ناڕەزایەتی خەڵکی کفری، پێویستی بە گرتنەبەری شێوازی تازە و پشتیوانی شار و شارۆچکەکانی تر هەیە…

0

لەدرێژەی نارەزایەتییە بەردەوامەکانی خەڵکی کوردستاندا، بەدژی نابەرابەری و قڵشتی قوڵی چینایەتی و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستی و خزمەتگوازرییەکاندا، خەڵکی گەرمیان بەگشتی و بەشێک لە دانیشتوانی شاری کفری لە ١٠ ی تەموزەوە، هاتوونەتە مەیدان و لە ژێر چادرەکانی نارەزایەتی دەربڕیندا کۆبوونەتەوە.

خەڵکی گەرمیان نە بەهۆی ئەوەی وەکو هەندێک نووسەر و میدیای پۆپۆلیست و حزبی سیاسی بەرژەوەند خواز دەیڵێن، لەبەر ئەوەی خاوەنی خەبات و قوربانیدانیان، دەبێ وەڵام بەداخوازییەکانیان بدرێتەوە، بەڵکو بە سادەیی لەبەر ئەوەی کە هەموو کەس و خەڵکی هەموو جێگایەکی کوردستان و شار و شارۆچکە و دیهاتەکانی، مافی ژیان و بەهرەمەند بوون لە خزمەتگوزارییەکانیان هەیە و ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە بێ گوێدانە هیچ باگراوندێکی سیاسی و خەباتکارانە و قوربانیدان و نزیکایەتی لەم حزب و ئەو حزب، وەڵام بەداخوازی و ویستەکانیان بداتەوە، لە پێش هەمووشیانەوە، نان و موچەو خزمەتگوازیی و هاوکات دەبێ مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادییەکانیان بۆ فەراهەم بکات.

خەڵکی گەرمیان و کفری وەکو سەرجەم خەڵکی کوردستان، بەدەست نەبوونی و گرانی و بێکاری و دزی و تاڵانی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوازرییەکانەوە گیرۆدەن. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە، بۆ بژێوی ژیان و گوزەرانیان ناچارن شارەکەیان بە جێ بهێڵن و روو لە جێگای تر بکەن و لەویش بەهۆی بێکاری یان بەهۆی کرێی کەمەوە دوبارە دەرگیرێکی هەلومەرجێکی نەخوازراون.

خەڵکی کفری لەبەرامبەر بەو دۆخەدا، ناچاربوون دەنگی نارەزایەتی و توڕییەکانی ناو ماڵ و دەرونی خۆیان، بگوازنەوە ناو کەشی گشتی و لە ژێر خێمەکاندا کۆببنەوە تا لە ڕیگایەوە سەرجەم کۆمەڵگە لە نەهامەتیەکانیان بە ئاگابهێنەوە و داوای پشتیوانیان لێ بکەن و لەلایەکی تریشەوە بە دەسەڵاتی سیاسی بڵێن، توانای بەرگە گرتنمان نەماوەو نارازین بە دەسەڵات و کارو کردەوەو کارنامە و تاڵانی و بێ دەربەستیان بەرامبەر بە دابین کردنی سەرەتاییترین خواستی ئینسانیمان…

لە ١٠ تەموزەوە تا بە ئێستا دەگات وا نزیک بە سێ هەفتەیە، خەڵکی کفری بە دەنگی بەرز داواکارییەکانیان رادەگەیەنین و جێبەجێکردنیشیان نەسەختەو نە کاتی زۆری پێویستە تا بە سەبری ئەیوبیان!! بسپێرن. کەچی تا بە ئێستا دەگات دەسەڵاتی سیاسی یەکەمی ناوچەکەو زۆنی سەوز بێ دەنگەیان هەڵبژاردووەو لە ڕیگای بەرپرسانی تری دەستی چەندهەمەوە خەریکن وەکو “سواڵکەر” مامەڵەی داخوازی و ئیرادەی وەگەرکەتوو و خەباتکارانەی خەڵکی گەرمیان و کفری دەکەن… لەلایەکی تریشەوە بەرپرسانی زۆنی زەرد کە لەزۆنەکەی خۆیاندا هێشتا ناتوانن ئاو وەکو سەرەتاییترین پێداوستی ژیان بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی کەم دەرامەت و قەراغ شارەکان دابین بکەن و کێشەی ئاوەڕۆی پایتەخت چارەسەر بکەن و پرسی سوتەمەنی و کارەبا وەڵام پێ بدەنەوە و لەوەش زیاتر سەغاوەتمەندانە ساڵ بۆ زیندانیانی سیاسی بادینان و خەڵکی نارازی زیاد دەکەن، کەچی دێن و فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی گەرمیان و کفری دەوەرێنن و دەڵێن بە روحیەتی گەرمیانیانەوە، لە پشتانین.

خەڵکی گەرمیان و کفری، و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانن، کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، دەسەڵاتی دابەشبووی دوو زۆنی سەوزو زەردە و خەڵکی هەر زۆنێکیش بەر لەرهەموو شت داخوازییەکانیان رووی لە دەسەڵاتی یەکەمی ئەو زۆنەیە. نەیەکیتی وەکو بەرپرسی ئەم زۆنە مافی شانخاڵی کردنەوەی لە وەڵامدانەوە بەداخوازی خەڵکی گەرمیان و کفری و زۆنی سەوز هەیەو نە دەسەڵاتی زۆنی زەرد ئەو مافەی هەیە، بەهرەبەرداری لە نارەزایەتی خەڵکی کفری و گەرمیان وزۆنی سەوز بکات و نە ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی بۆرژوازی ڕیگای ئەوەی هەیە خۆی بەخواستە رەواکانی خەڵکی بێبەشی کوردستانەوە هەڵبواسن و تا لەو رێگایەوە بگەنە کۆشکی دەسەڵات و دیوەخانی دابەشکردنی تاڵانی و بەری رەنجی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش.

خەڵکی کفری و گەرمیان، پێویستیان بەوەیە کە ئاستی نارەزایەتییەکانیان ببەنەسەرەو و شێوازی تری کاریگەر لە درێژەی کۆبونەوەی ژێر چادرەکان بەدەستەوە بگرن و بەشەکانی تری کۆمەڵگە بەتایبەتی کریکاران و توێژەکانی تر بە مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبونەوە لە جێگای کارو ژیانیاندا، پشتیوانی لە داخوازی خەڵکی گەرمیان و کفری بکەن و هەروەها خەڵکی شارو شارۆچکەکانی تر بە ڕیگای شیاو گونجاو پشتیوانی بەکردەوە لە داخوازییەکانی خەڵکی کفری بکەن… ئەمانە ئەو رێگایانەن کە دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی ناچار بکات وەڵام بەخواستەکانی خەڵکی کفری بداتەوە و گەمەی دەسەڵاتی زۆنی زەردیش پوچەل و نەخشەی دزینی ئیرادەی خەڵکیش لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کوردەوە، توشی شکست و ناکامی بکات.

  نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.