هۆکاری ناکامی کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی چییە؟ … عەبدوڵا مەحمود

0

دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی، بانگەوازی پارتی و یەکێتی کرد کە کۆتایی بە تەشەنوجی نێوانیان بهێن و ناوی ماڵی کورد رێکبخەنەوە. هەروەها دوای کۆبونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی… میدیاکانی پارتی و یەکێتی و بەرپرسە ڕێگەپێدراوەکانیان، بەپێچەوانەی جەنگی میدیایی پیشوو، بە پێچەوانەی هەڵدانەوەی کارنامەی یەکتری و داننان بە تاوانکاریی و نۆکەرپیشەیی و ژێر پیخستنی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستان و بەرینکردنەوەی قڵشتی نیوان زۆنەکانی هەرێم، ئەمجارە بەهاری پڕ گوڵزاری ئارامیان راگەیاند و هەموویان بە ئەرێنی باسی کۆبونەوەی نێوانیان و گرنگی تەبایی و یەکێتی پارتیان کرد..

دوای هەموو ئەم هات و هاوارەی دوای کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی و سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی، کە کۆبونەوەکان کە دەوترا ئەرینی بوون، دوبارە و تەنها دوای ٤٨ سەعات، جەنگی میدیای و پێکداپژانی کادر و بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی دەستی پێکردەوە.

 پەرلەمانی کوردستان کە بەمانای وشە نەک دامەزراوەیەکی یاسایی و نە دەستکەوتێکی خەڵکی کوردستان و نە پێکهاتەیەکی دانپیانراوی حکومی، بەڵکو بۆ شێواندنی رای گشتی ناوخۆ و دنیای دەرەوە لەلایەن پارتی و یەکێتی قوتکراوەتەوە، لەسەر پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بووە مەیدانی پێکداپژانی ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی و یەکێتی.

دیارە کیشەی بناغەیی پارتی و یەکێتی واوەتر لە مەسەلەی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و جۆری هەڵبژاردن و باسی پێکهاتەکان و …تاد، بەڵام خودی هەڵبژاردن بۆ یەکێتی و پارتی بۆتە کێشەیەکی واقعی وەکو  یەکێک لە دەرهاویشەی گرفتە بناغەییەکانیان. پارتی و یەکێتی و سەرجەم حزبەکان گرفتی هاوبەشیان بەشداری نەکردنی خەڵک و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانە… بۆ یەکێتی بەمانای داڕمان و نیشاندانی کیرڤی روو لەخواری قبوڵ نەکراوە. بۆ حزبەکانی تری دەرەوەی پارتی و یەکێتی بەجیا لە بایکۆتی خەڵک و بەشداری نەکردن، دەزانن لەرێگای هەڵبژاردنەکانەوە ئەگەر کورسی و پۆستیش بەدەست بهێنن، بەڵام لە دەسەڵات نزیک نابنەوەو و ناتوانن دەست لە دەسەڵات گیر بکەن… بۆ خەڵکی کوردستان گاڵتەجاری هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە. خەڵکی کوردستان دەزانن لەریگای هەڵبژاردنەوە هیچ ئاڵوگۆڕیک بەدی نایەت و هەڵبژاردن بکرێت یان نا، پارتی و یەکێتی بەو هۆی هێزی چەکدار و ئەمنی و قوتی هاوڵاتیان و وابەستەیان بە بلۆکیكی ناوچەیییەوە، هەر هیزی دەسەڵات بەدەستی هەرێم و خاوەن شکۆی زۆنی ژێر دەسەڵاتیانن. بەشێک لە ئەندام پەرلەمان و هیزی ئۆپۆزیسیۆنی بۆدەڵەی سیاسی، دەیانەوێت ئاوی موبارەکە بکەن بە گرنگی هەڵبژادنەکان و پیرۆزی ببەخشنەوە بە پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستە هەموو هەوڵێک دەدەن تا خەڵک بانگەواز و فریو بدەن کە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام هەوڵی ئەمانەش هەوڵێکی ناکامە… بەتایبەتی کە خەڵکی کوردستان ئەزموونی لەگەڵ هیزێکی ئۆپۆزیسیۆنی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، کە نەک نەیان توانی بەها بۆ پەرلەمان و هەڵبژاردن بگێرنەوە، بەڵکو بوونە هۆکارێک و بەشدار لە دزی تاڵانی و گەندەڵی و رتوش کردنی روخساری دەسەڵاتێ چەتەکان و سەرئەنجامیش بەدەستی بەتاڵ هاتنە دەرەوە و بوونە قوربانی وەهمەکانیان بە هەڵبژاردنەکان و فریوکارییەکانیان سەبارەت بە گۆرانکاری، تا رادەی سوک کردنی دەستەواژەی “دەیگۆڕین”.

