نوری بەشیر : گوشارەکانی بەغدا  بۆسەر هەرێم لەهەلومەرجی نوێی ناوچەکەدا دەڕواتە پێشەوە! دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ نوری بەشیر کادری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، سەبارەت“ هۆکاری گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم و پرسی پەسەندکردنی بودجە

0

بۆپێشەوە: تادێت گوشارەکانی بەغدا لە ڕێگای بڕیاری یەک بەدوای یەکدا بۆسەر دەسەڵاتی هەرێم زیاد دەکات، هۆکاری زۆر بوونی گوشارەکان چییە؟

نوری بەشیر: ئەم گوشارانەی بەغدا لەهەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیدا روودەدەن کە کاریگەری وا دەخوازێت لەبەرژوەندی ناوەند بێت، بەتایبەتی کاریگەریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵی وڵاتانی عەرەبی بۆ رێکخستنی هەلومەرجێکی ئیستقرار و لەبار لەباری سیاسی و ئابوریەوە کە لەهاوپەیمانیەتی ئەمریکاو سعودیەدا بەڕێوە دەچێت، کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە جدە لە ناوەڕاستی ئایاری رابردوودا بەسەرپەرشتی سعودییە بەڕێوەچوو، لە دوای ١٢ ساڵ دەستگرتنی بەشار ئەسەد و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی سوریا لەبەرژوەندی دەسەڵاتی ئەسەد و یەکپارچەیی سوریا، باسکردنی کێشەی فەلەستین و سودان و بەشداری نوێنەری عێراق لە رێگای سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانیەوە. واتە  ئەو گوشارانە دەتوانین لە دوو هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەستنیشان بکەین. تا بە هۆکاری ناوخۆیی کوردستان و عێراق دەگەڕێتەوە، بەجیا لەوەی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەلایەن هێزی میلیشیا بەڕێوە دەبرێن، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادگا شکڵیە بە دادگای فیدراڵی عێراقەوە، بەڵام ئەم گوشارانە پێشینەیان هەیە، بە پێی رێکەوتنێک لەساڵی ٢٠٠٣ و دوای روخانی رژێمی بەعس لەژێر چاودێری ئەمریکادا دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و یەکێتی و پارتی ئیمزایان لەسەر فیدراڵیزمێکی قەومی و ئیسلامی عێراقی کردوە، جێگاوڕێگاکان رۆژانە گۆڕانی بەسەردا دێت کە حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی دوو حزبی سەرەکی پارتی و یەکێتی رۆژ بەرۆژ لە گەندەڵی و داتەپین رۆدەچن، زیاتر رووبەڕووی ناڕەزایەتی جەماوەری دەبنەوە، هەریەکە لەو حزبانە زیاتر دەچنە باوەشی رژێمی تورکیاو ئێران، فشارەکانی ئەمریکا لەسەریان زیاتر دەبێت لاوازو لاوازتر دەبن، وە لەو هاوکێشەیەدا جێگاو رێگای عێراق دەچێتە سەرەوە و فشارەکانی زیاتر دەکات.

دەسەڵاتی ناوەند بەجیا لەهەموو لاوازیەک و دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و دابەشکردنی لەنێوان هێزە ملیشیاکان بەڵام وەک حکومەتێک کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕەسمی دەناسرێت و لە ژێر فشاردان بۆ بەهێزکردنی بە تایبەت لە ئێستادا لە چوارچێوەی هەوڵێکی ئەمریکی سعودی کە وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە، کە بەژەوەندیەکانی حکومەتانی ناوچەکەو جیهان روو لەبەهێزکردنی حکومەتی ناوەندی و یەکپارچەیی خاکی عێراقیان بۆ گرنگە، ئەگەرچی لە رێگای ئەمریکاو وڵاتانی عەرەبیەوە بێت یان ئێرانەوە بێت بە شوێن هەمان ستراتیژەوەن.

هەموو ئەمانە بەرئەنجامی هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندی و دەسەڵاتی میلیشیای شیعە شکاوەتەوە.

