بەرپرسەکان بە تەنها لەگەڵ خەڵکدا فێڵ ناکەن، بەڵکو بە ئاشکراش فێڵبیللەرییەک لەگەڵ خوادا دەدۆزنەوە!
(لەگەڵ یەک دوو گلەیی و گازندەش، وەک بەندەیەک، لە خوای خۆم)
پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژن دەهێنێت و لەسەر حیسابی بودجەی گشتی وحکومەت و خەڵک بەخێویان دەکات و بەمەش دەیەوێت لایەکی بەڵێنەکەی خوا وەک دادپەروەری لە ڕووی نەفەقەو داراییەوە لە نێوانیاندا جێبەجێبکات!
وێنەکە هی پارێزگای نەجەفە لەگەڵ چوار ژنەکەی
نووسینی: حەسەن ڕازانی
تێبینی: بۆ بەڵگەکان و ناو هێنانی کەسەکان لەو نووسینەدا پشتم بەو سەرچاوەیە بەستووە:
https://m.facebook.com/1054839224692809/posts/1635302386646487/
تێبینی: لەم نووسینەمدا مەبەستم نییە پاساو بۆ یاساوڕێسای خواو فەرموودەی پێغەمبەرو بهێنمەوە بەڵکو ئەمە زیاتر ڕەخنەو گلەیی و گازندەیە لە دیدی خۆمەوە!
هەندێک کەس، وەک چۆن گەندەڵیی و دزی و ڕاوە ڕووت و کوشتن و ڕێگریی و چەتەیی و دەستبردن بۆ ماڵی خەڵک لە ڕێگەی ئەو یاسایەی کە هەر خۆیان دای دەڕێژن بە یاسایی دەکەن، هەر بەو شێوەیەش دێن دەگەڕێن کە کەلێن و درزێک لە نێو ئەو یاساو ڕێسایەی کە خوا بۆی داناون بدۆزنەوەو خۆیانی پێدا بکەن و بە شێوەی فێڵبیللەرییەک، لە پێشدا لە خوا، ئینجا لە خەڵک و لە ڕای گشتی وحکومەت ئەنجامی بدەن. لێرەدا نەشەرم لە خۆیان دەکەن و نەشەرم لە ڕای گشتی دەکەن و نە شەرم لە خەڵک و حکومەتیش دەکەن و نەشەرمیش لە خوا دەکەن کە بە ئاشکرا فێڵ لە یاساکەی خوا دەکەن و وەک فێڵبیللەریەکیش وە یاسایی دەخەن و لە گەڵ یاساکەی خوادا دەیگونجێنن بە بەرچاوی خوادا!
تەماشا ئەو یاسایەی ژن هێنان بکەن کە خوا دایناوە:
[وَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَى فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ] سورەتی نیساء ئایەتی ژمارە ٣
لە لێکدانەوەی ئەو ئایەتەدا لێکدانەوەکەی هەژار موکریانی و تەبەری زۆر لە یەک نزیکن و لە یەک دەچن، جا بە بڕوای من دەبێ هەژار زۆرتر پشتی بە تەبەری بەستبێ لە لێکدانەوەدا چونکە تەبەری پێش هەژار لێکدانەوەی بۆ قورئان کردووەو یەکێکیشە لە گەورە موفەسیرانی قورئان و جێی متمانەشە..
هەژار بەم شێوەیە ئەو ئایەتە لێک دەداتەوە:
ئەگەر لە مەڕ کیژە هەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر- چەندی خۆتان پێتان باشەو پێتان دەشێن -مارە بکەن، دوان بن یان سیان پێکەوە یان چواریش بن هەر ڕەوایە. وە ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەک و یەک تەماشا بکەن، با یەکیک بێ یان وەل ئەوانە ڕابوێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن ئەمە ئاکاری پەسندە…
سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێڕانی مامۆستا هەژار موکریانی
جا مادام خوا هەر خۆی درووستکەرو خالقی هەموو شتێکە بە ئینسانیشەوە، کەواتە هەر خۆی باش دەزانێ کە ئینسان چییەو توانای چییەو چۆنیش بیردەکاتەوەو دەیەوێت چی بکات! هەر بۆیەش دەزانێت کە ئینسان زۆر شتان دەکات کە پێی وایە دەتوانێ و بەڵام لە ڕاستیدا ناشتوانێت.
