دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ رێبوار عارف، سەبارەت بە هۆکار و کۆبونەوەی نارەزایەتی جەماوەری کفری…

0

بۆپێشەوە: لە ١٠ تەموزەو خەڵکی کفری دەستیان داوەتە کۆبونەوەی نارەزایەتی و خواستگەلێکی زۆریان هەیە، سەرەتا دەپرسین میحوەریترین داوکارییەکانیان کامانەن؟

ڕێبوار عارف: نەبوونی کارو خزمەتگوزاری تەنگی بەژیانی زۆریک لە دانییشتوانی خەلکی شارۆشارۆچکەکانی کوردستان هێناوە، بەڵام شارۆچکەی کفری زیاتر لە 15 سالە بەتەواوی مانا پەراویز خراوەو بەفەرامۆشی سپیردراوە، لە هەر ئیمکاناتیکی سەرەتای بێبەشکراوەو نەبوونی کارو نەبوونی هیچ پرۆژەیەکی بەرهەمهێنان و هیچ خزمەتگوزارییەک بە شوینک گەیشتون، کە بەشیک لەخەڵک و گەنجان ناچار بوون بۆ ماوەی یەک مانگی تەواو لە ژێر خێمەیەکدا بمێنەوە کە پلەی گەرماکەی رۆژانە 50 پلەیە… بۆیە وەک خۆتان دەڵێن لیستیکی بەرفراوانیان راگەیاندوە وەک داخوازی گەلیک کە بەرۆکی بە ژیانی خەلکی ئەم شارە گرتووە، کە بەشیکیان ئەمانەی خوارەوەن.

هێنانی دوو دکتۆری بێهۆشکەر، دابینکردنی ئامیری ئيمفؤی دڵ و نازور، بەرەسمیەت ناسینی زانکۆی پۆلیتکنیکی کفری، دابینکردنی هەلی کار، نوێژەنکردنەوەی ناوەندە کەلتورییەکان، زیادکردنی چەند بەشێکی دیکە لەنەخۆشخانەی شەهید، دابینکردنی ٣ ئامبوڵاس، گوڕینی ئیدارەی کفری، دامەزرانی زۆربەی کرێکاران و کارمەندانی کارخانەی ئاسنی سەربە ئیدارەی قەیویان، لە خەلکی کفری، چۆڵکردنی بینای باوە شاسوار لە هێزی سەربازی و کردنی بە زیندانی چاکسازی… کردنەوەی سەنتەری گەنجان، کردنەوەی پارکی خیزان، کردنەوەی چەند پارکێکی مندالان، نەهێشتنی وەرگرتنی سەرانەی بازگەکان، تەواوکردنی رێگەوبانەکان، کردنەوەی سەنتەری ئوتیزم ……

بۆپێشەوە: کۆبونەوەی نارەزایەتی لە جێگایەک و کەشی گشتیدا رۆڵی گرنگی هەیە، بەڵام کۆبونەوەی گشتی شەقام بەبێ پشتیوانی نارەزایەتی گەرەگ و شوێنی کار، تاک باڵ دەبێت؟ چۆن دەکرێت بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقام لە پشتیوانی کریکاران و خەڵکی گەرەکەکان و تەنانەت شارو شارۆچکەکانی تر بەهرەمەند بێت؟

رێبوار عارف: نارەزایەتی دەربرین شێوازی جۆراوجۆری هەیە لەهەر شارو ناوچەو رووداویکدا رەنگە شێوازێکیان بەرجەستەتر بێتەوە، مانگرتنی ئەم گەنجانە وەک شێوازێکی کارا هاوپێچە لەگەل پشتگیری فراوانی نەک تەنیا خەڵکی کوچەو کۆڵانەکانی ئەم شارە، بەڵکو زۆریک لە شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان و تەنانەت سەدان و هەزاران کەسیکیش لە هەندەرانەوە رۆژانە بەشێوازی جیاجیا پشتگیری خۆیان رادەگەیەنن چ لە رووی مادیەوە چ لە رووی مەعنەویەوە. خەلکی گەرەک و دانیشتوانی ئەم شارە شەوان بە سەدان کەس پۆل پۆل دین لە کۆبوونەوە بەرنامەکانی دەوروبەری ئەم خیمەیەدا بەشداری دەکەن، دوکاندار و چیشتخانەکان هاوکارو بەشداری ئەم کۆبونەوانەن. ئەم گەنجانە بەرنامەی جیاوازیان هەبووە بۆ بەگەرخستنی توانایەکانی خەلک. هەر لە کۆبوونەوەو کاری روو بە میدیاو دەزگاکانی راگەیاندن و کۆرو سیمینار لەسەر تەوەری جیاوازی وەک بێکاری، مادەی هۆشبەر…. کاری هونەری شانۆ، گۆرانی و مۆسیقا، وتاربیژی و… لەم رێگەوە توانیویانە دەخالەت و تواناییەکانی بەشێکی بەرچاوی خەلکی شار، بەتایبەت گەنجان بەگەر بخەن… هەموو ئەمانە جیاواز لەوەی کە رۆژانە پۆل پۆل خەلکی لە شارو شارۆچکەکانی تریشەوە پەیوەست دەبن بەم مانگرتنەوە.

