شوان داودی: لە هەڵبژاردنەکاندا کام هێز دژایەتی کورد بکات ئەوە براوە دەبێت و ئەو سیاسیانە مەرغوبن کە دژی کورد قسە دەکەن … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ‌ بەڕێز شوان داودی نووسەرو چاودێری سیاسی ، سەبارەت بە گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم و ئایندەی سیاسی کوردستان…

0

بۆپێشەوە: بڕیار و گوشارەکانی بەغدا لە دوای شەری داعش و ١٦ ئۆکتۆبەرەوە بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم، بەردەوامە، هۆکاری ئەم گوشارانە چییە؟ و تاکەی ئەم بڕیار و گوشارانە بەردەوام دەبن؟

شوان داودی: دیارە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە حوکمی دیفاکتۆ هەژمونی کورد باڵادەست بوو بەسەر سەرتاسەری باشوری کوردستاندا بە کەرکوک  ناوچە جێناکۆکەنانی تریشەوە، دوا بازگەی کوردی بازگەی شەهید فەرهاد بوو لە ملەی ئینجانە کە دەکەوێتە سەر زنجیرە چیای حەمرین بەرامبەر بە دەشتی عزێم و ئاڵای کوردستان بەسەرییەوە دەشەکایەوە، بۆ ئەمەش پاڵپشتی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی هەبوو بەمەرجێک دوای نوسینەوە و دەنگ پێدانی دەستوریش لە ساڵی 2005 ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵات و هەژمونی کورددا مانەوە لەگەڵ ئەوەی کە لە دەستور پرسی ئەو ناوچانە یەکلایی نەکرانەوە و بە هەڵپەسێردراوی مانەوە، بەداخەوە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی هەڵەو کورت بینی قیادەکەی، کورد نەیتوانی وەکو پێویست سود لەو پشتوانیە نێو دەوڵەتییە ببینێ و قۆناغ بە قۆناغ تا 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هەموو ئەو ناوچانەی بەحکومی  دیفاکتۆی وای پرۆسەی ئازادی رەخسابوو بۆی لەدەست داو، لەگەڵ پرۆسەی ڕیفراندۆیشدا هەموو کارەتە بەهێزەکانی و بەشێکی زۆری پشتوانیە نێو دەوڵەتییەکانی لە دەست دا ..

گوشارەکان بەردەوام دەبن بۆ لە قاڵبدانی ئەزمونی هەرێم لە قالب دانەکەش لە چوارچێوەی دەستور و ئەو بڕیار و  یاسایانەی کە لە سەردەمی ڕیفراندۆمدا دەرچوون کە کورد غایب بوو لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و بە بڕیاری حزبی سیاسی نوێنەرانی کورد بایکۆتی دانشتنەکانیان کردبوو هەر ئەندامێکی کورد نزیک هۆڵی دانشتنەکانی پەرلەمان ببوایە، زومی کامیرای کەناڵەکان دەچووە سەری و تەخوین دەکرا، یەکێ لەو یاسایانەی لەو سەردەمەدا تێپەرێندرا یاسای ئیدارەی مالیە کە ئێستا بەو یاسایە نیوەی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم جگە لە نەوت دەبێ ڕادەستی بەغدا بکرێت.

ئەو کاتانەی هەرێم بەهێز بوو کورد پشتوانی گەورەی هەبوو، نەک کاری نەکرد بۆ تەشریعکردنی کۆمەڵێ یاسای گرنگ لەوانە یاسای نەوت و گاز بەڵکو و  کورد ڕێگر و ئاستەنگ بوو لەبەردەم تەشریعکردنی ئەو یاسایەیان ئێستا بەلاوازی و دوای لە دەستدانی کارتەکانی ئەو یاسایە تەشریع دەکرێ کە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی کورد نابێت .

پێم وایە هەرێم هیچ کارت و هیچ ئیرادەیەکی نەماوە بەرامبەر بەغدا، چونکە هاوکێشەکان پێچەوانە بۆتەوە ئەویش پێش هەموو کەس کورد خۆی بەرپرسیارە لەو دۆخە .

بۆپێشەوە: گوشارە بەرەوامەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، بەرهەمی پابەندبوونی دەسەڵاتی ناوەندە بە فیدرالیزم و دەستورەوە، لە هاوسەنگی تازەی نێوان بەغداو هەرێمدا، یان وەکو هەندێک دەڵێن پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لە فیدرالیزم و دەستور؟ 

شوان داودی: شتێک نییە بە ناوی پاشگەزبوونەوە ئەوەی لە دەستووردا هاتووە زۆر جیاواز و کەمتر بووە لەو دیفاکتۆیەی کورد لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەدەستی هێنابوو، بەشێکی ماددە دەستوریەکان پێویستە بە پێی یاسا ڕێکبخرێت کورد لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە یان نەیانزانیوە ئەوە بکات و ئەو  دەرفەتەی بۆی رەخسابوو لە کیس چوو، بۆ ئەوەش  بەرپرسیارێتی مێژویی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

