دیمانە لەگەڵ جەلیلی رەزایی سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ٧٠٠٠هەزار لەکرێکارانی قەسابخانەکانی Danish Crowan Tican   

0

دیمانە لەگەڵ جەلیلی رەزایی سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ٧٠٠٠هەزار لەکرێکارانی قەسابخانەکانی Danish Crowan Tican   

بۆپێشەوە: دەتوانن بەکورتی باسی ئەو کارگەیەمان بۆ بکەن؟ کارگەکە چییە؟ کەی دامەزراوە؟ ژمارەی کرێکارەکانی چەندە؟ هەلومەرجی کار لە کارگەکە چۆنە؟

جەلیل رەزایی: Danish Crown دانش کراون واتا قەسابخانەی دانیمارکی، لە ساڵی 1887 بۆیەکەم جار لە شاری هۆرسێنس ئەو شوێنەی کە من کاری لێ دەکەم، دامەزراوە. ساڵی 2005 ئەم قەسابخانەیە لە بناغەوە لە دەرەوەی شار بنیاد نراوەتەوە، وەک گەورەترین قەسابخانەی ئەوروپاو مۆدێرنترینی جیهان لەبواری تەکنەلۆجیاو بە ڕۆبۆتکردنەوە. یەکێکە لەم کۆمپانیا گەورە جیهانیانەی کە گلوباڵ لە سەد وڵاتی جیهان لقی هەیەو بە دەیان هەزار کرێکار کاری تێدا دەکات.

تەنها لە دانیمارک 6000 کرێکاری هەیە، تەنها لە لقی هۆرسێنس 1500 کاردەکات و ڕۆژانە 22 هەزار بەراز بە شێوازی جۆراوجۆر ئەکاتە پاکەت و ڕوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.

بەپیی ئەوەی کە دانیش کراون کۆمپانیایەکی گەورەو ناسراوە، هەلومەرجی کار گرنگی زۆری پێدەدرێت، تەنانەت شەرایتی باش بۆ بەرازەکان کە کوشتن چاوەڕێیانە، ڕەچاو دەکرێت. کرێکارانی ئەم کارخانەیە مێژوی زیاتر لە سەدەیەک خەبات و ئەزمونیان هەیەو هەمیشە هەوڵدراوە کە کەلتوری هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوچارەنوسی دەستی پیوەبگیرێت. ئەزمونی زۆری  کەوتن و هەستانەوەمان بەرامبەر خاوەنکار هەیە.

حاسلی ئەزمونی سەد ساڵەمان  ڕێکەوتنامەیەکی حاشاهەڵنەگری کۆنکرێتە سەبارەت بە هەلومەرجی کار، کە ئاسان نیە خاوەنکار بتوانێت بەسەریا تێپەڕێت.

بۆپێشەوە: مانگرتنی حەوت هەزار کرێکار لە کرێکارانی قەسابخانەکانی  Danish Crowan Tican  بەسەرکەوتن کۆتایی هات، هۆکاری ئەو مانگرتنە رێکەوتننامەی کاری ساڵی ١٩١٤ بووە، دەتوانن ناوەرۆکی ئەم رێکەوتننامەیە کەمێک ڕۆشن بکەنەوە؟

جەلیل رەزایی: ئێمە پرەنسیب و چوارچێوەیەکمان هەیە بۆ شێوەی کارو هەقدەست و سەرجەم ماف و بەرپرسیاریەتیەکانمان کە لە ڕێکەوتنامەی کاردا تۆمارکراوە. ئێمە لەو شوێنی کارەمان هەمیشە پامان لەسەر ئەوە داگرتوە کە بە هاوبەش کاربکەین و وەک و یەک هەقدەست وەربگرین بەبێ جیاوازی ئەوەی کاری کامەمان قورستر یان سوکترە.

بەپیی کەلتوری کاری دانیمارک هەر دوو ساڵ جارێک ڕێکەوتننامەی تازە سەبارەت بە هەلومەرجی کار پەسەند و ئیمزا دەکرێت لەلایەن سەندیکای کرێکاران و سەندیکای خاوەنکاران و دەوڵەت.

لایەنی خاوەنکار لە 2010ەوە هەوڵدەدەن  بەناوی چالاکترکردنەوە کۆنتەراتی هاوبەشمان لابەن و کۆنتەراتی تاکە کەسی لەجیاتی دانێن، واتە هەر کەسەو بەپێی چۆنیەتی و چەندایەتی کارەکەی کرێی بۆ تەرخان بکرێت. بەڵام ئێمە قبوڵمان نەکردوە.

