ناسیۆنالیزمی کوردایەتی و ئیسلامییەکانی کوردستان، تاوانیان لێدەچۆڕێت..! نووسینی: حەسەن مارف

0

لە بەرامبەر هەلومەرجی نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستاندا، هیچ دەربڕینێک نەماوە شایستەی پێناسەکردنی بێت. لە نێوان ناسیۆنالیزمە عەشایەری و کوردایەتییەکەی پارتی و یەکێتی، وەحشییەتگەری ئیسلامییەکانی کوردستان، بە حیزب و سەرجەم لەشکرێک لە مەلای کۆنەپەرست و سەلەفی و خاوەن تەکیە و داعشی و  تاقمە کلک گرێدراواکان بە ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو، لەلایەک، و حکومەتە ناسیۆنال ئیسلامییە فاشی و نازییەکانی بەغداد لەلایەکی ترەوە، جەهەنمێکی واقیعییان بەڕووی خەڵکی دەستتەنگ و زەحمەتکێشی سەرجەم کوردستان و عێراقدا وەک کورەکانی ئینسان سوتاندن داخستووە.

تەنها چاوخشاندنێک بە ڕووی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکانی کوردستاندا، و هەواڵی تەنها یەک دوو ڕۆژ، ئەو دۆزەخەی کوردستان بەجوانی بەیان دەکات.

لە ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە؛ پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد، کە بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی بە چەقۆ لە مەیدانی ئاژەڵان کوشت.

لە وێستگە نیوزەوە؛ شەوی ڕابردوو لە ناحیەی تۆپزاوا سەر بە شاری هەولێر، تێزاب بە منداڵێکی دوو ساڵاندا کرا و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیر نییە و لە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسییە.لە ڕاپۆرتێکیتردا هاتووە، کە هەوڵدراوە تێزابەکە بکرێت بە قوڕگیدا.

لە ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە؛ دوێنێ هەینی لە چوار ڕوداوی جیاوازدا لە هەرێمی کوردستان، حەوت کەس کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون،

هەر لە ڕۆژنامەی هاوڵاتییەوە؛ وتەبێژی پۆلیسی سۆران لە بارەی کوژرانی دوو ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە ڕایگەیاند، ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ دوو هاوسەرەکەی خۆی بە چەکی جۆری تاپڕ کوشتوە، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.

ئەم تاوانە قێزەوونانە تەنها لەماوەی چەندین ڕۆژی کەمدا ئەنجامدراون، کە لەڕۆژنامە و سۆشیالمیدیادا بەفراوانی هەواڵەکانیان بڵاوبۆتەوە.

دیارە تاوانی کوشتن و دزی و دەستدرێژی کردنی جۆراوجۆر، لە هەرێمی کوردستاندا، وەک دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانەی لێهاتووە، ئەمەو لەپاڵ ئەم تاوانانەشدا، کەسانی هونەرمەند وهەڵسوڕاوی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی، خەڵکی ئاوارەی سوریا و کورد و  ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و تورکی، لێرەولەوێ لە کاتی چونیان بۆ سەرکار و لە نێو خێزان و بەروبەردەرگای خۆیاندا، بەدەستی میت و ئیتلاعات و بەکرێگیراوەکانیان تیرۆر دەکرێن.

ئێستا وەکو ڕۆژی ڕووناک دیارە ئەم کوشتارە ئەنقەست و بەرنامە بۆ داڕێژراوانە، چۆن دەکرێن؟ و کێ ئەم تاوانانە ئەنجام دەدات؟ وە لە زۆربەی ئەم کەیسانەدا دیارە تاوانبارەکان لە کوێوە دێن و بۆ کوێ دەچن و چۆن داڵدەدەدرێن؟