بۆپێشەوە: نارەزایەتی خەڵکی کفری بەشێکە لەو نارەزایەتییەی سەرجەم خەڵکی کوردستان هەیانە، خاڵی هاوبەشی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کفری لەگەڵ بزوتنەوە نارەزایەتییەکانی تری باقی خەڵکی کوردستان کامانەن؟

رێبوار عارف: لە راستیدا یەکێک لە کاریگەرییە جوانیەکانی ئەم مانگرتنە دروستکردنی ئەو پرسیارەیە کە هەڵسوراوانی شارو شارۆچکەکانی تر چۆن و لە چ رێگەیەکەوە دەتوانن سوودمەندبن لەم ئەزموونە و تا چەندە توانیویەتی کورەی خەباتی ئەوانیش تاوبدات، تا ئەو شوێنەی کە بە زانیاریەکانی ئێمە دەگەریتەوە هەر ئێستە دەیان کەس و کەسایەتی لەشارو شارۆچەکانی تری کوردستانەوە لە دووریانی وەلامدانەوە بە پرسیاری چیکردن و چۆن دەست بەکار بوون لە شارو ناوچەکانی خۆیاندان، بۆیە من لام وایە لە درێژ ماوەدا کاریگەری ئەم جوڵانەوەیە دەبینین لە شارو شارۆچکەکانی تریشدا ….

بۆپێشەوە: سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەر لە بەرپرسانی یەکێتی و زۆنی سەوز هاتە سەر خەت و کۆمەڵێک بەڵێنیدا، ئەوە لە کاتێکدایە خەڵکی ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبەکەی خۆی، بەدەست نەبوونی سەرەتایترین خواستی وەکو ئاو ئاوەڕۆ، کارەباو سوتەمەنی و گرانی و بێکارییەوە دەنالێنن، چۆن دەروانە هاتنە دەنگ و بەڵینی سەرۆکی حکومەت؟

رێبوار عارف: ئەم پرسیارە شمشێرێکی دوو لەبەیە کە دەکریت هەم کاریگەری ئەرینی و باشی هەبێت  و هەم بەپێچەوانەوە ئەو خەڵکە لە دووڕیانی خۆشباوەری و چاوەروانیکردنی دەستی ئەم حیزبانەدا بهێڵێتەوە. بەلام بەردەوام بوونی تائێستەی ئەم نارەازیەتی دەربرینانە نیشانەو هێمان بۆ ئەوەی کە ئاسان خۆیان تەسلیم بە وادەو بەڵێنەکانی دەسەڵات ناکەن و وەک خۆیان دەڵێن… لەمبارەشەوە سەرباری بەردەوام بوونی شەپۆلی سەردانەکانی وەزیرو بەپرسی حیزبی و حکومی، بەلام هێشتا پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن بەردەوام دەبن لەسەر کارەکانیان تا حکومەت دیتە سەر خەت و وەلام بە داخوازیەکانیان دەداتەوە، کە دیارە تا ئەمرۆ بەشێک لەم داواکاریانە لە حاڵی جێبەجێکردندان و گوشارەکان بەردەوامن.

بۆپێشەوە: بەرپرسانی زۆنی سەوز لە ئاستی حزب و حکومەتدا!! دوای بێدەنگیەکی زۆر هاتنە سەرخەت و کۆمەڵێک بەڵێنیان بە خەڵکی کفری داوە، چۆن دەڕوانە ئەو بەڵێنانەو تا چەندە بەڵێنەکانیان جێ بەجێ دەکەن؟ هەروەها ئەو بەڵێنانە دەتوانێت وەڵام بە داخوازییەکانی خەڵکی نارازی کفری بداتەوە؟

