پاش دووساڵ دەرکەوتنێکی تری مەسرور بارزانی لە شانۆگەرییەکی چەواشەکارانەی تردا! … نووسینی: عامر سابیر
لە 5 ی جوڵای 2023 دا مەسرور بارزانی لە کەناڵە ئاسمانییەکەی خۆی (کەی 24) بۆ جارێکی تر دەرکەوتەوە و گوایە وەڵامی پرسیاری چین و تووێژەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئەداتەوە! لە ڕاستیدا ئەوانەی ئامادەبوون، نەک نووێنەری چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون، بەڵکو هەندێ لە ئەندام و دۆستەکانی خۆیان بوون، کە دەزگای پاراستنەکەیان بە دیقەتی زۆرەوە زەحمەتی کێشاوە و هەڵیبژاردوون و ئەو پرسیارە پووچ و بێ ناوەڕۆکانەیان بۆ داناون تا بیخوێننەوە و ستایشی مەسرور بکەن و بەشان و باڵی (کابینەی نۆ)یەکەیدا هەڵبدەن.
ئاری هەرسین کە موچەخۆرێکی پارتییە بۆ پیاهەڵدان و ستایشکردنی بنامەڵەی بارزانی. ڕێک بەداوی کۆبوونەوەکەدا لێدوانی بۆ (کەی 24) داو وتی “ئەمە یەکەم جارە کە شتێکی ئاوا ڕووبدات، دیدارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکان دەبێت ببێت بە کەلتوور. ئەمە خزمەت بە شەفافییەت ئەکات. متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت ئەگەڕێنێتەوە. کارێکی بوێرانە بوو، کە سەرەڕای چەندان قەیران بە ئاشکرا لەگەڵ چین و توێژەکان دابنیشێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ بکات”.
لە ڕاستیدا ئەمە دووەم جارە کە مەسرور شانۆگەری پووچی ئاوا پێشکەش ئەکات. پێشتریش لە 30/09/2021 دا بەهەمان جۆر لە کەناڵەکەی خۆیەوە، کۆبوونەوەیەکی چەواشەکارانەی هاوشێوەی ئەمە بە ناوی (یەکەم دیداری تاون هۆڵ) بڵاوکرایەوە، کە بەندە نووسەری ئەم دێڕانە لەکاتی خۆیدا وتارێکم لەسەر نووسی بە ناونیشانی “بارزانییە بچوکەکە و دیداری تاون هۆڵ”، کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە.
ئەم سەرۆک وەزیرانەی حکومەتە عەشیرەتییە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکەی پارتی و یەکێتیی، کە خۆی و باوکی و کوڕەکەی و بەشی زۆری ئەندامانی بنەماڵەکەی لە سایەی گەندەڵی و دزێتی سەروەتی خەڵکی کوردستاندا بوونەتە بلوێنێر، کەچی بۆ جارێکی تر لەم کۆبوونەوەیەدا خۆی واپیشاندا کە ئەو و بنەماڵە و حیزبەکەی سەرچاوەی دزی و گەندەڵی نین لە کوردستاندا و وتی “پابەندم کۆتایی بە گەندەڵی بهێنم”.
مەسرور بارزانی چونکە هیچ ئاگای لە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان نییە و ئەو لە باخێکی تردایە، بۆیە لە وەڵام بە پرسیاری مرورێکی هەولێردا کە نیگەران بوو لە زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیل و خراپی ڕێگاوبان لە شاردا، وتی “زۆری ئۆتۆمبیل دەریدەخا کە وەزعی هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکە، چونکە بوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە کوردستان، دیارە خەڵک توانای کڕینی ئۆتۆمبیلی هەیە، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، کە خەڵک بتوانێ لە ئاستێکی بەرزی ژیاندا بێت”!
ئەم تاڵانچی و چەتانە، دوێنێ وتیان مۆڵەکان جمەی دێت لە خەڵکدا، کەواتە وەزعی خەڵك باشە! ئەمرۆش ئەڵێن سەیارەت هەبێت کەواتە ئاستی ژیانت بەرزە!
مەسرور لەبەرانبەر گلەیی پارتییەکی هەڵەبجەییدا، کە تا ئێستا هەر چاوەڕێن کە پردی (توە قوت)یان بۆ تەواوبکرێ و گلەیی کرد کە بۆچی ئەوە چوارساڵە براگەورە سەرۆک وەزیرانە و تەشریفی نەبردووە بۆ لایان بۆ هەڵەبجە، مەسرور لە وەڵامدا ئەڵێ بڕوا بکە بەنیازبوومە کە بێم، بەڵام هەموو جارێک کە ویستبێتم، شتێک هاتۆتە پێشەوە، یان وتوویانە پرۆژەکان ئامادەنین هێشتا! مەسرور دڵنیایی پێدا و وتی بەسەرچاو با پرۆژە ئامادەبێ بۆ کردنەوە دێم!
