کۆنگرەی پێنجی یەکێتی و ئامانجە سەرەکیەکانی!!… عەبدوڵا مەحمود
مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکوکەوە بڕیارییدا، کۆنگرەی پێنجەمی خۆی لە بەرواری ٢٧/٩ دا ببەستێت… دیارە بەستی کۆنگرە بۆ هەر حزب و رێکخراوەیەکی سیاسی بەجیا لە لایەنی حقوقی و پەیرەوی ناوخۆیی ئەو حزبە کە حزب بریاردەدات چەند ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت، هاوکات پێداویستی سیاسی و رێکخراوەییش بەستنی کۆنگرە بەهەر چەند ساڵیک جارێک دەکاتە پێداویستیەک بۆ ئەبدەیت کردنەوەی خۆی و ریزەکانی و رابەریەتی و ئۆرگانەکانی و هاوکات بۆ پەسەندکردنی بریار و هێنانی سیاسەتی تازە کە وەڵامدەرەوەی روداو و ئاڵوگۆرە سیاسیەکانی بێت. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تا ئێستا حزبێکی گەورەی سیاسی و خاوەن دەسەڵاتی زۆنێکی دیاریکراوی هەرێمە. بریاردان بۆ بەستنی کۆنگرە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنەو ئامادەکارییەکی زۆر هەیە، پێویستی بە هەڵبژاردنی نوێنەران و ئامادەکردنی نەخشەو بریاری سیاسی و ئاڵوگۆری پێویست لە بەرنامەو پەیرەوی ناوخۆ و ئامادەکردنی توانایەکانیەتی بۆ رێکخستنەوەی رابەرایەتی تازە… کاتێک تەماشای دۆخی سیاسی کوردستان و ئاڵوگۆرەکان و ئەگەرەکانی بەردەم دەسەلاتی سیاسی هەرێم و دۆخی ناوخۆی یەکێتی دەکەین، بریاری بەستنی کۆنگرە بەو خێرایی و بەو ماوە کەمەی بۆی دانراوە، نیشانەیەکی رۆشنە کە ئەوە کۆنگرەیەکی نائاسایی و پێش وەختەیە.
کۆنگرەیەکە لە راستای شکستی کۆنگرەی پێشووی و هەنگاوەکانی کە گرتییە بەر. کۆنگرەی پێشووی یەکێتی نەک نەیتوانی وەڵام بەدۆخی یەکێتی و گرفتەکانی بداتەوە، بەڵکو گورزێکی گەورەی وەشاندە دۆخی یەکێتی و پاشەکشەی بەسەردا سەپاند.
کێشەی بناغەیی یەکێتی نیشتیمانی لە کۆنگرەی چوار و لەم کۆنگرەیەشدا، لەلایەکەوە وەڵامدانەوەیە بە کیشەی رابەری، رابەرایەتیەک کە لانی کەم بتوانێت جێگای تاڵەبانی باوک لە ئاستە هەرە لاوازەکەیدا پڕ بکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە لەباری سیاسیەوە یەکێتی بکاتە خاوەن ئەجندا و نەخشە و پرۆژەی سیاسی کە وەڵامدەرەوەی دۆخی ئیستا بێت.
هەموو کەس و چاودێرێکی سیاسی دەزانیت، یەکێتی بەهیچ جۆریک ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوە بەو گرفتانە نییە و لەو ئاستەدا نییە بتوانێت ئەو دۆخە تێپەڕێنێت کە تا دێت بەرەو داکشان دەچێت. لەلایەکەوە یەکێتی بەکردەوەو بە فەرمی بۆتە حزبی بنەماڵەو کوڕانی تاڵەبانی خاوەنی حزبن نەک یەکێتییەکان، و لەلایەکی تریشەوە یەكێتی حزبی پاشکۆی ڕوداوەکان و دەستخاڵییە لەهەر پرۆژەیەکی سیاسی جیاواز لە نەیارەکانی بۆ دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و پێشهاتەکان. لەوەش زیاتر یەکێتی بەتەواوەتی بۆتە هێزێکی کۆنەپەرستی جێ متمانەی سەلەفی و ئیسلامیەکان و دوورە لەهەموو بانگەشەکانی سەبارەت بۆ سۆشیال/دیموکراسی و مافە فەردی و مەدەنییەکان و…تاد.
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، کۆنگرەی راسان و خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنەکان و کۆتاییهێنانە بەدۆسیەی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی. نەک کۆنگرەیەک بۆ ئاڵوگۆڕ و تازەکردنەوەی یەکێتی و هێنانی بڕیار راسپاردەو پرۆژەی سیاسی و ئاڵوگۆر لە پەیکەرەی رێکخراوەیی و رابەری و وەڵامدانەوە بە گرفتەکانی بەردەمی کە تادێت یەکێتی دەکاتە قوربانی.