مەسەلەی زۆریی ژن هێنانیش و دابینکردنی دادپەروەریش لە نێوانیاندا هەر بەم شێوەیەیە کە خوا زانیویەتی کە ئینسان ناتوانێت دادپەروەریی لە هەموو ڕوویەکەوە دابین بکات لە نێوانی نەک هەر سێ ژن و چوار ژناندا، بەڵکو ئەگەر ڕاستیت دەوێت لە نێوانی دوو ژنانیش دا ئینسان ناتوانێت دادپەروەریی دابین بکات.
ڕەنگە ئینسانێکی دەوڵەمەندی ملیۆنێر بتوانێت لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە بتوانێت وەک یەک ژیانیان خۆش بکات، وەک یەک لە خانوی باش و تازەدا بن، وەک یەک ناوماڵیان هەبێ، وەک یەک کۆک و پۆشتەیان بکات، وەک یەک بیان بات بۆ سەیران و بیان گێڕێت، بەڵام مەحاڵە لە ڕووی عاتیفە پێدان و خۆشەویستیی و لەگەڵدا بوون و سەرجێیی و کات پێدان و تێرکردن و ڕازیکردنەوە وەک و یەک لەگەڵیان دابێت..
ئاخر نەک هەر ئینسان بەڵکو هەرێ ئاژەڵە بەهێزەکانیش ناتوانن ئەوکارە بکەن! پیاو مەشغەڵەی دەرەوەی هەیە، کار دەکات، لەدەرەوە خەفەت دەخوا، ماندوو دەبێت، کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندرووستی بۆ پەیدا دەبێ. هەروەها کيێشمەکێشی ژیان کاردەکاتە سەر وزەو توانای ئەو پیاوە لە ڕووی جەستەیی و دەروونیشەوە.. ئەدی چۆن دەتوانێ کە هاتەوە ماڵەوە چوار ژنی هەیە و ئەو ژنانە هەموویان جوانن، بە توانان، دەیانەوێت لەگەڵ مێردی خۆیان بن ئەوشەوە هەتا بەیانی و پێیان خۆشە تا بەیانی لەگەڵ مێردی خۆیان دەست لەملانێ بکەن..ئەو پیاوە چۆن دەتوانێ لە یەک شەودا خۆی دابەش بکات بۆ چوار ژن و بە یەکسانیش و وەک ئەوەی کە ژنەکان دەیانەوێت نەک وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێ. کەواتە مەحاڵە یەکسانی نواندن و جێبەجێکردنی دادپەروەریی! هەر بۆیەش خوا ئەوەتە لەم ئایەتەدا بە ڕوونی هەر لە سوڕەتی ژناندا دەفەرموێت:
{ ولن تستطيعوا أن تعدلوا بين النساء ولو حرصتم} نساء –١٢٩
[ئێوە هەرچەندە هەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن دەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن] سەرچاوە: قورئانی پیرۆز: وەرگێڕانی هەژار موکریانی
لەو ئایەتەدا خوا زۆر باش ئینسان دەناسێ، چونکە هەر خۆی ئینسانی درووست کردووەو دەشزانێت تواناکەی چەندە بۆیە پێی دەڵێت نەکەی ئەو کارە نەکەی و لە ژنێک زیاتر مەهێنەو ئەگەر بیهێنی خەراپەو تۆ ناتوانی دادپەروەر بیت لە نێوانی نەک چوار ژناندا، بەڵکو دوو ژنانیشدا…
خوا لەو ئایەتا دەڵی: [ لن تستطیعوا] واتە قەت ناتوانن. ئینجا دەڵێ: [ و لو حرصتم] واتە ئەگەریش زۆر هەوڵ و کۆش بکەن هەر ناتوانن.. بە کوردیەکەی ئەگەر خۆت بکەیتە ئەسپیش بە حەبی ڤیاگرا هەر ناتوانی وەک یەک دوو ژنان بەسەر یەکەوە ڕازی بکەیت ..
ئیتر نە خۆت گێل بکەو نە خواش هەڵ بخەڵەتێنەو فێڵبیللەریش لە نێو یاساو ڕێسای خوادا مەدۆزەروە!.. بە حەبی ڤیاگرا خۆت مەفەوتێنەو دڵت تووشی نەخۆشی مەکەو خۆ وا لێ مەکە لەوەی هەی لەوەش ببیت..ئەی ئینسان خۆت بناسەو توانای خۆت بزانەو دادپەروەربەو بەک ژن کیفایەت بکە .
