پرسی ڕۆژ/ رێکەوتنی بریکس بەڕێز بەیار مستەفا،  چاودێری ئابوری وەڵامی پرسی رۆژی داوەتەوە…

0

رۆژی ٢٢ی ئاب ٢٠٢٣ لوتکەی بریکس لە باشووری ئەفەریقا بەڕێوەچوو.

برێکس ئامانج لەرێکەوتنی بریکس چیە؟ ئایا لەبەرامبەر رێکەوتنی جی٧ دروستبووە؟ یان دابەشبوونێکی ئابووری وسیاسی هێزە گەورە وتازەکانە؟

بەیار مستەفا: بریکس کورتکراوەی وڵاتانی ناو گروپەکەیە کە بریتین لە: بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا. ئامانجی سەرەکی گروپەکە بریتیە لە هاوکاری ئابووری لە رێگای هاندانی بازرگانی زیاترو باشتر دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکانی ئەندامان بۆ گەشەکردنی زیاتر. لەهەمان کاتدا کارکردنە بۆ فرەجەمسەری کردنی جیهان.

دەتوانین بڵێین کە بەڵێ بریکس ململانێی وڵاتە زلهێزەکانی سیستەمی ئەمڕۆی ئابووری جیهان دەکات، بەتایبەتی وڵاتانی هاوپەیمانی جی حەوت. لە ئێستادا و بە تایبەتی دوای شەڕی ئوکرانیا، لە رووی سیاسیشەوە بوونەتە هێزێک بەرامبەر ئەو هێزەی رۆژئاوا دەیویست کۆی بکاتەوە لە دەوری خۆی دژی روسیا. پاش گەمارۆی ئابووری بۆسەر روسیا، بازاڕی بەینی وڵاتانی بریکس زۆر زیادیکردوە بەو هۆیەی کە رووسیا ناچار کراوە کە فرۆشەکانی بەرووی چین و هیندستان زیاد بکات. دراوی دۆلار، کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بۆتە دراوی یەدەگی جیهانی، بۆ ئەمریکا بۆتە چەکێک کە لە دوای جەنگی ساردەوە زۆر بەکاری دەهێنێت دژی نەیارانی.

زۆرێک لە وڵاتان لەم چەکە ئابووریەی ئەمریکا دەترسن کە رۆژێک دژی ئەوانیش بەکاربێت. بۆیە وڵاتانی بریکس پێیان وایە بەرژەوەندیان لاوازکردنی دۆلارە، وە پشتگیری زۆرێک لە وڵاتانی بەدەستهێناوە. لە کۆبونەوەی باشوری ئەفریقا ولاتانی ئێران، سعودیە، ئیمارات، میسر، ئەسیوپیا، ئەرجەنتین بانگێشت کراون کە ببنە ئەندام، کە ئەم وڵاتانە خۆیان بە فەرمی داوای ئەندام بونیان کردبوو، هەرچەندە ئۆپۆزیسینۆنی ئەرجەنتین جارێ نارازین. بەڵام زیاد لە ٤٠ وڵاتی تر داوای ئەندام بوونیان کردوە، کە زۆرتین چاو لەسەر وڵاتانی ئەندەنوسیا، نیجریا و مەکسیکە کە لە روی نفوزەوە گەورەن و لە رووی ئابوریشەوە کاریگەرن.

لە سەرەتای سالی ٢٠٢٤ وە بریکس بریتی دەبێت لە ١١ وڵات، کە پێکەوە ٤٦٪ دانیشتوانی دونیا پێکدێنن، وە ٣٦٪ کۆی ئابوری جیهان لە ناو بریکسدا بەرهەم دێت. لەهەمان کاتدا ٨٠٪ یەدەگی نەوت لە وڵاتانی بریکسدا دەبێت. لەسەر وردەکاری لاوازکردنی دۆڵار هیچ رێکەوتنێک بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام لەسەر ئەوە ڕێکن کە هەر وڵاتێک بەپێ توانا دراوی وڵاتانی بریکس بەکار بێنن لە بری دۆلار. بۆنموونە لە ئێستادا روسیا نەوت بە هیندستان دەفرۆشێت بە دراوی درهەمی ئیماراتی، سعودیە بۆ چین بە یوانی چینی، ئەرجەنتین هەندێک لە قەرزی سندیوی دراوی نێودەڵەتی بە یوانی چینی دەداتەوە هتد. بەهۆی قەبارەی گروپەکە لە ئایندەدا لەسەر هەر مەسەلەیەکی ئابووری هاوبڕیار بن، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕی جیهانی، بە کوردستان و عێراقیشەوە. ئەمەش ئەمریکا و ڕۆژئاوای بە گشتی زۆر نیگەران کردوە، کە ئەو قودرەتەی جارانیان نامێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.