هەڵەبجەو شەنگال، کەبوونە قوربانی دینی ئیسلام و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی! … هاوژێن رەشید

0

هەڵەبجەو شەنگال و زۆر جێگای دیکەی کوردستان، بەبەرچاوی دنیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، خاپور و دانیشتوانەکەشی بە دڕندانەترین شیوە کوشتار و ئەنفال کران. چ هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کیمیاباران کراو ئەنفالکراو و چ شەنگال و موسڵ و دەوروبەری… بوونە قوربانی دەستی دڕندەیی رژێمی بەعس و دنیای کەڕی قازانج پەرستی بۆرژوازی و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و دڕندەیی ئیسلام و کۆرپەی ئەو ئیسلامە، داعش.

دیکتاتۆر سەدان حسێن، سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراق، بە ئایەتی ئەنفال هەڵەبجەو چەندین جێگای دیکەی وێران کرد و ئەوەی دەبوو ئەوە ڕووبدات. بۆ ئەوەش بوونی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئیرانی کردە بیانوو کە حزبە کوردییەکان بەتایبەتی” یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” هۆکاری هاتنی ئەو پاسدارانە بوون بۆ ناو شاری هەڵەبجە. ئەو مادانەشی رژێمەکەی سەدام بەکاریهێنان لەدواییدا دەرکەوت، چەکە کیمیاییەکەی لە ئەڵمانیا کڕیووە. ئەمریکا و رۆژئاوا لێگەڕان و بێدەنگەیان لێکرد، ئەمانە رووبدەن، تاوەکو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی روون بێتەوە کە رژێمی بەعس خوێنڕێژ و تاوانبار و دژە مرۆڤایەتییە. چونکە بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ بوونی سەدام حسێن لەسەر حوکم بەرەو تەواو بوون دەچوو و وە دەبوایە بە چەند بیانویەک کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بهێنن.

لەبەرامبەر بەو تاوانکارییە ئاشکرایەدا، ئەمریکا و رۆژئاوا، بۆ هەبوونی بەڵگەی زیاتر ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانە کرا و جیهان تێوە ڕاما، تا گوایە بەڵگەی تەواوەتی بەدەست بێنن. لەلایەکی ترەوە شەنگالیش بەهەمان شیوە تاوەکو جیهان بزانێ ئێزیدیەکان ستەم لێکراون و دەستدرێژی کراوەتە سەر ژنان و مناڵانیان و پیاوەکانیشیان تیرۆر و کوشتار کراون. واتە بۆ دەستکەوتنی بەڵگە، ئەو کوشتارە و زیندانەکان و گەندەڵی و تاوانیتر بەس نین و دەبێ هەموو جارێ دەیان و سەدان و هەزاران مرۆڤ، ببنە قوربانی تا وەکو رۆژئاواو وڵاتە نەتەوەیەکگرتوەکان بێنە دەنگ، هەروەکو چۆن دیکتاتۆرەکانی تریان لە گۆڕنان بەهۆی کۆمەڵکوژی جولەکەکان و چەندانی تر. وە بۆدینی ئیسلامیش بەهەمان شیوە. ئەی چۆن سەلماندبایان کە هێزی ئیسلان توندڕەو و دژە مرۆڤایەتییە؟ هەر بۆیە خەڵکی شەنگال و موسڵ و هەڵەبجەو چەندین شوێنی تر، بەراستی بوونە قوربانی دەستی دڕندەکانی ناوچەکەو دنیای بیدەنگی بەرژەوەندخوازی ئەو کاتە، بەتایبەتیش ئەمریکا و غەرب.

نابێ لەو نێوەدا رۆڵی نامرۆیی هیزە دەسەڵات بەدەستەکانی ناوچەکە، فەرامۆش بکرێت، ئەگەر هێزەکانی پیشمەرگە توانای بەرگریان نەبوو وەکو خۆیان دەڵێن!! بەڵام خۆ دەکرا خەڵکی شەنگال و ناوچەکە ئاگادار بکەن کە ناتوانن بەرگری بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک رێگایەکی دەربازبوونی بدۆزیایەوە و ئەو هەموو قوربانی و تاوانکارییە رووی نەدابا. بەڵام بەرگری نەکردن و ئاگادار نەکردنی خەڵک لەوەی کە بەرگری ناکەن، بەکردەوە خەڵکی شەنگال و ناوچەکەی بەدەستی بەستراوەوە رادەستی دڕندەکانی داعش کرد و ئەو تاوانە گەورە کەم وێنەیە روویدا. هەروەها بەرژەوەند خوازی ئەمریکا و غەرب و هەر لە دروستکردنی رەوتە ئیسلامیەکان و بە دانپانانی خۆیان دروستکردنی داعش، ئەو تاوان کارییە گەوەرەیە کە بۆ هەمیشە بە تەوێڵی ئەمریکا و غەرب و هاوشیوەکانیانەوە دەمێنێتەوە. فرمیسک رشتنی ئیستای هەموو لایەنەکانی بەشدار لە تاوانی هەڵەبجەو و شەنگال و شوێنەکانی تردا، ناتوانێت زەرەیەک ئابڕوو بۆ ئەو هێزانە بگێڕێتەوە، کە بوونە مایەی قوربانی سەدان هەزار ئینسانی بێ تاوان. کە دیارە زەرەیەک ئابڕوو وە هەستی مرۆڤایەتیان نییە، لەبەرامبەر بە ویست و بەرژوەندیەکانی خۆیاندا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.