” هۆکاری گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم و پرسی پەسەندکردنی بودجە و ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم…” عەلی مەحمود: ویستی حكومەتی عێراقی كۆتاییهێنانە بە قەوارەی هەرێم و یەكخستنەوەی ولات و دامەزراندنی كۆمارێكی ناوەندی یەكگرتووی بەهێز لەسەر مۆدێلی كۆماری ئیسلامی ئێران … دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ‌ هاوڕێ عەلی مەحمود نووسەر و رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، سەبارەت“ هۆکاری گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم و پرسی پەسەندکردنی بودجە و ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم…

0

 بۆپێشەوە: تادێت گوشارەكانی بەغدا لە ڕیگای بریاری یەك بەدوای یەكدا بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم زیاد دەكات، هۆكاری ئەم زۆر بوونی گوشارەكان چییە؟

عەلی مەحمود: گوشارەكان  دوو  هۆكارن  ململانێی نێوان ینك و پدك، وە ویستی حكومەتی عێراقی بۆ كۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێم و یەكخستنەوەی ولات و دامەزراندنی كۆمارێكی ناوەندی یەكگرتووی بەهێز لە سەر مۆدێلی كۆماری ئیسلامی ئێران.

هەنگاوەكانی ینك بۆ بەغدا ئەنجامی ئەوەیە پارتی بە شەریكی تەواو وەریناگرێت لە حوكمڕانی كوردستان، لوتبەرزی پارتییە پاڵ بە ینك ەوە دەنێت  بۆ بەغدا بچێت, چۆن سیاسەتی ینك لە هێنانی ئێران و فشار توندكردنەوە لەسەر پارتی بووە هۆكاری 31 ی ئاب. واتا پارتی شەریكە بەشی ینك ە بۆ پاڵنانی بەرەو بەغدا.

بۆپێشەوە: ئایا گوشار و بریارەكانی بەغدا بۆسەر هەرێم، سزادانی دەسەڵاتی هەرێمە وەكو هەندێك دەڵێن، یان بەشێكە لە سیاسەتی حكومەتی مەركەزی، بۆ قوتبی كردنەوەی دەسەڵات لەناوەند؟

عەلی مەحمود: هەرێم  رێگرە لەبەردەم قوتبی كردنەوەی دەسەلاتی ناوەندی لە بەغدا، زیاتر بەشەكەی پارتی چونكە ئەو سەری لە توركیایە، نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی جوگرافیاكەی هەرێم دژی بەكار دەهێنن، وە كوردستان رێگرە لەبەردەم سەپاندنی سیاسەتی یەكگرتوو لە عێراق, ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێت  پیادە كردنی سیاسەتی ئێرانە بەشێوە وەحشیانەتر لە وڵاتی سەرچاوە، حیزبە ئیسلامییە شیعەكان پەلەیانە بۆ دامەزراندنی مۆدێلی كۆماری ئیسلامی لە عێراق  و ناوەندیكردنی حكومەت، كۆتاییهێنان بە سستەمی پەرلەمانی و دامەزراندنی حكومەتێك لەسەر بنچینەی سستەمی سەرۆكایەتی، دامەزراندنی كۆماری ناوەندی ئیسلامی وەحشیانەتر لەوەی لە ئێران هەیە, ئاخر لە یادمان نەچێت تاران و تەبرێزو كەرەج و ئەسفەهان سكۆلارترین شاری ناوچەكەن, لێرە بەغدای جاران نەماوە، بەغدای حەسەن پلایس و موقتەدا سەدرا، كۆماری ئیسلامی عێراقی داهاتوو وەحشیاتر دەبێت لە كۆماری ئیسلامی ئێران.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانە بریاری نایاسای بوون و نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدالی عێراقەوە… لەكاتێكدا هەموو خولەكانی پیشوو پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ كردۆتەوە، بێ ئەوەی دادگای فیدرالی، كاردانەوەیەكی هەبووبێت؟

عەلی مەحمود: خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان یەكێك نەبوو پەرتووكی گینزی لێ  ئاگادار بكاتەوە، دەچووە ریزی ژمارە پێوانەییەكانەوە،  وەلامی ئەم پرسیارەش لە وەلامی پرسیاری یەكەمدایە،  ئەو دادگایەش  دادگایەكی كۆنەپەرستانەی ستەمگەرە، وەك ئامرازێك بۆتەسفیاتی حیسابات بەكار دەهێنرێت، هەندێك سیاسی كورد كە توانای خەباتی جەماوەری و رێكخستنی خەڵكیان نییە بە نرخی رۆژ سیاسەت دەكەن، خەریكی نامەو نامەكارین بۆ ئەم دادگایە، باوەڕ ناكەم ئەم دادگایە لە داهاتوودا باش لە مێژوودا بنوسرێت، سەری خاوەن نامەكانیش دەخوات.

