شەڕی چەکداری لەناو ژیانی خەڵکدا لە ئیفلاسی سیاسیەوە!… نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
ژیانی خەڵک و ژینگەی کۆمەڵگە هەمیشە پێویستی بە هەبوونی ئارامی و نوێ بوونەوەیە. هەر کاتێک ئارامی تێکچوو بەشەکانی تری ژیانیش لەبەریەکتری دەترازێت و خەم وناخۆشی جێگەی ئارامی دەگرێتەوە.
ڕژێمە سەرکوتگەرو فاشییەکان هەمیشە ئارامێکیان دەوێت کە ملکەچی وچەمانەوەی باڵایی تێدا گەشەبکات لەکۆمەڵگەدا، ئەمەش بەئامانجی زاڵبوونی بیروباوەڕو فکری چەوسێنەرانەیان هەرچی جیاوازییە فکری و دینی و ڕەخنەیەکان بەپێی یاسایی خۆیان ڕەت دەکەنەوە، دواتر بەتوندترین شێوە لەشێوەی زیندانیکردن و کوشتن لەسێدارەدان مامەڵە لەگەڵ بۆچوونە ڕەخنەیی و فکرە جیاوازەکاندا دەکەن.
خودی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەش لەئەنجامی ئیفلاسی بیرکردنەوە و سیاسی و فکرییانەوەیە لەبەرئەوەی نەک تەنها توانایی ڕوبەڕوو بوونەوەی نوێگەری و گەشەی ئازادییەکانیان نییە، بەڵکو خودی فکروبۆچوونی باڵایی بەزۆر سەپێندراوییان هەر لەسەرەتاوە دژی سەرجەم بەشەکانی نوێ بوونەوەی و ئازادی و ڕەخنە جیاوازەکان بەرهەم هاتووە، هەرئەمەش وای کردووە هەمیشە شکۆی مرۆڤایەتی وئازادییەکان تێکدەشکێنن هەتا بۆیان بکرێت دڵڕەقانە و دڕندانە ڕوبەڕوویی جیاوازییە فکری و دینی وڕەخنەییەکان و بۆچوونە جیاوازەکان دەبنەوە.
ئەم هەڵسوکەتە و ڕەوشتە کردارییە دژە ئینسانییانە بێ ڕوحمانە لەژێر سایەی سەرجەم ڕژێمە سەرکوتگەرو چەوسێنەرەکاندا درێژەی پێدەدرێت بەدرێژایی هەبوونی دەسەڵاتیان لەکۆمەڵگەدا.
لەژێر تێڕوانینی ئەم قبوڵکردنە ڕەهایەدا کە ناوی دەندرێت پاراستنی پیرۆزیی نەتەوە و فکریی یان کە لەلای بەشێکیان ناودەندرێت پیرۆزی دینی یان پاراستنی بەرژەوەندی باڵایی حیزبی کە بەحیزبی سەرکردە و باڵا خۆیان ناو دەنێن کە لەئەسایشدا ئەم جۆرە پیرۆزکردنە ڕەهایەی حیزب و سەرۆکەکان هەمان جۆرە پیرۆزکردنە لەقۆناغی ڕابردوویی دەسەڵاتی هەبوونی فاشیزم و دەسەڵاتی خێڵایەتی بۆسەرۆک خێڵەکان و ئاژیتاتۆرە دینی و سەرۆکی هێزو جوڵانەوە دینی و نەتەوەیی و خێڵایەتییەکان فەڕز کراوە بە زۆرە ملێ و بەگرینگ وپێویست زاندراوە کەدواتر بەهۆی گەشەدانی ئەم ئاکارو کردەوەیە زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگەیان ملکەچی چەمانەوەی ژێر دەستی و چەوسانەوە و نایەکسانی زیاتر کردووە.
