درۆن و باندی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان تەراتێن دەکەن…

0

کەم رۆژ هەیە هەواڵی هێرشی درۆنەکان بۆسەر کادر و چالاکوانەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لەناو قوڵایی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بڵاونەکرێتەوە. یان هێرشی باندە تیرۆریستەکان گیانی کەسێک لە کردەوەی تیرۆریستدا نەکێشن. لەدرێژەی ئەم دۆخەو کردەوە تیرۆریستیەکانی باندە ئینسان کوژەکانی تورکیادا، ٩ ی ئەم مانگەش حسێن ئارسان ئەندامی ریکخراوەی کرێکرانی میزۆپۆتامیا و پەنابەری… سیاسی لە شاری سلێمانی کەوتە بەرهێرشی گروپێکی تیرۆریستی و کوژرا. وە رۆژانە درۆنەکانی تورکیا لە ئاسمانی کوردستاندا راوی هەلسوڕاو و چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەرانی سیاسی دەکەن. لە ئاکامی ئەم هێرشە بەردەوامانەدا تاکو ئیستا بەدەیان سەیارە و چالاکوان لە ناو جەرگەی شارەکاندا کراونەتە نیشانە و ژمارەیەکی زۆریان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بە جیا لە درۆنە کە کاری دروێنەکردنی بنکەو و سەیارە و شوێنی چالاکوانانی نەیاری سیاسی تورکیایە، تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا دەیان کادری و چالاکوانی سیاسی تر لەڕیگای باندەکانی سەر بەمینی تورک و هاوکارەکانیان کەوتونەتە بەردەم هێرش و تیرۆرکراون.

ئەوەی جێگای رامانە، تاکو ئێستا بکوژی هیچ کام لە تیرۆرەکان ئاشکرا نەکراون و ئەم هەموو هیرشە درۆنیەش لە هەرێمدا، مویەکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی نەبزواندووەو بێدەنگەیان هەڵبژاردووە، ئەمەش نەک هەر نیشانەیەکە بۆ نابەرپرسێتی، بەڵکو بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ پشتیوانی لەم کردەوانە لەلایەن دەسەڵاتەوە. هەروەها ئەو هێرشانە لەناو قوڵایی کوردستان و جەرگەی شارەکاندا، بەبێ هاوکاری باندە ئینسان کوژەکان و چاوساغی پیاوە کرێگرتەکانیان مەیسەر نابێت.

دیارە ئەم کردەوە ئینسانکوژی و تیرۆریستانە تەنها تایبەت نییە بە تورکیا، بەڵکو جمهوری ئیسلامی ئیرانیش هێندەی بۆی کراوە، بنکەو بارەگای هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆردومان کردووە، ناوچە سنوریەکانی بەپاساوی پاراستنی سنور تۆپباران و ئێستاش گوشارەکانی بۆ داخستنی بارەگا و ئوردوگانیان دەست پێکردووە، ئەوە جیا لەوەی بەدەیان کادری نەیاری ئیران تیرۆرکراون و رادەستکراونەتەوە…

ئەم هەموو هێرش و کردەوە تیرۆریستیانە لە هەرێمدا، نەک نیشانەی بی دەربەستی هێزە سیاسیە دەسەڵات بەدەستەکان و بەکەم گرتن و حساب نەکردنە بۆیان هاوکات، هێرشیکی ئاشکرایە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و ئیرادەی سیاسیان و بەرهەمی بۆشایەکی سیاسی و دەسەڵاتێکی بەرپرسە، کە تەنانەت توانای ئیدانەکردنیشی نییە.

رێگایەک کە دەتوانێت ببێتە گوشار لەسەر ئەو دەوڵەتانە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان و حزب و هێزە سیاسی و جەماوەری و ئازادیخوازەکان، لە رێگای وەرێخستنی نارەزایەتی شەقام و کۆبونەوەی جەماوەرییەوە، داوای چوونە دەرەوەی بنکەو بارەگا و سەربازگەکانی تورکیاو ئیران بکەن و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرس بکەن لەوەی کە بکوژ و تۆمەتبارەکان بدۆزنەوەو رادەستی دادگایان بکەن….

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.