کەمپەینی “ئازادی بۆ شیروان شیروانی” وەڕێدەخرێت…

0

ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و رۆژنامەنووس، هەڵسوڕاوی سیاسی و جەماوەری و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و بەشێک لەدادوەران، بەمەبەستی گوشار هێنان و بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەولێر، بە ئامانجی ئازادکردنی شیروان شیروانی لە ئاستی سۆشیال میدیادا، کەمپەینێک بەناو” ئازادی بۆ شیروان شیروانی” دەست پێدەکەن. دیارە ئەوە یەکەمین چالاکی نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسانی ئازادیخواز نییە، کە بەمەبەستی بەرگری لە گیراوەکانی بادینان و شیروان شیروانی و رەتکردنەوەی بریاری دژە ئینسانی سیاسی هەولێردا وەڕێ دەخرێت، بەڵکو لەیەکەمین ساتی دەستگیرکردنی گیراوەکانی بادینان و راگرتنیان بۆ ماوەی ساڵیک لەدادگا بێ لێپرسینەوە، کەمپەینی جۆراو جۆری بەرگری لە گیراوەکانی بادینان دەستی پێکرد. ئەم کەمپەینانە لەبنەرەتدا کەمپەینی بەرگری لە ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و ئازادی چالاکی سیاسی و ئازادی بەیان و بیروڕا دەربڕینە. دەسەڵاتی سیاسی بەمەبەستی چاوترسێن کردنی ئازادی و ئازادییەکان و بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لە بادیناندا، گوێی بەو هەموو نارەزایەتی و چالاکیانە نەدا کە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات وەڕیخران و بوونە هۆی ئەوەی بەشیك لە کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیخوازی کۆمەڵگە لە ئاستی دنیادا دەنگ بەرز بکەنەوەو ئیدانەی ئەم جۆرە دەستگیرکردن و مامەڵە سیاسیە لەگەڵ گیراوەکاندا بکەن. دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی زیندانیکردنی گیراوەکانی بادینان و شیروان شیروانی، جارێکی دەسەڵاتی سیاسی زۆنی زەرد لە رێگای دروستکردنی سیناریۆ و هێنانی کەیسی پاکەتی دوبارە ڕیگری لەوە کرد ئەو گیراوانەو شیروان شیروان ئازاد بکرێن.

لە کاتێکدا بریار بوو مانگی هەشتی ئەمساڵ شیروان شیروانی ئازاد بکرێت، جارێکی تر دادگای قورمیشکراوی سیاسی پارتی و هەولیر دوبارە بە پاساو وبیانووی تر لە ٢٠ی مانگی رابردوو، چوار ساڵ زیندانی تری داسەپاندە سەر شیروان شیروانی… ئەم مامەڵەیەی دادگای پارتی، جارێکی نیگەرانی و نارەزایەتی بەشیکی زۆر لەبەرەی ئازادیخوازی کوردستانی بەدوای خۆیدا ‌هێنا و لەچەندین شار و شارۆچکەدا کۆبونەوەی نارەزایەتی وەرێخرا، بەڵام بەو هۆیەوە دەسەڵات سورە لەسەر سزادانی ئازادی و چالاکی، گوێی بەو نارەزایەتیانە نەدا و ئامادەنەبوو شیروان شیروانی ئازاد بکات… بۆیە وا جارێکی تر کەمپەینی ئازادی بۆ شیروان شیروانی هاوڕیکانی لەدرێژەی نارەزایەتیەکانی پیشوودا، دەستی بۆ برایەوە.

بەجیا لەو ژمارە لە نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاکوانە سیاسی و جەماوەری و بەشیک لەدادوەران، پیویستە بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگە بەشیوەیەکی بەرجەستەتر و فراوانتر و بینە مەیدان و ئەم کەمپەینە گەورە بکەن تا دەسەڵاتی سیاسی ناچار دەبێت بەوەی شیروان شیروانی و گیراوەکانی بادینان ئازاد بکات و قەرەبووی مادی و مەعنەویان بکاتەوە. ئازادی بۆ شیروان شیروانی گیراوەکانی بادینان.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.