ئەگەر وردبینی و بەدواداچوونی مێژوویی بکەین بەڕاستگۆیی بۆمان دەردەکەوێت هۆکاری ئەم بەپیرۆزکردنەی سەرۆکی خێڵ و حیزب و موبەلیغانی دینی وناوچەییەکانە کەبۆتە خوڵقاندنی چەندها کۆمەڵکوژی وئاوارەکردنی مرۆڤە بێ گوناه و بێ تاوانەکانی هاوڵاتییان تەنها لەبەرئەوەی بۆچوونێکی جیاوازیان هەبووە یان ڕەخنەیەکیان هەبووە لە کردەوە و بۆچوونەکانی سەرۆکی حیزب و سەرۆکی خێڵەکانی ناوچەیەک لەناو تیرو خێڵێکدا.
ئەم بابەتە زۆر زیاتر پێویستە لایەن و بەشەکانی تری بۆ تاوتوێ بکرێت، بەڵام لێرەدا تەنها ئەوەندە بەسە کە بزانین پیرۆزی سەرۆکی خێڵەکان بەمانایی بەکەم سەیرکردنی هاوڵاتی سادە وەکو مرۆڤ ئەژمار دەکرێت چونکە هەر هەنگاوێکی پیرۆزکردنەکە کاریگەری خراپ وئەرێنی دەبێت کەدەبێت هاندان وگەشەی ملکەچ بوونی مرۆڤەکان بەچەوسانەوەی زیاتر.
لەبەرئەوەی هەر چەندە ئەم جۆرە پیرۆزییە گەشە بکات هێڵی چەمانەوەی مرۆڤەکان لەبەردەم بیروباوەڕی کۆنەخوازی و دواکەوتوویی سەرۆکی خێڵەکانی زیاتر دەبێت. لێرەوە دەچینە ناو بابەتی پێویستی هەبوونی ژینگەی ئارام کە لایی سەرۆک خێڵ ئەوەیە کە گرینگی بەمانەوەی جۆری دەسەڵاتی خۆی بدات وەک فەرمانڕەوایی ڕەها لەناوچەیی کە باڵادەستەیی تێدا پیادە دەکات.
هەرکاتێک زیان بۆ ئارامی سەرۆک خێڵ هەبێت سەرجەم ڕەخنە وبۆچوونە جیاوازییەکانی تر لەلایی ڕەت دەکرێتەوە و دەبێت زیندەبەچاڵ بکرێن، چونکە نەک تەنها بە دژایەتیکردنی سەرۆک ئەژمار دەکرێت، بەڵکو بەدژایەتی کردنی سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە ئەژمار دەکرێت، ئەمەش بۆئەوەیە کە ڕاستەوخۆ شەرعیەت بە ڕەتکردنەوە و دژایەتی هەر جۆرە جیاوازی وڕەخنەیەک بدرێت کە زیان بەسەرۆک دەگەیەنێت.
لێرەوە دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرۆک زۆر بەئاسانی دەتوانێت بڕیاری کوشندەی دژە ئینسانی بدات و بەئاسانیش بۆی بچێتە سەر لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرۆکدا.
کۆی کوشتن و کۆمەڵکوژییەکان و شەڕەکان بەبیانوی پاراستنی بەرژەوەندی و پیرۆزییەکانی نیشتمان و دین و فکری سەرۆکەوە بووە، نەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی مرۆڤەکان.
لێرەوە هەرچی گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە هەیە کە نەبێتە ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی سەرۆک خێڵ لەلای سەرۆک خێڵ بەزاندنی هێڵی سوورە، ئەمەش بەمانایی پێشلکردنی یاساکانی ویلایەتی سەرۆکی خێڵە کە زۆر ئەگەری ئەوە هەیە زۆر بەئاسانی شەڕ و کوشتن ڕووبدات بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی سەرۆک خێڵەوە.