لەم ڕێکەوتنامەی ساڵی 2014 ئیشارەت بەوەدراوە لە هەندێک شوێنی تایبەت کە کارەکان قورسترە دەبێت کرێکار هەقدەستی زیاتر وەربگرێت. خاوەنکار هاتوە چەواشەکارانە بە فێڵبازی، لەم بڕگەیە تێگەیشتنێک دروست دەکات بۆ بەرژەوەندی خۆی، دەیەوێت کۆنتەراتی زنجیرەیی کە هەموومان وەک یەک هەقدەست وەردەگرین هەڵوەشێنێتەوەو بە ئارەزوی خۆی هەقدەستەکان دیاری بکات.

کۆمپانیای تیکان کە سەندیکاو ڕێکەوتنی کاری هاوبەشمان هەیە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بە سود وەرگرتن لەم بڕگەیەی باسمکرد ئەم تێگەیشتنەیان سەپاندوە کە هەرکەس بەپیی کۆنتراتی تایبەت بەخۆی هەقدەست وەردەگرێت. ئەمەش بۆتە هۆکاری فشارێکی زۆر بۆ سەر کرێکاران و وەرگرتنی هەقدەستی کەمتر.

بۆپێشەوە: ئەم مانگرتنە بە بانگەوازی چ رێکخراو و سەندیکایەک، رێکخرا؟

جەلیل رەزایی: NNF Nærings- og Nydelsesmiddelarbejder Forbundet))کە نوێنەرایەتی کرێکارانی نانەواخانەکان، شیرنەمەنی، قەسابخانەکان، کارگەکانی شەکرو شوکولات و توتن دەکات و بیست و حەوت هەزار ئەندامی هەیە لە دانیمارک و لەژێر چەتری کۆمەڵە سەندیکاکانی LO ە. وە لەناو کۆمپانیاکەی ئێمەدا نوێنەرایەتی و ئۆفیسی تایبەتیان هەیە، ئەمە قابیلی قبول نەبوو بۆ سەندیکاو پاش چەند کۆبونەوەو هێنان و بردن لەگەڵ خاوەنکار، گفتوگۆ گەیشتە بنبەست. لەسەر پێشنیاری سەندیکا، کرێکاران لە سەرجەم بەشەکانی سێ کۆمپانیایە دەستیان بۆ مانگرتن برد.

بەڕێوەبەری بەشی هۆرسێنسی دانیشکراون هەر لە سەعاتی یەکەمی مانگرتن کە ڕۆژی دوشەمە 20/11/2017 کارخانەمان ڕاوەستان، هاتە کۆبونەوەکەمان و داوای لێکردین کە دەست بەکارببینەوە، پیی ڕاگەیاندین ئەو گرێنتی دەدات تا دوو ساڵیتر کە ڕێکەوتەنامەی تازە پەسەند دەکەین، لەلای ئێمە کار بەم بەندە ناکرێت و هیچ ئاڵوگۆرێک ڕونادات، بەڵام بەپیی ئەزمونێک کە هەمانە لە گەڵ بەڵێنی خاوەنکار، بایەخمان بە بەڵێنەکانی نەداو لە دەنگدانێکی گشتی بە تێکڕای دەنگ بڕیارماندا بۆهاوپشتی هاوخەباتەکانمان بە بێ ئیشکردن بگەڕێینەوە ماڵ. ڕۆژی دووەم هەر ئەم وتانەی ڕۆژی یەکەم بە نوسراو لەسەر مێزی هۆڵی کۆبونەوەی گشتی داندرابوو، بەڵام ئێمە هەر بە هەمان نەفەس سوربوین لەسەر ئەوەی کە بە دەنگدانی گشتی گەڕاینەوە ماڵ.

ڕۆژی سێهەم ناچاربوون چۆکدابدەن و بەهەموو شێوەیەک پاشەکشە بکەن و کرێکارانی تیکان کە لەمانگی نیسانەوە ئەم یاسایەیان بەسەردا سەپابوو قەرەبوی مادی بکرێنەوە.

