لە داربەڕوێکی قژڕوتاوەی کێوی (لەرێ)وە بۆ هەموو سەرانی کورد..

0

** ئێوە عەیامێکە لە خۆتان باییبوون، پرس و ڕاتان بە ئێمە نیە، هەر له بیریشتان نەماوە کە ئێوە، بە ئێمەوە ئێوە بوون و ئێوەش ئەبن، لە بیرتان چۆتەوە ئێمە زۆر لە پێش ئێوەوە خاوەندارێتی ئەم خاکەمان کردوە، زۆر زوو خۆتان گیلکرد لەوەی کە، وەختێ ئێمە لێره بووین ئێوە ناوتان لە کولەکەی تەڕیشا نەبوو، ئەی هەر ئێمە نەبووین لە هەموو شکست و پشت شکانێکی ئێوەدا لەگەڵتان بووین و پاڵتان پێوەداین؟!

بەڵام ئێستا چیی؟..

ئێستا ئێوە گیرفانتان پڕپڕە و ئێمه کلۆر بووین، ئێوە سەرحاڵن و ئێمه تینوو، ئێوە تادێت زیاتر لوتبەرز ئەبن و ئێمه ئەسووتین، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ منداڵی ئێوه زیاتر ئەدرەوشێتەوە و دەوەنەکانی ئێمه باشتر دائەڕزێن، ئێوە باڵەخانە دروست ئەکەن، کەچی بستێک لەولاتر پشتی بەرد ئەشکێ، ئێوه له مەلەوانگە جووت ئەبن، وەلێ هەنگاوێک ئەملاتر ئاگر لە کانی بەرئەبێ، ئێوه بەسەر فەرشی سووردا تەراتێن ئەکەن، بەڵام گوریسێک ژوورتر ئەژنۆی شاخ ئەلەرزێ..

بەهۆی سیاسەتی گیرفان و ناوگەڵی ئێوەوە، ئەوەتە کوردستان کرا بە توێشوی دۆزەخەوان!

دەست لە بێباکی هەڵگرن وەگەرنە، قەسەم بە ڕەگوڕیشەی لەبن نەهاتووی خۆمان لەمڕۆ بەدوا.. ئێوە ئەگەر دانە دانە لە باوەشماندا گڕبگرن، ئێمە لەبری خامۆشکردن، ئاگرەکە خۆشتر ئەکەین.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* کێوی لەرێ: بەرزترین و گەورەترین کێوی ناوچەی شارباژێڕە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

* گوریس: واژەیەکی کوردیە بە واتای حەبل، یاخود پەتێکی لە بەن دروستکراو دێت، درێژیەکەی دە بۆ دوانزە مەتر و زیاتریشە.

‌* توێشو: بەو خواردن و خواردنەوە کاتیە ئەوترێ کە، شوانەکان یاخود ڕێبوارانی ڕێ لەگەڵ خۆیان هەڵیئەگرن

نووسینی: ئارام حەسەن

Leave A Reply

Your email address will not be published.