مەسروری کۆنەپەرست کە لەو شوێنانەی بەکەڵکی دێ باسی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاشتەوایی ئەکات، لە وەڵامی مەلایەکدا وتی “لەهەمان کاتدا نەبوونی ئاین مەترسییەکی گەورەیە”، ئایا بۆچی نەبوونی ئاین مەترسییەکی گەورەیە؟ وە لەسەر کێ مەترسییە؟ ئایا ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەمان فەتوای سەلەفییەکان نییە بۆ کوشتنی (خواناس)ەکان کە لە 22/06/2023 دا لە چەمچەماڵ تیرۆرکرا؟
مەسرور باوەڕی وایە کە ئەگەر درۆکانی بەردەوام دووبارە بکاتەوە، ئیتر خەڵک باوەڕی پێ ئەکەن. کابینەی نۆیەم کە لە 10ی جوڵای 2019ەوە دەستبەکارە، مەسرور ئەڵێ “ئێمە لە کابینەی نۆ توانیومانە بەردەوام هەموو مانگێک موچەی موچەخۆران بدەین، ئەڵێ ڕەنگە هەندێ جار دواکەوتبێ، بەڵام هەمووی دراوە”. لە ڕاستیدا ئەگەر لە هەر مووچەخۆرێکی ئاسایی کوردستان بپرسی شتێکی پێچەوانە ئەڵێ. سایتی (درەو میدیا) کە جێگەی متمانەیە، لە ئامارێکدا کە لە 6ی جوڵای 2023 دا بە نەخشە بڵاویکردۆتەوە، ئەڵێ لە کابینەی نۆی مەسروردا، حەوت موچە بەتەواوی خەرج نەکراوە، یەک موچە دواکەوتووە و دە موچە بە لێبڕینەوە خەرجکراوە.
هەر لەم دیدارەدا، مەسرور بەردەوام ئەبێ لە درۆکردن و ئەڵێ “ئەڤ ئاستی ژیان و ئازادی لە کوردستان، گەلەک باشترە لە زۆر وڵاتی تری دنیا”، کام ئازادییە؟ ئەو ئازادییەی کە ڕێگە بە هیچ خۆپیشاندانێک نادەن لەسایەی دەسەڵاتی تاڵانچێتیتاندا؟ ئێوە زەندەقتان چووە لە بچوکترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی لە دژی دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکەرتان. ئێوە ئەوەندە لە ئازادی ئەترسن کە تەنانەت کاتێک کۆمەڵێک خاوەن پێداویستی تایبەت بە عارەبانەکانیانەوە هاتنە بەردەم پەرلەمانەکەتان، بەرشەقتاندا و عارەبانەکانتان بەسەردا شکاندن. کام ئاستی بەرزی ژیانە؟ ئەوەی کە کرێکارێکی ژینگە پارێز 350 هەزار وەرئەگرێ لە مانگێکدا و ئەگەر بچوکترین ناڕەزایەتی دەربڕێ بۆ زیادکردنی کرێ یان ئەگەر دژی دواکەوتنی موچەکەی دەنگ بەرزبکاتەوە ئەوا نانبڕاو ئەکرێ لە لایەن ئەو کەرتی تایبەتەی کە ئێوە پاڵپشتیانن و زۆربەی کاتیش خۆتان و دەوروبەرتان خاوەنی هەموو ئەو کۆمپانیا تایبەتانەن کە لە کۆیلە خراپتر مامەڵەی کرێکاران ئەکەن لە کوردستاندا؟
مەسرور ئەڵێ “نابێ خەڵک هەر چاوی لەوەبێ کە حکومەت دایمەزرێنێ، ئەگەر تەنها شوێنی دامەزراندن حکومەتبێ ئەمە هەڵەیە و لە هیچ شوێنێکی دنیادا وا نییە”. باشە، بەڵام لە هەموو شوێنێکی دنیادا ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستە خۆی بە لێپرسراو ئەزانێ لە بەرانبەر ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو یان پێدانی بیمەی بێکاری بۆ بێکاران. مەسرور کە خۆی و بنەماڵەکەی بەشی شێریان هەیە لە کەرتی تایبەتدا و هەرچی کۆمپانیا هەیە لە کوردستاندا بەچەندین ڕایەڵ بەستراونەتەوە بە دەسەڵاتەوە، ئێوە کە هەموو ئاسانکارییەکیان کردووە بۆ کۆمپانیاکان و لەسەر حیسابی کۆمەڵگە کۆمەکیان ئەکەن و بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک کەرتی تایبەتتان بەرداوەتە کۆمەڵگە و کرێکاران ئەچەوسێننەوە و چاوچنۆکانە و بێ مۆڕاڵانە سەرمایەکانیان کەڵەکە ئەکەن لەسەر ژیانی کرێکاران و دژوارترین و بێ مافترین هەلومەرجی کاریان سەپاندووە بەسەر کرێکاراندا لە کوردستاندا، بەڵام ئێوە هیچ خۆتان بە لێپرسراو نازانن لەو هەلومەرجەی کە سەپاندوویانە بەسەر کرێکاران و کۆمەڵگەدا!
