لە پەراوێزی تیرۆری خواناسدا بۆچی ئیسلامی و سەلەفیەکان دەست لە فتوا و هەڕەشە هەڵناگرن؟… عەبدوڵا مەحمود
زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئیسلامی سیاسی لە ئامێزی گەرمی بزوتنەوەی کوردیەتیدا، ئامادەیی هەیە. لق و باڵەکانی گوتاری ئیسلامی سیاسی، لە حزب و رێکخراوە سیاسیەکانەوە تا دەگاتە سەلەفیەکان و مەلا و بانگخوازەکان و وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم… نەک هەر بە ئازادی کاری سیاسی خۆیان کردووە، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە فەرشی سوریان بۆ ڕاخراوەو هاوکاری کراون. لەلایەن وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەوە یارمەتی بەردەوام دراون، وەکو دەوترێت ٦٥٠٠ مزگەوت لە هەریمدا هەن و لە ٣٧٠٠ مزگەوتدا وتاری هەینی لەلایەن بانگخواز و مەلا و خەتیب و پیاوانی ئیسلامی دەخوێنرێنەوە. مەلاکان و پیاوانی دینی سەران و کادرانی حزبە ئیسلامیەکان کەڵک لە سۆشیال میدیا وەردەگرن و بەجۆرەی دەخوازن پەیامی ئیسلام و رەوتەکانیان رادەگەیەنن، ئەوە بەجیا لەوەی خێر و سەدەقە دەبەخشنەوە، هەتیوانە!! دابەش دەکەن، مەراسیمی سەرپۆشین وەڕیدەخەن، خولی قورعان خوێندن، دەکەنەوە. مناڵان بانگهێشتی خولی جۆراو جۆر دەکەن، چەند مەلاو بانگخوازێکیان بەبەردەوامی هەڕەشە دەکەن و فتوا دەبەخشنەوە، سوکایەتی و بێ رێزی بە ژن و مناڵ، بە نووسەر و شاعیری مۆدیرن و بەهەموو ماف و سیمایەکی مەدەنی و فەردی دەکەن، وە دەست وەردەدەنە ورد و درشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری و تایبەتی و فەردی و زانستی و هونەری و ئەدەبی و بەرووی هەموو داهێنان و پێشکەوتنخوازییەکدا دەوەستنەوە. حەڵاڵ و حەرام لەسەر مەساسەخواردن و دۆندرمە خواردن و مناڵ بوون و جل و بەرگ پۆشین و سواری تەکسی بوون و … دادەنێن. وەزارەتی ئەوقاف وەکو بەشیک لەو رەهەندە ئیسلامیە دەیان و سەدان فتوای لەسەر مەسەلەی زۆر تایبەتی دەرکردووە. بەشیکی زۆری ئەم رەوتە ئیسلامی و سەلەفیانە لە دەسەڵاتدا بەشداربوون و لەم جێگایەشدا هێندەی بۆیان کرابێت، لەدژی هەر پرس و مەسەلەیەک وەستانەوتەوە، کە ناکۆک بە باوەڕی دینداری و ئایدۆلۆژیان کرابێت. بێ شەرمانە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ داعش راگەیاندووە، بەشێکیان سوێند بەسەری ئەردۆغان دەخۆن. حزبە دەسەڵات بەدەستەکان و سەرانیان مانگانە لە قوت و داهاتی خەڵکی کوردستان کلور کلور داهات دەکەن بە گەروی پڕ نەبووی ئیسلامی و سەلەفی و وەزارەتی ئەوقافدا… بەشێک لە نووسەرو رۆژنامەنووسی نوخبەی ناسیونالیستی کورد بە پاساوی بەرگری لە ئازادی و ئازادی کاری سیاسی و هەڵبژاردنی بیروباوەڕ، پشتیوانی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە رەوتە سیاسیە ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان و فتواچییەکان دەکەن… ئەمە دیوێک و واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگری ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان و کارنامەو نەخشی ناسیونالیزمی کوردو پاساو چیەکانیەتی لە هەرێمی کوردستاندا. کەچی ئەو لەشکرە لە ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخواز و نووسەری بۆینباغ لە ملی فەیکی خۆ هەڵواسیو بە عەلمانیەت و دەسەڵاتی سیاسی پشتیان، لەگەڵ واقعیەتیکی پێچەوانەی ویست و خەونەکانیان بەرەوڕوون.
ئەو لەشکرە موچەخۆرە، حزبی و ناحزبییەی ئیسلامی و سەلەفیە لە کوردستاندا، بە پشتیوانی نووسەر و رۆژنامەنووسی فەیک و مۆڵەتپێدراو و بەنرخی رۆژ نانخۆر و دەسەڵاتی سیاسی پشتیان، ناکامن لەوەی کۆمەڵگەی کوردستان لە رەوتی کرانەوە و وێڵ بەدوای زانست و زانیاری و پێشکەوتن و داهێنان و رابگرن و دەستەمۆی ئەقڵی مۆمیاکراو بەستویان بکەن.