بۆپێشەوە: ئایا گوشار و بڕیارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، سزادانی دەسەڵاتی هەرێمە وەکو هەندێک دەڵێن، یان بەشێکە لە سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی، بۆ قوتبی کردنەوەی دەسەڵات لەناوەند؟

نوری بەشیر: بە تاکید لەسەرەوە ئیشارەم پێدا کە ئێتر لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی ناوچەیدا کە هاتۆتە پێشەوە کە جێگاوڕێگای حکومەتی عێراق و رۆشتن بەرەو ئیستقرابوونیان بۆ گرنگە و ئەوە دەخوازێت، بۆ ئێرانیش ئەمە گرنگە و لە چوارچێوەی رێکەوتنەکانی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت سعودیە لەگەڵ ئێراندا ئەوە دەخوازێ کە حکومەتی ناوەندی لە عێراق بەهێز بێت و ئەمریكاش لەگەڵ ئەو سیاسەتە کێشەی نییە. لەو هەلومەرجانەدا حکومەتی ناوەندیش بەناچار دوو دەیەی دەسەڵاتی دوای روخانی رژێمی سەدام تێپەڕاندوەو دەبێت کارێک بکات بۆ یەک قوتبی کردنەوەی دەسەڵات لە درێژماوەدا، کە هەنگاوەکانی یەکەمی لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمە کەبەرئەنجامی هەلومەرجی روخانی سەدام و داگیرکاری ئەمریکایە کە هەیانبووە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە بڕیاری نایاسایی بوون و نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە…. لەکاتێکدا هەموو خولەکانی پێشووی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردۆتەوە، بێئەوەی دادگای فیدراڵی، کاردانەوەیەکی هەبووبێت؟

نوری بەشیر: راستی هەموو ئەوانە گاڵتەجاڕیەکی رۆشنە، دادگای فیدراڵی عێراق کارتۆنیەو دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای ئیسلامی و ناسیونالیستی شیعە بەڕێوەی دەبەن. بە بەرچاوی هەموو حکومەتانی ناوچەکە و جیهان و سەرانی حکومەتەکانی ناوەند لە سی و دوو ساڵی رابردووی پێنج خولی پەرلەمانی کوردستان دا، بەجیا لە کارتۆنی بوونی پەرلەمان و سەرۆک و ئەندام پەرلەمانەکانی هەمووی پێشێلکاری بووە لە درێژکردنەوەی خولەکانی پەرلەمان و راگرتنی کاری پەرلەمان و ناردنەوەی سەرۆکی پەرلەمانەکەی لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ماڵەوە وە مانگرتنی وەزیرەکان و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ ماوەی چەندین مانگ، ئاشکرا بوونی گەندەڵی و پێشێلکاری وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان و هیچ دادگایەکیش رۆژێک بانگی نەکردن، هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی کارتۆنی بوونی پەرلەمان و وەزارەت و دادگاکانی حکومەتی ناوەندو هەم حکومەتی هەرێمە.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق پێش یاسایی بوون و ئابوری بوونی، مەسەلەیەکی سیاسیە، بۆ بۆرژوازی لەدەورانی قەیرانی دەسەڵاتی سیاسیدا مەسەلە سیاسیەکانی ئەولەویەتە. هەموو ئەو هاتوهاوارانە چەواشەکارین لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆڵكردنە چاوی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی عێراق و کوردستانە.

ئەم هەنگاوە یاساییانەی ئێستا کە حکومەتی ناوەند ناویەتی بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و بەکارهێنانی یاسایی لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە، پێشتریش هەنگاوگەلێکی تری لە شێوەکانی هێرشی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناوە لە هاتنەوەی بۆ کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و رێکەوتنی لەگەڵ یەکێتیدا، هەنگاوی دادگای پاریس و وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و رادەستکردنەوەی بە بەغدا، توندکردنەوەی سنورەکان و هەروەها رێکەوتنی بەجیا لەگەڵ هەریەکە لەو دوو حزبە سەرەکیەی کوردستان و حزبەکانی دەوروبەریان لە گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان، بەمەش پێگەی هەموویان لاوازو لاوازتر کردوە.

بۆپێشەوە: گوشار و بڕیارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم بە کردەوە چی کاریگەریەکی لەسەر دەسەڵاتی هەرێم دەبێت؟ ئایا  ئەم گوشار و بڕیارانەی بەغدا هیچ سودێک بەخەڵکی کوردستان دەگەیەنێت؟

نوری بەشیر: بە تاکید پێگەی هەرێم و پارتی و یەکێتی لاواز دەکات، بۆیە ئێمە دەبێت ئەوەمان لاڕوون بێت هەموو رێکەوتنەکان و کێشەکانی نێوان هێزە میلیشیاکان چ لە ئاستی کوردستان و چ لە ئاستی عێراقدا لەبەرژوەندی خەڵكەوە ئەنجام نادرێت، ئێمە زیاتر لە سێ دەیەی کوردستان و دوو دەیەی عێراق و دەسەڵاتدارێتی حزبە کوردی و عەرەبیە میلیشیا و ئیسلامیەکانمان بینیوە کە لە ئاشتی و لە شەڕیاندا بەدژی بەرژەوەندی خەڵكی کوردستان بوون.