لە چوار ساڵی حکومەتەکەی تۆدا، سەدان کرێکار ژیانیان لەدەستدا و بوونە قوربانی ناسەلامەتی شوێنی کار، ئایا چەند سەرمایەدار و کۆمپانیات بردە بەردەم دادگا و لەسەر بەهەند نەگرتنی ژیانی کرێکارەکانیان سزا دراون؟ ئایا تۆ و ئەم دەسەڵاتە مافیاییەی کوردایەتی هیچ یاسایەکی هەیە کە باسی سەلامەتی شوێنی کار بکا و سزای بۆ خاوەنکارەکان دیاری کردبێ لەسەر گوێ نەدان بە سەلامەتی ژیانی کرێکار و نائەمنی شوێنی کار؟
بەشی زۆری کرێکارانی کەرتی تایبەت، ئەو موچەیەی کە وەری ئەکرن هێندە کەمە کە بەشی لانی هەرە کەمی ژیانێکی ئاسایی ناکات، بەڵام هەر کاتێک کرێکاران بچوکترین ناڕەزایەتیان دەربڕیبێ یان لەسەر کارەکانیان دەرکراون، یان بێدەنگکراون و هەڕەشەی نانبڕینیان لێکراوە کە نابێت بە هیچ جۆرێک ناڕەزایەتی دەربڕن. ئایا تۆی گەندەڵ و حکومەتەکەت هیچ یاسایەکت هەیە کە بەرگری لە کرێکار بکات و کرێکارانی نانبڕاوکراو هانای بۆ بەرن تا مافەکانیان لە خاوەنکار بسەنن؟ ئایا هیچ یاسایەکتان هەیە کە کرێی کرێکار بە پێی هەڵئاوسان بەرزبکاتەوە و لێپرسینەوە لە خاوەنکار بکات و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان بۆ کرێکاران بەڕەسمی بناسێ؟ لە سایەی گەندەڵی و بێدەربەستی ئێوە و ئەم لیبرالیزم و بازاڕە ئازادەی ئێوە سەپاندووتانە بەسەر کۆمەڵگەدا، هەر خاوەنکارێک بووە بە خودای کرێکارەکانی و هەرکات ویستی نانبڕاو و بێکاریان ئەکات و لوتبەرزانەش خاوەنکارەکان بە کرێکاران ئەڵێن ئەگەر ڕازی نی فەرموو بڕۆ، ئەڵێن ئەوەتە سەدان کەسی تر مەجبوورە ئیشەکەی تۆ بکات! ئێوەش سەرۆکی ئەم حکومەتە میلیشیایی و مافیاییە ئەمە ناو ئەنێن ئازادی و گوایە خاوەنکار ئازادە کار بەکێ ئەدا و کرێکاریش ئازادە ئیش بۆ کێ ئەکات!
مەسرور و سەرانی تری ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییە، هەرگیز لێپرسراوێتیان لەخۆیان پیشان نەداوە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان. مەسرور هەر لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە وتی حکومەتێکمان وەرگرتووە کە بلیۆنان دۆلار قەرزارە. ئایا کێ قەرزی کردووە، هەر خۆتان نەبوونە؟ هەرگیز پرستان بە خەڵکی کوردستان کرد کە قەرزتان بۆ چییە و چەند قەرز ئەکەن و کە قەرزیشتان کرد چیتان لێ کرد؟ ئەوە 32 ساڵە ئێوە و دەسەڵاتە میلیشیاییەکەتان کوردستان ئەدۆشن و ئەیمژن و ئەیدزن، باشە بۆ 30 بلیۆن دۆلارتان قەرز کردوە؟ ئەشتانەوێ خەڵکی کوردستان بە خاوەنی ئەم قەرزەی خۆتان بناسێنن؟ ئێستا گوایە ئەم قەرزە قازانجی چۆتە سەرو بووە بە 36 بلیۆن دۆلار!؟
مەسرور بارزانی، نەک هەر خۆی و باوکی و ئامۆزاکانی بلوێنێرن، تەنانەت کوڕەکەشی بلوێنێرە و خاوەن زانکۆ و چەندین کۆمپانیایە، بۆ قەرزەکان نادەنەوە؟ ئێوە سەرەڕای ئەوەی بۆ پەنجا ساڵ نەوتی کوردستانتان هەرزان فرۆش کردووە بە تورکیا لە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتی میلیشیایی و بەکرێگیراویتان بۆ تورکیا، ئیوە سەرەڕای ئەوەی ئەوە چەندین ساڵە سەدان هەزار بەرمیل نەوتی خەڵکی کوردستان ڕۆژانە ئەفرۆشن، بۆ ئەبێت سی و ئەوەندە بلیۆن دۆلار قەرز لەسەر خەڵکی کوردستان بێت؟
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا مەسرور ئەڵی “ئەزانم کە نقوستانی هەبووە، دەزانم کە کەموکوڕی زۆر هەبووە، بەڵام زۆر لەو شتانە خەتای ئێمە نەبووە”؟ ئەی خەتای کێ بووە؟ لەلای خەڵکی کوردستان هەمووتان قوماشی یەک تۆپن. هەمووتان لە قەفەزی تاوانکاری دادگای خەڵکی کوردستاندا ڕاوەستاون. ئێوە لەسەر بورکانی تووڕەیی خەڵک ڕاوەستاون.
