عەلی حەمە ساڵح لە کاردانەوەیەکدا… گۆشەیەکی تر لە دزی و تاڵانی زەوی ئاشکرا دەکات، بەڵام…

0

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پیشووی پەرلەمانی کوردستان، جارێکی تر پەردە لەسەر چەند دۆسیەیەکی تایبەت بەزەوی و بەنایاسای تاپۆکردنیان لە شوێنە باشەکانی هەولێر، لادەدات. بەتایبەتیش بەخشینی ئەو زەویانە و تاپۆکردنیان بۆشێوەی نایاسایی بۆ بەرپرسە باڵاکانی عێراق و کەسوکارو نزیکەکانیان.

عەلی دەڵێت: یەکێک لەو کەسانەی کە زەوی پێدراوە کوڕی نوری مالیکییە، کە بەهای ئەو زەویەی پێی دراوە بایی ٧٠٠ هەزار دۆلارە… هەروەها باسی هونەرمەند جەمشید دەکات کە زەوی پێدراوە کە بەهاکەی ١٥ ملیۆن دۆلارە…لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت “نزار حەنا، کە مەسیحیەکی عەرەبی واجیهەیە، یەک ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی وەرگرتوە لە دریم ستی، پرۆژەی دروستنەکرد، بە بێ ئەوەی پرۆژەی تێدا بکات، مەتر مەتر زەویەکەی فرۆشت بایی 720 ملیۆن دۆلار”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ئەی بۆ زەویەکەی پشتی ماڵی سەرۆکی هەرێم هەتا ڕێگای بەحرکە، بەپانی نێوانی شەقامی 100 مەتری 120 مەتریە، دەڵێن چی؟ 13 ملیۆن مەترە، بەهاکەی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلارە، 500 هەزار دەفتەر، ئێستا نافورەی دەستکرد و دەریاچەی دەستکردی تێدا دەکەن و نیوەی هەولێریش بێ ئاوە، زۆر باش دەزانین لە ئەسڵدا هی کێیە، هەر نەڵێن، نایابترین گەورەترین زەوی هەولێر دراوە بەکێ”.

ئاشکراشیکردوە، “ئەی بە 612 دۆنم زەیەکەی پاڤیلۆن دەڵێن چی، بەهاکەی ملیارێک 612 ملیۆن دۆلارە، (161 هەزار دەفتەر)، باش دەزانین ئەمیش درا بەکێ، ئەی بە 200 دۆنمەکەی بەرامبەر هۆتێل ڕۆتانا دەڵێن چی! بەنایاسایی تاپۆکرا بەهاکەی 700 ملیۆن دۆلارە، (70 هەزار دەفتەر) دەکات”.

عەلی حەمەساڵح لەبارەی زەوی کچەکەی مەشعان جبوریەوە باسی لەوەکردوە، “بۆ زەوی کچەکەی مەشعان جبوری، خۆی لە چەندین شوێن وەک خاوەنی ئەم پرۆژە خۆی دەرخستوە، ئێستاش دەڵێن، جێبەجێکاری پرۆژەکەیە”.

ئەوەشیخستۆتەڕو، باسی خاوەنداری ئەسڵی سەڵاحەددین و ستێرو لاناس و لالاڤ و دارین و دابین و بانکی کوردستان و  RT بانک، هتد بکەن…

دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە عەلی حەمە ساڵح و کەسانی تر دۆسیەی دزی و تاڵانی و بە نایاسایی تەخشان و پەخشان کردنی زەوی دەخەنە ڕوو… نەک تەنها لە بواری زەوی و زاردا, بەڵکو لە هەموو زەمینەو لایەنێکدا، دزی و تاڵانی بەجۆرێکە بۆتە ناسنامەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و بنەماڵە دەستڕۆشتوەکانیان لە سەراسەری کوردستاندا. بەڵام ئەوەی عەلی حەمە ساڵح و هاوپیشەکانی دانی پیانانێن… ئەو دزییە بە یاسایکراوەیە، کە خۆیانی کردۆتە ملیۆنێر و ژیانی شاهانەی پێ بەخشیون… موچەی ئەندام پەرلەمان و ئیمتیازاتەکانی، موچەی خانەنشێنی، موچەی وەزیر و راوێژکارەکان و بەڕیوەبەرە گشتیەکان و خانەنشینانیان، کەچی ئامادەنەبوون لە پەرلەمانە بێ کارەکەیاندا، موچەی کرێکاران و کارمەندان و کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان زیاد بکرێت بۆ ٤٠٠ هەزار دینار، کە هێشتا لەچاو موچەی ئەندام و پەرلەمان و وەزیر و گریزەکان، هێندە ناچیزە…. کەخۆیان زۆر زیاتر دەدەن بە مناڵەکانیان… بۆیە خستنە ڕووی ئەم دۆسیانە لەلایەن عەلی حەمە ساڵح و هاوکارەکانی هیچی تازە ناخاتە بەردەم جەماوەری نەداری کوردستان، کە خۆیان رۆژانە دەیبین و دەیزانن. هاوکات ئەوان بەخستنە رووی ئەم دۆسیانە ناتوانن شانی خۆیان لە راستیە خاڵی بکەنەوە کەخۆیان لەژێر سایەی هەر ئەو دەسەڵات و پەرلەمانەدا، هەڵتۆقیون و لەقوتی خەڵکی کوردستان مانگانە چەند ملیۆن دینار وەردەگرن. جێگای خۆیەتی لە عەلی حەمە ساڵح و هاوکارەکانی بپرسین… ئاماری ئەو پارەیەی تا ئیستا وەرتان گرتووە چەندە؟ ئەمەش بخەنە ڕوو، بێ گومان ئەویش دزییە بە ئیمزای خۆتان بڕیاری لێدراوە…

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.