کەوایە با لێرەوە وردبینێک بۆ سیاسەتی حیزبەکانی کۆمەڵگە بکەین بابزانین بەچ پێوەرێک جیا دەکرێنەوە لەقۆناغی دەرەبەگی وخێڵگەرایی، بێگومان یەکێک لە هەنگاوە کردارییەکانی جیاکەرەوەی قۆناغی دەرەبەگی و کلاسیکی سیاسەت لەگەڵ سەردەمی ئێستا دیموکراسی و پێشکەوتنخوازی دا ئەوەیە کەبتواندرێت دیموکراسی ببێتە کایەکی کرداری ئاکاری سیاسییەکانی حیزبەکانی کۆمەڵگە!
سەرفەنەزەر لەوەی وشەی دیموکراسی کەی سەری هەڵداوە و لەلایەن کێ و چۆن بەکاردەهێندرێت؟!
یەکێک لەهەنگاوە کردارییەکانی دیموکراسیش ئەوەیە که چەقی هەنگاوەکانی حیزبایەتی گفتوگۆکردن بێت لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوویی حیزب وکۆمەڵگە.
هەر کاتێکیش چەقی هەنگاوەکانی داهاتوویی ڕێکخراو و حیزب و گرووپە جیاوازو هاوشێوە فکرییەکان و پێچەوانەیەکانیش لەڕوویی بڕوابوون بەجۆری فکرو بیرکردنەوە و جۆری تەنانەت ئایین و نەتەوەش باوەڕییان بە گفتوگۆی ڕاستگۆیانەی دیموکراسی هەبوو هیچ کاتێک ناچاری ئەوە نابن دەست بۆ چەک بەرن بۆیەکلاکردنەوەی کێشە وگرفتە فکری و بۆچوون و جیاوازییەکانیان دواتر هەر هەنگاوێکیان بەشەڕی چەکداری ببێتە هۆکاری تێکدانی ئارامی و لەناوبردنی ژینگەی جوان و لەناوبردنی گیانی هاوڕێبازو هاوسەنگەرو هاوفکر و هاو حیزب وڕێکخراوی خۆیان یان جیاواز لەناو بردنی مرۆڤی جیاواز لەبیرکردنەوە و فکرو بۆچوون لەخۆیان.
لێرەوە پێویستی ئەوپرسیارە دێتە گۆڕێ کەئاراستەی کادیرانی حیزبەکانی کۆمەڵگە دەکرێت ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو حیزبانەی کە ئێوە تێیدا تێکۆشان دەکەن و مێژووێکتان لەتێکۆشان لەژێر ناوی بەرگری لەشکۆی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی و سەربەخۆی و ژیانێکی باشتر و گەلێکی بەختیارو دادپەوەرو مافی مرۆڤدا ئەنجام دەدەن لەهەنگاوەکانی حیزبەکەتان گفتوگۆ لەگەڵ ئێوە کراوە کەدواتر بڕیارەکانی حیزبەکە کۆدەنگی لەسەرکرابێت؟
کاتێک دەست بۆچەک دەبرێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەو گرفتەکانی ناوخۆی حیزبێک یان لەگەڵ حیزبێکی هەمان کۆمەڵگە لەشوێنی ژیانی خەڵکدا ئەمە ڕێک بەمانایی هەبوونی ئیفلاسی سیاسی و تێکشکاندنی فکری سیاسی هەمان حیزب دێت کە هەموو شتێک دەکاتە بەرز ڕاگرتنی وتەکان و بۆچوونەکانی سەرۆکی حیزبەکان.
