لە سەردەمی دوو کاریزماکەدا پێنج کۆمۆنیست خەڵتانی خوێن کران! … نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
لە ١٤ ی تەمووزی ٢٠٠٠دا پێنچ کۆمۆنیستی کرێکاری لە لایەن میلیشیاکانی یەکێتی نیشتمانی لە گردی عەلی ناجی شاری سلێمانی لە کاتی گفتۆگۆی نوێنەرانی هەردوولا واتە یەکێتی وکۆمۆنیست، لە بۆسەیەکی ئەو میلشیانەدا زۆر بێ بەزەیانە درانە بەردەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆبیلەکەیاندا گیانیان لەدەستدا. سەرکردەی میلێشیاکەی یەکێتی نەوشیروان موستەفا بوو کە بەکاریزماکەی بزووتنەوەی گۆڕان وباوکی هەژاران دەناسرێ لەلایەن لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیەوە، هەر لەوکاتەدا جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی بوو کە ئەم تیرۆرە ئەنجام درا، ئەویش بە کاریزمای یەکێتی و بە سەرکردەی سوڵح و ئاشتی دەناسێنرێ لە لایەن لایەنگرانی یەکێتیەوە. زۆر کات دەڵێن ئەگەر خودی نەوشیروان و جەلال تاڵەبانی زیندوو بونایە ئێستا بارودۆخی کوردستان باشتر دەبوو، بەڵام ئەم تاوانە گەورەیەی بەرانبەر ئەم کۆمۆنیستانە کراوە نموونەیەکە لە بارودۆخێک کە ئەوان سەرکردەو ڕابەڕ بوون تێدا. دەبێ چی لەوە خراپتر بێت؟ با باسی ئەمەش بخەینە لاوە ئایا لەسەردەمێکدا ئەوان سەرکردە بوون کە لەشاخ و لە شاردا بوون تاوانی زۆریان ئەنجام نەدا؟ ئایا ئەوان نەبوون چەندین کەسی خۆیان و خەڵکی تریشیان تیرۆر نەکرد؟ ئایا لەسەردەمی ئەواندا نەبوو چەندین پیلان بۆ تیرۆری نوسەر و ڕۆژنامەنووسان دانراو وهەندێکیان تیرۆر کران و هەندێ پیلانەشیان سەری نەگرت وەک پیلانەکەی بۆ فواد مەجید میسری نرایەوە لە لایەن نەوشیروان موستەفاوە؟ ئایا ئەوان نەبوون لەگەڵ عەلی حسن و مەجید وعیزەت دووری و سەدام حسین یەکتریان لە باوەش گرتوو ئەملاو ئەولایان ماچ کردن ؟ بەڵێ ئایا لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا نەبوو گەندەڵی ودزی وتاوانی ژن کوشتن هەبوو؟ ئایا لەسەردەمی ئەواندا کە سەرکردە بوون لە دەسەڵاتدا بوون، خەڵک ئاو و کارەبای هەبوو؟ هەلی کارو بیمەی بێکاری و بیمە کۆمەڵایەتیەکان هەبوون؟ چارەنوسی کوردیان یەکلایی کردەوە؟ ئازادی ڕادەربڕین هەبوو؟ نەخێر ئایا لەسەردەمی ئەواندا نەبوو هەڵەبجە تەسلیم بە جمهوری ئیسلامی کراو حکومەتە فاشیستەکەی بەغدا لە تۆڵەی ئەوەدا هەڵەبجەی کیمیا باران کرد؟ بەڵێ. بێمەوە سەر ئەو تاوانەی دەرهەق بە بە پێنج کۆمۆنیستی کرێکاری کرا لە ڕۆژی ڕووناک و لە نیوەڕۆدا غافیڵگەرانە درانە بەر گوللە و دواتریش تەرمەکانیان نەدانەوە بەکەسوکاریان و ڕێگەشیان نەدان پرسەیان بۆ دابنێن ئەم ڕەفتارە چ جیاوزایەکی هەبوو لەگەڵ ڕەفتارەکانی ڕژێمی بەعس؟ تاوانی ئەمانە ئەوە بوو لەو کاتەدا داوای نەمانی دزی وگەندەڵیان دەکرد و داوای یەکسانی ژن وپیاویان دەکرد و داوای ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرد، داوای گەڕانەوەی سامانی کۆمەڵگەیان دەکرد کە لەدەست چەتە مافیاکانی دەسەڵاتدا بوو وە دەیانویست سامانی کۆمەڵگە بۆ خودی کۆمەڵگە بێت، دەیانەویست ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستای کوردستان نەیەتە ئاراوە . بە ڕاستی ئەم جۆرە سەرکردانە تاوانبار بوون کە تاوانێکیان دەرهەق بە پێنج لاوی خوێن گەرمی هەژاران کرد.. ئایا دەکرێ بەم جۆرە سەرکردانە بووترێ کاریزماو دڵسۆزی خەڵکی کوردستان ؟ نەخێر هەرگیز ئایا دەکرێ بە کەسێکی وەک جەلال تاڵەبانی بووترێ پیاوی سوڵح وئاشتی وئازادی وتەبایی یا بە نەوشیروان بووترێ باوکی هەژاران؟ نەخێر وهەرگیز نەخێر، لە کۆمەلگەیەکەدا دادپەروەری و یاسا هەبێ ئەبێ ئەم جۆرە کەسانە دادگایی بکرێن ولە زینداندا بن نەک بە کاریزما بناسێنرێن.