تا بەم بڕیارانە و کاریگەریەکانی لەسەر خەڵكی کوردستان دەگەڕێتەوە دەبێت ئەم هەنگاوە چاوکراوانەو دوورمەودا سەیر بکەین، ئەم مەوزوعە لە ئێستادا بۆ حکومەتی مەرکەزی سیاسیەو بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندە، هەر بۆیە دانی ئیمتیازی ئابوری بۆ کوردستان بۆی گرنگ نیە، هەمان ئیمتیاز کە بۆ موچەخۆرانی عێراق هەبووە و دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و پارتی نەیانداوە ئەوان بیدەن، هەم لەلایەک خەڵکی کوردستان فریودەدەن و رایان دەکێشن بەرەو ناوەندو هەم لە نفوزو ئیعتباری ناسیونالیزمی کورد و دەسەڵاتەکەی لەبەرژوەندی خۆیان کەمدەکەنەوە.

گرنگ بۆ ناوەند لایەنی سیاسیەو پێگەی حکومەتی هەرێم لاواز بکات، لەناو ئەو هەلومەرجەدا رەنگە موچە کەمێک باشتر بێت، بەڵام لە ئاخردا گێڕانەوەی خەڵکی کوردستانە بۆ ژێر دەسەڵاتێکی ناوەند لەسەر بنچینەی فیدڕاڵیزمێکی قەومی و دینی و دەسەڵاتی هێزی میلیشیایی عێراقیدا بێگومان هەمان چارەنوسێک چاوەڕێ دەبێت بکرێت کە ئێستا خەڵكی عێراق هەیەتی.

بۆپێشەوە: ئاشکرایە بۆرژوازی کورد بەگشتی و حزبەکانی توشی لێکترازان بوون و ئاسۆیەکیان بۆ داهاتوو نییە، گوشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەزمەو لێکترازانی ناوخۆی بۆرژوازی کورد هەیە، بەتایبەت نێوان پارتی و یەکێتی؟

نوری بەشیر: بێگومان کێشەکان و گفتوگۆکانی نێوان حزبەکانی بۆرژوازی کورد کە لە سێ دەیەی دسەڵاتیادا هەبووە پێدەنێتە قۆناغێکی ترەوە، لەبەرئەوەی فشارەکانی سەریان جۆراوجۆرن لەلایەک ئەمریکا، لەلایەکی ترەوە حکومەتی ناوەندی و هەروەها ناڕەزایەتیەکانی خەڵكی کوردستان، هەربۆیە بەناچاری تا ئەو جێگایەی بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان پەنا بۆ هەموو شتێک دەبەن، بە تایبەت کە ئایندەیەکی ترسناک چاوەڕوانیانە، ئەگەرچی هێشتا هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە شانسی داونەتێ کە ماوەیەکی تر دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام خۆری ئەو دەسەڵاتەی سی و دووساڵی رابردوویان بەرەو ئاوا بوون دەچێت. بەتایبەت کاریگەری ئەم هەلومەرجە پێشبڕكێی هەریەکە لە پارتی و یەکێتی زیاتر بۆ نزیک بونەوە لە حزبە میلیشیا شیعەکان زیاتر دەکات، وە بەناچاری لە هەندێک کاتدا نزیک بوونەوە لەبەرژوەندی دەسەڵاتیان روودەدات.

بۆپێشەوە: پارتی و یەکێتی لە ژێر گوشاری نەتەوەیەکگرتوەکان و دوا بڕیاری بەغدادا لەسەر نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناچارن دەست بۆ هەڵبژاردن ببەن، ئایا تا چەندە پارتی و یەکێتی لە ئیستادا دەتوانن هەڵبژاردن بکەن؟

نوری بەشیر: بۆ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن وەک نمایشێکی سیاسی و نیشاندانی رووی ئەوان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە هەڵبژاردنیان ئەنجامداوەو بەدەنگی خەڵک هاتوون شتێکی زیاتر نییە. هەڵبژاردن بکەن و نەیکەن ئەوان هەر شانسیان هێشتا هەیە لەدەسەڵاتدا بن، بەڵام جێگاو ڕێگای یەکێکیان سەردەکەوێ و لایەنێکیان دێتە خوارەوە ئەوە بۆیان گرنگ نییە، بەشداری زۆر وکەمی بۆیان گرنگ نییە هەروەک لەسەر ئاستی عێراقیش ئەوە گرنگ نییە، لەبەر بوونی دەسەڵاتی میلیشیایی لەهەردوو لادا.