رێبوار عارف: بۆ من و بۆ خەلکی کفری یەکجار سەختە بروا بە بەڵینی حیزبە دەسەلاتدارەکانیان بکەین، ئەوەی کە بەرپرسانی زۆنی سەوز دواجار هاتنە سەرخەت و کۆمەڵێک بەڵێنیان دا بە دەستەی نوێنەرایەتی ئەم مانگرتن و نارەزایەتی دەبرینە، ئەگەرچی هەر لە ئێستەدا دەستیان بە جێبەجێکردنی هەندیکیان کردوە، بەڵام بردنە سەری تەواوی بەڵێنەکانیان شەرێکی دوو لایەنەیە کە بەشیکیان بە بەردەوام بوونی ئیرادەی ئەو خەڵکەوە گرێدراوە کە ئەگەر تەنانەت هەر ئەمڕۆش کۆتایی بە خێمەکەیان بهینن چۆن دەتوانن لە هەر شکل و شێوازیکی تری شۆرشگێریانەدا بەردەوامی بدەن بە دواکاریەکانیان. کە من دڵنیام تا ئەو شوێنەی بە تواناو ئیرادەی گەنجانی ئەم شارە دەگەرێتەوە لە هەول و تەقەلایەکی بەردەوامدا دەبن بۆ بەدەستهێنانی داواکاریەکانیان!

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا بەرپرسانی حزبی و حکومی کۆمەڵێک بەڵێنیانداوە بە خەڵکی کفری، بەڵام خەڵکی کفری چادرەکانیان جێ نەهێشتووەو بەردەوامن لە نارەزایەتی دەربڕین، هۆکاری بەردەوامی نارەزایەتی کفری چییە؟ ئایا بڕوایان بە بەڵێنەکان نییە، یان دەیانەوێت بە کردەوە ببینن خواستەکانیان جێ بەجێ دەکرێت؟

ڕێبوار عارف: دەکریت هەردووکیان بێت، خەڵکی کفریش وەکو دانێشتوانی زۆریک لە ناوچەکانی تر ئەزموونێکی خراپ و نابەرپرسانەیان هەیە لەوادەو بەڵێنەکانی دەسەڵات، چونکە زۆرجار نارەزایەتی بەشێوازی جیاواز لە شارەکاندا بەرپاکراوە، بەلام کاتێک کە کار گەیشتووە بە وادەو بەڵێنەکانی دەسەلات ئیتر خەلک زۆر دڕدۆنگن لەم حاڵەتانە سڵەمیونەتەوە، چونکە ئاسانترین شت ئەوەیە کە ئەمرۆ دەسەلات بەڵێن دەدات و سبەی خۆی ناکات بە خاوەنی، بۆیە ئەم ئەزموونە بێ بڕوایی و دابرانیکی زۆری لەنێوان خەلک و دەسەڵاتدا دروستکردوەو ئاسان مل نادەن بەو بەڵێنانە، بەلام بەدیویکی تردا خەڵکی ئەم شارە رایانگەیاندوە کە تا بەکردەوە دەسەڵات دەست نەبات بۆ جێبەجێکردنی داخوازیەکانیان دەست هەڵناگرن و خۆئەگەر دەستیش هەڵگرن ئەوا بەشێوازی جیاوازتر دێنەوە مەیدان !

بۆپێشەوە: هاوکات لەگەڵ نارەزایەتی شەقامی خەڵکی کفری، بەشێک لە کرێکاران و کارمەندان، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە دەستیان دایە بایکۆت و مانگرتن، چۆن دەکرێت ئەو نارەزایەتیانە لێک هەڵپێکرێن؟

ڕێبوار عارف: نارەزایەتی لە شکڵ و شێوازی جیاوازدا بەردەوام هەیە، ئەوەی لەئێستەدا لەمبارەوە جوڵەیەک بەدی دەکرێت، بەبروای من بەشێکی بەرئەنجامی دواکەوتن و نەدانی دوو مانگیکی ئەم دوایانەو بەشێکیشیان لەسەر تەعین کردنە. بەلام ئەوەی کە لەمبارەوە جێگەی سەرنج و تیاڕامانە ئەو شێوازە تەقلیدی و تاقی کراوەیە کە نزیک بە 10 ساڵە بەشێک لە فەرمانبەران دەستی بۆ دەبەن، کە بەبروای من ناکاراو بێ کاریگەرە و ناتوانیت شتێک لە هاوکێشەکە بگوریت.