دیمەنی نەریت و رەفتار و شێوازی ژیانی زوربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان بە باوەردارەکانیشەوە، نامۆیە بە رەفتار و نەریت و شیوەژیانی نامۆی ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان… پەیڕەوی کردن لە نەریت و شیوازەکانی ئیسلامی و داعشی و ئیخوانی، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و گشتیدا، هێندە کەم و نامۆ و ناچیزە، بە ئاسانی دەناسرێتەوە.
روانینێک بە بازار و مۆڵەکاندا، بە شوێنی کار و ناوەندە خزمەتگوازری و بەرهەم هێنەکاندا، بە هۆڵە وەرزشی و مەلەوانگە و هۆڵەکانی هونەرو مۆسیقاو شانۆ سینەماکاندا، بە گەشتی رۆژانی هەینی و دوای نیوەرۆیانددا، بە سەفەر و ناوچە گەشتیارەیەکاندا، بە جل و بەرگ پۆشین و ستایلی لاوانی کچ وکوڕدا، بە مامەڵەی ئینسانی نیوان خێزان و هاوسێ و هاوشاریاندا، بە زانکۆ و قوتابخانەکاندا، بەهۆلەکانی هونەر و ئاهەنگەکاندا، بە وەرزش و پێشوازی لە بۆنە جیهانی و گشتیەکاندا، بەوانەشەوە کە لەبنەرەتدا مۆرک و باگراوندی دینی و مەزهەبیان هەیە، وەکو سەری ساڵەکان جەژنەکان… با سادەیی دەبینین، کە رەوتی مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستان سەرەرای ئەو هەموو هێرشەی دەکرێتە سەری، نەک هەر بە قامەتی خۆی وەستاوە، بەڵکو هیشتا بەتەواوەتی مەودای لەگەڵ نەریت و شیوە ژیانی ئیسلامی و سەلەفی و دواکەوتوویی هەیە کە کەمایەتیەکی ئیکجار کەمی کۆمەڵگە و ناجێگیر و راگوزەرە. نیگەرانی ئیسلامی و سەلەفیەکان ریشەی لەو واقعیەتدایە. بەو هەموو هیرشەی مەلاو ئیسلام و بانگخواز و سەلەفی رۆژانە دەیکەنە سەر ژنان و مافەکانیان و خوێندن و چوونەدەرەوە و کارکردنیادا، بەڵام شەپۆلی روو هێنانی ژنان بۆ بواری ئابوری و وکارکردن، بۆ مەیدانەکانی هونەر و مۆسیقاو رووی لە زیادبوونە…
بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی کە جار جار دەوترێت کوردستان دەبێت بە “ئەفغانستان” یان ئیسلامیەکان کۆنترۆڵیان کردووە، راستی ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردستان بە مانای وشە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و وێلی ئازادییەو لە بەرامبەردا جەنگی ئاشتی هەڵنەگری بە کردەوە لەدژی کۆنەپەرستی و ئیسلامی و سەلەفییەکان، بەرز راگرتووە. بەرەی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە نیگەرانی ئەو واقعیەتەیە. دیمەنی هوها کیشانی چەند لاوێکی قوربانی بانگەشەی چەند مەلایەک لە کچێک بە کۆمەڵگە نامۆیە… بەڵام پیشوازی ملیۆنان کەس لە بۆنەکانی سەری ساڵ، شێوازی سادە و جێکەوتووی ژیانی لاوانی کوڕ و کچی کوردستانە. بانگەشەی چەند مەلاو سەلەفیەک کە بەپەنجەکانی دەست دەژمێردرێن، بۆ حەرام بوونی سەیرکردنی یارییە وەرزشیەکان، بە کۆمەڵگە نامۆیە، بەڵام کۆبونەوە و پیشوازی لەزەت کردنی ملیۆنی لە یارییەکانی مۆندیال و دەوراتەکان، هەم لمۆز شکاندنی مەلاو سەلەفیەکان و هەم نیشانەی رام نەبوونی کۆمەڵگەیە بە بانگەشەی پوچی حەرامی رەوتی نامۆی کۆنەپەرستی کەمایەتیەکی کەم بە کۆمەڵگە. ئیسکانی هەولیر و سەهۆڵەی سلێمانی و لەهەر بۆنەیەکی دیاریکراوی سادەدا، نامۆیی گۆشە بە گۆشەی کۆمەڵگەی کوردستان بەروی فتوای حەلال و حەرام و کۆنەپەرستیدا دەخاتە ڕوو… لەکاتێکدا قەرەبالغی هیچ مزگەوتێک دەربڕی پابەندبوونی هاوڵاتیان بەو مەلا و بانگخوازەوە نییە، کە خەریکە ژەهری دژە ژن و دژە ئازادی و مافەکانی ئینسان دەرێژێت و درۆی ئەوە دەرخواردی خەڵک دەدات کە پەیامبەری ئیسلام نیوان پەنجەکانی بۆتە شەلالی ئاو و لەشکرێکی چەند هەزار کەسی ئیسلامی لە جەنگدا تێر ئاو کردووە!!.
