دەمە تەقێ…گفتوگۆیەکە، لە نێوان هونەرمەند کاوان قادر و وریای رەسام

0

وریای ڕەسام: ئەو پێوانەیە چی یە کە بتوانین بە کەسێک بڵێین هونەرمەندی جیهانی؟

کاوان قادر: هەرچەندە ئەمە ئاڕگیومەنتێکی زۆر قوڵە و دەکرێ سیمیناریش هەڵبگرێت، تا ئەو جێگەیەی پێم وایە ئەمە لە ڕوانگەو ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە وەڵامی جیاوازیش لەخۆ دەگرێت، منیش لە ڕوانگەو بیرکردنەوەی خۆمەوە ئەمەوێت وەڵامت بدەمەوە.

من لام وایە هەموومان دەربڕینی جیهانی بوونمان بە پۆزەتیف بوون وەرگرتوە بۆیە ئەگەر جیهانی بوون بکرێ بە پاشگری هەریەک لە ئێمە، بێگومان شانازی پێوە دەکەین، واتە لەو شوێنەوە کە ئەم جیهانی بوونە بۆتە پاشگری شتومەک و تەنانەت ئینسانەکان، جیهانی بوون بە مانای شکۆدار بوون دێت،  بەڵام ئایا پێوانەکە چی یە؟

من مەبەستم ئەوە نییە هەموو کەس لە قاڵبی بیرکردنەوە خۆمدا بگونجێنم، بۆ نمونە یاری زانێکی عالەمی واتە نمونەی باشترین یاریکەر توانایەکی بەرزتر لەوانی تری تێدایە، مومارەسەکردن و بەهرەو ئارەزووییەکی زۆری بۆ یاری کردن بەو ئاستەی گەیاندووە لە جیهاندا بناسرێت و خەڵکی بەگشتی کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بە سەیرکردن دەبەنە سەر، دەتوانیت بڵێیت شتێکی تەفریحی یەو دورە لە مەسەلەی سیاسەت پرسیارەکەی تۆ لەم بەشەدا نییە.

 گرێیەکە لێرەوەیە با وای دابنێین جیهانی بوون بەمانای داهێنان و تازەگەری یە، لە سوننەتدا سیفەتی جیهانی بوون بەرهەمی کارێک بووە بەشەر لەژێر سایەیدا حەسابێتەوە یان ژیانی پێ گۆڕابێت، کەیتە کۆڵویتز (Käthe Kollwitz) هونەرمەندی سۆشیالیست و دژی نازییەت کە بە کارە هونەرییەکانی ئێش و ئازارەکانی ئەو چینەی بەیان دەکرد لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت خەڵکانی برسی و قوربانیانی شەڕ بە هونەرمەندی خۆیانی دەزانن. گیۆرنیکا ئەو تابلۆ بەهێزەی فڕانسیسکۆ پیکاسۆ (Pablo Picasso) کە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دژی شەر نەخشاندویەتی، جەنگ ڕیسوادەکات، تابلۆی ئایاری ٣ کە فڕانسیسکۆ گۆیا (fransisco goya) وێنەی سەربازەکانی ناپلیۆن دەکێشێ کە چۆن لە داگیرکاریەکانیدا تاوان ئەخوڵقێنێ، ئەمانەو هەزاران نمونەی لەو شێوەیە دەتوانیت بە بەشێک لەو پێوانەیە وەریبگرین کە کاری ئینسانی ئەو شکۆیەمان پێ ببەخشێ و بە جیهانی بوون بناسرێتەوە.

کەواتە جیهانی بوون بەشداری بوونە لە خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە، بەشداربوونە لە بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگە، داهێنانە، حەق بێژی یە، عەدالەتخوزی یە، قوربانیدان و شۆڕشگێڕ بوونە، خۆ نەویستی وسادەییە، دەبێت کۆمەڵگە بە سیفەتێکی باش بتناسێتەوە.

ئاوا نی یە کە لە گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا یان لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆت پەیکەرێک دروست بکەیت یاخود لە وڵاتێکی دورە دەست پێشانگەیەک بکەیتەوە ئیتر ببیت بە هونەرمەندی جیهانی یان خۆت بە هونەرمەندی جیهانی بناسێنیت، ڕاستی یەکەی ئەوەیە سەرەتاییترین پڕانسیپ بۆ ئەو مەسەلەیە کە خەڵکی بە کارەکانت ئەو نۆبڵەت پێ ببەخشێت نەوەک خۆت.

  لەلایەکی ترەوە جیهانی بوون دەرکەوتن لە چاوی کامێرەو ئیعلامەوە مەرجی جیهانی بوون نی یە.   لەمڕۆی نیزامی سەرمایەداریدا زۆر فیگۆر و شەخسییەت هەن لە جیهاندا ناسراون ودەرکەوتوون بەهۆی حساب بانقەکانیانەوە، یاخود بەهۆی حزبێکی سیاسییەوە، هەرچەندە ململانێ و مونافەسەی بازاڕ هەر ڕۆژەی دەم وچاوێک هەڵئەتۆقێ و دەیخاتە بازاڕەوەو مەشهوری دەکات، لە جیهانیشدا کەم کەس هەیە ناویانی نەبیستبێت،

نیزامی سەرمایەداری ماناو مەفهومی زۆر شتی گۆڕیوە، خەریکە مانای ڕاستەقینەی جیهانی بوونمان بیر دەباتەوە، خەریکین ببینە بەشێک لەو عەقڵییەتە لەو ئینحرافەی کراوەتە بەر هەڵسەنگاندنی  ئینسانییەت، ئەم نیزامە دەیەوێت پێمان بڵێت هەتا کۆشکەکەت بەرزتر بێت نرخت بەرز ترە، دەیەوێت پێمان بڵێت گرینگ نی یە چەند زەحمەتکێشیت یان بەهرەمەندیت گرینگ ئەوەیە چەند لە حسابەکەتدا هەیە، زانکۆی هارڤەرد (Harvard University) کە یەکێکە لەو زانکۆیانەی لە زانستدا لە لوتکەدایە بەڵام کاتێ (کیم کارداشیان) سەردانی دەکات بەڕێوەبەری زانکۆکە کورسییەکەی خۆی بۆ چۆڵ دەکات ئەمە وەک مەتەڵێک وایە نەک لەبەر ئاستی زانستی کیم، بەڵکو لەبەر دەوڵەمەند بوون وسەرمایەکەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە شوهرەت ناوبانگی شەخسی و ئیمکانات کەی بۆتە پێوانەی شکۆداربوون؟ کەی گرێ کوێرەی ژیانی ئینسانی کردۆتەوە؟ شکۆدار بوون بۆ ئەو کەسانەیە کە گۆشە تاریکەکانی ژیانی بەشەرییەت ڕوناک دەکاتەوە، کارەساتەکانی پشتی دیوار ئاشکرا دەکات نەک پێچەوانەکەی.

ناوبانگێک و نۆبڵێک، بێ گومان ئەم قسەیەم بۆ ئەو کەسانەیە کە بەدوای ناوو ناوبانگییەوەن، هەروەک وتم لەمڕۆی نیزامی سەرمایەداریدا هیچ سەخت نییە چاوی کامێرکان بچنە سەرت تەنانەت تاوانێکیش بکەیت هەر چاوی کامێرە دەچێتە سەرت و ناوەکەی جیهانی ی ئەبێتەوە، بەڵام ئایا کێ دەتوانی ئەو پۆستەی هەبێت؟ کارەساتەکە ئەوەیە کە نەزانی هیچ نازانیت….

Leave A Reply

Your email address will not be published.