ئەم سەرەتایەی سەرەوە هەمووی لەسەر ئەو ڤیدۆیەی کە لەسەر: لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری..پارێزگاری پێشووی نەجەف دەرچووە بە شێوەی دۆکیومێنتری و بە بەڵگەوە دەری دەخات کە چ فێڵێکی کردووەو چۆن فێلبیللەریەکی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە هەر چوار ژنەکەی بەخێوەبکات وەک یەک و دادپەروەر بێت لە نێوانیاندا.!
بەڵام ئەمە هەمووی لەسەر حیسابی بودجەی حکومەتە کە ئەوەش بودجەی گشتی خەڵکەو هی گیرفانی خۆی نییەو حەرامەو کارێکی یاساییە بەپێی ئەو یاساییەی کە گەندەڵەکان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام یاسایی نییە بەپێی لۆجیک و یاسای خواو خوا بەمە ڕازی نییەو ئەوە فێڵێکە لە خەڵک و لە حکومەت و لە خواش..
جا ئەو پارێزگارە هەم لە سزای خەڵک خۆی دەربازکردووەو هەم لە سزای حکومەت چونکە خۆی حکومەتەو هەم لە سزای خواش، چونکە خوا زۆر بە سەبرەو هەتا ڕۆژی دوایی لەوانەیە لێی گەرێت و لە گوڵ کاڵتری پێ نەڵێت!!
ئەدی چارە چییە؟ ئێوەی خوینەر دەتوانن زۆر چارەی شیاوتان بە بیرو مێشکدا بێت.. من ئەو چارەیە بۆ ئێوە لێدەگەڕێم !
چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە:
لوئەی جەواد حوسێن ئەلیاسری: پارێزگاری پێشووی نەجەف چوار ژنی هێناوەو هەر چوار ژنەکەشی لە ماوەی دەسەڵاتە حکومیەکەی خۆیدا هێناون و هەر چوار ژنیشی بەدەستی خۆی و بە ئیمزای خۆی لە شوێنی باش دامەزراندوون و کورسی پڕداهاتیشی وەک یەک بۆ دابین کردوون. پارێزگار ئەمەی لە ڕووی دارایی و نەفەقەوە وەعدەکەی خوای گەورەی بەجێگەیاندووە، بەڵام بەفێڵ و تەڵەکەی ناویژدانیی لەگەڵ خواو خەڵک و داهاتی گشتیدا ئەمەی کردوە! ….
لوئەی لە ساڵی ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠٢٠ پارێزگاری نەجەف بووە لە ماوەی پارێزگارییدا چوار ژنی هێناوەو لەسەر حیسابی حکومەت هەر چوار ژنی وەک یەک بەخێو کردووە نەک لەسەر حیسابی گیرفانی خۆی.. ڕاستە بە ڕواڵەت کاری داوە بە ژنەکانی و ژنەکان کاردەکەن، بەڵام ئەوە فێڵ بیللەریە و خوا ئەوەی مەبەست نییە، بەڵکو خوا دەڵێت لەسەر گیرفانی خۆت دەبێ وەک یەک بەخێویان بکەی.. ئەمەش هەر بۆ ئەوەیە کە تۆ نەتوانی لە ژنێک زیاتر بهێنیت…
لوئەی جەواد حوسێن:
ژنی یەکەمی کە ناوی جینان ئەلیاسری یە بە پلەی وردبینی یاسایی وەزارەتی نەوت لە لقی نەجەف بە مووچەی ٢ ملیۆن دینار مانگانە دای مەزراندووە.
ژنی دووەمی کە ناوی بوشرا سائیب غەنیم و بە مووچەی ٢ ملیۆن دینار لە لیوای پارێزگاری نەجەف دای مەزراندووە
ژنی سێیەمی ناوی عالیە نووری خوزەیرە بە پلەی بەڕێوەبەری گرێبەستەکان لە وەقفی شیعە بە مووچەی ماناگنەی ٢ ملیۆن و سەد هەزار دینار مانگانە دای مەزراندووە
ژنی چوارەمیشی ناوی بونەی هاشم ئەویشی بە ڕاوێژکاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی حکومەت بە مووچەی ٢ ملیۆن سەد هەزار دینار مانگانە دا مەزراندوە..