بۆپێشەوە: گوشارەکانی بەغدا تا چەندە کەرکوک و ناوچە کیشەلەسەرەکانی گرتۆتەوە؟ زۆرجار گوێ بیستی سیاسەتی راگواستن و تەعریب دەبین، ئەمە تا چەندە راستە؟

شوان داودی: کەرکوک ناوچە کێشە لەسەرەکان کە من ئێستا بە ناوچە دۆڕێنراوەکان گوزارشتی لێ دەکەم هەمیشە قوربانی ململانێی نا نەتەوەیی و نا تەندروستی حزبە کوردستانیەکان و ئاڵۆزییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم ناوچانە ململانێان لەسەرە، هەر لایەک دەسەڵاتی بەسەردا هەبێت بەهەموو شێوەیەک هەوڵی سەپاندنی هەژمونی خۆی دەدات بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە سیاسەتێکی لەسەر پەیڕەو دەکرێت و ئێستا کورد بەتەواوەتی غائیبە لە سێکتەرەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ئیداری شارەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هێزە کوردییەکان لە ململانێی ناجۆری خۆیان نەکەوتوون و پێشبینی ئەوە دەکرێت لە هەڵبژاردنی دێسمبەری ئایندەی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کورد زۆرینەی 1+50لەدەست بدا .

بۆپێشەوە: ئایا هەنگاوەکانی بەغدا لەدژی هەرێم و سیاسەتی خۆگرێدانەوەی پارتی و یەکێتی بە بەغدا، بەمانای تیکەڵ بوونەوەی بەکردەوەی کوردستانە بەعێراقەوە؟ 

شوان داودی: بە داخەوە کورد هیچ کارتێکی فشاری بە دەستەوە نەماوە بەرامبەر بەغدا لەگەڵ ئەوەش ناڕێکی نێو ماڵی کوردی  و نەبوونی یەک گوتاری کورد بەرامبەر بەغدا زەمینەی لەباری بۆ بەغدا ڕەخساندووە و ئەگەری هەموو هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراو دەکرێ لەو بارەیەوە و تەنانەت مەترسی لەسەر هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمییش لە ئارادایە لەوەی بەغدا لەسەر داوای لایەنێکی سیاسی مامەڵەی دارایی لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات لەبری هەرێم.

بۆپێشەوە: گوشارەکانی بەغدا هەر لەدژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە، یان لە دژی خەڵکی کوردستانیشە؟

شوان داودی: ئەزمونی سیاسی هەرێم بە دڵنیاییەوە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و تورکیا و ئێران و سوریاش دەبێ، هەر کەم کردنەوەیەک لە دەسەڵاتی هەرێم و هەر بچوک کردنەوەیەکی قەوارەی هەرێم دژی دەسکەوتەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام حکومەتی هەرێم  دەبێتە بیانوو بۆ ئەو گورزانەی بەر دەسکەوتە بەدەستهاتوەکانی گەلی کوردستان دەکەون، بۆیە لە کۆتاییدا ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی و قەوارەی هەرێمی کوردستان ئامانجە گەورەو و هاوبەشەکەی عێراق و وەڵاتانی دەوروبەرێتی .

بۆپێشەوە: بەشێک لەخەڵکی کوردستان بەتایبەتی موچەخۆران، دەیانەوێت بەغدا موچەیان بداتێ و لە ژێر دەسەڵاتی هەرێم نەمێنن، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوە کیشەی موچە و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر دەکات، ئەگەر وایە سەرباری ڕیکەوتنی بەغدا و هەرێم، کەچی کیشەی موچە ماوەو تا ئیستا کە مانگی هەشتە، موچەخۆران چاوەروانی موچەی مانگی شەشن؟ 

شوان داودی: پێم وایە کێشەی موچە پرسی کاتە، لەگەڵ دەرچوونی ڕێنمایی جێبەجێکردنی بودجە و بەڕێخستنی یەکەم بڕ ئەو پرسە کۆتایی دێت، لە ڕاستیدا کورد نیو سەدە زیاترە خوێن دەڕێژێ بۆ پرسی موچە نەبووە، ئەگینا لە سەردمی بەعسیش موچە هەبووە ..

بەداخەوە نائومێدی کۆمەڵانی خەڵک و نەمانی متمانەیان بە هێزە کوردییەکان بەهۆی دابڕانیان لە جەماوەر و بێ دادیان لە پەیڕەوکردنی حکومڕانی ناتەندروست ئەو خواستەیان هەیە وەک ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت ڕەحمەت لە کفن دز، خواستی گەڕانەوەی موچە بۆ بەغدا لای فەرمانبەران لەبەر چاوە ڕەشەکانی بەغدا نییە، بەڵکو لەبێ دادی دەسەڵاتی خۆماڵیدایە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە خۆشباوەری بەشێک لە خەڵکی کوردستان بەدەسەڵاتی بەغدا، بۆ باش بوونی موچەو خزمەتگوزاری و سوتەمەنی…تاد؟

شوان داودی: بەداخەوە سەرباری نا عەداڵەتی و نەهامەتیەکانی یەکێتی و پارتی، نەبونی ئۆپۆزسیونێکی تەندروست و نابەرپرسیارێتی بەشێکی زۆر لە میدیای کوردی میزاجی تاکی کوردی تێکشکێنراوە. وا لە خەڵک کراوە هیچ ئینتمایەکی نەمێنێ و هەرچی جوانی و پیرۆزیەک هەیە لە کوردستاندا شکێنراوە، هیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە و بەها بۆ هیچ  شتێک نەهێڵدراوەتەوە .