لێرەوە دەبێت بگەڕێنەوە سەر باسی سیستەمی فاشیزم کەچۆن شەرعیەت دەدات بە لەناوبردنی جیاوازییە فکری و ڕەخنەییەکان و ئازادییەکان لەپێناوی ئەوەی درێژە بەدەسەڵاتی زۆرەملێیانەی خۆی بدات نەک تەنها بەلایەوە زۆر نۆرماڵ و ئاسایی دەبێت ئارامی خەڵک و ژیانی خەڵک تێکبدات، بەڵکو زیاتریش هەنگاوی کرداری دەنێت ئەویش ئەنجام دانی سەرکوت و زیندان و کوشتن لەوە زیاتریش، بەڵکو زۆرجار شەڕو کۆمەڵ کوژیشی هەر لەلائاسایی دەبێت، چونکە لەلای گرینگە دەسەڵاتی سەرۆک پارێزراوبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سەرجەم ڕژێمە سەرکوتگەرو فاشیزمەکان بەدرێژایی تەمەنیان بۆ یەک چرکەش ڕانەوەستاون لە هەنگاونان بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و لەناوبردنی ئارامی کۆمەڵگە و لەناوبردنی مرۆڤە بەهەڵوێست وتێکۆشەرە ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکان، بەڵام لەکۆتاییدا کردەوەی دژەئینسانی خۆیان کە ئەم جۆرە هەنگاوانەیان بەلاوە ئاسایی بووە و یاسایی زۆرە ملێیان بۆ دانەوە دواتر جێبەجێیان کردووە لەدوایی دا بەهەڵکەندنی گۆڕی خۆیان وەک دەسەڵات وجۆری سیستەمی فاشیزمان کۆتایی پێ هاتووە لەلایەن خەڵکەوە. کەوایە کە هەر حیزب و ڕێکخراوێک پڕوپاگەندەی هەبوونی باوەڕبوون بە چەمکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و چەپ و کۆمۆنیزم هەبێت دواتر لەژێر هەر بیانوێکدا بێت بۆیەکلاکردنەوەی کێشەو گرفتەکانی (بۆچوون وفکری) یان شێوازی هەنگاونانی پەنا بۆ شەڕ بەرێت لەگەڵ هەمان حیزب وڕێکخراو یان حیزبێکی تر لەهەمان کۆمەڵگەدا ئەوا نیشانەی ئیفلاسی سیان دەردەخات و دواتر تووشی ڕوکوت وپاشەکشەی سۆزی جەماوەری گشتی دەبن.
هەربۆیە باشترین هەنگاوی چارەسەر ئەوەیە لەناو حیزب وڕێکخراوەکان کە پڕوپاگەندەی تێکۆشانی هێنانەدی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وئازادی ڕادەربڕین ویەکسانی و ژیانێکی باشتر دەکەن و باوەڕییان بە نوێ بوونەوەی کۆمەڵگە هەیە، پێویستە ئەم چەمک و وشانەی وەک دروشمی گشتی حیزب وڕێکخراوەکان لەکۆنگرەکەیانەوە بەرزی دەکەنەوە بەکردار لەناو ڕێکخراو و حیزبەکاندا گەشەی پێبدرێت و بکرێتە کرداری ڕۆژانەی گشتی کادیرو ئەندامانیان. یەکێک لەهەنگاوە پێویستییەکانیان بۆ بردنە پێشەوەی ئامانجە ئینسانی یەکانیان گەشەدان و گفتوگۆکردنە لەسەر هەنگاوەکانیان و گەشەدانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینە، نەک تەنها لەگەڵ هەمان فکرو بۆچوون و حیزب و ڕێکخراوێک کە لەناوی دا تێکۆشان دەکەن، بەڵکو باشتریشە لەگەڵ حیزب و ڕێکخراو و فکرە جیاوازەکانی تریشدا گەشە بە گفتوگۆی جدی بدەن لەسەر بەرگریکردن لەئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسی و یەکسانی دا، لەپێناوی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێ ترو باشتر. ئەوەی کە پێویسته سەنگەری لەبەرامبەر بەهێزبکرێت ڕژێم ودەسەڵاتی فاشیزمە بۆئەوەی بڕوخێت ونەمێنێت دواتر خەڵک خۆی کۆمەڵگە لەڕێگای شوراکانییەوە بەئیدارەدانی شورایی بەڕێوەبەرێت..