بۆپێشەوە: سەرانی حزبەكانی دەسەڵات و بەشیكی زۆری نووسەرانیان هۆكاری هەرەشەی ناوەند بۆسەر قەوارەی هەرێم!! دەگێرنەوە بۆ لێكترازانی ناو ماڵی كورد!! و كاڵبونەوەی روحی نەتەوەیی!! ئیوە هۆكارەكانی گوشارەكانی بەغدا بۆسەر هەرێم چۆن دەبینن؟

عەلی مەحمود: جارێ لە زانستی پزیشكی بەدوای روحدا بگەڕێین وەلام بۆی نییە، لە سیاسەتیش ئەم رووحە پەیوەستە بە هیوای خەڵكەوە، كە هیوا بە شتێك نەماوە، ئیتر خەڵك خۆی بۆ بەكوشت نادا، ئێستا بوونی قەوارەیەكی كوردی بۆتە تەحسیڵ حاسڵ، خەڵك بەدوای دادپەروەری لەناو ئەو قەوارەیە دەگەڕێت تا ببێتە هی ئەو، كە نەبوو بە هی ئەو ئیتر بە ماڵی خۆی نازانێت, هیوای پێ نامێنێت, قوربانی بۆ نادات, واتا دەبێتە جەستەیەكی بێ رووح, خۆ ئەوانەی رووحی نەتەوەییان هەیە، كاتێك داعش هاتە مەخمور هەموو هەولێریان چۆڵ  كرد، روحەكەی  ئەوان بۆ قوربانی نییە بۆ بە قوربانیكردنی ئەوانەیە خاوەنی بستێك زەوی نین دوای گیانبەختكردنیان تیای بشاردرێنەوە, ئەوە جێگای قەبریش بۆتە پارە.

 بۆپێشەوە: ئایا بریارەكانی ناوەندو دادگای فیدرالی پێچەوانەی دەستورن، ئەگەر دژی دەستورن بۆچی پارتی و یەكێتی… قبوڵی دەكەن و بەكردەوە دانی پێدادەنێن؟

عەلی مەحمود: من یاسا ناس  نیم, بەڵام  وەك مەعلومە باشترین یاساناس و پارێزەر لە بەغدا كار بۆ ئەم كەیسانە دەكەن دژ بە یەكتر لە  چوارچێوەی ئەو دەستورە لاستیكییە.

پارتی و یەكێتی بڕیاریان داوە تا ئاخر سەموون بەردەوام بن.

بۆپێشەوە: پارتی و یەكێتی لە ژێر گوشاری نەتەوەیەكگرتوەكان و دوا بڕیاری بەغدادا لەسەر نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناچارن دەست بۆ هەڵبژاردن ببەن، ئایا تا چەندە پارتی و یەكێتی لە ئیستادا دەتوانن هەڵبژاردن بكەن؟ 

عەلی مەحمود: تا ئێستا هەنگاوی جدی نەنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن, پێی دەچێت ئەگەر لە رووكەشدا ململانێ هەبێت، بەلام لە ناوەڕۆكدا بە بەشی ئێستای خۆیان رازین, هەڵبژاردنی پێشوو وەك ژمارەی  دەنگ سەرجەم پارت و لیستەكان  دۆڕان، ئەگەر چوار نەوەشی بۆ زیاد بكەین كە پەیوەست بوون بە دەنگدانەوە ئەوا دۆڕانەكانیان كەمەر شكێن بوو، ئێستاش نایانەوێت دۆڕانی دیكە دووبارە بكەنەوە.

بۆپێشەوە: بەشی هەرەزۆری سەرانی حزبەكانی كوردستان و نووسەرانیان لە پەیوەند بە سیاسەت و بڕیارەكانی بەغدادا دەڵین… كاربەدەستانی عیراق، لە دەستور و فیدرالیەت پەشیمان بوونەتەوە، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

عەلی مەحمود: هێشتا پارت و لایەنە شیعەكان نەیانتوانییوە خۆیان یەك بخەن، یەكگرتووانە بچنە پێشەوە،  ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لەناو عێراق ماون، دەنا چی لە ئێران بە نەتەوەكانی دراوە، لێرەش تەمای زیاترمان نەبێت.

