ماڵی بابم پشتیان نەگرتم، ناچار مێردەکەمم بە کوشتدا!… نووسینی: هاوژین ڕەشید
یەکێک لە ئازارەکانی ژنبوون، بریتی یە لە هەڵگرتنی کۆڵی شەرەف و ئابڕووی بنەماڵەیەک و هەندێ جار دوو سێ بنەماڵەشە؛ بێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە، تۆزقاڵێک نیگەرانی کەسایەتی ئەو کچەی خۆیان بن.
ئەو ناونیشانەی سەرەوە، قسەی ژنێکە کە لەو ڕۆژانەدا لە باشووری کوردستان، لە ڕێگای کەسێکیترەوە پیلانی کوشتنی هاوژینەکەی داناوەو لە پیلانەکەشی سەرکەوتووبووە و بابی منداڵەکانی کوشتووە.
کاتێ پێشکەشکاری کەناڵێکی ڕاگەیاندن لێ دەپرسێت، بۆچی کوشتت؟
دەڵێ کە ژیانی زۆر ناخۆشبووە لەگەڵی و ماوەی پانزە ساڵە هیچ ژیانێک خۆشیان نەبووە. جگە لەوەش نەیویست شتی زیاتر بدرکێنێت کە پیاوەکەی چی پێکردووە. وادیارە لەبەر ڕوشانی کەسێتی خۆی وای پێ باشبوو قسەی زیاتر نەکات.
ئەوەی جێی سەرنجبوو ئەوەبوو کە ژنەکە، باسی لەوەکرد کە هیچ ڕێگایەکیتری بۆ نەمابۆوە بۆ دەربازبوونی لەو هاوسەرگیری یە. زۆرجار داوای جیابوونەوەی لێکردووە کەچی قبوڵی نەکردووە. لەولاشەوە ماڵی بابی نەیانهێشتووە بڕواتەوە ئەوێ و لە مێردەکەی جیابێتەوە، بەبیانووی عەیبە و قسەو قسەڵۆکی خەڵکی! دیارە کە هیچ جێگاو شوێنێکیتر و سەرچاوەی داراییتری نەبووە تا بتوانێ بەتەنیا شان بداتە بەر سەختیەکانی ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکانی.
ماوەتەوە بڵێین، کوشتن هیچ کاتێک چارەسەری کێشەکان نی یەو هەروەکو ئەو ژنە چۆن پەشیمانە، ئاوا پەشیمانی لەدوایە بەڵام دوای چی؟ ئەوەی بوو بە قوربانی ئەو منداڵانەن کە لەئەنجامی بەیەکگەییشتنی ئەو ژن و پیاوەدا دروستبوون. بێ تاوان و بێ کەس کەوتنە بەر میهرەبانی تیغی ڕۆژگار.
هەربۆیە باب و براکان یان بڵێین ماڵە باوان، خۆزگە دەکرا زیاتر بەتەنگی گیانی کچەکانیانەوە بن و هیچ نەبێ لێکۆڵینەوەی وورد بکەن لەسەر دۆخی کچەکەیان هەرکاتێ کچەکەیان سکاڵای لە دژی مێردەکەی کرد لەلای ئەوان. ئەگەر بە بیانووی شەرەف و ئابڕووچوونەوە دەست بە ڕووی ئەو ئافرەتەوە بنێن، ئەوا هیچ دوور نی یە کە کارەساتی زیاتری بەدواوەبن
لەبەرئەوە، بیرکردنەوەو بڕیاری ژیرانەو لە خەم بوونی کەسایەتی مرۆڤەکان و بەهاناوە چونیان پێش مەسەلەی شەرەف یان هەرشتێکیتر، زامنی ئارامی و پارێزراوی ژیانی ژنان و منداڵانە. هەمیش پشتیوانی ژنان وادەکات دووربن لە تاوان و هەستکردن بە بێ کەسی و بێ چارەیی و سەرلێشێوان.