دەستدرێژی سێکسی و هۆکارو لێکەوتەکانی… هاوژین ڕەشید

0

ئاشکرایە کە مرۆڤ ئەگەر ڕێگا بەخۆی بدات، هەندێجار دڕندەییەکەی هیچ سنوورێک ناهێڵێتەوە. یەکێک لەو ڕەفتارە ناشیرین و نا ئینسانیانەی مرڤ بریتی یە لە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ڕەگەزی خۆی، یانیش بۆ سەر ڕەگەزی بەرامبەری و تەنانەت هەندێجار زیاتر دەڕوات بۆ ئاژەڵ و سروشتیش پەل داوێت.

جۆرەکانی دەستدرێژی سێکسی زۆرن و بەپێی کات و شوێنیش دەگۆڕێن. بۆ نمونە لەو وڵاتانەی کە ئایین تێیاندا باڵادەستە زیاترە و وەکو پێویستیش ڕێگری لێ ناکرێت، چونکە تاوانبار هەڕەشەو چاوسوورکردنەوە بەکاردێنێت تاوەکو کەسی قوربانی بێ دەنگ بکات. یان زۆرجار قوربانییەکە بۆخۆی ناوێرێت قسەبکات لای کەس لەبەرئەوەی ناوی لەکەدار نەبێت، یانیش کێشەی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە. هەندێ لەو قوربانیانە بەداخەوە خۆیان لەناودەبەن یانیش هەوڵی خۆکوشتن دەدەن تا لەو بارە دەروونییە ئاڵۆزە ڕزگاربن.

شوێنی دەستدرێژیکردنەکان دەکرێ ماڵەوە بێت. هەندێجار هاوسەرەکان ڕەفتاری نامرۆڤانە بەرامبەر یەکتری دەنوێنن و ئەویتر ناچارە ڕازی بێت، چونکە هاوژینیەتی یان هاوسەریەتی بەتایبەتی لەنێو خێزانە دینی و دواکەتووەکاندا. چونکە بەپێی قسەی مەلاکان فریشتەکان نەفرەت لەو ژنە دەکەن کە بێ دڵی مێردەکەی دەکات و خوا بە نەفرەتی کردووەو ئیتر ئەوجۆرە قسانە. لەبەرئەوە ژنەکان ئەگەر لەهەر دۆخێکی جەستەیی و دەروونی ئاڵۆز و ئازاراویشدا بن، مادام مێردیانە دەبێ بەقسەی بکەن و گوێ بە ئازارو مەینەتیەکەی ناخی خۆیان نەدەن.

ئەوە لەکاتێکدا لەنێو خێزانە پێشکەوتووەکان و وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەوجۆرە دەستدرێژی سێکسی یە بە بەراورد بە وڵاتانی دواکەتوو هەم جیاوازترو هەم کەمترە. چونکە ئەوان لە منداڵی یەوە تاک وا پەروەردە دەکەن کە ئازادبێت و کەس نەتوانێ بێ ویستی خۆی دەستی لێدات یان ناچار بە کارێکی بکات کە خۆی نەیەوێت، بەڵام بەو حاڵەشەوە هێشتا توندوتیژی و هەراسانکردنی سیکسی راستیەکی تاڵی ناو جەرگەی وڵاتانی ئەوروپایە. بەڵام نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە لێپرسینەوەی یاسایی لەبەرامبەر دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسیدا هەیە.

جێگایەکیتر کە بەداخەوە دەستدرێژی سێکسی تێدا زۆرە، شوێنە ئایینییەکانن کە دیسان دیزە بەدەرخۆنە دەکرێن و قوربانییەکە ناوێرێت قسەبکات، چونکە ئەگەر باسیکات ئەوە دەیکوژن یان شار بەدەرو وڵات بەدەری دەکەن و بۆ هەتا هەتایە ناوی دەزڕێنن. دەسەڵاتیش بێ دەنگەو ئایین چەکێکی بەهێزە بۆئەوەی کۆمەڵگەی پێ سەرکوت کات و بۆخۆی لە خێر و بێری وڵاتەکە چێژ ببینێت.

لەسەر کار و لەناو دام و دەزگا حکومی و حزبی یەکاندا، زەمینەیەکیتری لەبارە بۆ ئەو جۆرە دەسدرێژی و ڕوخاندنەی کەسێتییە و دەروونی بەرامبەر. بەداخەوە دۆخێکی ناخۆشەو زۆربەی ژنان ناتوانن کارێکی شایستە بە کەسایەتی و لێزانینی خۆیان بدۆزنەوە، ئیلا مەگەر خۆی بخاتە باوەشی بەرپرسێکەوە یان خاوەن کارێکەوە، ئینجا بتوانێ دامەزرێت لە شوێنێک و پارەیەکی دەستکەوێ بۆ خۆ ژیاندن و سکی ماڵ و خێزان تێرکردن. ئەوەش دیسان دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی حوکمڕان و سیاسی و بەڕێوەبەری وڵاتەوە کە سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە دانێت و چیدی سێکس و دەسدرێژی بۆسەر کەسایەتییەکان نەکرێتە پێش مەرج بۆ بەدەستهێنانی پارە. چونکە لەکۆتاییدا ئەوەی باجەکەی دەدات ئەو ژن و دایکانەن کە ناچار بەوکارە دەبن. هەرکاتێکیش لە کۆمەڵگەیەکدا ژنان ستەملێکراو و سەرکز و داماوبن، ئەو کۆمەڵگەیە ناچێتە پێشەوەو بەرەو دوا دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە منداڵانیش قوربانی سەرەکی دەبن و زۆرجار مل دەکێشێت بۆ دەستدرێژی بۆ سەر ئەوانیش و ڕازیبوون بە چارەنوسی خۆیان و ڕوشانی کەسێتییان بۆ هەمیشە. وەکو چۆن لە سعودیە چەند ساڵێک پێش ئێستا لێکۆڵینەوەیەکیان کردو بۆیان دەرکەوت کە لە هەر چوار منداڵ، منداڵێک لە تەواوی تەمەنیدا توشی دەسدرێژی سێکسی دەبێت لەلایەن چواردەورەکەیەوە. ئیتر بیهێنە پێش چاوی خۆت، منداڵێک بەو بچوکی یە ئەو بارە قورسە هەڵگرێت و هیچ فریادڕەسێکی نەبێت، دەبێ کە گەورەبوو چ کەسێکی لێ دەرچێت؟!

ماوەتەوە بڵێین، بەداخەوە شوێن و کاتی ئەو کردارە دژە مرۆییە، زۆرن و هەر بە نوسینێک باسکردنیان کۆتایی نایەت. قوربانییەکان زۆر زۆرن و چارەسەریش بوونی یاسایەکی توندە بۆ سزادانی تاوانباران و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی ژنان و منداڵان و ئاشناکردنیانە بە ماف و ئەرکەکانیان لەچوارچێوەی ئەو کۆمەڵگەیەدا کە تێیدا دەژین…

Leave A Reply

Your email address will not be published.