خۆ ئەگەر لەوانەش بگوزەرێین، تەماشای رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بکەین، لە بزوتنەوەی ئیسلامیەوە بۆ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی ئیخوانی و ئەردۆغانی… ئەوا دیسان نیشانی دەدات کە ئەم رەوتانە بەو هەموو کۆمەك و ئەو هەموو بوارەی بۆیان کراوەتەوە، بە چەندین دەهە لە کوردستاندا، هیشتا روویان لە لێژییەو و لە کایەی قەڵەمرەوی سیاسی و کایەی هەڵبژادنەکاندا، خەڵکی رەتیان دەکاتەوە و جگە لە ژمارەیەک دەنگی ناچیزی موچەخۆر و کادر و ئەندام و ژمارەیەکی کەم کە لە ژاوەژاوی بەردەوامدا بوونەتە قوربانی کەسی تر دەنگیان پینادات و دوای بانگەشە ئیسلامییەکانیان ناکەوێت.
ئیسلامیەکان و سەلەفیەکانی پشتیان بە پێچەوانەی پوچی بۆچوونی هەندێک نووسەر و قەڵەم بەدەبەستی لەرزۆک و ترساو لە ئازادی، هەرگیز کیشەی ئەوەیان نەبووە رێگەی ئازادی بەیان و بۆچوون و هەڵسورانیان لێگیرابێت. بەپێچەوانەوە ئەوان نەک تەنها مینبەری مزگەوتەکان، بەڵکو هۆڵەکان بۆ خولەکانیان، تەلەفزیۆن و میدیاکانیان، قاعە بۆ کۆڕو سمیناراتیان و دەوراتی پیشبرکێیان، تا دەگات بە ئازاد ئازاد لەوەی دەیانەوێت بیلێن و بیکەن و ئەنجامی بدەن، بۆیان ئاوەڵا بووە. لەوەش زیاتر لەلایەن دەسەڵاتەوە دەرگایان بۆخراوەتە سەرپشت و لەسەر فەرشی سور پیشوازی دەکرێن و داهات دەکرێت بە گەرویاندا… ئەوەی رێگەی لێگیراوە عەلمانیەکان، نووسەرانی ئازادیخواز و چەپ و کۆمۆنیست و هونەرمەند و کەسایەتی ئازاو ئازاد و داهینەر بوون و هەر ئەوانەش لەلایەن کۆنەپەرستان و سەلەفی و ئیسلامیەکانەوە هەرەشە و سوکایەتی و فتوایان دراوە… ئازادی ئەو کاتە مانای هەیە، بخرێتە بەردەستی نەیارانی دەسەلات و کۆمەڵگە، نەک بۆ نوخبە و دەسەڵات کە کیشەی ئازادی و مینبەر بەروو داخستنیان نییە، بەڵکو بەدەست خۆیانەوەیە. وە هەرگیزیش رووی نەداوە ئاتەئیستێک، چەپ و کۆمۆنیست و پیشکەوتنخوازو داهینەرێک … هەرەشە یان فتوای لە دژی نەیارێکی خۆی کردبێت.
بەکورتی ئەوەی وای دەکات هەمیشە ئیسلامی و سەلەفی و رەوتە سیاسیەکان، هەرەشە بکەن، سوکایەتی و بێرێزی بکەن، فتوا بدەن، دەست وەربدەنە وردو درشتی پرس و مەسەلەکانی کۆمەڵگە و ژیانی تایبەتی و فەردی ئینسانەکان و… ناکامیانە لە بەرامبەر مەدەنیەتی کۆمەڵگەی کوردستاندا. کوشتنی خواناس وریا، گۆشەیەکی تر لە دارمانی ئیسلامی سەلەفیەکان دەخاتە ڕوو… نیشانەی داماوی و رەزیلییەو نەک ناتوانێت، خولیای ئازادی و داهینان و پیشکەوتنخوازی بپێکێت، بەڵکو تەنها بەرهەمی شکستی ئابڕوبەرانەتر دەبێت… هەموو ئەوانەش بەهەر هۆکارێک پاساو بۆ کوشتنی خواناس دەهێنەوە، پێ بزانن یان نەزانن لە پشتی ئەم ئینسانکوژی و ئازاد کوژەیەوەن….