چۆن رێگە لە دەستێوەردان و کردەوەی تیرۆریستی لەهەرێمدا دەگیرێت؟

0

هەرێمی کوردستان بەشێوەی گشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی، بۆتە مەیدان و گۆرەپانی تەسفیەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەتیش ئۆپۆزیسیۆنی تورکی… کەم رۆژ هەیە درۆنەکانی تورکیا، دروێنەی گیانی کادرو چالاکوان و لایەنگرانی پەکەکە نەکەن، هاوکات گروپە تیرۆریستیەکانی سەر بەمیت، لەهەرێم هەڵسوڕاون و ئەگەر درۆنەکان لەرێگای ئاسمانەوە کردەوە تیرۆریستیەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوان گروپە تیرۆریستیەکان لەناو جەرگەی شارەکاندا، دەست دەبەن بۆ تیرۆر. ئەم هێرشە تیرۆریستیانە تادێت بەرەو هەڵکشان دەچن و کە بەجیا لە کوژرانی کادرو ئەندامانی ئەم گروپانە، تا ئێستا دەیان هاوڵاتی بێتاوان بوونەتە قوربانی و شوێنی کارو ژیانی خەڵکیش زەرەرو زیانی بەرکەتووەو وێران کراوە. تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی تورکی بۆتە کارێکی ئاسایی و هەموو ڕۆژە، هاوکات تیرۆری کادرو هەڵسوراوانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و هێرشی ناو بەناوی موشەکی و فرۆکەو درۆنی بۆسەر بنکەو بارەگای هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئیران، بەشێوەی بەردەوام هەیە… لەوەش زیاتر گوشارەکانی تورکیا و ئیران بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامە بۆ هاوکاری کردن و وەدەرنانی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و داخستنی بنکەو بارەگا سەربازی و سیاسییەکانیان. لەو نێوەدا هێزە دەسەڵات بەدەستەکانی هەرێم “پارتی و یەکێتی” لەگەڵ ئەوەدا درێغیان نەکردووە لە هاوکاری دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بۆ کردنەوەی بنکەو بارەگا و سەربازگە و هەڵسوڕانی باندەکانی ئەو وڵاتانە، هاوکاتیش بەدوادا نەچوون و ئاشکرا نەکردنی بکوژی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو جەرگەی شارەکاندا، ئەو پەیامی هاوکارییە بە دەوڵەتەکان بۆ تیرۆری چالاکوان و کادرو لایەنگرانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و ئیرانی کردۆتە یەقین. گومان لەوەدا نییە، چ هێرشە درۆنیەکان و بۆسەر بارەگا و ماڵ و سەیارە و چ کردەوە تیرۆریستیەکانی ناو شارەکان، بەبێ هاوکاری و چاوساغی و ناوخۆیی ئەنجام نادرێن… کەچی تاکو ئیستا نەک هەر بکوژان، بەڵکو چاوساغ و جاسوسەکانیشیان ئاشکرا نەکراون… بەڵام نابێ ئەو راستیەمان بیر بچیت، لایەنی سەرەکی و هاوکاری راستەقینەی بێ دەمامک، حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستان و بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانیانن، کە بەتەواوەتی خۆیان خزاندۆتە ناو باوەشی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و لە ئامێزی ئەواندا هەست بە ئارامی و زەمانەکردنی درێژەدان بەدەسەڵاتیان دەکەن… وە پارتی و یەکێتی لە بەرامبەرکێ یەکتریدا و بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەسەڵاتیان، هەر لایەکیان ئومێدی پشتیوانی بەیەکێک لەو دەوڵەتانە بەستووە.

ئەم کردەوە تیرۆریستیە بەردەوامانە، تەنها بەرهەمی لاوازی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد نییە، بەڵکو بەرهەمی هاوکاری دەسەڵاتی کوردی و خۆبەستنەوەیانە بە دەوڵەتانەوە. تەنانەت پیشبرکیی پارتی و یەکێتی بۆ نۆکەرپیشەیی و خۆشخزمەتی، بۆتە تایبەتمەندییەکی جێکەوتوویان. لاوازی هەژموونی ئەمنی دەسەڵاتی بەغداش بەسەر هەرێمدا، هۆکارێکی تری دەستێوەردان و ملهوری نواندنی وڵاتانی ناوچەکەیە لەهەرێمدا، بەڵام ئەمە هاوکات دەروازیەکیشە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی تا لەژێر پاساوی پاراستنی ئەمنی سنورەکاندا، و رێگەگرتن لە دزەی هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەسنورەکانەوە، بەشیک لە هێزە چەکدارەکانی ناوەند بگێڕنەوە بۆ سنورەکان و هەژموونی ئەمنی و سەربازی، بخەنە پاڵ هەژموونە سیاسییەکانیان، بەسەر هەرێمدا.

جیا لەوانە ئەوەش جێگای پرسیارە، هۆکار چییە، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی سەربازی تورکی، هێندە بێخەمن لە دروێنەی کادرو بەرپرسەکانیان و ڕیگایەکیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو خوێن بەربوونەی کادرو بەرپرسەکانیان نییە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە قوربانیانی دەستی باندە تیرۆریستیەکان و درۆنەکان لە هەرێمی کوردستاندا زۆر زیاترن لەو قوربانیانەی لە بەرەکانی جەنگی پارتیزانی و چەکداریدا، بەریان دەکەوێت.