 بۆپێشەوە: دوای بێنەو بەردەیەكی زۆری نێوان باڵەكانی بۆرژوازی عێراقی سەرئەنجام بودجەی عێراق پەسەند كرا، پرسیار ئەوەیە پەسەند كردنی بودجە دەتوانێت چ كاریگەرییەكی لەسەر باشكردنی ژیان و گوزەرانی چینی كرێكار و جەماوەری بێبەشی عێراق هەبێت؟ وە تاچەندە لاتان وایە ئەم ڕیكەوتنامەیە دەتوانێت پایەدار بێت و بەدەردی ڕیكەوتنامەكانی تر ناچیت؟

عەلی مەحمود: یاسای بودجە و یاسای وەبەرهێنان دوو یاسان  بۆ مەشروعیەت دان بە دزی و تالان لە رێگای یاساوە، لەچوارچێوەی ئەم یاسانە رۆژ لە دوای رۆژ هەژاران هەژارتر و دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر دەبن، لەو یاسایە چی تازە پێشكەشكراوە بۆ باشكردنی باری ئابووری هەژاران، كەمكردنەوەی جیاوازییەكان لە داهات، زیادكردنی باج و رسومات لەسەر دەوڵەمەندەكان, كۆنترۆڵكردنی پرۆژە ئابوورییەكانی دەسەلاتداران، سەپاندنی سیاسەتی من ئەینە لك؟ دابینكردنی خزمەتی تەندروستی، بیمەی بێكاری و خوێندنی باشتر، خانوو ….. بۆ هەژاران، ئەمانە هیچی نەكراون، كەواتە هەژاران سفر یەك بەدەست و دەست بەتاڵ دەرچوون، تەنها كۆمەڵێك  مشەخۆری نوێ  دەكەنە پەرلەمانتارو وەزیرو موچە باڵا.

بۆپێشەوە: باڵە سەرەكیەكانی ناسیونالیزمی كورد “پارتی و یەكێتی” سەرباری ناكۆكی بەردەوامی نێوانیان، بەڵام  دژی گێرانەوەی پاشەوكەتی موچە موچەخۆران بوون، ئەم هاوڕاییە چیمان پێدەلێت؟ 

عەلی مەحمود: بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش پێش هەموو شتیكە بۆ ئەوان, هەموو ململانێكانیان لەسەر بەرژەوەندی خۆیانە, لە زۆری دیكەدا دیدیان یەكە. كە بەرژەوەندی هات گلەیی نامێنێت.

بۆپێشەوە: بەپێی بەندێكی بودجە پەسەندكراو بۆ سێ ساڵی داهاتوو، لەكاتی بوونی نادادپەروەری لە دابەشكردنی شایستە دارایەكانی لە ئاستی پارێزگاكانی هەرێمدا، بەغدا راستەوخۆ بودجەی ئەو پارێزگایە دەنێرێت… یەكێتی نیشتیمانی ئەوە بەدەستكەوتێكی خەڵك و ڕیگایەك بۆ دادپەروەری و خزمەت بەخەڵكی زۆنی سەوز دەزانێت، ئیوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

عەلی مەحمود: كاردانەوەیە بەرامبەر بە لوتبەرزییەكانی پارتی، بەلام لە راستیدا شكاندنی كاڵەگە بە ئەژنۆ، هیچی لێ شین  نابێت، جەهەنەمی بەغداو سەماوەو دیوانییەو كوت لەبەر چاوە، خۆ لەوانە زیاترمان بۆ ناكرێت.

بۆپێشەوە: بەشێكی زۆر لەسەرانی حزبەكانی بزوتنەوەی كوردایەتی و تا دەگاتە نووسەران، باسی مەترسی سیاسی سەر قەوارەی هەرێم دەكەن و نایشارنەوە كە قەوارەی هەرێم لەسەر لێواری داڕمانە… ئیوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

عەلی مەحمود: تا ناو ماڵی پارتە ئیسلامییە شیعەكان رێكتر بێت، بەرەو دەوڵەتی ئیسلامی شیعی زیاتر دەچینە پێش، كە ئەویش  پێكهات, چی لە رۆژهەلات دراوە بە كوردەكان،  ئێمەش  لێرە  هەمان شت وەردەگرین.

بۆ خەڵكی  هەژار مەترسی لە برسێتیدایە، برسێتی رەگی هارییە، كە برسیت بوو بۆ بەدەست هێنانی نان هەموو هەوڵێك دەدرێت، ئەمەی خەڵك دەیكات رەنگدانەوەی برسێتی، پەراوێز خستن، نا دادپەروەری، ئیمتیازاتی زەبەلاحی دەسەڵاتداران و  منداڵەكانیانە.

بۆپێشەوە: چۆن دەروانە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی كورد بەگشتی و نەوەی نوێ بەتایبەتی؟

عەلی مەحمود: هیچی تازەیان پێ نەبوو بۆ كۆمەڵگە، نەوەی نوێ زیاتر لە كەناڵێكی راگەیاندن دەچێت، نەك بزاوتێكی سیاسی تەعبیر لە بەرژەوەندی نەوەی تازە بكات، نە دادپەروەریان پێیەو نەدەسەلاتێكی سەردەمیانەتر, نە ئازادیش، ئەمانە زیاتر كۆمەڵگەی كوردییان بردە دواوە، وای لێهاتووەو هەیمەنەی كۆنەپەرستی زاڵە بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا، مەترسی لە ئاستێكدایە خەریكە برسێتی و سەركوتی  دەسەڵاتداران لە بیری توێژێكی بەرفراوان ببەنەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.