سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ملیۆنان دۆلار تەخشان و پەخشان دەکەن و خەڵکی نەداریش پارەی حەب و دەرمان و چارەسەری پزیشکیان نییە…

0

بەپێی سەرچاوەیەکی هەواڵ کە لەشار پریس وەریگرتووە و بڵاوی کردۆتەوە، چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی هەرێمی کوردستان، بری هەشت ملیۆن دۆلار بۆ ئاهەنگی زەواجی کوڕی شای ئوردون دەکەنە دیاری.

حەسەن موسەوی کە سەرۆکی دامەزراوەی قیمەی عێراقییە، هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە و  نووسیویەتی” ئەو بەهەدەردانە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم فشارێکی زۆری دارایی خستۆتە سەر هاوڵاتیان، کە توشی کێشەی کردون” ”
سەرۆکی دامەزراوە عێراقیە لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت “پێویستە لێپرسینەوەیەکی یاسایی‌و شەعبی لەو بەرپرسانە بکرێت بزاندرێت ئەو پارانەیان لەکوێ هێناوە، لەجیاتی بەسەر خەڵکی خۆیان دابەشبکەن، دەیکەنە دیاری بۆ خەڵکی دیکە”.

ئەم هەواڵە و زۆری تریش کە ناوە ناوە لە میدیا ناوخۆی و دەرەکیەکان بڵاودەکرێنەوە، چاوەروانکراوە و بەرپرسانی دزی ئەم هەرێمەش، باکیان بەوە نییە رۆژانە و سێ ژمە، باسی دزی و تاڵانی و بەهەدەردانی قوتی هاوڵاتیان لەسەر خۆیان و کەس و کار و بازنەی نزیکیان، بڵاوببیتەوە.

دیارە ئەم هەواڵە چەندین پرسیار دەوروژێنێت لەوانە… ئەگەر ئەم جەنابانە بۆ ئاهەنگێکی دەرەکی و کوڕی سەرۆک دەوڵەتێکی دیاریکراو دیاری ملیۆنی ببەخشنەوە، دەبێ بۆ ئاهەنگی خۆیان و کەس و کارو کوڕ و کچ و خزم و دەست و پێوەندەکانیان، چەند زیاتر ببەخشنەوە؟ وە پرسیار ئەوەیە ئەم هەموو داهاتە کە دەبەخشرێتەوە، لە خەزێنەی دزی چەند ملیاردی دایە؟

لە کاتێکدا رۆژانە هەواڵی تاڵانی و دزی و دەستبەسەراگرتنی زەوی و بازرگانی و هەواڵی تەخشان و پەخشان کردنی داهاتی خەڵکی کوردستان بڵاودەبێتەوە، کە بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان، بۆ کرێنی دەرزیەک و داودەرمان و سەردانی پزیشکێک موحتاجن، بۆ کڕینی پیداویستی رۆژانە ناچارن دەست پاریزی بکەن و لەوەڵام دانەوە بەخواستی مناڵەکانیاندا، خۆیان دەخۆنەوە. وە خەڵک موحتاجی دەیان وسەدان پێداویستی ژیاری و شارستانی ئەم سەردەمەن.

ئەم تەخشان و پەخشان کردنەی بەرپرسە حزب و حکومی و بنەماڵەییەکان، لێکهەڵپێکراوە لە دزی و تاڵانیەکی ئاشکرا لەناوخۆی هەرێمدا. هەموو کەسێکی بەویژدان و ئازاد دەزانێت کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بە قەومی و ئیسلامیەکەیەوە، بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدارەکەیەوە، دزی و تاڵانی بۆتە تایبەتمەندیەک و ناسنامەیەکی ئاشکرا کە توانای داپۆشینی نییە… بەڵام ئەو راستیەش دەزانن کە رۆژێک دێت، خەڵکی کوردستان لە راپەرینی خۆیاندا، دەست بەسەر داهاتی دزراویاندا دەگرن و سەرانی تۆمەتباریش بەدزی و تاڵانی و گەندەڵی دەخەنە قەفەزی لێپرسینەوەی یاسایی و جەماوەری.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.