بریکس (BRICS)دڕکێک لە گیانی رۆژئاوا چارەنوسی نەتەوە لەو نێوەدا، کورد وەک نموونە BRICS vs G7 … نووسینی: ئیدریس مستەفا

0

بریکسBRICS   کورتکراوەی ناوی حەوت دەوڵەتی گەورەی جیهانە (برازیل و روسیا و هندستان و چین و ئەفریقیای باشور) چ لە رووی دانیشتوانەوە چ لە روی هێزی کار و داهات و سەرچاوەی سروشتیەوە. لە دوای جەنگی جیهانیەوە و بەتایبەتتر لە دوای روخانی بلۆکی کۆمۆنیستی سۆڤیەتەوە وڵاتانی غەربی بەتایبەت ئەوروپای رۆژئاوا و باکوری ئەمریکا (ئەمریکا و کەنەدا) قۆرخی نەک هەر سیاسەتی دنیا بەڵکو ئابوری دنیایان کردووە و لەوێوە دەسەڵاتی پاوانخوازی خۆیان بەسەر دنیادا سەپاندووە. بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی, بانکی جیهانی و دواینیان گروپی حەوت گوایە حەوت دەوڵەتە پیشەسازیە گەورەکەی جیهان لە خۆ دەگرێت ئەوانیش ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و یابان و فەرەنسا.

بریکس کە لە سالی ٢٠١٠ ەوە دامەزراوە و سەرەتا بە شەش وڵاتی دەستی پێکردوو و ئیستاش وا خەریکە بەرەو فراوانتر بوون دەچێت و وڵاتە گەورە و تازە دەرکەوتوو و دەوڵەمەندەکانی جیهان ناوی خۆیان نوسیوە تا ببن بە ئەندام تێیدا لەوانە سعوودیە و تورکیا و میسر و جەزائیر.

بریکس لەگەڵ ئەوەی رێکخراوێکی ئابورییە، بەڵام چارەنوسی سیاسەتی جەمسەرەکانیش دیاری دەکات بە دەوڵەتەکان و کیشوەرەکانیشەوە. هەروەک چۆن پەیماننامەی بریتن وود کە لە دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووهەمەوە دروست بوو وە سیستەمێکی مالی و ئابوری و بگرە سیاسیشی دانا بۆ وڵاتانی بلۆکی رۆژئاوایی و بگرە تارادەیەک هەموو جیهانیش گرتەوە، بریکس لەو بریتنوودە دەچێ و ئەگەرەکان زۆرتر بەو ئاراستەیەدا دەچێت کە چارەنوسی سیستەمی مالی و ئابوری و سیاسی ئایندەی جیهان دیاری دەکات. لێدانی دراوێکی تایبەت بە وڵاتانی بریکس واتە کۆتاییهاتنی هەژموونی دۆلاری ئەمریکایی بەسەر جیهاندا هەروەک چۆن ئیستا کۆتایی هاتنی سیاسی دەسەڵاتی پاوانخوازی ئەمریکا دەبینین لە جیهاندا.

بێگومان بریکس لە بەرامبەر روح زلی و زۆڵمی گروپ حەوت دروست بوو بۆیە هیچ یەکێک لە وڵاتانی بلۆکی رۆژئاوا ئامادەنین ببن بە ئەندام یاخود وەک چاودێر و میوانیش بەشدار ببن و بگرە بریکس بە دژە جی سەڤنی خۆیان دەبینن؛ کەچی لەم هەفتەیەدا یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بلۆکی غەربی داوای کرد بەشدار بێت لە کۆنگرەی ساڵانەی بریکس کە لە کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵدا لە شاری دوربانی ئەفریقیای باشور سازدەکرێت. فەرەنسا بە رەسمی داوای لە ئەفریقیای باشور کرد کە دەیەوێ وەک میوانێک بەشداری کۆبوونەوەی ساڵانەی بریکس بکات. ئەمە تەنها هەواڵێکی راگوزەر نییە، بەڵکو رووداوێکی گەورەیە یاخود بڵێم گورزێکی گەورەیە لە بلۆکی رۆژئاوا. ئەنجام و رەهەندەکانی ئەم هەواڵە دەکرێ لە نوسێنێکی تردا باس بکرێ بەڵام خودی هەواڵەکە وەک هەورە تریشقەیەک وایە لە رۆژێکی گەرمی هاویندا.

گەر بەم چەند ئەندامەی ئێستایەوە بریکس بەراورد بکەین بە گروپی حەوت G7 ئەوا ژمارەکان لە قازانجی BRICS دەبن. بۆ نموونە: ژمارەی دانیشتوانی بریکس لە ئیستادا لە ٤١.٥٪ کۆی دانیشتوانی هەموو جیهانە. داهاتی ساڵانەی ساڵی رابردووی بریکس ٣١.٥٪ کۆی داهاتی هەموو دانیشتوانی جیهانە لە کاتێکدا G7 دابەزی بۆ ٣٠٪. هەروەها توانای هێزی کڕین (PPP)ی وڵاتانی بریکس لە سەرووی وڵاتانی گروپی حەوتەوە بووە. پرسیار ئەمەیە: ئایا گەر ئەو وڵاتانەی تر کە داوایان کردووە ببن بە ئەندام لە بریکس ئاخۆ ئەو ژمارانە چەند پلەی تر بەرز دەبنەوە؟!

نەتەوە لەو نێوەدا…

ستراتیجێک کە ئەم رێکخراوانەی بەتایبەتی بریکسی لەسەر دروست بووە ئابورییە بە پلەی سەرەکی. ئابوریش چڕترین هاوکێشەیە کە مەسەلەکانی تێدا بەیەکەوە دەبەسترێتەوە. لێرەدا مەسەلەی نەتەوە یاخود روونتر بڵێم ئەو وڵاتانەی کەمینە نەتەوەییەکانی تێدا هەیە، وەک تورکیا گەر ببێتە ئەندام لە بریکس، ئەوا پرسی نەتەوەیی لەوانە کورد خۆی لەبەردەم دەرگایەکی قایمتردا دەبینێتەوە. دیارە ئەو ئەزمونە تاڵەی نەتەوە ژێر دەستەکان لە دنیای وڵاتانی گروپی حەوت دیتیان مەرج نییە لە دنیای بریکس بەو ئاستە بیبیننەوە، چونکە پێکهاتەی مێژوویی و و جوگرافی و دیموگرافی وڵاتانی بریکس جیاوازترە لە هی گروپی حەوت. زۆربەی وڵاتانی بریکس بە پێچەوانەی وڵاتانی گروپی حەوت لە بنەڕەتەوە وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە ئاین و فرە فەرهەنگ و قوربانی دەستی کۆڵۆنیاڵیزمن، بۆیە لە ئارام بوونەوەیەکی جیهانی بریکسدا لەوەیە مەسەلەی نەتەوە ئاراستەیکی جیاوازتر بگرێ کە من پێم وایە باشتر دەبێ لەو دنیایەی رۆژئاوا هەرچەندە باش بوونەکە رێژەیی بێت. لەبەر درێژ نەکردنەوەی بابەتە و گرنگی بابەتەکەش لێرەدا هەر ئاماژە بەو چەند سەرخەتەی سەرەوە دەدەم.

تێبینی: هەر هاوڕێ و دۆستێک سەرچاوەی ئەو زانیاریانەی بوێت ئەوا بۆی دەنێرم!

Leave A Reply

Your email address will not be published.