واتە هەڵبژاردن بۆ شەرعیەتدانەوەی دەسەڵاتیان پێویستیەکە بەتایبەت دوای ئەو گوشارانەی نەتەوەیەکگرتوەکان و بەغدا لەسەریان دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و باری مالیەکەشی ئیمکانەتی خەیاڵیش لەبەردەستیاندایە.

بۆپێشەوە: ئایا هەڵبژاردن دەتوانێت هیچ لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بگۆرێت؟ بەتایبەت کە خەڵکی کوردستان ئەزموونی پینج خولی هەڵبژاردنی هەیە و تا دێتیش بەشداری نەکردنی خەڵک و بایکۆتی هەڵبژرادن زیاد دەبێت؟

نوری بەشیر: بە دڵنیاییەوە لەژێر دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا ناتوانرێت هیچ چاوەڕوانیەکی باشتر لەوەی کە ئێستا هەیە لە  ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بکرێت، لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی گەورەی ناسیونالیزمی کورد مۆری خۆیان داوە لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی چینایەتی کەنوێنەرایەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و کۆنەپەرستی کۆمەڵگە دەکەن و بەدژی بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکارو کەمدەرامەتن. پێنج خولی هەڵبژاردن بۆ هەرکەسێک کەمێک بیربکاتەوە لەبەرژوەندیەکانی خەڵکی کوردستان، دەزانێت کە دەسەڵاتدارێتی ناسیونالیزمی کورد هەڵبژاردن و پەرلەمان و جێگۆڕكیان چارەی دەردی خەڵک ناکات. ئەگەرچی هەنگاوی یەکەمی فشاری خەڵک لە ئێستا بایکۆتی زیاتری هەڵبژادنە، بەڵام بۆ باشترکردنی ژیانی یەکجاری وشیاری و رێکخراوبوونی خەڵکی پێویستە لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی سیاسی و حزبی ئەو هێزانە و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خەڵکە لە شوراکانی خۆیاندا.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە بانگەشەی هیزە ئۆپۆیسیۆنەکان بەتایبەتی نەوەی نوێ، کە لە ئیستاوە بەڵینی زۆر و هاوکات داوا لەخەڵک دەکەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن؟

نوری بەشیر: ئەوە رۆشنە کە نەوەی نوێ کۆپیەکی شکستخواردووی بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەمجۆرە هێزانە هەر لەچوارچێوەی دەسەڵادارێتی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتیدا جێگایان دەبێتەوە بۆ چەواشەکاری خەڵک و لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا. ئەم هێزە گاڵتەجاڕەو بانگەشەی بۆ هەڵبژاردن و داواکاری خەڵك بۆ بەشداری هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە سود لەوە ببینن کە خەڵک بەدژی پارتی و یەکێتین و لەو بۆشاییە سیاسیەدا خەڵک دەنگێکی زیاتر بدەن بەنەوەی نوێ. ئەبێت ئەو راستیە بڵێین کە ئەو شانسەیان هەیە کە دەنگیان بچێتە سەرەوە، بەڵام خۆشیان باش دەزانن کە هێشتا هەلومەرجی عێراق و ناوچەکەو جیهانیش ئەوە نییە کە بە یەکجاری دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی بخرێتە لاوە. هەموو هەوڵی نەوەی نوێ بۆ ئەوەیە کە خزمەت بەکێتی و پارتی بکات و رێژەیەکی زیاتر لەژێر ناوی دەنگدان بە نەوەی نوێ بچێت و دەنگ بدات، وە لە ئەگەری چونە سەرەوەی دەنگی نەوەی نوێ، ئەوکات پارتی و یەکێتی و بەتایبەت پارتی حسابێکی زیاتریان لەسەر بکات ببنە شەریکە بەشی دزی و گەندەڵیەکان لەدەسەڵاتدا و بزوتنەوەی گۆڕانیش هەر ئەوەی کرد.

نەوەی نوێ ئەوە باش دەزانێت نەخۆی حزبێکی سیاسی خاوەن بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕە لەکۆمەڵگە تا دەسەڵاتدارێتی بکات، وە ئەوەشیان لاڕوونە کە پارتی و یەكێتی بە کەمترین دەنگیشەوە وەک دوو هێزی میلیشیا لە ئێستا دەسەڵات تەسلیمی کەس ناکەن.

