تیرۆری خواناس وریا گلی… هەوڵێکی تری نەزۆک و کۆنەپەرستانە لەدژی ئازادی بەیان و بیروڕا!… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

بەرواری ٢٢ی ئەم مانگە خواناس وریا گلی، لەناو جەرگەی شارۆچکەی چەمچەماڵدا درایە بەر دەسترێژی گوللەو گیانی لێسەندرایەوە.

خواناس وریا گلی کە بە پاشای شەقامیش ناودەبرا، یەکێک بوو لەو لاوە داهێنەر و چالاکانەی لەچەندین بواردا کاری دەکرد و دەیویست لە رێگای نیشاندانی توانایەکانی خۆیەوە، تواناییەکانی لاوانی کوردستان نیشانی کۆمەڵگە بدات، و ئەوە بخاتە ڕوو کە کۆمەڵگەی کوردستان وەکو هەموو کۆمەڵگەیەکی تری ئەم دنیاییە، کە ئەگەر ڕیگە بە لاوەکانی بدرێت، ئەگەر دەروازەکان بەرووی لاواندا بکرێتەوە، ئەگەر ژینگەیەکی تەندروست هەبێت، ئەوا دەتوانن ئەسپی خۆیان لە چەندین بوار و زەمینەی جیاوازدا تاو بدەن و تواناییە شاراوە و خنکێنراوەکانیان، بخەنە ڕوو.

خواناس لەگەڵ ئەوەدا خەریکی کارکردن بوو، هاوکات سەرقاڵی شانۆ و وێنەکێشان و یاریزانی کۆنگفۆ بووە…

ئەم هەموو وزەو چالاکییە، لەپاڵ ئەوەی هەمیشە دژی ناهەقی وەستاوەتەوە لەلایەکەوە بۆتە نەیارێکی حاشاهەڵنەگری ستەم و بێمافی و لەلایەکی تریشەوە بۆتە لاوێکی ئینسان دۆست و بیرکەرەوەی بەردەوام لەپێناو ژیانێکی باشتر و جوانتر و رەنگینتردا.

ئەو کە خۆی رەمزی شیکپۆشی و جوان پۆشێکی شارستانی بووە، ئینسان لای بەهایەکی بێ سنور و باڵاتر لەهەر شتێکی تری بووە. ئەو لەکاتی تیرۆری ماریا سامی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دەنووسێت” هیچ تاوانێک بایی ئەوە نییە تۆ روح لە مرۆڤێک بسەنێتەوەو بیکوژێت…” “ناکرێت هیچ کەسێک بکوژرێت لەسەر سەرپۆش لادان و جگەرەکێشان و ئاین گۆڕین…” و دەڵێت: “شانازی بەوەوە دەکەم بۆ یەک خولەکیش چاوم لە ناهەقی نەنووقاندووە…”

ئەم پەیامە رۆشنە… ناسنامەی رۆشنی خواناسمان بۆ دەخاتە ڕوو، کە ئینسان سەرمایەکی بەنرخە و لەسەروی هەموو ئایدۆلۆژی و بیروباوەر و باوەرداری و هەموو موقەدەساتێکی دینی و قەومی و نیشتیمانی کەلتوری و ئەخلاقیەوەیە.

بۆیە تیرۆری خواناس، بەر لەهەر شتێک و هەر دۆسیەو گرژی و ناکۆکیەک ئەگەر لەگەڵ هەر کەسێک بووبێتی، ناتوانێ ئەو راستییە بشارێتەوە، کە ئەم تیرۆرە تیرۆرێکی ئاشکرایە لەسەر ئازادی دەربڕینی بیروراو بەیان… هەوڵێکی نەزۆکی ئەو دەستەو تاقمی کۆنەپەرستی ئیسلامی و ئەو مەلا دەم پیس و فتوادەرانەیە، کە چاویان لە ئاست هیچ داهێنان و هیچ بیرکردنەوە و روانینێکی جیاوازی رەخنەگرانەو سەردەمی هەڵنایەت و لە زمانی چەک و تیرۆر و سڕینەوەش زمانێکی تر شک نابەن… بکوژی سەرەکی خواناس جگە لە کاراکتەری بکەر، کاراکتەرەکانی ترن کە ژینگە بۆ تیرۆر سازدەکەن و فتوا دەبەخشنەوە و دەستی بکەرە گەمژە و قوربانیەکان، ئاوەڵا دەکەن، کە ئینسانی نەیار بە کۆنەپەرستی و دۆخی باو قەسابی بکەن. هاوکات دەسەڵاتی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیش کە خۆی کاراکتەرێکی سەرەکییە لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە لە ڕێگای دەوازە کردنەوە بۆ کۆنەپەرستی و دەستەو تاقمە داعشیەکان و ریزیك مەلای بەلاشخۆر و فتواچی… کە دەست وەردەدەنە ورد و درشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری و تایبەتی و فەردی ئینسانەکان…تاد.

ئەم رەوتە ئیسلامی و سەلەفیزمەی ناو کۆمەڵگەی کوردستان، کە بەهیچ ڕێگاو درۆ و فریوکارییەک و کێوێک لە داهاتی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە ناتوانێت، پاشەکشە بە رەوتی مەدەنیەتی زاڵی کۆمەڵگە بکات و بەر بە پێشرەوی و کرانەوەی شارستانی بەردەوامی کۆمەڵگە بگرێت… لەژێر چەتری دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەو کەشەی بۆ دواکەوتووی ئەفراندویەتی، بۆ ترساندنی کۆمەڵگەو ئازادیخوازی فتوا دەدەن و هانی کۆمەڵێک خەڵکی نەفام و مێشک ئاخنراو بە خورافە دەدەن، تا دەست پارێزی نەکەن لە کەسانێک کە ناکۆکی زەق و بەرجەستە لە کۆنەپەرستی ئیسلامی رەمزەکانی بەیان دەکەن، و هانیان دەدەن بۆ کردەوەی تیرۆریستی. خواناس وریا گلی قوربانی ئەم تەوژمە لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و مەلا سەلەفیەکانە.

بەجیا لەوەی پێویستە بکوژی خواناس وریا سزای یاسایی خۆی وەربگرێت، هاوکات دەبێت فتوادەران و ژینگەخۆش کەرانی ئەم کەشە کە گیانی خواناسەکان دەکێشێت، راکێشی بەردەم لیپرسینەوەی یاسایی و جەماوەری بکرێن… بۆ ئەم کارەش پێویستە بەرەی پێشکەوتخوازو ئازادیخوازی کوردستان و نووسەر و رۆژنامەنووس و دادوەران و هەموو ئینسانێکی لایەنگری مافی مرۆڤی ئازاو ئازاد، شەپۆلێکی فراوانی وەستانەوەی ریكخراو و ئامانجدارانە، بەرووی هەرەشەو چاوسورکردنەوەی کۆنەپەرستان و فتوادەراندا، وەڕێ بخەن و دەسەڵاتی سیاسی ناچار بکەن، کە رێگە بگرێت لەوەی چیتر هیچ کەسێک لەسەر رەخنەگرتن یان دەربرینی بۆچوون و بیرورا و بەیان و بەرگری لە ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، بکرێتە قوربانی ژیانی لێ بسەندرێتەوە.

٢٣/٦/٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.