ئەو پەیامانەی پاش تیرۆرەکە بیستران…. نووسینی: بنار مستەفا
بۆ جارێکی تریش لە کوردستان شایەتی حاڵەتی ناخهەژێن بووینەوە. ئەمجارەیان ژیان لێسەندنەوە لەسەر بنەمای بیرۆبۆچوون. حاڵەتێکی هێندە دڵتەزێن، کە وشەی لەسەر زاران وەستاند و بە تاساوی و تێڕامان ڕایگرتین. دیسان تیرۆرێک ئەنجام درا، کە بەجیا لەوەی خەم و پەژارەی کردە ناخمان، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامە بۆ کۆمەڵگە.
بەر لە هەر شتێک خودی تیرۆرەکە پەیامێک بوو بۆ خەت هێنان بە ژێر ئەو ڕاستییەی، کە لە کوردستاندا ئازادی بوونی نییە و مرۆڤ دەکرێت تەنانەت لەسەر لێکدانەوە و تێگەیشتنی خۆی بۆ جیهان تیرۆر بکرێت. دانیشتوان پارێزراو نین و ئاسان کەسێک دەتوانێت جێبەجێکردنی یاسای خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت. هاوکات نیشانی دەدات، کە ڕەوتێکی کۆنەپەرست و دژەمرۆیی دەیەوێت لە کوردستاندا شکڵ بگرێت، کە لە پێناو سەپاندنی دنیادیدەی خۆی کێشەی نییە بە دەستی خۆی ژیان لە خەڵکی بسەنێتەوە.
بێ باکی و بێ هەڵوێستی دەسەڵات پەیامێکی تری مەترسیدارە. هەڵبەت بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵات، دەکرێت وەک هەڵوێستێکی ڕۆشن وەرگرین. دەسەڵاتدارانێک، کە هەندێک جار لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، کە سوکایەتی و بێڕێزی بە مرۆڤ دەکرا، زوو خۆیان بە کۆمەڵێک پەیامنێری دەزگای ڕاگەیاندنەوە دەگەیاندە لای کەسەکە و دڵنیاییان دەدا بەوەی سەلامەت دەبن و یاسا سەروەر دەبێت. هەڵبەت هیچ کات یاسا سەروەر نەبوو، بەڵام ئەم جارەیان تەنانەت بۆ شکڵی و سیناریۆش هیچ بەرپرسێک قسەیەکی لەسەر نەکرد. ئەمەش ڕێکەوت یان لە باوەڕی پتەویان بە گرتنەبەری ڕێچکەی یاسایی سەرچاوە ناگرێت. بەڵکو دەسەڵاتداران سەنگەرێکی بەهێزی پشتی ڕەوت و هێزە ئیسلامییەکانن و بە هیچ شێوەیەک لە خۆیانیان ناڕەنجێنن. بەجیا لەوەی سێ دەهەیە کۆمەکیان دەکەن و بەزۆر دەرفەتی گەشەکردنیان بۆ دەڕەخسێنن و هاوسەنگەریان پەردەپۆش ناکرێت، وێڕای ئەوەش نایانەوێت هەڵوێستێک بنوێنن و مەترسی “لێکتێنەگەشتن” دروست بکەن. گەر ڕاستەوخۆش تێگەشتن بۆ تیرۆرەکە نیشان بدەن، ئەوا دەکەونە بەر نەفرەتی زۆری ئازادیخوازان، کە وەکو تریش کورتیان نەهێناوە. هەروەها زێدەڕۆیی نییە، گەر بڵێین دەسەڵات زۆر نیگەران نییە بە سەرکوت و کپکردنی دەنگە بوێر و ناڕازیەکان. ئەوان جەماوەرێکی گوێڕایەڵ و دەستبەستوویان دەوێت، کە هیچ کات سەرنجیان لەسەر دەسەڵاتەکەیان نەبێت.
بە هەمان ئەندازەی نابەرپرسیارێتی دەسەڵات، میدیاکان لە ئاستنزمیدا ڕۆڵیان گێڕا. هەر وەک بڵێی پێشبڕکێ بکەن لەسەر کۆکردنەوەی زۆرترین شکاندنی پرەنسیبە ئینسانی و مەدەنیەکان، بە زەقترین شێوە و خوێ ڕشتن بە زامی کەسوکاری خواناس و هەموو ئەوانەی بەم کارەساتە خەمبار بوون. ئاستنزمی تا ئەو ئەندازەیەی لە میدیاکانەوە پرسار بکرێت لە ڕێبواران “ئایا تاوانەکە حەق بوو یان نا؟” یان “بۆچوونت لەسەری چییە؟” و چوونە بنجوبناوانی ئەوەی “ئاخۆ خێزانی تاوانلێکراو بەڕاستی خێزانێکی دیندارن یان نا؟” بیانەوێت یان نا، ئاگاهانە یان بێ ئاگا، هەموو ئەم کارانەیان لە بەرژەوەندی ئەو کەس و هێزانەیە، کە پێیان وایە دەکرێت تیرۆریش لە شوێنی خۆیدا کارێکی گونجاو و لەسەر حەق بێت. هەروەها میدیاکان لە بری هێنانە ئارای دەنگی ئازادی و مرۆڤدۆستی و سووربوون لەسەر خەتی سوور بۆ خوێنرشتن، تەنها مایکیان دەخستە بەردەم مەلاکان و فتوادەران، تا پاساو بهێننە و خۆیان دەربازبکەن و نەکەونە بەر بێزاری توندی خەڵکی.
کارنامەی تاریکی دەسەڵاتداران لە سێ دەهەی ڕابردوودا تاوانی کردۆتە دیاردەیەکی ئاسایی. هەروەها هەزاران مزگەوتی کردۆتەوە و پاڵپشتی بەهێزی ئیسلامییەکان بووە و ئاسانکاری کردووە لە بڵاوکردنەوەی فەتوا و هەڕەشە و هتد. سەرئەنجام کارێکی وەهای کردووە، کە لای بەشێکی کۆمەڵگە کوشتار ئاسایی بێت. کەم نەبوون ئەو کۆمێنتانەی حەقیان بە تیرۆرەکە دەدا. شکڵگرتنی ئەم دیاردەیە، کە نەک مرۆڤانێک بە تیرۆر و خوێنرشتن ڕانەچڵەکێن، بەڵکو تەنانەت بە ئەرێنی تەماشای بکەن، ئازارێکی تر بوو لە پاڵ تیرۆرەکە.
لە بەرانبەر ئەم پەیامە مەترسیدارانە، جەمسەری مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازانیش لە ئارادابوون. دەنگیان هەڵبڕێ و گوشاری توندیان بۆ فتوادەران و دەسەڵات هێنا و بە ئەندازەیەک ناچار بە پاشەکشەیان کردن. شەپۆلێکی فراوان لە ناڕەزایەتی و تووڕەی ئازادیخوازان بینرا و بیسترا و نیشانیان دا، کە سەنگەری بەرگری لە ئازادی و یەکسانی و مرۆڤدۆستی کەم نییە. دەنگی ئەم جەمسەرە هێشتا دەبیسترێت و لە ململانێی توندایە لەگەڵ دەسەڵات و ڕەوتی کۆنەپەرستی کۆمەڵگە. ئەم جەمسەرە، کە هێشتا تەواوی هێزی خۆی نەنواندووە و دوا وشەی نەگوتووە، ئومێدێکی گەورەیە بە گۆڕینی دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئازادی و دانیشتوانان. با ئەم هێزە فراوانتر و بەهێزتر بکەین!
کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