەسەڵاتدا هێشتۆتەوە، بەرهەمی پرۆسیسی هەڵبژاردنەکان دەنگی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو بەرهەمی ملهورییەکی ئاشکرای سیاسی و میلیشیایی و تاڵانکردنی قوتی هاوڵاتیان و عادەتی نۆکەر پیشەیییە. دەسەڵاتێک نەتوانێت سەرەتاییترین خزمەتگوزاری وەکو ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، دەسەڵاتێک خۆی هۆکاری داڕمانی کەرتی تەندروستی و خوێندن و پەروەردە بیت، هۆکار بێت بۆ زۆر بوونی تاوان و خۆکوژی و لەوانەش زیاتر نەتوانێت موچەی موچەخۆرەکانی بدات، و لەو موچەیەش کە بەدواکەوتنی چەند مانگیەوە دابەشی دەکات بەشێکی لێ حەپەلوش بکات و بەشێکی پاشەکەوت و بریکی زۆریشی لە رێگای باج و خەراجەوە لێ وەربگرێتەوە، لەو لاشەوە حزب و بنەماڵەکان، بەهەشت بۆخۆیان و دەوروبەریان ئەفریدە بکەن، چۆن دەتوانن بە بانگەشەی پوچەوە خەڵکی راپێچی بەردەم هەڵبژاردنەکان بکەن؟.

هەڵبژاردن و ئەزموونی هەڵبژاردنەکان لە کوردستان، لە جێگای ئەوەی حزبەکان بکاتە براوە و یاریچی ناو هەڵبژاردنەکان، خەڵکی کردووە بە براوەو یاریچی سەرەکی ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەکان. شکست کێشانی هەڵبژاردنەکان و رەوینەوەی خۆشباوەری بەهەڵبژاردنەکان، کاراکتەرە سەرەکیەکی نارەزایەتی جەماوەری بوو بە دەسەڵات و هەڵبژاردنەکان. بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکان، تەنها رەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و پوچی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکو بەش و گۆشەیەکە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی داسەپاوی بۆرژوازی کورد و گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکان وەکو گۆشەیەک لە رتوشی ئەو دەسەڵاتە، وە هاوکات بەشێکە لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لەراستای وەرگرتنەوەی رەوایەتی دەسەڵاتی فەرمی، بە ئاراستەی راماڵینی دەسەڵاتی سیاسیدا.

لە دۆخی ناتەبایی و ململانێی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و رەتکردنەوەی هەڵبژاردن لەلایەن زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستانەوە، سەرانی سەرجەم حزبە سیاسیەکان، بەتایبەتی تریش بنەماڵەی دەستەبژێری حزبەکان، هەموو هەوڵیان ئەوەیە، جارێکی تر لە رێگای فریوکاریی هەمەچەشنەوە خەڵکی کوردستان راپێچی بەردەم سندوقەکانی دەنگدان بکەن… لەوانەش لەژێر ناوی هەرەشە دەرەکی لەسەر قەوارەی هەرێم، پاشگەزبوونەوەی بەغدا لە فیدرالیەت، گێرانەوەی هەیمەنەی بەغدا بۆسەر هەرێم، بەدەستەوە دەگرن. هەروەها بە پاساوی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست لەهاوکاریمان هەڵدەگرێت، ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین و ناوماڵی کورد!! ڕیک نەخەین، دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بترسێنن و لەرێگای ئەو ترسە دەرەکیەوە راپێچی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانیان بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی خودی ئاماری راپرسیەکانی حزبەکان، هۆکاری سەرەکی بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، و نەبوونی هەلی کار و موچەیە… تا گوشاری دەرەکی…تاد.

سەرباری ئەو دۆخە، چ پارتی و یەکێتی و چ هێزەکانی دی، بەکردەوە و بەر لەوەی دیار بێت هەڵبژاردن دەکرێت لەوادەی خۆیدا یان نا، یان کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردبێت، دەستیان کردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و سەردان و بەخشینەوەی بەڵێن و دەرخستنی رووی سەغاوەت مەندیان بەرامبەر بە خەڵک. بارزانی سەردانی شار و شارۆچکەکان دەکات و گوێ لەداخوازی و نیگەرانی هاوڵاتیان دەگرێت و هاوخەمیان بۆ دەردەبرێت و پشتیوانی داواکاری هاوڵاتیان دەکات… سەرۆکی یەکێتی لە “کەرکوکی قودسی کوردستان”!! وە، بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی رادەگەیەنێت و بە کەرکوکیەکان دەڵێت، بریاری چارەنووسساز لە جەرگەی کەرکووکەوە دەدەین… هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، بەڵێنی بەهاری و دنیایەکی تەواو جیاواز لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتیان دەدەن و خەونی گرتنە دەستی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە دەسەڵات رادەگەیەنن…