فلانە بەشی کارمەندان و مامۆستایان و…. سبەی دەچن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا بەیاننامەیەک دەخوێنەوەو دواتر دەچنەوە ماڵەوە، کە دیار نییە کاریگەریەکەی چییەو چ بواریک و چ بۆشاییەک لە بەرێوەبردنی ئیداری ئابوری ئەو شارەدا پێکدێنێت، بەبروای من ئەگەر ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە بەتەنگ بەرێوەبردنی کاروباری ئیداری فڵانە ئیدارەوە بوایە کار بە ئیێرە نەدەگەیشت. ئێمە بینیمان کە پەرلەمان عەیامیک دادەخرێت و کلیلەکەی دەدەنەوە دەست کارگوازی بیناکە، بەبێ ئەوەی زەرەیەک هیچ مەسەلەیەک بگوڕێت و هیچ شتیکی تایبەت بێتە پیشەوە، یان هیچ کارێکی ئەم وڵاتە پەکی کەوێت.

ئەوەش با لەولاوە راوەستێت کە بەشێک لەم هەوڵانە دواجار دەچێتەوە گیرفانی حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆن و باروتەکەی بۆشەڕی ناوخۆی حیزبەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەکاردێنن و لەبەر وەرگرتنی ئیمتیازێک داوا لە حکومەتی مەرکەزی دەکەن کە مووچەکەمان بخریتەوە سەر ئەوان.

بۆپێشەوە: زامنی سەرکەوتنی هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی کریکاری و جەماوەری، رێکخراوبوونە، نارەزایەتی خەڵکی کفری تاچەند رێکخراوە؟

ڕیبوار عارف: دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین هەڵسوراوانی ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە ئەجندای جیاوازیان هەیەو مەیلیکی بەهێزیان هەیە بۆ سازش و و سەرو گوێ کردنی داخوازیەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەم نارەزایەتیەدا هەوڵێکی سەرەتای کاراو باش بەدی دەکەین، ئاگادارین کە ماوەی چەند مانگیکە بەتایبەت گەنجانی شار بەر لە دەست بەکار بوون کەسانێکی دڵسۆزو بەرپرس لەهەولی سەروساماندان بە جوڵانەوەکەو رێکخستنیدا بوون، تا سەرئەنجام بەم شێوەیە دەبینین کاریان گەیاندوە بە شوێنێک کە خەڵکی ئەو شارە بێتە سەر شەقام و بەو شیوازە نارەزایەتیەکانی خۆیان بەیان بکەن. ئەوەی کە جێگەی دڵخۆشیەکی زیاترە، بوونی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان و کەسایەتیە جدیەکانی ئەم شارو ناوچەیەیە، کە لە دەرەوەی ئەجندای حیزب و لایەنەکان بەدوای نەخشە ڕێگایەکەوەن کە خەڵکی ناوچەکە ئاڵوگۆرێک بەخۆیانەوە ببینن!

بۆپێشەوە: پەیامتان بۆ خەڵکی نارازی کفری چییە؟

ڕێبوار عارف: ئەوەی لە ئێستەدا زۆر گرنگە دەست گرتنە بەو دەستکەوتانەی کە تا ئێستا بەدەست هاتووەو ئەگەری فراوان بوونەوەو زیادبوونی هەیە. خەڵکی نارازی کفری دەبێت لەو ڕاستیە بگەن کە پێشەشکردنی 24 خال بەمانای ئەوە نییە کە خۆشخەیاڵ بن بەوەی کە هەر سبەینی دەسەلات و حیزب و لایەنەکان مل دەدەن بە تەواوی داواکاریەکانیان، نەخیر بەڵکو لە راستیدا دەبێت جێ پێی ئەو هەنگاو بەڵێنانە هەڵگرین کە حیزبەکانی دەسەڵات بەڵێنی جێبەجێکردنیان داوە، ئەگەر تەنانەت نیوی داخوازیەکانیشیان بێت، چونکە ئەگەر هەموو داواکاریەکانیشیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوەی کە تائێستا بەدەست هاتووە جێگەی دڵخۆشی و بروا بەخۆبوونیکی گەورەیەو دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن بە گۆڕینی تاکتیک و شێوازی خەباتمان بتوانین پێمان لە زەمین گیر کەین و تەواوی داخوازیەکانمان ئەگەر تەنانەت لە قۆناغیکی تریشدا بووە عەمەلی بکرێتەوە!

بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەوەی تائیستاو لە یەک مانگی رابردودا لەم شارۆچکەیەدا ئەنجامدراوە بە شانازیەکی میژووی گەورەی بزانیین بۆ یەک بەیەکی ئەو گەنجانەی کە شەو رۆژ تەواوی وزەو توانایی خۆیان لەژیر ئەو خێمەیەدا بەخەرج دەداو پێویست دەکات لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا بە ووردی ئەبدەیتی توانایەکانی خۆمان بکەینەوەو درێژ بەخەباتمان بدەین!

Leave A Reply

Your email address will not be published.