تەنانەت تاوانبارانی لای پارتی، کراون بە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکان، لای یەکێتیش بەرپرسی دەزگاکانی ئەمن و پۆلیس و کۆمیتەکانی یەکێتین. تەنانەت لەوەش واوەتر ڕۆشتووە، تاوانباران ئێستا وەزیر و ئەندام پەرلەمانن و لەشکرێک پۆلیس و ئاسایش و خزمەتکار لە خزمەتیاندایە. وە مزگەوتەکانیش پڕن لەو ڕیشپانانەی کە کارەکانی داعش لە کوردستان تەوادەکەن. دەنگی فەتوادەرانی کوشتنی ئینسانە ئازادیخواز و هونەرمەند و بێگوناحەکان، دەگاتە کەشکەلانی ئاسمان. وە تەواوی خەڵکی کوردستان دەزانن و ڕۆژانە گوێیان لەم فەتوایانە دەبێت، وە فەتوادەرانیش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، پشتیوانی دەکرێن و لەشکری ئەنجامدەری تیرۆریان لەبەردەستدایە و پەروەردەیان دەکەن. سەرباری هەموو ئەمانەش، پارە و ئیمکاناتی ئەمانەش لەلایەن حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی، وبەکۆمەکی وڵاتە کۆنەپەرست و تیرۆرستەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئێران و تورکیا و سعودییە وقەتەر وئەمەریکاوە فەراهەم دەکرێت.

لەپاڵ ئەم تاوانانەشدا، ڕۆژنییە تۆپبارانی شارە سنورییەکانی ئێران و تورکیا نەکرێت، درۆنەکانی تورکیا لە قوڵایی شارەکان و کێوەکانی پشت سلێمانی و پێنجوێن و تەنانەت لەودیو سیاجی فرۆکەخانەشەوە، کەسانی نەیارانی خۆیان دەکەنە ئامانج.

ئەمە تەنها پانۆرامای جەند ڕۆژەی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە، ئێستا ئیتر، دەسەڵاتداران، وەک کارتێڵەکانی ئینسانکوشتن، وەک باندەکانی ئینسان ڕفاندن و گروپە تاوانکارییەکانی هاوشێوەی عەسابەکانی تەکساس، ( ئینسان کوشتن لایان وەک ئاو خواردنەوەی لێهاتووە )!

هەرجەندە خەڵکی کوردستان، بە دەیان دەردی ترەوە دەناڵێنن، وەکو بێ موچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و ژینگەیەکی پیسی پڕ لە خۆڵبارین و بڵاوبوونەوەی دەیان و سەدان نەخۆشی کوشندە. سەرباری ئەمانەش ڕۆژانە بەبەرچاوی منداڵان و لە چەقی مەیدانەکان و کۆڵانەکاندا، گیانی ئینسانانێک سارد دەکرێتەوە و دەکوژرێت.

دەبێت خەڵکی کوردستان، لەبەرامبەر ئەم وەحشەتگەریی وکوشتوکوشتارەی خەڵکی بێدیفاع، بێدەنگ نەبن. سەرەتا دەبێت دەسەڵاتداران بە حیزبە گەورەکان ( یەکێتی و پارتی ) و پاشان سەرجەم حیزبەکانی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە ساختەکان و گروپ و دامودەزگای بەرهەمهێنانی ئەم ترس و کوشتوکوشتارە، بە بەرپرسیاری یەکەم بزانن و یەخەی دەسەڵاتداران بگرن. لە دووبارە بوونەوەی تاواندا، هەر تاوانێک بێت، دەبێت ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بچێتە بەردەم دادگاکان و هەتا نەیەنە سەرخەت و سنورێک بۆ ئەم دەریایە لە تاوان دانەنێن، نابێت بهێڵرێت وا بەئاسانی شانی خۆیان لێخاڵی بکەنەوە. وە پاشان، دەبێت تاوانباران لە دادگای ئاشکرا و کراوەدا، دادگایی بکرێن، و تاوانی قورسی زیندانی هەتاهەتایی  و کاری قورسیان پێبکرێت، وە دەبێت لە بودجەی دەوڵەت و حکومەت، بەشی چاکسازی و پەروەردەکردنی تەندروست تەرخان بکرێت، تا هۆشیاری زیاتر بڵاوبێتەوە و چیدی کەس دەستنەبات بۆ تاوانی کوشتن و ئازاردان و کردەوەی قێزەوون. وە دەبێت دامودەزگای قەزایی و پۆلیس بخرێتە خزمەت پارێزگاری لەهاوڵاتیان و دەرفەتی ئەم تاوانانە کەم بکرێتەوە.

 دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆیان تاوانباری سەرەکی ئەو کارەسات و ڕۆژڕەشییانەن کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە، لەڕاستیدا ئەوە بڕیار و جێگاوڕێگای خەڵکی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانە، دیاری دەکات کە ئەم دیاردانە بنەبڕبکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.