لەپێشوازی ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا…
٢٠ ئەم مانگە رۆژی جیهانی پەنابەرانە، کە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم رۆژەی بۆ بەرگری لەمافەکانی پەنابەران دیاری کردووە.
ئەمسال لە کاتێکدا رووبەرووین لەگەڵ لەرۆژی بەرگری لەمافی پەنابەراندا، کە سێڵاوی پەنابەران و ژیانی پەنابەری یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانی دنیای ئەمڕۆیە… ئەمە نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵکو بەشێکی ئەوروپاشی گرتۆتەوە و تادێتیش سایەی نەنگینتری هەرەشە لە… ملیۆنەها ئینسان دەکات. راکردن لە دەستی جەنگ و نائەمنی، بێمافی و برسێتی و وشکەساڵی، لافاو روداوە سروشتییەکان، بی ئاییندەیی و هەرەشەی مەرگی سیستەمە دیکتاتۆرەکان لە ئینسان، بە ملیۆنەها ئینسانی ناچار بەوە کردووە، شوێنی هەرە ئازیزو لێوان لێو لە یادەوەری خۆیان بەجێ بهێڵن و لە جێگایەکی تر ژیان بدۆزنەوە، کە زیندومانەوەو ژیانکردنیان زامن بکات.
هەموو ئەو ئینسانانە کە ناچار کراون شوینی خۆیان جێ بهێڵن و جیگاو جغرافیایەکی تر بکەنە پەنا و نوایەکی ئارام، ناویان نراوە پەنابەر، بەو هۆیەوە ناچار بە پەنابرن بۆ جێگای تر کراون. ئەمانە ئینسان گەلێکی ملیۆنین، لەگەڵ هەر جەنگێک و هەر دەسەڵاتێکی ستەم گەردا، لەگەڵ هەر تسۆنامی و روداوێکی سروشتیدا… کە زیاد دەکەن ئاماری پەنابەرانیش بەخێرایی هەڵدەکشێ. رێکخراوە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەنابەران لە بنەڕەتەوە بۆ بەرگری لەمافی پەنابەران و بۆ هاوکاری و بە تەنگەوە چوون و گرتنەبەری ڕیگاو ریکاری ئینسانییە بۆ هاوکاری ئەو ئینسانانەو دانی مافی پەنابەرێتی بۆیان، کەچی بەداخەوە بەهەر ئەندازە ئاماری پەنابەران هەڵدەکشێت و قوربانیانی زۆتر دەبن، لە بەرامبەردا و بەکردەوە رۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەی پەنابەرانی سەر بەو رێکخراوەیە، بێدەربەستر و نا مرۆیی تر مامەڵەی ئەو ملیۆنەها ئینسان پەنابەرە دەکەن، کە بەشێکی هەرەزۆریان قوربانی دەستی هەمان رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکانن، کە لەڕیگای دەستێوەردان و سەپاندنی ئابلۆقەو بریاری سیاسی دڵرەقانەو سود پەرستی، بەشیکی زۆری وڵاتانی دەرگیر لە پشیوی سیاسی و جەنگیان گۆریوە بە سەرزەمینێک کە ژیان و مانەوە تیایدا سەخت و ئارامی تیایدا ون، ئیرادەی ئینسان تیایدا وردکراوە.
رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جێگای ئەوەی ڕیکاری دەربازکردنی ئینسانی دەرگیر لە جەنگ و برسێتی و نائەمنی و نائارامی بێ گوێدانە جغرافیا و حەوزە جیاوازەکان و رەنگی پێست، مامەڵە بکات و ئەرکی دەربازکردن و جیگرکردنیان لە وڵاتانی تر و زەمانەتی ژیان کردن و تیکەڵاوکردنیان زامن بکات، خۆی بۆتە حەربەیەک بۆ جیاکاری و دابەشکاری و ناوەندێک بۆ زۆربوونی قوربانیەکانی. جیا لەوانەش لەناوەندی وڵاتە بەناو دیموکراسی و سەردەمیەکاندا، نەک مامەڵەی کەسانی بێچارە و دانی مافی پەنابەرێتی تا بڵیی سەخت و قورس کراوە، بەڵکو بەپاساوی جۆراوجۆر سەدان هەزار ئینسان کە دەیان ساڵە مافی پەنابەرێتیان وەرگرتووەو لەگەڵ ئەو وڵاتە تیکەڵاو بوون، هەرەشەی دوبارە گێرانەوەو دەرکردنیان لەسەرە. تەنانەت لە بەندو بەستی سیاسیدا، پەنابەران مامەڵەیان پێوە دەکرێت و کەسایەتی سیاسی رادەستی رژیمە دڕندەکانی دژ بە ئازادی و ئازادیخوازی دەکرێنەوە.
ئەو وڵاتانەی هەمیشە بانگەشەکانی مافی مرۆڤ… بەرز دەکەنەوە بە دنەدانی راسیزم و جیاکاری و دۆخێکیان خوڵقاندووە، کە بەکردەوە بەهای مافی مرۆڤیان، پێچاوەتە بەرژەوەندییەو سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکانیان و هەموو رۆژێک قوربانیانی ئەم هەلومەرجە دەبینرێت.
رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە ئێستادا نەک پابەندی سەرەتاییترین بەڵینەکانی نابێت کە بۆی پێکهاتووە، بەڵکو چاو لە راستییە رۆشن و بینراوەکانی دۆخی پەنابەران دادەخات و مافە سەرەتاییەکانی پەنابەران، وەکو وەسیلەیەکی سیاسی و بۆ مامەڵەی تایبەت بەدەستەوە دەگرێت.
جێگای خۆیەتی رێکخراوە پەنابەرە ئینسانی و پێشکەوتنخوازەکانی، دەرەوەی ریکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران، هێندەی بۆیان دەکرێت هاوئاهەنگانە، مامەڵەی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئیدانە بکەن و بەڵگەنامەی رەفتارەکانیان بخەنەڕوو، وە گوشار بهینن یان ئەوەی پابەندی بەڵینەکانی بێت، یان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بەدیلی ئەو لە ئاستی دنیادا دروستبکرێت، کە بەرگری لەمافی پەنابەران بە پێودانگێکی ئینسانی بەرابەر بەدەستەوە بگرێت و بەکردەوە ببێتە پشت و پەنای پەنابەران و قوربانیانی کەم بکاتەوە.
دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە کەمپی مەخمور دەکەوێتە بەردەم هێرشی سوپای عێراق و هاوکات هێرشی فرۆکەکانی تورکیا و سنورادرکردنی جموجۆلەکانی کەمپەکە لەلایەن پارتییەوە… بەڵکو لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا بە شێوەی بەردەوام ئەم کەمپە کە پەنابەرانی سفیلی تورکیای تیادایە، کەوتۆتە بەردەم هیرشی سێ کوچکەی تورکیا و دەوڵەتی عێراق و هیزەکانی پارتی و بەدەیان کەس بوونەتە قوربانی.
ئەو هێرشانە بۆسەر کەمپی مەخمور رێگاگرتن لە پەنابەرانی کەمپەکە بۆ هاتووچۆو دەستراگەیشتن بە پێداویستیەکانیان، بێ ئەندازە کارێکی دژە ئینسانی و پێچەوانەیە بەسەرەتاییترین مافی پەنابەری. بێگومان هێرشی دەوڵەتی تورکیا و عێراق بۆسەر ئەو کەمپە بەبێ ئاگاداری و رەزامەندی پارتی نییەو پارتی هەم بکەرێک و هەم هاوکاری ئەو هێرشانەیە بۆسەر کەمپی مەخمور…
ئەنجامدانی ئەو هیرشە بەردەوامانە بۆسەر پەنابەرانی ئەم کەمپانە و بەکاهێنانی درۆنەکان و تیمە ئینسان کوژە تیرۆریستەکانی بۆسەر کادر و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و تیرۆرکردنیان، بەبەرچاوی ریکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرگری لە مافی پەنابەری، ناوەرۆکی خاڵی بوونی ئینسانیەتی ئەم رێکخراوانە دەخاتە ڕوو.
بێ دەنگەی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و ریکخراوەکانی تری بەرگری لەمافی مرۆڤ و پەنابەری و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەستی دەوڵەتی تورکیا و عێراق و دەسەڵاتی پارتی ئاوەڵا بکات، بی هیج بەربەستێک دانیشتوانی ناو ئەم کەمپە، بکەنە نیشانەو ئیرادەی سیاسی و ئینسانیان پیشێل بکەن و گیانیان بکەوێتە بەردەم مەترسی هیرشەکانیان.
لەوەها هەلومەرجێکدا کە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ریکخراوە مرۆڤ دۆست و ناوەندە نیو دەوڵەتیەکان بیدەنگەیان لەبەرامبەر هیرش بۆسەر ئەم کەمپە و هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکان هەڵبژاردووە، ئەرکی ریکخراوە ئینسان دۆست و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و هەموو کەس و ئینسانێکی ئازادیخوازە بەرگری لە پەنابەرانی کەمپی مەخمور بکەن و بەهەر رێگایەک کە بۆیان دەکرێت گوشارەکانیان بۆسەر یوئین و دەسەڵاتی پارتی و هیزەکانی عیراق زیاد بکەن و ریگە نەدەن چیتر خەڵکی ناو کەمپانە ببنە قوربانی دەستی ئەو هیزو لایەنانە… خەڵکی کوردستان ئەرکیکی ئینسانی دەکەوێتە ئەستۆیان تا ریگە لەو هیرشانە بگرن کە دەکرێتە سەر ئەم کەمپە… ئیمە لە بلاوکراوەی بۆپێشەوە بەتوندی ئیدانەی هەموو جۆرە هیرش و گوشارێکین بۆسەر کەمپی مەخمور و بەهەموو توانامانەوە تیدەکۆشین بۆ ریسواکردنی هیرش بۆسەر ئەم کەمپەو بەرگری لە مافی پەنابەران و زامنکردنی مافی پەنابەریتی و پاراستنی سەلامەتی گیانی و روحیان…
بۆپێشەوە
ناوەراستی حوزەیرانی ٢٠٢٣