شایانی باسە بەدوای ئەژنۆ دادانی خاوەنکارو کۆتاییهاتنی کێشەکە بەسەرکەوتن، بەشی ئێمە ئامادە نەبوو دەست بەکاربکاتەوە بەهۆی ئەوەی نوێنەری ئێمە لەسەندیکا لەلایەن بەڕێوەبەری بەشەکەمان لەم بەرامبەرکییەدا بەرخوردی شەخسی پێکرابوو وە پییانڕاگەیاندبوو کە سەری مارەکە تۆیت و قسەی کۆبونەوەکان ڕاستەوخۆ بۆ کرێکاران دەگوازیەوە. بەدوای ئەوەی نوێنەرەکەمان ئەمەی پێڕاگەیاندین ئێمە بڕیارماندا کە بەردەوامبین لە مانگرتن تا ئەوکاتەی بەڕێوەبەر داوای لیبوردن لە نوێنەرەکەمان دەکات. دیارە جاریتریش لە کێشمەکێشی تردا بەڕێوەبەرمان ناچار بە پۆزش کردوە بەرامبەر نوێنەرەکەمان بەهۆی ئەوەی نوێنەرمان لێدوانی دەربارەی دۆخی کرێکاران بۆ ڕۆژنامەیەک دابوو لەلایەن کۆمپانیاوە بە نوسراو ئینزار کرابوو، لە پرۆسەیەکی مانگرتنی سێ رۆژیدا لە سەرەتای ئەمساڵدا ناچارمانکردن کە پاشگەزببنەوە لە هۆشداریەکەیان و داوای لێبوردنی لێ بکەن.

بۆپێشەوە: دوای سەرکەوتنی مانگرتنەکە، هەستی کرێکارەکان چۆنە؟

جەلیل رەزایی: بە چەپڵە لێدان و فیکە جەژنی سەرکەوتن دەگێڕین، کاتێک بەڕێوەبەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت کرێکارانی تیکان قەربوو دەکرێنەوە هەموو بەیەکجار دەستی بەرزدەکاتەوەو هاوار دەکات بژی سەرکەوتن بژی یەکیەتی.

دیارە ئەمە زیاتر هانمان دەدات بۆ هاوپشتی و ڕێکخراوبون، هەستێکی زۆرخۆشمان هەیە کاتێک هەستدەکەین بەهۆی یەکگرتوییمان توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین. هەموومان ئامادەبوین لەسەر کار دەربکریین، بەڵام نوێنەرەکەمان یان هاوکارێکمان سوکایەتی پینەکرێت.

ئەوەی کە لەزمانی هاوکارانم دوبارە دەبێتەوە ئەوەیە کە ئێمە نابێت پشتی یەکتری بەربدەین ئەگەر پشتی ئەوان بەربدەین خۆمان لاوازدەکەین.

واتا ئەوە بڕوا بەخۆبونەمان پێدەدات ئەگەر ئێمە یەکگرتوبین و لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشمان سوربین وەک چینی کرێکار دەتوانین سەرکەوتوبین.

بۆپێشەوە: ئەگەر پەیامێک یان شتیکتان ماوە بۆ وتن، بفەرموون؟

جەلیل رەزایی: لێرەوە دەمەوێت ڕوی دەمم بکەمە ئەم کرێکارانەی کە ئەم گفتوگۆیە دەخوێننەوە، پییان بڵێم هێزمان لە یەکگرتوبونمان و ڕێکخراوبونمانە، سەرکەوتن بەختەوەری و تام و چێژک دەدات بە ئینسان کە هەرگیز لەزەتی تەواو نابێت، پەیوەندی هاوڕێیانەی نێوان کرێکارەکان دەباتە لوتکە، ورە و باوڕ بەخۆبوون بەرز دەکاتەوە، دەبێت بە یادەوەریێکی خوەش کە هەرکاتێک بیری لێدەکەیتەوە هێز و تینت پێدەبەخشێت.

ئەوانەی کە کرێکارن لە وڵاتانی دەرەوە، زۆر پیویستە بە چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە پەیوەست بن و ببنە ئەندامی سەندیکا کرێکاریەکان، ئێمە هاوچارەنوس و یەک بەرژەوەندیمان هەیە. جیاکاری مەزهەبی و ئیتنیکی تەنها بۆ شەق شەق کردنی ڕیزەکانی ئێمە و کەلێن خستنە ناو ڕیزی چینی کرێکارە.

لەپێناوی بەدیهێنانی داهاتویەکی باشتر بە خەباتی هاوبەش چینی کرێکارەوە پەیوەست بن.

کرێکارانی جیهان یەکگرن.

زۆر سوپاس بۆ ئێوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.