لە ٢٣ هەمین ساڵیادی تیرۆری کۆمۆنیستەکاندا… تۆمەتباران و دەسەڵاتەکەیان لە سەرەی ڕاماڵیندان!

0

١٤ ی ئەم مانگە ٢٣ ساڵ تیپەر دەبێت، بەسەر یەکێکی تر لە تاوانەکانی یەکێتی نیشتیمانی بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و رێکخراوە جەماوەرییە نزیکەکانی ئەو حزبە.

١٤/٧/٢٠٠٠ هێزێکی زۆری چەکداری یەکێتی نیشتیمانی بە بریاری سەرکردایەتی ئەو کاتەی یەکێتی و بەدیاریکراوی بە سەرپەرشتی نەوشیراون مستەفا، هێرشێکی نابەرابەر و درندانە دەکەنە سەر نوسینگەکانی رابەری و سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و نوسینگەی رێکخراوە جەماوەرییەکانیان، لەوانە ریکخراوەی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پاریزگاری لە ژنان، سەنتەری بەرگری لە منالان و نوسینگەی سەنتەری مامۆستایان و سەیارەیەکیش کە بۆ کرینی شت و مەک لەبازار دەگەرایەوە، لە ئاکامی ئەم هێرشەدا چەند کەسێک لە پاسەوانەکانی نوسینگەی رابەری و چەند کەسیکیش کەلەناو سەیارەکەدا بوون گیان لەدەست دەدەن.

ئەم هێرشە چەکدارییەی یەکێتی، لە ١٤ حەوتدا روویدا، بەڵام ئامادەکارییەکانی و نەخشەکەی لە چەند مانگ و رۆژ پێشترەوە دەستی پێکردبوو. پاساوی یەکێتی بۆ ئەم هێرشە چەکداری و دڕندانەیەی بردنە دەرەوەی بارەگای چەکداری حزبەکان بوو، لەکاتێکدا ئەم حزبە هێزی چەکداری نەبوو، جگە لە چەند پاسەوانێکی نوسینگە و کادرە رابەرایەکانی… وە ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەموو حزبەکانی تری کوردستان وخودی یەكیتی و بەرپرسەکانیان، بە هەزاران بارەگای حزبی و بنکەیان هەبوو، کە زوربەی هەرەزۆریان بەدەیان و سەدان چەکدار پاسەوانیان دەکرا و سیمای شاریان میلیتاریزە کردبوو. کەچی ئەم پاساوە پوچەیان بەدەستەوە گرت لەپێناو بەرگرتن لە هەژموونی سیاسی خۆیان و جێبەجێکردنی راسپاردەی بەعس و جمهوری ئیسلامی ئیران.

یەکێتی پێشتر و بە ئاشکرا لە رێگای دادگاوە، حزبی کۆمۆنیستی کریکاری تۆمەتبار کردبوو بەوەی…خواستی ریفراندۆم و سەربەخۆی بەدەستەوە گرتووە، بەرگری لە یەکسانی ژن و پیاو  و ئاوارە عەرەبەکان دەکات، واتە یەکێتی پێش هەموو شتێک نیگەرانی حزوری سیاسی و ڕیگاچارەکانی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری و سیاسەتەکانی بوو، کە تا رادەیەکی بەرجەستە خەڵکی بەرگری لەو سیاسەت و رێگاچارانە دەکرد، هەروەها چ بەرپرسانی بەعس و چ بەرپرسانی ئیران، بوونی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و سیاسەتەکانی ئەو حزبەیان بەدژی خۆیان دەزانی، بۆیە یەکێتیان راسپاردبوو کە ئەو حزبەو چالاکیەکانی یاساغ بکەن. لەو چوارچێوەیەدا ئەم هێرشە چەکدارییە کرایە سەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و ئەم خوێنرێژییەیان لەناو جەرگەی شار و بەرۆژی روناک ئەنجامدا، بەو کارەش ویستیان خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکەن و نەیارانی دەسەڵاتیان بێدەنگ بکەن. هاوکات بە گرتنەبەری نەریتی بەعس بە دەست بەسەراگرتنی تەرمەکان و ڕێگەگرتن لە کەس و کاریان تا پرسە بۆ ئازیزانیان دابنین و بەشەو ژێر خاک خستنی بە کۆمەڵیان بەدوور لەچاوی کەس و کارو هاوڕی و ئازیزانیان، پەیامی درێژەدان بە نەرییی بەعسیان نیشانی خەڵکی کوردستان دایەوە.

ئەم هێرشە بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی و رێکخراوە جەماوەرییەکانی نزیکی، بەجیا لەو دەستە قوربانییە، هاوکات بووە هۆی ئەوەی ژنانێک کە لەسەنتەری ژنان پاریزاو بوون بکەونە بەردەم هەرەشەو قەسابی کردن و بێ پشت و پەنا مانەوە. وە مناڵانێک کە لەسەنتەر بوون، بێ خانە کران. هەروەها حزب و کادر و ئەندامانی ریگەی کار وهەڵسوارانی سیاسییان لێ یاساغ کراو، نوسینگەکانی تاڵانکران.

سەرکردایەتی یەکێتی، کە هیچ ئەزمونێکیان لە دڕندەکانی پێش خۆیان و هاو نەریتان وەرنەگرتبوو، ویستیان بە ڕیگەی زەبرو زەنگ و هێرشی چەکداری، و نۆکەر پیشەیی خواستی سیاسی رەوا قەسابی بکەن… بەڵام نەک ئەم خەونەیان پوچ دەرچوو، نەک خواستی ئازادی و نە بەرگری لەخەڵکی بێخانەو لانەو بڕیاری ئازادانەی خەڵکی کوردستان، بە بە‌هێزی خۆی ماوەتەوە، بەڵکو هاوکات ئاکامی ئەم سیاسەتە دژە ئازادی و ئینسانیەیان، بەوە گەیشتووە، کە خەڵکی کوردستان خواستی راماڵینی ئەم جەنابانەو ئەزموون و دەسەڵاتەکەیانی کردوۆتە قیبلەنوومای دەست راگەیشتن بە ژیانێکی باشتر… ئێستا ئەوانیش وەکو هەموو هیزە درندەو دژە ئینسانیەکان، لە لیستی راماڵیندان و بێگومانیش لەگەڵ ڕاماڵینیان، سەرانیان لە سزای تاوانەکانیان دەرباز نابن و دەستی لێپرسینەوەی یاسایی و بە سزا گەیاندنی تۆمەتبارانیان، بەهەموو تۆمەتباران و نەخشە دارێژەکانی دەگات و ئەوانەشی پێش دادگەیی مردوون، بەشێکن لەوانەی سزاکانیان بە کۆمەڵگە رادەگەیەنرێت.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.