پرسی ڕۆژ/ بەڕێز ئیبراهیم عەباس ڕۆژنامونووس وەڵامی پرسی ژمارەی داوەتەوە

0

پرسی رۆژ: ١٠ ئەم مانگە چوار ساڵ بەسەر کابینەی نۆهەمی حکومەتی سێ کوچکەی” پارتی و یەکێتی و گۆڕان” دا، تێپەڕی… چۆن دەروانە ئەم خولەی کابینەی نۆهەم، ئایا ئەم کابینەیە کابینەیەکی سەرکەوتوو بوو یان شکست خواردوو؟

ئیبراهیم عەباس: پرسی هەڵسەنگاندنی کارەکانی حکومەت و کابینە یەک لەدوایەکەکان، بەتایبەت کابینەی نۆیەم، هێندەی بۆ مەتح و پیاهەڵدانی ئەوانەیە بەئاگرو زەبری چەک دەستیان بەسەر حوکمڕانیدا گرتووەو کۆی جومگەکانی ژیانی ئابووری و هەموو پنتەکانی حوکمڕانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، هێندە هەقدان و خوێندنەوەی واقعی چوارساڵی ئیدارەو حوکمڕانی هەرێم نییە، ئەو حوکمڕانیەی لە ئاستی باڵا هێندە ناتەندروستە، خەریکە سەری قەوارە سیاسیەکەی هەرێم و ئازادیی دوای داگیرکاری خەڵکی کوردستان دەخوات. هەڵسانگاندنەکەش بەوە مافی پێنادرێت، کەسانی سەر بە ماشێنی کابینەکەو فوتێکراوی سەرۆک وەزیران بڵێن، سەرۆک وەزیران سەرکەوت، رەخنەگرانی ئەم حوکمڕانیەش بڵێن، سەرۆک وەزیران و کابینەکەی شکستی هێنا. بەڵکو گەر سەیری ئەو ئاڵوگۆڕانە بکەی کە چوارساڵە لەم هەرێمە روویانداوە، کە بەشی هەرە زۆری خەڵک هەستیان پێدەکات و ناچارە پەنجەیان لەگەڵ نەرم بکات، دەزانین بەناوی حوکمڕانی و تێپەڕاندنی نۆ کابینە هەموو شتێک کرابێت، کارێک نەکراوە کە کاری مرۆڤی دەوڵەتداری بێت، یاخود بۆ ئەوە شیاوبێت مرۆڤێکی تێگەیشتوو دڵی پێی خۆش بێت. سەرۆکی ئەم کابینە، کە باوکی بەر نەفرەتی ئەمریکاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەوت، لەسەر ئەو گەمەیەی پێی دەگوترا ریفڕاندەم، لەیەکەم رۆژی سوێندخواردنی تا ئەم ساتە بەچاوی تۆڵە و خۆسەپاندن حوکمڕانی دەکات، هەر لەبەر ئەوەش دەرگای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەر کابینەکەیدا داخستووەو لەگەڵ هاوبەشە حوکمڕانەکانیشی بەهۆی فەڕزکردنی ئیرادەی خۆی، لە دڕدۆنگیدایە و بارگرانیەکی زۆریشە بەسەر ژیانی خەڵکەوە. مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ستافە ئەمنیەکەی گەورەترین هەڕەشە بوون بۆ سەر ئازادی کاری راگەیاندن و ئازادییە سیاسیەکان، بەکردەوەش ئاستی حوکمڕانی خۆیان هاوتەریبی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، کە پێشتر بەتایبەت لە دوای روخانی سەدام ئومێدێک هەبوو هەرێمی کوردستان لەرووی ئازادییەکان و دیموکراسیەوە هەنگاوێکی تەندروست بچێتە پێش، بەم هۆیەوە هەرێمەکە رووەو سەربەخۆبوونی تەواوەتی بڕوات و ببێتە ئومێدێک بۆ کوردانی پارچەکانی تر.

 ئەم کابینە بەهۆی ململانێی ئامۆزاکان، کاتێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی هەشت ئامادە نەبوو مەلەفی نەوت و کانزاکان بداتە مەسرور بارزانی، بۆ دەستخستنی داهاتی زیاتر سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆ باج و رسومات و داهاتی گومرگی لەیەک بەرامبەرەوە تا تاسەدان بەرامبەر زیاد کرد، بەندە چوار ساڵ پێش ئەمڕۆ، لەکاتی راگەیاندنی کابینەی نۆ وتم، ئەگەر نێچیرڤان بارزانی مەلەفی نەوت ڕادەستی مەسرور بارزانی نەکات، ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیان لەژێر باری باج و رسومات هێندە زیاد دەکرێت، وەکو ئەوەی لێدێت خەڵکی هەموو راهینە بن، کە بەداخەوە هەرواشی لێهات، ئەوەتا لەسایەی ئەم سیستمە دادۆشینەوە نەک کاڵاکان بێ ئەندازە گران بوون، لەگەڵیشیدا هاوشێوەی ساڵانی ئابڵوقە ئابووریەکەی سەدام، نرخەکان جێگیرنین و ناشبن. راستیتان دەوێت مۆدیلی حوکمداری کوردی، بەتایبەت لەم کابینەیەدا رێک ئەوەیە کە دوژمنانی کورد دەیانەوێت، بەهۆی ئەجێندای حزبی، بنەماڵەیی و خانەوادەیی و کەسی، ئیدارەی هەرێم ئیفلیجەو ناتوانرێت بە ئاسانیش بخرێتە خزمەتی خەڵک و هاوڵاتیان. هەوڵدان بۆ بەهێزبوونی کەسەباڵاکان لەجیاتی بەهێزی ئیدارەو دامودەزگاکان، بەهایەکی بۆ حوکمڕانی نەهێشتۆەتەوە، چونکە لە پەنایەوە حزبی چەکدارو کەسی چەکدار بەهێزو خاوەن پارەو رەفاهیەتن، خەڵکیش بێبەشکراو لە مافی ژیان و هەلی کار. سەرکەوتووبوونێک کە دەکرێت مەسرور بارزانی شانازی پێوە بکات، رادەستکردن و دۆڕاندنی مەلەفی نەوته بە بەغدا، ئەو مەلەفەی خۆی و باوکی و نێچیرڤان بارزانی لە 2013 ەوە داهاتی وڵاتیان هاوشێوەی چەتەگەراکان تاڵان کردو دوای بڕیاری دادگای ناوبژی پاریس هەر هێندە فریاکەوتن ملکەچی و گوێڕاڵی بۆ حوکمدارە شیعەکانی بەغدا بنوێن و لێرەش بچنە لای دروێنەی گوڵەگەنمی جوتیارانی کوردستان و بڵێن پاروە نانێکیشمان هەبێت سەر بۆ بەغداد دانانەوێنین!.

Leave A Reply

Your email address will not be published.