زیادکردنی مووچە و هەقدەست یان قازانج: باوەڕ بە پڕوپاگەندەی چینی دەسەڵاتدار مەکەن!
بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەسەڵاتداران پێمان دەڵێن ئەوە شەڕی ئۆکرانیایە کە هۆکاری ڕاستەقینەی هەڵاوسانە، ئینجا ئێستا پێمان دەڵێن خەتای کرێکارە، چونکە داوای هەقدەستی زۆرتر دەکەن و لەلایەن سەرۆکی بانکی ئینگلتەراشەوە کرێکاران هاندەدرێن کە واز لە داخوازییەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی “ئابووری بەریتانیا بتوانێت گەشە بکات.”
بەڵام بەڕاستی مەبەست لە گەشەی ئابووری چییە؟
لە واقیعدا هەموو ئەو قسەوباسانەی کە مووچە و هەقدەست بە هۆکاری بەرزکردنەوەی هەڵاوسان دەزانێ، دوکەڵێکە بۆ هێرشکردنە سەر ئاستی ژیان و مافەکانی چینی کرێکار.
کرێکاران ڕووبەڕووی کەمکردنەوەی واقیعی بوونەتەوە لە هەقدەست و ئاستی ژیاندا.
نرخی کاڵا و شمەکەکان بەرز دەبنەوە، چونکە سەرمایەداران و خاوەنکارەکان بەدوای پاراستن و زیادکردنی ڕێژەی قازانجەکانیاندان بەتایبەتی سەرمایەدارانی کەرتی وزە.
لێکۆڵینەوەکانی نەقابەیUnited دەریخستووە کە قازانجی گەورەترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا لەسەدا ٨٩ زیاترە لەچاو پێش پەتای کۆرۆنا. هەروەها پیشەسازییە سەرەکییەکان لەوانەش کەرتی وزە بەرپرسن لە زیاتر لە ٥٧%ی سەرجەم هەڵاوسان.
ئەوەی ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە قەیرانی تێچووی ژیان نییە، بەڵکو قەیرانی تێچووی قازانجە. یانی زیادکردنی قازانج لەلایەن سەرمایەداران و خاوەنکاران. زۆر گرنگە بزووتنەوەی کرێکاری و چینی کرێکار و خەڵکی کەمداهات بە گشتی لەم ڕاستییە تێبگەن.
ئێمە دڵنیاین لەوەی کە چینی سەرمایەدار هەمیشە بەدوای دابەزاندنی هەقدەست و مووچەوەیە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بەدەستبهێنێت.
پڕوپاگەندەی چینی دەسەڵاتدار بۆ کۆت و بەندکردنی مووچە و هەقدەست دەبێ چالاکانە لە لایەن بزووتنەوەی کرێکارییەوە ڕەت بکرێتەوە.
ئەمانە ئەو ئارگیومێنتانە بوون کە مارکس و بیرمەندانی تری سۆشیالیستی زانستی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا دەبوو بەسەریاندا زاڵ بن، چونکە سەندیکاکان هێزێکی گەشەسەندوو بوون. ئەو کاتە زاڵ بوون. دەبێت ئەمڕۆش بەسەریاندا زاڵ ببین.
هەروەک چۆن ئەو کاتە، دەبێ ڕۆڵی جەوهەری شەڕی مووچە و هەقدەست و باردۆخی کارکردن سەربەخۆیی و یەکڕیزی کرێکاران بپارێزین و هەوڵ بدەین بۆ پەرەپێدانی هەموو ئەمانە لە پراکتیکدا بە هێزێکی نوێوە.
ئەو ململانێیانەی ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ڕۆژئاوا بۆ زیادکردنی هەقدەست دەکرێن، یارمەتیدەر دەبن بۆ بنیاتنانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ئەو هێزەی کە پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەو خەباتە. ئەمەش پێویستی بە شەڕێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی ڕوون و شۆڕشگێڕانە هەیە.
لەلای مارکسیەکان ڕوونە کە کرێکاران و خەڵکی کەمداهات ڕووبەڕووی شەڕێکی چیانیەتی بوونەتەوە و هەمیشە وەک کاڵایەک لە ژێر سەرمایەداریدا مامەڵەیان لەگەڵا دەکرێ و دەچەوسێنرێنەوە تا ئەو کاتەی خۆیان لە حیزبێکی سیاسی مارکسیدا ڕێکدەخەن بەرەو ڕووخاندنی سیستمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم.
توانا محەمەد نوری
١١/٧/٢٠٢٣