باندێک، لە بەرگی ڕێکخراوێکی سیاسیدا! لە پەیوەند بە کوشتنی دوو پێشمەرگە لە بارەگاکانی کۆمەڵە لە دەوروبەری شاری سلێمانی…  نووسینی: عیرفان کەریم

0

رۆژی ٢٢-٦-٢٠٢٣ لە ناوچەی زڕگوێز ، بەهۆی دروست بوونی گرژی وئاڵۆزی  لە نێوان دوو دەستەی چەکدار کەسەر بە (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) بوون، دوو چەکدار گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. هۆکاری ئەم شەڕە ململانێی نێوان دوو ڕێکخراو کە هەردووکیان ناوی (کۆمەڵە) یان بەخۆوە ناوە، ئەمانە پێشووتر بەیەکەوە کاریان کردوە دواتر جیابونەتەوە و بەر لە چەند مانگێک بریاربوو ئەم دووانە یەک بگرنەوە. یەکێکیان (عەبدولای موهتەدی) سەرپەرشتی دەکات ئەوی دیکەیان (عومەری ئیلیخانزادە). بەگوێرەی قسەکانی (ڕەزا کەعبی) کەسی دووەمی نێو کۆمەڵەی (ئیلیخانزادە)، چەکدارانی سەر بە (عەبدوڵای موهتەدی) بە گوللەی قەناس و چەکی بی.کەی.سی  تەقەیان لێکراوە و دووکەسیان لێ کوژراوە وکەسی دیکەش برینداربوون.

ئەگەر تەماشایەکی مێژووی سیاسی و پێشینەی ئەم جەماعەتە بکەین کە (عەبدوڵای موهتەدی) و ( عومەری ئیلیخانزادە) سەرپەرشتیان دەکەن،  دەبینین کردەوە و رەفتارەکانیان زیاتر لە (باندێکی مافیایی و ئینسان کوژ) دەچێت وەک لەوەی ڕیکخراوێکی سیاسی بن. بەدوای جیابوونەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ڕابەری مەنسور حیکمەت، ئەم جەماعەتە لە ساڵی ٢٠٠٠  بەئامانجی زەمینە خۆشکردن بۆ نزیکبوونەوە لە بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و تۆبەکردن لە ڕابوردی چەپبوون و کۆمونیست بوونیان،  دەستیان دایە هەڵمەت و هێرشێکی سیاسی بۆسەر کۆمونیزم و رادیکالیزمی چەپ لەنێو ریزەکانی حزبی کۆمونیستی ئێران و کۆمەڵە لەو سەردەمەدا، ئەمان بەدوای ئەوەی شکست دەهێنن لەوەی ببنە ڕابەری و زۆرینە لە نێو سەرکردایەتی کۆمەڵە و حزبی کۆمونیستی ئێران، سەرئەنجام بە پاڵپشتی و کۆمەکی جەلال تاڵەبانی ویەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەستیان دایە پلانێک و جیابوونەوەی خۆیان لە ژێر ناوی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)  ڕاگەیاند و جۆرێک لە (دزی سیاسیان) کرد و خۆشناوی (کۆمەڵە) یان وەک ئامرازێک بەکارهێنا و  لە کوردستانی عێراق بارەگا و چەک و کۆمەکی مالیان لەلایەن یەکێتیەوە پێگەیشت.

یەکێک لەو کار وئامانجە سەرەکیانەی کە ئەم جەماعەتە هەر لەسەرەتاوە دەستیان داوەتێ (دژایەتیکردنی کۆمونیزمی کرێکاری و جەنگ لە بەرامبەر رادیکالیزمی چەپ لەکوردستان) دا. ئەمان وەک ڕەوتێکی فاشیست و کۆنەپەرست، دەستیان نەپاراستوە لەئەنجامدانی چەندین کردەوەی دژە ئینسانی، لەوانە پڕوپاگەندە و تەشهیرکردن بە کۆمۆنیستەکان و بزوتنەوەی شورایی و بە کەسایەتی مەنسور حیکمەت و چوونە پاڵ ئەحزابی ناسیونالیست لە کوردستانی عێراق و بەشداریکردن لە کۆنگرەی نەتەوەیی و بەشداریکردن لە کۆنگرەکانی پارتی دیموکرات و هاوشانی مەسعود بارزانی. هەروەها هەوڵدان بۆ نزیکبونەوە لە جمهوری ئیسلامی ئێران و سازدانی دانوستان لەگەڵیان  لەنمونەی (کۆبونەوە لەگەڵ نوێنەرانی جمهوری ئیسلامی لە نەرویج) ئەمە جگە لە خۆ نزیککردنەوە  لەگەڵ سیاسەتی جەنگخوازی ئەمریکاو ناتۆ. تازەترین کارشیان، لەساڵی ٢٠٢٣ بەشداریان بووە لە کۆبونەوەی (جۆرج تاون) هاوشانی (شاهنشاییەکانی پەهلەوی) و فاشیستەکانی ئێران بووە، هەموو ئەم کارانەش تەنها بۆ وەرگرتنی پلەو پایەیەک و ئیمتیازاێکی سیاسی لە دەسەڵاتی ئاییندی ئێراندایە. هەرچەندە پەڕەکانی ئەم کردەوانە هەڵدەینەوە تەنها کاری نابەجێ و نائینسانی بەدی دەکەین، ئەمانە ساڵی ٢٠٠٦ بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەوڵی دەستگیرکردنی ٣ کەس لە کەسایەتییە کۆمونسیتەکانی کوردستانی ئێران دەدەن، کە ئەوانیش ( ڕەحمان حسین زادە و ساڵح سەرداری و محمد ڕاستی).

ئەمانە چەند نمونەیەکن  لەو دەیان کردەوانەی کە ئەم جەماعەتە ئەنجامیان داوە، هەربۆیە پێویستە خەڵکی شۆرشگێری کوردستان و ئێران، بەهۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە لە ڕێکخراو و جەماعەتانە بکەن و خۆیان  بەدوور بگرن لێیان  و بواریان نەدەن بە ناوی ئەوانەوە مامەڵە و سات سەودای سیاسی بکەن.

ئەم شەڕ وکوشتارەی کە بەر لەچەند ڕۆژێک  لەنێو بارەگاکانی خۆیاندا و  لەبەرامبەر یەکتردا ئەنجامیان دا، جارێکی ڕاستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن، کە ئەمان خاوەنی هیچ پرنسیپێکی سیاسی نین، تەنانەت لەبەرامبەر هاورێکانی خۆیاشیاندا…

Leave A Reply

Your email address will not be published.