هەموو ئەو جموجۆڵەی حزب و لایەنە سیاسیەکان و هاوپەیمانیەتیەکان بەر لە هەڵبژاردنەکان، بەر لەوەی بۆ هەڵبژاردنەکان بێت، بۆ ئەوەیە خەڵکی تۆراو نارازی لەخۆیان ئاشت بکەنەوە، بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری هەڵپەسێرن، و رەوەندی بایکۆت لاواز بکەن و داواو داخوازییەکان بخەوێنن… ئەم کەمپەینە پێش وەختەی حزبەکان لە پەیوەند بە هەڵبژاردنەکان، بەیانی پێش وەختەی مایەپوچی هەڵبژاردنەکان و خستنە رووی ئەزمەیەکی قوڵی حزبە سیاسیەکانە. ترسی حزبەکانیش لە بەشداری نەکردنی خەڵک و رەوەندی چوونەسەری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، نیگەرانی نییە لەوەی لەو رێگایەوە لەدەسەڵات دابماڵرێن، بەڵکو نیگەرانییە لەوەی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هێندەی تر پشتیان تێ بکەن و تەریکیان بخەنەوە. پارتی و یەکێتی و هەموو کەسێکی هوشیار دەزانن پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان لەدەسەڵاتدا بە هەڵبژاردن وەلانانرێن، بەڵام ئەو راستیە دەزانن کە شکستیان لە هەڵبژاردنەکان بەمانای لەدەست دەرهێنانی درۆی شەرعەیەتی دەسەلاتیانە، بۆیە بەهەر نرخێک بووە دەیانەوێت هەڵبژاردن تێپەڕینن و بەشی ئەوەش خەڵک بەشداری بکات، کە مۆری ناشەرعی بوونی دەسەڵاتیان لە ئاستی رای گشتی و فەرمی، بشارنەوە و بۆ ماوەیەکی تریش بەدرۆی وەرگرتنی شەرعیەتی دەنگی هاوڵاتیانەوە، دەسەڵاتی میلیشیایی و ناشەرعیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا درێژە پێ بدەن.

دیارە پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان، لەڕیگای بەبارمتەگرتنی قوتی بەشیکی زۆر لە هاوڵاتیان و بەستنەوەی کارو گوزەرانی مەمرەو مەژیان بەخۆیانەوە لەڕیگای دامەزراندنیان بە تەزکیەو پشتیوانی حزبی و موچە بۆ بڕینەوە و خانەنشینی جۆراوجۆر بۆیان و بوونی هیزی چەکداری حزبیان، لەشکرێکیان بەخۆیانەوە بەستۆتەوە، کەهەم ناچارن دەنگیان پێبدەن و هەمیش لەکاتی پێویستدا بەو جۆرەی دەیانەوێت بەکاریان بهێنن، بەڵام نیگەرانی و نارەزایەتی ئەم لەشکرەشی گرتۆتەوە.

زوربەی زۆری خەڵکی کوردستان چۆن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەن و بەشێکن لە شکستی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێویستە ئاواش لە ئێستاوەو بەر لەدەسپێکی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و بانگەشەکانی، لەبەرامبەر بە جموجۆڵ و کەمپەینی حزبەکاندا، دەست بەکار بن و ڕیگە نەدەن بانگەشەو فریوکارییەکانیان، گەرد بخاتە سەر رەوایەتی رووبەرووبونەوەی گەمەی هەڵبژاردنەکان… رووبەڕووبوونەوەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکان، یانی رەتکردنەوەی نەخشەی حزبە سیاسیەکان و ئامانجە لیخنەکانیان، کە دەیانەویت دەنگی خەڵک بکەنە دەستمایە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی لەپێشدا براوەی ملیشیاییان.

رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو کرێکاران ولاوان و خوێندکاران و ژنان و تیکۆشەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتیەکانی تری کۆمەڵگەو بزوتنەوەی دژە گەندەڵی و دەسەڵات، پێویستە لە ئێستاوە بە نەخشەی ورد و پرۆژەی رۆشن و چالاکی جۆراو جۆرەو ماهیەتی هەڵبژاردنەکان و بانگەشەی فریوکارانەی حزبەکان، بخەنە روو. ئاستی هوشیاری رەوەندی بایکۆت بەرنە سەرەوە. کارنامەی سێ دەهەی دەسەڵات بە ئامار نیشان بدەن، قوربانیانی دەستی دەسەڵات وەکو سزانامەی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.