هەرکەسێ بۆن لە خۆیدا و بۆ دەرەوە میکیاج کات، زیناکارە!… نووسینی: هاوژین ڕەشید

0

ئەو تایتڵەی سەرەوە قسەی زۆربەی مەلایانەو دیارە ئەوانیش پشت دەبەستن بە حەدیسەکانی پێغەمبەری اسلام و دەقەکانی قورئان. بیهێنە پێش چاوی خۆت، بەو هاوین و گەرمایە، بەڕێگادا دەڕۆی و ئارەق دەکەیەوەو خەڵک بەتەنیشتتدا تێدەپەڕن، یان دەچیتە فەرمانگەیەک و بۆنی ئارەق و سیرو پیازت لێدێت لەجیاتی بۆنی خۆش و فرێش. خەڵکانێک کە لێتەوە نزیکن، لەجیاتی ئەوەی پێیانخۆشبێ قسەت لەگەڵ بکەن و زووتر کارەکانت بۆ ڕایی بکەن، بگرە بێزیان لێت دەبێتەوەو نایانەوێ جارێکیتر بتبیننەوە و لەکۆڵ خۆیانت دەکەنەوە. بێ گومان لەوانەشە باستکەن و بۆ هەمیشە ناوت بزڕێ و کەسایەتیت لەکەداربێ!! بەهۆی ئەو شێوازە ژیانەو تێکەڵبوونە لەگەڵ خەڵکیداو بۆن ترشەڵۆکییەی جەستەتەوە کە لەبەرئەوەی بە زیناکار دانەنرێی، چارەسەرت نەکردووە. مەلاکان بۆچی نایانەوێ ژن گرنگی بەخۆی بدات؟ ئەی بۆچی خۆیان بەردەوام جلی تازەو بۆنی خۆش و پاکو خاوێن دەچنە ناو خەڵکی و لە وتارخوێندندا ئاوا سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشن؟ دەتوانین بڵێین کە ئەوان، بەهەمووشێوەیەک هەوڵدەدەن لە کەسێتی ژن بدەن، بەبیانووی شەرەف پارێزی یەوە. گوایا نایانەوێ ژن لە دەرێ سەرنج ڕاکێش بێت، بەڵکو دەبێ تەنیا بۆ مێردەکەی خۆی جوانکات. بەڵام خۆ تەنانەت ژنە پاڵاپۆشەکانیش سەرنجی نێری چاوڤاشقاڵ ڕادەکێشن! وە زۆرترین دەستدرێژی سێکسیش بەپێی داتاو زانیاریەکانی ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەو وڵاتانەیە کە ژنان تێیدا داپۆشراون و خۆیان ناڕازێننەوە. ئەوەش پێمان دەڵێت کە شەرەف لە جەستەی ژندا نی یە، بەڵکو لە مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگەدایە. ئەگەر ژنێک خۆی دەڕازێنێتەوە و بۆنی خۆی خۆشدەکات، مەرج نییە ئیلا بۆ ئەوەبێ سەرنجی پیاوان بۆخۆی ڕاکێشێت. ڕەنگە بۆ ئارامی دەروونی خۆی ئەوە بکات. بۆچی دەبێ پیاوانی ئایینی هانی تەواوی پیاون بدەن تەماشایان بکەن وەکو کاڵایەکی سێکسی؟ دەبێ بەهەمووجۆرێک کاربکەین بۆئەوەی ئەو بیرە داعشیە کۆنەپەرستی یە لە مێشکی خەڵکی بەگشتی و پیاوان بەتایبەتی دەرێنین و سنوورێک بۆ مەلاکان دانێنین و پێداچونەوەی سەرلەبەری یاساکانی باری کەسێت بکرێت کە لەسەر بنەمای ئایینی ئیسلام دانراون. وەکو مرۆڤ تەماشاکردنی یەکتری و ڕێزگرتن لە هەستو نەستی بەرامبەرەکەمان، باشترین شەرەف و ئەخلاقی مرۆڤایەتی یەو لە سایەیدا ئارام دەژین…

Leave A Reply

Your email address will not be published.