دۆسیەی گێراوەکانی بادینان و شیروان شیروانی… پەڵەیەکی نەنگە بە ناوچەوانی پارتی و بزوتنەوەی کوردایەتیەوە…

0

٢٠ تەموز دادگای هەولێر!! جارێکی تر سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر شیروان شیروانیدا سەپاند، ئەوە لە کاتێکدا بوو دەبوو لە ئابی ئەمساڵدا ئازاد بکرێت…

ئەم بریارەی دادگای هەولێر!!، لە دژی شیروان شیروانی و مامەڵەی ئەو دادگایە لەگەڵ گیراوەکانی بادینان، لە بنەڕەتدا مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی و پارتییە لەگەڵ رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی بادینان، نەک مامەڵەی دادگا و لێپرسینەوەی یاسایی. لەوەش واوەتر بێ بەهاکردن و بێ ناوەرۆککردنی خودی دادگا و یاسا قەرەقوشییە دژی ئازادییەکانی خۆیانە، لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی پارتییەوە.

دەستگیرکردنی دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان، هێشتنەوەیان لە زیندان بۆ ماوەیەکی زۆر بێ دادگایی و پاشان دروستکردنی دۆسیە و سیناریۆ سازکردن بۆیان و دەستکاری کردنی لێدوان و دیمانەکانیان و پاشان بلاوکردنەوەی بەناوی “دانپانانی” ئەوانەوە، تا سزای حزبی و بنەماڵەیان لەبەرگی دادگادا بەسەردا بسەپێنن، تا دەگاتە ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەر لەدادگا رای بگەیەنێت کە گیراوەکانی بادینان رۆژنامەنووس و چالاکوان نین و کاریان بۆ دەستی دەرەکی کردووەو ئاسایشی نیشتیمانیان!! خستۆتە مەترسیەوە، هەموویان بەڵگەن، کە دادگا و پارێزەرە حزبۆکراتییە جڵەوکراوەکان، کارێکیان لەدەست نایەت جگە لەوەی مۆر بدەن لە لێدوانی سەرۆکی حکومەت و شوێن پێی خۆیان لە خزمەت پارتی و سەرۆکی حکومەتدا قایم بکەن.

بریاری دوبارە سەپاندنی چوار ساڵی تریش بەسەر شیروان شیروانی و مامەڵەی نائیسانیان لەگەڵ سەرجەم گیراوەکانی بادینان، لەدرێژەی هەمانە مامەڵەی پێشوودایە کە بە ناحەق تاوانیان بەسەردا سەپێنراو و دۆسیەیان بۆ دروستکرا و سزای بەعسیانە دران. ئەم مامەڵە سیاسی و حزبی و بنەماڵەییە لەگەڵ گیراوەکانی بادینان، هێندە ناشایستەو دژە ئینسانییە، تەنانەت هاوشێوەکانی پارتی ناچاربوون کە ئیدانەی بکەن، بەشیکی زۆری ناوەندە نێودەوڵەتیەکان هاتونەتە سەرخەت و ئیدانەی ئەم مامەڵەیان کردووە داوایان کردووە کە ئەو گێراوانە ئازاد بکەن، بەڵام چونکە دۆسیەی ئەم رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی بادینان، دۆسیەی بەرگری کردن لە ماف و داخوازی و خزمەتگوازرییەکانی خەڵک و بەشداری لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و رابەری کردنیاندایە، لە ناوجەرگەی بادینانی پێگەی دەسەڵاتی پارتیدا، پارتی دەیەوێت لە ڕیگای گرتنە بەری ئەو سەرکوتگەرییە ئاشکرایە، خەڵکی بادینان بترسێنێت و بەر بگرێت لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە ریشەی لە خودی دەسەڵاتی داسەپاوی پارتیدایە.

ئەوەی بۆ پارتی و دەسەڵاتەکەی نەچووتە سەر ئەوەیە، سەرباری ئەو هەموو گوشار و سزا قورسەی بەسەر گیراوەکانی بادیناندا درا و ئێستاش چوار ساڵ، چوار ساڵ دۆسیەی تر بۆ درێژ کردنەوەی بەدەستەوە دەگرن، نەک نەیتوانییوە ورە و ئیرادەی گیراوەکانی بادینان بشکێنێت، بەڵكو شکانی خۆیان لە بەرامبەر بە ئیرادەی گیراوکانی بادیناندا دەبینن… پشتیوانی بەرەی ئازادیخواز و ئینسان دۆست و دادوەرانی ئازاد و ئازا دەبینن، کە نەک بێدەنگ نەبوون و پاشەکشەیان نەکردووە، بەڵکو بێدەنگ نابن و بەرگری کردن لە ئازادی بیرورا و ئازادی سیاسی، بۆتە ناسنامەیان.

دیارە هێشتا بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان و رێگەگرتن لە سەرکوتی ئازادی و ئازادییەکان، پێویستی بە بەرینکردنەوە و فراونکردنی نارەزایەتیەکانی بەرەی ئازادیخوازو ئینسان دۆست و درێژەدان بە نارەزایەتیەکانە لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان و وڵاتانی دنیای دەرەوە، تا دەسەڵاتی سیاسی ناچار بێت ئەو گیراوانە ئازاد بکات و سەری تەسلیم بوون لەبەرامبەر بە ئازادیخوازیدا دابنەوێنێت.

ئەوەی شیروان شیروانی لە بەرامبەر دادگادا وتی من تێک نەشکاوم، نیشانەی تێک نەشکانی تەنها ئیرادەی شیروان شیروانی نییە، بەڵکو نیشانەی تێک نەشکانی ئیرادەی ئازادیخوازییە لەبەرامبەر جەور و ستەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پارتی و هاوشێوەکانیدا.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.