نامۆبوون بە مانای نەهامەتی بۆ کرێکاران!

0

نزیکەی هەموو ئەوانەی ڕۆژێک کاریان بۆ کەسێکی تر کردبێ دەزانن کە چەندە نامرۆڤانەیە. لە کۆتایی ڕۆژەکە هەست بە بێزاری و خەمۆکی و توڕەیی دەکەیت.
کارل مارکس بەمەی گووتوە نامۆبوون.
ئەو دەستەواژەیە پێشتر لە لایەن نووسەرو فەیلەسوفی دیکەوە لە کاتی ژیانی مارکسدا بەکارهێنراوە، بەڵام تێڕوانینی مارکس ئەوە بوو کە کاری لەسەر بکات بۆ تێگەیشتن لە شێوازی کۆمەڵگەی سەردەم.
مارکس وتی تاکەکان نامۆ بوون بەهۆی شێوازی پێکهێنانی کۆمەڵگە- بۆیە چارەسەر گۆڕینی کۆمەڵگەیە.
زاراوەی نامۆبوون کورتەیەکە لە کۆمەڵێک دژایەتی لە فرۆشتنی هێزی کاری کرێکارانەوە بەرامبەر کرێ سەرچاوە دەگرێ. ئێمە بۆ مانەوەمان ناچارین هێزی کارمان بفرۆشین.
کاتێک لە شوێنی کاردا نین زیاتر هەست بە مرۆڤ بوونی خۆمان دەکەین. ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی مانگرتن هەستێکی زۆر خۆشمان لا دروست دەکات.
کاتێک خاوەنکارەکان لە کاری ئێمە پارە پەیدا دەکەن، وەک شتێکی مەزن پێشکەش دەکرێت.

دروستکردن

کرێکار شتێک دروست دەکات و کرێیەک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە وەردەگرێت.
پاشان ئەو شتە بە زیاتر لەوەی کە تێیچووە دەفرۆشرێت، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی قازانجی خاوەن کارەکان.
ئەمە چەوساندنەوەیە، پەیوەندییەکی بنەڕەتییە لە دڵی سیستمی سەرمایەداری. لەسەر ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە دامەزراوە – دزی، بەڵام دزی یاسایی کە بە یاساکانی سەرمایەداری شەرعییەتی پێدراوە.
لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا کرێکار بەشێک لە خۆی دەخاتە ناو شتێکەوە بۆ گۆڕینی.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بەشێکن لەو ئامێرەی کە قازانجی سەرمایەدارەکان بەرهەم دەهێنێت. بەشێکی تایبەت، بەڵام هێشتا هەر بەشێکە.
ئەمەش کرێکار بێمرۆڤ دەکات – مرۆڤ کە ئارەزوو وە پێویستی ئاڵۆزی هەیە، دەخرێتە شوێنی بورغویەک لە ئامێرێکدا.
لە کۆتایی پرۆسەکەدا کرێکار ڕووبەڕووی بەرهەمی کارەکەیان دەبنەوە. هی ئەوان نییە، بەڵکو خاوەندارێتی بۆ خاوەن کارەکە دەگەڕێتەوە – مارکس بە نامۆبوون وەسفی ئەمەی کردووە. کەواتە کرێکار لە بەرهەمی ماندووبوونیان نامۆ دەبن.
هەروەها لەخۆیان و لە یەکتر و لە جیهانی دەوروبەریان نامۆ دەبن، چونکە ئێمە لە جیهانێکی پڕ لە شتەکاندا دەژین کە بەهۆی کاری نامۆوە بەرهەم هێنراون.

کار

کاری کرێکار وەک شتێک کە دەتوانرێت بکڕدرێت لەلایەن خاوەن کارەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەڵام خاوەن کارەکەش نامۆ دەبێت، چونکە ئەوان لە لوتکەی کۆمەڵگەیەکدا دادەنیشن کە هەموو شتێک لە ڕێگەی کاری نامۆوە دروست بووە.
نامۆبوونیان سیمایەکی جیاوازی هەیە، چونکە سەرمایەداری مرۆڤایەتی ئەوان پشتڕاست دەکاتەوە لە کاتێکدا بۆ کرێکاران پێچەوانەکەی دەکات.
لەبەر ئەوەی هەموو ئەم دژایەتییانە لە سەرمایەداریدا چارەسەر ناکرێن، کرێکاران هەڵیدەمژن. دەکرێت توڕەیی ئاراستەی خاوەن کارەکان بکرێت، بەڵام بەرەو کرێکارانی دیکەش. هەر لەبەر ئەمەشە ڕەگەزپەرستی و جۆرەکانی تری ستەمکاری دەتوانن لە نێو چینی کرێکار زەمینە بەدەست بهێنن.
تا ئەمڕۆش بەکارهێنانی زاراوەی نامۆبوون کێبڕکێی لەسەرە.
لەسەر نامۆبوون لێکدانەوەی زۆر کراوە، یەکێک لەوانە هی لیبرالیزمە – کە پێی وایە ڕەگی نامۆبوون لەناو تاکەکاندایە و هەر بۆیە دەتوانرێت لە ڕێگەی چارەسەری تاکەکەسی چارەسەر بکرێت.
لە واقیعدا نامۆبوون بەرهەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەدارییە. پێویستە کۆمەڵگەی چینایەتی هەڵبوەشێنینەوە ئەگەر بمانەوێت نامۆبوون بنبڕ بکەین.

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی

توانا محەمەد نوری

٧/٧/٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.