بۆپێشەوە: لێکەوتە سیاسیەکانی دەسەڵاتی ناوەندی لەسەر خەڵکی کوردستان و پرسی چارەسەرنەبووی نەتەوایەتی چۆن دەبینن؟ لاتان وایە جارێکی تر ستەمی نەتەوایەتی لەسەر خەڵکی کوردستان دوبارە دەبێتەوە؟

شوان داودی: بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی خراپی دەبێت، دەمانگەڕێنێتەوە چوارگۆشەی یەکەم لەبەرئەوەی دابڕانێکی زۆر و لێکترازانێکی گەورە ڕویداوە لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، گەر پێشتر کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتەکانی عێراقدا بووبێ ئێستا لە شەقامی عێراقیدا دژایەتی خواستەکانی گەلی کورد دەکرێ، هەندێ جار هێزە سیاسیەکان و حکومەتیش لە ترسی فشاری شەقام ناتوانێت یان ناوێرێت بێتە ژێر باری هەندێ داخوازی کورد …

لە هەڵبژاردنەکاندا کام هێز دژایەتی کورد بکات ئەوە براوە دەبێت و ئەو سیاسیانە مەرغوبن کە دژی کورد قسە دەکەن .

بۆپێشەوە: خەڵکی کوردستان بەشیوەی گشتی دژی دەسەڵاتی سیاسی هەرێمن و بەکردەوەش ئۆپۆزیسیۆنی بۆژوازی کورد، ئەڵتەرناتیفێکی باشتری دەسەڵات نییە و لەو ئاستەدا نییە، بتوانێت سواری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان ببێت، خەڵکی کوردستان دەبێ چی بکات، تا لەدەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوشیوەکانی و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ڕزگاری بێت؟ بەکورتی چ ڕیگاو ئەڵتەرناتیفێک بۆ باش بوونی ژیان و گوزەران و ئاینندەی سیاسی کوردستان پیویستە؟

شوان داودی: بەداخەوە بۆشایی سیاسی و غیابی نوخبەیەکی کاریگەر خەڵکی کوردستانی نێگەران بێ ئومێد و وێڵ کردوە، پێم وایە لەم قۆناغە وەکو هەنگاوی یەکەم پێویستە بەرەیەکی ناڕازی لە سەرتاسەری کوردستان لە ژێر سایەی چەترێکدا کۆبکرێنەوە و بە ڕوئیایەکی رون و فەلسەفەیەکی ئاشکرا، هەرچی ئەو سەرکردانەی خاوەن کارێزمان لە هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان کۆببنەوە و هەمانگی و ڕایەڵ لەگەڵ سەرکردە مەحلی و مەیدانەکانی ناو خەڵک  پێکبهێنن و پێکەوە بڕۆنە هەڵبژاردنی ئایندەی کوردستانەوە و بۆئەوەی هاوسەنگی دروست بکەن، لە کاتێکدا دەسەڵاتیش نەگرنە دەست دەتوانن ببنە ئۆپزسیونێکی تەندروست و کاریگەر  کە من پێم وایە دەرفەتی لە بار بۆ ئەو بابەتە لە ئارادا هەیە، بە پێچەوانەوە هەر دەبێ لە بازنەی یەکێتی و پارتیدا بخولێینەوە .

بۆپێشەوە: گرژی و ناکۆکی نیوان پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و داهات بەردەوامە، ئایا گوشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و بەغدا، هۆکاری بەرینبوونەوەی قڵشتی نێوانیانە، یان ناتەبایی پارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکی نیگەرانی ناوەندە فەرمی و نێودەوڵەتیەکانە؟

شوان داودی: پێم وایە یەکێتی و پارتی زۆر شت لەدەستی خۆیاندا نەماوە، هەریەکەیان پابەندی هاوکێشەیەکی سیاسی جیاوازن و ئیرادەی ئەو هاوکێشانە لە ئیرادەی ئەوان بەهێزترە،  بە دڵنیاییەوە ئەو هاوکێشانە لەبەرژەوەندی کوردو و ئەزمونی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەو پاشا گەرادنیەی کورد لە نێوان  هاوکێشەکاندا دوای کۆچی مام جەلال سەر هەڵداوە، چونکە هیچ  کەسێکی تر لە کوردا وەک ئەو نەیتوانی بەرژەوندی نەتەوەیی بخاتە سەروی بەرژەوندی حزبی و کەسی  هاوسەنگی نێوان ئەو هاوکێشانە ڕابگرێت. بە دڵنیاییەوە بەهۆی ناتەباییەکانی یەکێتی و پارتی هاوسۆزی و پشتوانی زۆری لە دەست داوین و زیاتریش لە دەست دەدەین.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.