دزی و تاڵانی نەوت، بەڕێگای تازە!!

0

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ و لە زمانی بەشێک لە خودی بەرپرسانەوە، باسی فرۆشتی نەوتی خاوی هەریم دەکرێت بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاغ، بەڵام ئەمجارە لەجێگای ئەوەی بە بەرمیل و لیتر بفرۆشرێت، بەتەن دەفرۆشرێت… ئەو نەوتە خاوە لە کێڵگە ناوخۆیەکانی هەرێم بەرهەم دەهێنرێت و دەپاڵێورێت و لەلایەن چەند کەس و کۆمپانیایەکەوە، بەتەن دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە بانقە ئەهلیەکانەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا بەشی زۆری خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان، نەوتی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، وە لەکاتێکدایە کە سوتەمەنی بەگشتی و نەوت بە شێوەی تایبەتی نرخەکەی هێندە بەرزە کە خەڵکی کەم دەرامەت توانای کڕینیان نییە. دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و بەرپرسە دەسترۆشتوەکانیان، بۆ ساتێک چییە واز لە تاڵانی داهات و سامانی هەرێم ناهێنن و هەر رۆژە داهێنانێک لە دزین و بەتاڵابرنیدا دەگرنە بەر.

رۆژێک بەتانکەر ئاودیوی دەکەن و رۆژێک لە رێگای بەندەری جەیهان و بە ڕیکەوتنی ٥٠ ساڵەو، رۆژێکیش بە تەن و …تاد دەفرۆشرێت. لەو کاتەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم لەدەستی هەرێم دەرهێنراوە و سۆمۆ سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوت دەکات، دیسان سەرانی تێرنەبووی بزوتنەوەی کوردایەتی و قاچاخچیانی هاوشان و هاوکاریان نەوتی کێلگە نەوتیەکانی هەرێم بە تەن دەفرۆشن.

هیشتا دیار نییە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم پابەندی رێکەوتنی لەگەڵ بەغدا دەبێت بۆ رادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم، کەچی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە قاچاغ دەستی پێکردووە. ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی هەرێم یان ئەوەی لە ژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا دەکرێت، بەرچاوترین دۆسیەی دزی و تاڵانییەو لەو دزی و تاڵانیەش، دزی و بازرگانی بە نەوتەوە پشکی شێری بەردەکەوێت… ئەوە لە کاتێکدایە خەڵکی کوردستان تا بڵێی پێویستیان بە نەوت و سوتەمەنیە، چونکە بەراستی بۆتە بارگرانیەکی یەکجار زۆر بەسەر شانی هاولاتیانەوە.

خەڵکی کوردستان و هەڵسوڕاو و رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، پێویستە هەرچی زووە ئەم تاڵانی و دزییە ئاشکرایە لەقاو بدەن و ڕیگە بگرن لەوەی کە سەرانی حزب و بازرگانەکانی هاوشانیان، نەوت و سوتەمەنی بە نایاسایی و بە قاچاغ بفرۆشن و خەڵکیش موحتاجی، دەبەیەک نەوت بێت… پێویستە گوشاری جەماوەری دەسەڵات ناچار بەوە بکات لەجێگای ئەوەی دەرگای خستۆتە سەرپشت بۆ فرۆشتنی نەوتی کیڵگە نەوتیەکانی کوردستان، بە شێوەی جۆراو جۆر، ناچار بەوە بکرێت، کە بەسەر هاوڵاتیاندا بە نرخێکی رەمزی کەم یان بەخۆڕایی دابەشی سەر خەڵکی نەدار و برسی کوردستانی بکەن و بازرگانەکانیشی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی!! بکرێن.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.