ئەو دەستێوەردانە سیاسی و سەربازی و ئەمنی و هیرش و پەلامارە تیرۆریستیانە لەدۆخی هەرێمدا، لێکەوتەکەی هەر تیرۆری کادرو چالاکوان و بەرپرسەکانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو هاوکات زاڵ بوونی هەژموونی سیاسی و سەربازیی و کردنی هەرێمی کوردستانە بەگۆرەپانی یەکلایی کردنەوەی ململانێی ناوچەیی و بلۆکەکانی ناوچەکە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، لەپێشیانەوە بردنە سەری پیگەو باڵادەستیانە لە دۆخی سیاسی عێراقیشدا. وڵاتانی ناوچەکە لە پێگرتنەوە بەهیزبوونی عێراقدا نیگەرانن و نایانەوێت جارێکی تر عێراقێکی خۆگرتوو بەهێز پێ بگرێتەوە کە بەشێکە لە جیهانی عەرەبی و پیگەیەکی تایبەتی لەناوچەکدا هەیە. بە‌هێز بوونەوەی عێراق، هەر بەمانای دەستکورتکردنەوەی دەخالەتی وڵاتانی ناوچەکە نییە، لەدۆخی عێراق و هەرێمدا، بەڵکو بە‌هێز بوونەوە و سەربڵندکردنەوەیەتی لە ئاستی تەواوی ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەدا ئیران و تورکیا، نیگەرانی قەوارەی سیاسی هەرێمن و باڵادەستی عێراق بەسەر هەرێمدا بەسودی خۆیان دەبینن، بەڵام هاوکات نیگەرانی ئەوەشن هەرێمی کوردستان وەکو گۆرەپانێکی ململانێی خۆیان لەدەستیان دەربچیت و عێراق هەژموونی تەواوەتی بکاتەوە سەر هەرێم.

سەر ئەنجام ئەم دۆخەی ئێستای لەهەرێمدا هەیە، رووبەڕووە لەگەڵ ئاڵوگۆرێک… باڵادەستی ناوەند بەسەر هەرێمدا، چ لەمەیدانی نەوت و ئابوری و چ لە زەمینەی دەستوری و یاسایی و ئەمنیدا و دەرگا کردنەوەیان بەسەر دەستێوەردانی هەرێمدا، رەوەندێکە دەستی پێکردووە، لەناو ئەو رەوەندەدا، پرسی تیرۆر و دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکەش دەگۆرێت. بۆ ئیران و تورکیا، ئامانج ئەوەیە لەرێگای ڕیکەوتنیان لەگەڵ بەغدا پرسی سنورەکانیان و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان یەکلایی بکەنەوە، تا ئەوەی پارتی و یەکێتی، لە بەرامبەرکیی یەکتری و بە خۆبەستنەوەیان، زەمینەیان بۆ ساز بکەن و هاوکاریان بن.

لەم هەلومەرجەدا رۆڵی جەماوەری خەڵکی کوردستان، گرنگی خۆی هەیە… لایەنەکانی دەرگیر لە هەرێمی کوردستاندا، هەر تەنها عێراق و تورکیا و ئیران نین، بەڵکو خەڵک و جەماوەر، دەتوانن رۆڵی کاریگەر و تەنانەت یەکلایی کەرەوە بگێرن لە ئاییندی سیاسی هەرێمی کوردستاندا. بزوتنەوەی نارەزایەتی لە هەرێمدا قوڵپ دەدات، بەدژی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و تاڵانچیتی و نۆکەر پیشەیی، پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان… ئەم بزوتنەوەیە چۆن بۆ نان و موچەو خزمەتگوازرییەکان و بۆ ئازادی ئامادەیی هەیە، دەتوانێت بەدژی وڵاتانی ناوچەکەو کردەوە تیرۆریستی و ئینسان کوژیەکانیشدا، تەکان بەخۆی بدات و ببێتە لایەنێک لە دیاریکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمدا. خواستی کردنە دەرەوەی بنکەو بارەگا سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری وڵاتانی ناوچەکە پیویستە ببێتە یەکێک لە داواکاری جەماوەری و لە ئاستی بزوتنەوەیەکی سەراسەری شەقامدا خۆی بنوێنی و نیشان بدات، هەروەها خواستی کردنە دەرەوەی سەفارەتخانەکانیان بکریتە گوشار لەسەر دەسەڵاتی ناوەند و هەریم، هاوکات خەڵکی کوردستان پیویستە گوشار بهێنن بۆ پارتی و یەکێتی تا بکوژ و هاوکاری بکوژەکان و باندە تیرۆریستەیەکان، ئاشکرا بکات و رادەستی لێپرسینەوەی یاساییان!! بکات. گرتنە بەری ئەو هەنگاوانە دەتوانێت کاریگەری بەرجەستەی لەسەر کورتکردنەوەی دەستی وڵاتانی ناوچەکە لە هەرێمدا هەبێت.

عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.