جا ئەمە کورتەی کارەکانی ئەو پاریزگارەی پێشووی نەجەف بووە…
هەندێک پرسیار کە پیم وایە گرنگن و دەبێ بکرێن:
یەکەم: ئایا گەندەڵی و ساختەکاری و فێڵکردن لە خواو لە حکومەت و لە خەڵک، لە وڵاتێکدا، لەسەرێوە پشتی دەگیرێت یان ئەوە خوارەوەیەو سەرێ بێئاگایەو نایەوێت؟
دووەم: با بڵێین ئەوە خەڵک بێ توانایە و ناتوانێت دیفاع لە خۆی بکات و لەسەر مافەکانی خۆی بێتە دەنگ، هەرچەندە بە نوێژی نیوەڕۆ فێڵی لێبکرێت و گیرفانی بەتاڵ بکرێت، بەڵام خۆ خوای گەورە لەخۆی بەتواناتر نییەو هەر خۆیەتی دایناوە ئەو کەون و کائیناتە و هەر خۆیەتی درووستکەری ئینسان بۆچی کە دەبینێت ئەو ئینسانە کە درووستکراوی خۆیەتی و فێڵیشی لێدەکات بۆچی دەست بەجێ سزای نادات و پێی ناڵێ بوەستە تۆ فێڵ لە من دەکەی و لە یاساکەم دەکەی؟
بۆ نموونە: هەیە دەچێ بۆ حەج و عەمڕە، بەڵام ئامانجی سەرەکی بازرگانیە، کەش و فشی خۆدەرخستنە، بەکارهێنانی کەشیدەکەیەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوەو بەکاری دەهێنێت لە مامەڵەی ڕۆژانەیدا.. مزگەوت درووست دەکاو ناوی خۆی لەسەر دەنووسێ و بەکاری دەهێنێ بۆ نێوو ناوبانگی خۆی، ڕێکخراوی ئایینی درووست دەکاو بەرژەوەندی خۆی تێدا دێنێتە دیو هەزاران نموونەی لەو شێوەیە کە ئایین و خواو پێغەمبەرەکەی لە لایەن ئینسانەکانەوە بەکاردەهێنرێن و خەڵکیان پێ دەچەوسێنرێنتەوە.. خوا بۆچی وەجواب نایەو نایان وەستێنێت خۆ ئەو توانای هەیە؟ دەستکردەکەی خۆی بە ئاشکرا فێڵی لێ دەکات!!
سێیەم: ئایا دەبێ چەند پاڕێزگارو پەرپرسی لەو شێوەیە لە کوردوستان و عێڕاق بوونیان هەبێ؟
چوارەم: ئایا دەبێ چەند بەرپرس هەبن لە کورودوستان و لە عێڕاق ئەو فێڵانەو ئەو فێڵبیللەریانە لە خواو لە خەڵک و لە حکومەتیش دەکەن؟
پێنجەم: ئایا دەبێ هەر بەرپرسەکان و کەسانی دەرەوەی ئەحزابی ئایینی ئەو فێڵبیللەریانە هەم لە خواو هەم لە خەڵک و لە حکومەت بکەن یان دەبێ کەسان و بەرپرسانی نێو ئایینیش هەبن کە ڕاستەو خۆ ئەوان لەبەردەم خوادادا خۆیان بە بەرپرس دەزانن؟
شەشەم: ئایا دەکرێ ئایەتەکانی خواو فەرموودەکانی پێغەمبەریش وەک یاسا داڕێژراوەکانی دەستی پەرپرسە گەندەڵەکانی عێڕاق کوردوستان کەلێنیان تێدا پەیدا بکرێ بۆ دزی و فێڵ و ساختەکاری کە نە یاساکە ئەوەی مەبەستەو نە ئایات و فەرموودەکانیش ئەوەیان مەبەستە؟
دەتوانرێت زۆر شت و پرسیاری تریش بگوترێت و بەدڵدا بێت، بەڵام با لێرەدا بەس بێت …..
بەڵام من دڵنیام هەندێک کەسی دەرەوەی ئایین هەتا بۆی بکرێت فێڵ لە هەموو یاسایەک دەکا بۆ بەرژەوەندی وهەندێک کەسی ئایینیش کە بەڕواڵەت خۆی بە وەکیلی خواوپێغەمبەرەکانی دەزانێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕێک خواو پێغەمبەر بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاردێنێت و دەڵێت: کوڕە خوا خۆی گەورەیە!!! هەروەها دەیەوێت لە کۆتاییدا بە درووستکردنی یەک دوو مزگەوت و حەج و عەمڕەکردنێک و مەولودێک خوا لە هەموو مێژووی خۆش بێت..
هەر بە خۆشی بژین
حەسەن ڕازانی
https://m.facebook.com/1054839224692809/posts/1635302386646487/