ئەم بۆچوونە و ئەم هەڵوێستە؟ كێت لە پشتە و پارەت دەداتێ؟… نووسینی: بنار مستەفا
لە ١٤ی تەمموزدا لە لەندەن کورد زمانان خۆپیشاندانێکیان دژ بە سەردانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی ینک ئەنجامدا. قسەوباسی دەشتی جەمال، بەرپرسی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەو خۆپیشاندانەدا، بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بلاوبۆوە و بووە مایەی پشتیوانی هەزاران کەس.
دەیان کەسیش پرسیاریان کرد، کە “کێی لە پشتە و پارەی پێ دەدات؟” هەندێکیش واوەتر دەڕۆشتن و “ڕاستییەکەیان” دەزانی و کەسی لە پشتبوویان دەستنیشان دەکرد، کە بۆ نمونە پاراستن، مەلا بەختیار و لاهور لە لیستەکەدا بوون. هەڵبەت زۆرینە بەئاگان لەوەی کۆمۆنیستەکان ناکڕدرێن و هەمیشە خاوەنی سیاسەتی خۆیانن، کە بە قوڵی بەرگری لەوە دەکەن، کە باوڕەیان پێی هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن. بەڵام خودی ئەم پرسیار و تۆمەتانە، ڕاستییەکی تر بەیان دەکات.
بزووتنەوەی کوردایەتی، کە زیاتر لە سێ دەهەیە لە کوردستان دەسەڵاتی هەیە، هیچ کات خاوەن سیاسەتی سەربەخۆی خۆی نەبووە، نە پێش دەسەڵاتیان و نە پاش. هەمیشە سیاسەتی وڵاتانی تریان پیادە کردووە. ئێران سیاسەتی بۆ یەکێتی و تورکیا بۆ پارتی دیاری کردووە. هیچ کات سیاسەتی ئەم حزبانە پێچەوانەی سیاسەتی ئەو هێز و وڵاتانە نەبووە و نابێت، کە دەسکەلایان بوون.
هەروەها خۆشیان لە سایەی دەسەڵاتیاندا، هەمان کاریان بەرانبەر خەڵکی و لایەنەکانی تر کردووە. لە سی ساڵی ڕابردوودا لە کوردستان بۆ ئەوەی کەسێک بە پلە و پایەیەکی شایستە بگات، توانا و لێهاتووی خۆی یەکلاکەرەوە نەبووە، بەڵکو ئەو فیلتەرانەی دوو حزبی دەسەڵاتدار دایانناوە. سەرکەوتن و پێشڕەوی تاکەکان، بەدەر لەوەی حزبێکی دەسەڵات یان یەکێک لە بەرپرسەکانیان لە پشت بێت، زیاتر حاڵەتێکی شازە تا باو.
لەمەش بترازێت، بەو پێیەی پارتی و یەکێتی دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی کۆمەڵگەدا گرتووە و پاروە نانی خەڵکی لە چنگیاندایە، کەسانێکی زۆر بۆ ژیانێکی سەرەتایی، گەیشتن بە کارێک، خوێندنێک و زۆر بابەتی تری سەرەتایی، ناچار بوون مەرجەکانی ئەم دوو حزبە قەبوڵ بکەن. بەجیا لەوەی لیستی بندیواریان هەیە و هێزی تایبەتیش سازدراوە، لە کەناڵە جیاوازەکانەوە بە باڵی بەرپرس و حزبی خۆیان هەڵبدەن و هێرش بکەنە سەر نەیارانیان. واتە مەرج نییە ئەم کەسانەی لە لیستی مووچەخۆرانی ئەحزابی دەسەڵات و شەریکەکانیانن، بۆچوونی ڕاستەقینەی خۆیان بەیان بکەن، بەڵكو بۆچوونی ڕاسپێردراو و داڕێژراون.
بە واتایەکی تر دەسەڵاتدارانی کوردستان دیاردەی کڕینی بۆچوونیان شکڵپێداوە، بە دانی پارە و ئیمتیازات و پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت، هەڵوێستی خوازراویان لە لایەن بەرژەوەندیخواز و مووچەخۆرانیان دەبیسترێت. خۆشیان هەمان کاریان بۆ دەوڵەتان کردووە، لە بەرانبەر وەرگرتنی ئیمتیاز، خواستی سیاسەتی وڵاتانیان پیادە کردووە و ئێستاش دەیکەن. کاتێک کڕینی هەڵوێستیان کردۆتە دیاردەیەکی باو، وەها دەردەکەوێت هەر کەسێک بۆچوونێکی دەربڕی یان هەڵوستێکی نواند، کەسەکە خۆی لێوەی دوورە لە بەرانبەر وەرگرتنی بەرژەوەندییەکدا ئەو هەڵوێستە دەنوێنێت.
چونکە ئەم بنەمای جیهانی سیاسیان بووە، هەم کڕاو و هەم کڕیار، پێیان وایە بەدەر لەم ڕێگایە، دەرفەت و ڕێگای تر نییە بۆ خۆنواندن و بەیانکردنی بۆچوون و دەربڕینی هەڵوێست. یان لانی کەم هەوڵ دەدەن وای نیشان بدەن، کە هەر خۆیان نین و کەسانی تریش ئەو کارە دەکەن. هەروەها لە جددیەتی کار و چالاکی و هەڵوێستی کەسانی تر کەم بکەنەوە، کە نیشانی بدەن گوایە گرنگ نییە و بۆ کەسانی تری ئەنجام دەدەن.
ئەم گەمە سیاسییە تایبەت بە بزووتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسیە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. کۆمۆنیستەکان هەمیشە دوور بوون لەم یارییە قێزەوەنە و بەردەوام لەسەر بنەمای باوەڕی قووڵیان بە جیهانێکی باشتر هەڵسوڕاون و بەرانبەر هەموو ڕەوتە کۆنەپەرستەکان وەستاونەتەوە، بە تایبەتی لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراق و ئێران، کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان قۆرغ کردووە و سەرکوتی دەنگی ناڕازیان کردووە و لە ستەم و چەوساندنەوە تا باڵاترین پلە کەمتەرخەمیان نەنواندووە. هەڵوێست و چالاکی کۆمۆنیستەکان هیچ کات هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت بە خۆی لە بەرچاو نەگرتووە و لەسەر بنەمای باوەڕ بە خودی کارەکە بووە، تا نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی جەماوەری. هەر بۆیە کۆمۆنیستەکان ئومێدی کۆمەڵگەیەکی باشترن. ئەحزابی کوردایەتی لە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات خۆی تاقی کردۆتەوە و هەمان سیاسەتی نیشاندا. کۆمۆنیستەکانیش بە هەمان شێوە میتۆدی کارکردن و هەڵوێستیان نیشانیان داوە. چەواشەکاری ئەم دیاردەیەی دەسەڵاتداران بێ هوودە دەمێنێتەوە.
کۆتایی تەمموزی ٢٠٢٣