بۆپێشەوە: دوای بێنەو بەردەیەکی زۆری نێوان باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی سەرئەنجام بودجەی عێراق پەسەند کرا، پرسیار ئەوەیە پەسەند کردنی بودجە دەتوانێت چ کاریگەرییەکی لەسەر باشکردنی ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی عێراق هەبێت؟

نوری بەشیر: تەنیا بە تێڕوانینێکی خێرای هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقی لە بیست ساڵی رابردووداو مانەوەی هەمان دەسەڵاتدارێتی هێزی میلیشیایی دەبێت چ چاوەڕوانیەکی باشتر بکرێت. بودجەیەک کە لەژێر کاریگەری هەلومەرجی ناوچەکەدا لە ئێستا پەسەند کراوە، بەڵام ژمارەیەک مافیاو میلیشیایی هار کە نان و موچەی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتیان بەدەستەوەیە  چاوەڕوانیەکی زیاتر لەوەی کردویانە لە جێگای خۆیدا نییە. سەرمایەداری و حکومەتەکانیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان پێویستیان بە جێخستنی ئارامی لە ئاستی ناوچەکە و لە ئاستی وڵاتەکاندا هەیە، ئامانجی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی هەر ئەمەبوو کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە کە ترسیان لە لێکترازان و شەڕی جۆراوجۆر نەبێت و دەسەڵات لە حکومەتی ناوەندا یەکلایی بکەنەوە. بۆ ئەوە کارانەش دەبێت هەندێک کار بکرێت لە چاکسازی و رێکخستنەوەی ئابوری و خزمەتگوزاریەکان بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو هەنگاوە سیاسیەدا بێت کە ئامانجیانە.

بەجیا لەو هەنگاوانەی کە دەسەڵاتی ناوەند دەینێت بە ئامانجی جیگیرکردنی دەسەڵات لەباری سیاسیەوە دەىێت چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی عێراق و کوردستانیش چاوەڕوانیەکی زیاتریان نەبێت.

بۆپێشەوە: باڵە سەرەکیەکانی ناسیونالیزمی کورد “پارتی و یەکێتی” سەرباری ناکۆکی بەردەوامی نێوانیان بەڵام دژی گێڕانەوەی پاشەوکەتی موچەی موچەخۆران بوون، ئەم هاوڕاییە چیمان پێدەلێت؟

نوری بەشیر: ئەوە ئەو راستیە دووپات دەکاتەوە کە ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی و لەسەرو هەموویانەوە یەکێتی و پارتی لەهەموو تەمەنی خۆیاندا چەند کێشەو ململانێ و هەتا لەشەڕدا بووبن، بەڵام بۆ وەستانەوەو دژایەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان یەک دەست و یەک هەڵوێست بوون، بۆیە دژی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە نموونەیەکی بچوکە لەو دژایەتیەی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر  بە بەرژەوەندی و ژیان و گوزەرانی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان بەگشتی.

بۆپێشەوە: بەپێی بەندێکی بودجە پەسەندکراو بۆ سێ ساڵی داهاتوو، لەکاتی بوونی نادادپەروەری لە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی لە ئاستی پارێزگاکانی هەرێمدا، بەغدا راستەوخۆ بودجەی ئەو پارێزگایە دەنێرێت… یەکێتی نیشتیمانی ئەوە بەدەستکەوتێکی خەڵک و ڕێگایەک بۆ دادپەروەری و خزمەت بەخەڵکی زۆنی سەوز دەزانێت، ئیوە لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

نوری بەشیر: مەسەلەی پەسەند کردنی بودجە بۆ حکومەتی ناوەندو هەم دانانی ئەو بڕگەیەی لەکاتی بوونی نادادپەروەری لە دابەشکردنی شایستەدارایەکانی لە ئاستی پارێزگاکانی هەرێمدا، بەغدا راستەوخۆ بودجەی ئەو پارێزگایە دەنێرێت، هەنگاوێکە لە درێژەی ئەو هەنگاوانەی پێشووی حکومەتی ناوەند بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکان لە پارتی و یەکێتی و لاوازترکردنی پێگەیان.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی لەلاوازیەوەتی کە لە زۆنی سەوزدا هەیەتی زیاتر لەدەستی دەرنەچێت،، لەلایەکی ترەوە یەکێتی لەبەرامبەر تەوازنێکی لەخوارەوە بونیەتی لەبەرانبەر پارتیداو بۆ فشارخستنە سەر پارتی کە حسابی لەسەر بکات وەک هێزی دووەم و وەک شەریکە بەشی ئەساسی لە حکومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی ئایندەدا. هەروەها ئەمە دورونزیک پەیوەندی نییە بە دەستکەوت بۆ خەڵک جیا لەدەستکەوت بۆ حزبەکەیان و چەواشەکاریەکە لەئاخردا لەبەرژوەندی خۆیان و دەوڵەتی مەرکەزیە….

Leave A Reply

Your email address will not be published.