هەڵبژاردنەکان چ لەکاتی خۆیدا بکرێت یان دیسان دوابخرێت، هیچ لەو راستیە ناگۆرێت، کە مەترسی سەرەکی لەسەر یەکێتی هەیە و قەبارەکەی لە ئاستی فەرمی و کایەی هەڵبژاردنەکاندا بچوک دەکاتەوە و رەوایەتی دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی بەسەر زۆنی سەوزدا هێندەی تر دەخاتە ژێر پرسیاری نەیارە سەرەکیەکانی لە زۆنی زەرد و هاوکات نەیارەکانی لە زۆنی سەوزدا. ئەوەی لەدوای کۆنگرەی چوارەوە لەناو تەلاری رێکخراوەیی یەکێتی روودەدات و ئەوەیش لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە پرسەکانی پەیوەست ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە دەبینرێت… رەوتی دارمانی یەکێتی و لاواز بوون و داغان بوونی نیشان دەدات… لە ئاستی هەرێمی کوردستان و بریاری سیاسییدا، یەکێتی هێندە بێ رۆڵ و پاشەکشەی پێکراوە، کە لەزمانی سەرانیەوە دانی پیادەنرێت. ئەوەش کە یەکێتی بەو دەردە بردووە، پێشرەوی هێزە نەیارەکانی و بەتایبەتی پارتی نییە، بەڵکو خودی یەكیتییە، کە مانایەکی بۆ سیاسەت و کاری سیاسی و حزبیایەتی لە ئاستە هەرە لاوازەکەیەدا نەهێشتۆتەوە. حزبی بێ سیاسەت و پرۆژە، حزبی بێ دەستوری ناوخۆیی و پەیرەوی ناوخۆ، حزبی ناهاوهەنگ و پاشکۆی رووداوەکان، حزبێک هیچ دامەزراوەیەکی لە جێی خۆیدا نەبێت، حزبی خزانی بەرەو دواپلەی کۆنەپەرستی و ئامێزکردنەوە بۆ هیزە سەلەفی و ئیسلامیەکان، حزبێک کەلەژێر سایەییدا رۆژانە کادرو رابەرانی حزبەکە خۆی تیرۆر و تڕۆ دەکرێن… هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت، جگە لەوەی کە بەودەردە بچیت، کە هەمووان دەیبینن.
دۆسیەی ناوخۆیی یەکێتی و کۆتاییهێنان بە رۆڵی لاهور شیخ جەنگی و کارکردنی بەناوی هاوسەرۆک و یەکێتییەوە، یەکێکی تر لە ئامانجە سەرەکیەکانی کۆنگرەی یەکێتییە. تا ئێستا لاهور شیخ جەنگی بەوێنەی هاوسەرۆکی شەرعی و بەناوی یەکێتیەوە چالاکی و هەڵسوران دەکات، لێدوان و بەیاننامەو دەردەکات، دیدار و هاوپەیمانیەتی دەبەستێت، بەواتایەکی تر یەکێتیەکی تر لەناو یەکێتیدا نوینەرایەتی دەکات و لە جەماوەر و هیزی یەکێتی کەڵک وەردەگرێت… چونکە ئەم دۆسیەیە لە دوای کۆنگرەی چوارەوە یەکلایی نەکرایەوە، کۆنگرەی پێنج دەیەوێت کۆتایی بەم دۆسیەیە بهێنێت.
کۆتاییهێنان بەدۆسیەی لاهور شیخ جەنگی ئەگەر لە کۆنگرەی پێنجەمدا لەباری حقوقی و بەپێی پەیرەوی ناوخۆ بەسەرئەنجام بگات، بەڵام هۆکارو زەمینەکانی کاری سیاسی و دروستبوونی تەکەتول باڵی سیاسی تر لەناو خۆی یەکێتیدا، کۆتایی پێ ناهێنێت. مامەڵە لەگەڵ دۆسیە و باڵی سیاسی ناوخۆیی، بەتەنها بە هەنگاوی رێکخراوەیی و دەستوری وەڵامی پێنادرێتەوە، بەڵکو هاوکات پێویستی بە وەڵامی سیاسییە لە ئاستێکی فراوانتری کۆمەڵایەتیدا.
دۆخی یەکێتی چ لە ئاستی ناوخۆیی چ لەئاستی دەرەکی و کۆمەڵایەتیدا، زەمینەیەکی لەبارە، بۆ سەرهەڵدانی باڵ و لاباڵ و خەت و هێزی سیاسیتر لەناو خۆی یەکێتی و لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتی زۆنی سەوزی یەکێتیدا، بەناوی یەكتییەوە.
بەکورتی، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان و لەپێناو وەڵامدانەوەی بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیە لاهور شیخ جەنگی، لەئاستی پەیرەوی ناوخۆی ناو یەکێتیدا دەبەسترێت… ئەو دوو ئامانجەش کۆنگرە ناکات بە کۆنگرەیەکی سەرکەتوو.