کابینەی نۆهەم کابینەی برسیکردن، تاڵانی، سەرکوت و بێمافی و کۆنەپەرستییە…بۆپێشەوە

0

١٠ی ئەم مانگە کابینەی نۆهەمی حکومەتی سێ کوچکەی”پارتی و یەکێتی و گۆڕان” و هاوبەشەئیسلامیەکانیان” تەمەنی چوار ساڵەی خۆی تێپەراند. کادر و بەرپرسان و میدیاکانی پارتی و موچەخۆرەکانی، بێ شەرمانە باسی سەرکەوتنی کابینەی نۆهەم دەکەن و سەرۆکی کابینەکەش وەکو سەرۆک وەزیرانێکی خۆراگر و سەرکەتوو دەخەنە ڕوو.

بەجیا لەوەی حكومەت خۆی چ کاریکاتۆرێک و رۆپۆشێکە بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان و هاوکات بەجیا لە بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەگەر بە خێرایی سەیری کارو کردەوەی چوار ساڵەی ئەم کابینەیە بکەین… بە سادەیی پێچەوانەی بانگەشەی پارتی و میدیاکانی دەبینین.

پێوەری سەرکەوتنی هەر کابینەیەکی حکومی یان هەر دەسەڵاتێکی سیاسی، بەوە دەپێورێک کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بەرەوە باشتر بوون چووبێت. برسێتی کەم بوبێتەوە، هەژاری و بێکاری لەوانە سلکی خوێندن و پەروەردە، تەندروستی، بەرەو باش بوون هەنگاویان نابێت. ئاسایش و ئارامی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو کارەبا و سوتەمەنی، رێگاوبان، پێداویستیەکان و سەرگەرمیەکانی لاوان زیادیان کردبێ. سێکتەرە گرنگ و بناغەیەکانی کۆمەڵگە پێشرەوی  و ئاڵوگۆری ئیجابیان بەسەردا هاتبێت. گرفتی موچە و دواکەوتنی چارەسەر بووبێت. تاڵانی و دزی سییستماتیک بەری پێگیرابێت، مافی هاوڵاتیان لە ئاستی گشتی و فەردیییدا، پارێزاو بووبن. ئازادییە سیاسیەکان، بەرین بووبێتنەوە. ئیرادەی هاوڵاتیان بەرەو سەر چوو بێت، ئومێدەواری باڵای کردبێت، ئاسۆی ئاییندەی سیاسی کۆمەڵگە بەرەو رۆشنی چووبێت.

ئەوەی کە لەدنیای واقعیدا هەموو هاوڵاتیەکی ئاسایی و هەر کەسێکی هوشیار و ئازادیخواز دەیبینێ، ئەوەیە… رادەی هەژاری و بێکاری و برسێتی زیادی کردووە. رۆژ بەرۆژ گرانی بەرەوسەر چووە. موچە لێدەبردرێت و دوادەخرێت. خزمەتگوزارییەکان نەک بەرەو وێران بوون چوون، بەڵکو ئەوانەی بە کەم کورتیش مابوونەوە هەرزان فرۆشی کەرتی تایبەتی کراون، سلکی تەندروستی وێرانەیە و بە نەخشەوە پشت گوێ خراوە تا خەستەخانە تایبەت و ئەهلیەکان قەڵەوتر ببن. بەدەیان هەزار ئینسان توانای چارەسەری نەخۆشیەکانیان سەردانی خەستەخانە تایبەت و ئەهلیەکانیان نییە. کەرتی خوێندن و پەروەردە بەتەواوی پاشەکشەی کردووە، هیشتا رێگاوبانەکان بە رێگای مەرگ ناو دەبرێن… خزمەتگوزاری زۆر سەرەتایی وەکو ئاو و کارەبا، سوتەمەنی مۆتەکەی سەر ژیانی خەڵکە… نەک ئاسایشی خۆراک و دەرمان بوونی نییە، بەڵکو لە میدیاکانی خودی دەسەڵاتەوە ئاماری هاوردەی خۆراکی ناتەندروست، دەرمانی ئیکسپایەر و بێ کوالیتی… بە بەڵگەوە دەخرێتە ڕوو. نەبوونی هەلی کار و سەختی ژیان و گوزەران، پۆل پۆل لاوان ناچار بە جێهێشتنی کوردستان دەکات، دزی و تاڵانی ئاشکرا، و بەیاسایکراو درێژەی هەیە… مافی هاوڵاتی بوون پێچراوەتە ئەندامەتی و لایەنگری حزبی و کەم کەسی سەربەخۆ دەتوانێت دەستی بەکار و دامەزراندن و کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازەتە وەزیفیەکان بگات. مافە فەردی و مەدەنیەکان بەردەوام لە ژێر هەرەشەدان و بەیاسای کۆنەپەرستانە و داعشیانە، مامەڵە دەکرین و بانگخوازە ئیسلامیەکان و سەلەفی و رەوتە سیاسیە ئیسلامیەکان، بە دەست ئاوەڵایەوە هێرش دەکەنە سەر هەموو ماف و ئازادییەکی فەردی و دەست وەردەدەنە وردو درشتی ژیانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیانەوە، هەرەشەو فتوایان بەردەوامە. ئازادی کاری سیاسی و رۆژنامەگەری بەبەردەوامی پێشێل دەکرێت و ئەم کابینەیە بووەتە رەمزو سەقافڵەی ناو هەموو کابینەکان لەدژی ئازادی و ئازادییە سیاسیەکان و سیناریۆ سازکردن بۆ چالاکوان و هەڵسوڕاوانی سیاسی، یاسا بۆ خەلکی کرێکارو زەحمەتکیش، کاراو بۆ سەرمایەدار و بەرپرسە حزبی و بنەماڵەکان، گۆج و بێ کارایە. توندوتیژی لە دژی ژنان تا کوشتاریان هێشتا بێداد دەکات و هەرەشەکەران و  بکوژانیان، دەستی لێپرسینەوەی پێ ناگات و ئەگەر کەسانیکیش دەستگیر بکرێن دواتر و بەزووی و بەپاساوی شەرەف پاریزی یانیش لە بارەگای سولحی عەشایەریدا ئازاد دەکرێن.

بەجیا لەهەموو ئەمانە، هەرێم زۆر زیاتر لە پێشوو درزی نیوان زۆنەکانی گەورەبۆتەوە، قڵشتی زۆنەکانی گەورەترە، کابینەی حکومەت، کابینەیەکی نا هاوسەنگ و لێکترازاو بوو… چەندین مانگ تیمی وەزاری زۆنی سەوز بایکۆتی حکومەتیان کرد. گرژی بەردەوامی پارتی و یەکێتی، نائارامی هاولاتیانی زیاتر کردووە. دەستێورەردانی ولاتەکان و هێرش و کردەوەی ئینسان کوژیان لە هەرێمدا بەرەو سەرچووە. تا هاتووە گوشارەکانی بەغدا بەسەر هەرێمەوە زیادی کردووە، سیاسەتی تەعریب، لە ناوچە کیشەلەسەرەکان دوبارە زیندوکراوەتەوە… ئایندەی سیاسی کوردستان نا رۆشن و لەبەردەم هێرش و هەژموونی ملهوڕانەدایە.

بۆیە دەتوانین بە سادەیی و زۆر بەکورتی بلێین کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم، نەک هەر درێژکراوەی کابینە شکستخواردەوکانی پێش خۆیەتی، بەڵکو بووە رەمزی شکستی ناو هەموو کابیەنەکان.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.