چۆن ناڕەزایەتی خەڵکی کفری بەسەرکەوتن دەگات؟

0

لە ١٠ی تەمووزەو تا ئێستا بەشێک لە خەڵکی کفری بەهۆی نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوازرییە سەرەتاییەکانەوە، دەستیان داوەیە نارەزایەتی دەربڕین و لە ژێر چادرەکاندا کۆبوونەتەوە. گومان لەوەدا نییە ئەم بزوتنەوە نارەزایەتییە بەشێکە لە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی سەراسەری کە لەسەراسەری کوردستاندا قوڵپ دەدات و لەهەندێک کاتدا دێتە سەرشەقام و لەهەندێک کاتیشدا خامۆش و لەناو کۆر و کۆمەڵ و خێزانەکاندا، میوانی سەر سفرەکانیانە. ئەوەی گرنگە ئەو بزوتنەوە نارەزایەتییە بەردەوامەو تا دێت بەرەو هەڵکشان دەچێت و ئاسۆیەک بۆ ئاوابوونی نابینرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە دەسەڵات توانای وەڵامدانەوەی بەداخوازییە زۆر زەوەندو کەڵکەبووەکانەوە نییە و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایش وەکو گەنە، لەگەڵ دەسەڵات لە بەری رەنجی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان دەخوات و ناتوانێت جەماوەری نارازی کوردستان بخاتە پشت سیاسەت و فریوکارییەکانی.

بەڵام سەرکەوتنی هەر نارەزایەتیەکی جەماوەری لە ڕەوایەتی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکەدا نییە، لە رەوایەتی خواستەکانیدا نییە، بەڵكو هاوکات بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک هەنگاوی دیاریکراوەوە… کۆبونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کفری چەند هەفتەیە بەردەوامە، ئەم کۆبونەوە نارەزایەتییە لە کەشی گشتییدایە، واتە لە جەرگەی شاردا نمایشی خۆی دەکات و سەرنجی بەشەکانی تری کۆمەڵگە بۆ خواستەکانی رادەکێشێت… هێشتا لە گەرەکەکان، ناوەندە خەدەمیەکان، شوێنە کرێکارییەکان و…تاد، جوڵەیەکی بەرجەستەو رێکخراو نابینرێت و مانگرتن و کۆبونەوەیەکی پشتیوانی وەڕێ نەخراوە، کە ئەوە لاوازییەکی گەورەیەو بزوتنەوەی نارەزایەتی لە فەزای گشتیدا بە تەنها هێشتۆتەوە… هاوکات هێشتا لە شار و شارۆچکەکانی تر و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تری نێو کۆمەڵگە پشتوانیەکانیان سنوردار بەسەردانی کردن و هاوکاری کردنێکی سنورداری بەرتەسک بۆتەوە کە ئەوە ناتوانێت کاریگەری زۆر بخاتە سەر دەسەڵات.

 دەسەڵاتی سیاسی زۆر کەم نیگەرانی کۆبونەوەی جەماوەرییە لە جێگایەکی شاردا، تا دەستبردن بۆ مانگرتن و کۆبونەوەی گشتی لە ئاستی ناوەندە کریکاریی و خەدەمی و گەرەکەکاندا. کۆبونەوە لە فەزای گشتیدا چەندە دوورو درێژیش بێت، ئەگەر شێوازەکانی خەبات و نارەزایەتیەکی نەگۆڕێت و پەل بۆ جێگای تر نەکوتێت و لە پشتیوانی بەشەکانی تر بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەهرەمەند نەبێت، لە درێژ ماوەدا بێ ئومێدی باڵ دەکێشێت بەسەریدا و هەڵسوراوان و جەماوەرەکە ماندو دەکات. ئەو بەڵێنانەی بەرپرسانی حزبی و حکومی لەهەر دوو زۆنەکە بە خەڵکی کفری دەدەن، زۆرتر پەیوەندی بە ململانێی حزبی لە کەشی وەجوڵەکەوتووی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکاندایە، واتە بەشێکە لە کەمپەینی پێش وەختەی هەڵبژاردنەکان، نەک وەڵامدانەوە بەخواستی جەماوەری ناڕازی. خۆشباوەریش بە هەڵبژاردنەکان و کەمپەینەکانی هەڵبژاردن ئەگەر جێ بەجێکردنی چەند خواستێکیشی لەگەڵ دابێت، بە بارمتە گرتنی دەنگی خەڵکی نارازییە، بۆ ئامانجێکی تر کە هەڵبژاردنەکانە. ناسینی ئەو راستیانە لەلایەن رابەران و هەڵسوڕاوانی نارەزایەتی خەڵکی کفری، هاوکارێکی زۆر باش دەبێت، بۆ نانی هەنگاوی تر لەوانەش راکیشانی پشتیوانی بەشەکانی تری کۆمەڵگە لەناو کفری و لەشارو شارۆچکەکانی تردا و بۆ گوشار دروستکردن لەسەر دەسەڵات کە ناچار بکرێت هەندێک لەداخوازییەکانی خەڵک جی بەجێ بکات… دیارە داخوازییەکانی جەماوەری کفری و بەشی زۆری خەڵکی کوردستان داخوازی زۆر سادەن و شەرمە بۆ دەسەڵات خەڵک بۆ ئەو خواستانە ناچار بن کۆبونەوەی نارەزایەتی وەرێبخەن. هەروەها زۆر گوێبیستی ئەوە دەبین کە خەڵکی کفری و گەرمیان قوربانیان داوە، بۆیە دەبێ وەڵام بەخواستەکانیان بدرێتەوە، ئەوە ئەوپەری سوکایەتیە بە ئینسان و بزوتنەوەی نارەزایەتی. خەڵک ئەگەر قوربانی داوە دەبێ قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێتەوە، بەڵام دابینکردنی خواستەکانی جەماوەر پێویستی بە قوربانی پێشتر نییە… هەموو تاکێکی کۆمەڵگە بەجیا لەوەی قوربانی داوە یان نا، مافی ئەوەی شکۆدارانە بژیەت و لە داواو خواستەکانی بەڕیوەچوونی ژیان و گوزەرانی بەهرەمەند بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.