ئەوە بۆچی کەس نەبوو لە نێو ئەو گوایە نووێنەرانەی خەڵکی کوردستاندا بپرسێ کە بۆچی مانگی ڕابردوو، خۆت و باوکت کە چوون بۆ ئەردەن، بۆ بەشداری شایی کوڕەکەی مەلیک عەبدوڵا، هەشت ملیۆن دۆلاری خەڵکی کوردستان دیاری دەستان بوو؟ ئایا ئەزانن کە هیچ میوانێکی تری ئەو زەماوەندە هێندەی ئێوە دەست پڕ نەبوو؟ ئێوە کە دیاری دەستان تەنها بۆ شاییەک هەشت ملیۆن دۆلار بێ، ئایا ئەبێت چەند دەیان بلیۆن دۆلار سەرمایەتان بێ کە لە خەڵکی کوردستانتان دزیوە؟
ئەوە بۆ لە نێو ئەو نووێنەرانەدا کەسێک نەبوو بڵێ تکایە ڕۆنی خۆمان مەدەنەوە لە سمێڵی خۆمان، ئەگەر ئێوە دزیمان لێ نەکەن پێویستمان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگای مرۆیی مام نییە کە دڵۆپێک لەو دەریایەی دزیوتانە بە خێر و سەدەقە بگێڕنەوە بۆمان؟
نا، مەسرور بارزانی، درۆ بەناوی خەڵکی کوردستانەوە مەکە.
خەڵکی کوردستان پاڵپشت و هاوکاری ئێوە نیین، بەڵکو لە فرسەتێک ئەگەڕێن پشتان بدەن لە زەوی و لە کۆڵی خۆیانتان بکەنەوە. ئێوە دێوەزمەی سەر سنگی خەڵکی کوردستانن.
نا، خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئێوە نەوەستاون، بەڵکو لە بەرانبەرتاندا ڕاوەستان و لە زۆرانبازیدان لە گەڵتان.
نا، خەڵکی کوردستان بڕوایان پێتان نییە، خەڵکی کوردستان ئەزانێ کە ناکرێ بڕوا بە تاڵانچی بکرێ.
نا، خەڵکی کوردستان حکومەتەکەی ئێوە بە حکومەتی خۆی نازانێ، بەڵکو بە مڵۆزم و مۆتەکەی سەر ژیانی خۆی ئەزانێ.
نا، ئێوە جێی متمانەی خەڵکی کوردستان نیین، خەڵکی کوردستان ئەزانێ کە بلوێنەها دۆلارەکانتان بەرهەمی دەست پیسی و دزی و گەندەڵییتانە.
نا، خەڵکی کوردستان ئێوەی بە خزمەتکاری خۆی قبوڵ نییە، لای خەڵکی کوردستان شوێنی ئەوانەی ڕۆژنامەنووسان زیندانی ئەکەن و نەیارانی سیاسیان تیرۆر ئەکەن، زیندانە، نەک خزمەتکاری.
تێبێنی:
ئەمەی خوارەوە لینکی دیدارەکەی مەسرور بارزانییە کە کەناڵێ کەی 24 بۆی ڕێکخستبوو لە 5/7/2023 دا:
https://www.youtube.com/watch?v=q5w1bsGIi2I
ئەمەی خوارەوە لینکی ئەو وتارەی بەندەیە کە لە 06/10/2021 دا نووسراوە، لە سەر دیدارەکەی مەسرور،
کە لە سایتی ئەمڕۆدا هەیە، لە ژێر ناونیشانی: بارزانییە بچووکەکە و شانۆگەری دیداری تاون هۆڵ.
https://www.emrro.com/barzaniyebicukeke.htm
14/07/2023