سەرجەم سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و هاوبەش ئیسلامیەکانیان، بێ شەرمانە دەڵێن، پەرلەمان دامەزراوەیەکی یاسایی و هەرێم و دەستکەوتێکی گرنگی خەڵکی کوردستانە، کەچی بە ئاشکرا ئەم دامەزراوەو دەستکەوتەیان!! کردۆتە تەیرێکی گول و عەنتیکە… ئەوەی لەهەموویان زیاتر پەسەند و ستایشی پەرلەمان دەکات، هەر ئەویش کەی بیەوێت دەرگاکەی دادەخات، رایدەگرێت، رێگری لە سەرۆکەکەی دەکات سەردانی بکات… پەرلەمان زۆرتر وەکو دوکانێکە خاوەنەکەی کەی بیەوێت دەرگاکەی دەکاتەوە کەی نەخوازێت دایدەخات.. ئەوەش گەواهی دەری ئەو راستییە کە خودی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کایە بە دامەزراوە یاسایەکەیان!! دەکەن، بۆیە ئەگەر پەرلەمان کەمترین بەهای هەبێت، لەو بەهایەش خاڵی کراوەتەوە و ئەوەش بێ بەهای کردووە هەر ئەوانەن کە بەشان و باڵی پەرلەماندا هەڵدەدەن.

دیارە بەجیا لە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و هاوبەش ئیسلامیەکانیان، لای خەڵکی کوردستان و هەر کەسێکی هوشیار رۆشنە، پەرلەمان نە دەستکەوتی خەڵکی کوردسانە و نە دامەزراوەیەکی یاسایی و نە هیچ بەهایەکی بەکردەوەی هەیە… پەرلەمان لە جێگای ئەوەی جێگایەک بێت بۆ دانانی یاسادانان و وەڵامدانەوە بە هیچ گرفت و کێشەیەک، خۆی بۆتە کیشەو سەرچاوەی گرفت و بار گرانیەکی زۆر بەسەر خەلكی کوردستان و داهاتەکەیەوە و گۆرەپانێک بۆ زیادکردنی قڵشتی زۆنە دابەش کراوەکانی هەرێم… تەنانەت ئەگەر دەیان یاساش لەو پەرلەمانە دەربچیت، پیش مەرجەکەی ئەوەی شکۆی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەشکێنێت و بەرگریان لێ بکات، لەوەش زیاتر یاسایەک لەو پەرلەمانە دەرنەچووە کە خزمەتێک و دەستکەوتێکی بۆ جەماوەری فراوانی بێبەشی خەڵکی کوردستان هەبێت. پارتی و یەکێتی کە پەرلەمانیان کۆنترۆڵ کردووە، دەزانن هیزو توانایی پەرلەمان و لەچاو هەژموونی حزب و سەرۆکەکاندا، لاوازترین ئەڵقەی دەسەڵاتی هەرێم و ملکەچی تەواوی حزبە و راسپاردەکانیەتی.

 ململانێی زۆنەکان، کە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتیان تیادا داسەپاندووە، تا دێت قوڵتر دەبێتەوە… هۆکاری ئەوەش بە پلەی یەکەم ئەو ئەزمەو بێ ئاسۆییە سیاسییە کە پارتی و یەکێتی دەرگیری بوون. ئایندەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەبەرامبە بە هەژموونی بەغدا لەلایەک و نارەزایەتی جەماوەری و گوشارەکانی ئەمریکا و غەرب لەسەریان، لەبەردەم بچوکبوونەوە دایە… دەسەڵاتیان روو لە داماڵیین و مل کەچ بوونە بۆ بەغداو دەسەڵاتی ناوەندی. ئەو دۆخە بۆتە هۆکارێکی سەرەکی کە پارتی و یەکێتی هیندەی تر قڵشتی نیوانیان بۆ بەرگری لەدەسەڵاتیان لەبەرامبەر بەغدادا، قوڵتر بێتەوە…

دەتوانین بلێین پارتی و یەکێتی و سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، هیچ کارتێکی کاریگەری لەبەرامبەر بە بەغدادا لەدەستدا نییە، ئەوەش بۆتە هۆکارێک کە بکەونە حاڵەتی بەرگرییەکی سلبییەوە و لەم ململانێی بەگری کردنەشدا ململانێی نیوانیان، قوڵتر و ریکەوتنەکانیان کاتی و لەرزۆک و کورت مەودا بێت… ئەوەی لە پەرلەمانی کورستان و دواتر لەسەر پرسی بودجە لە بەغدا روویدا تەنها گۆشەیەک لە دەرهاوێشتەکانی ئەم دۆخە تازەیەیە. هەڵبژاردنی داهاتووش کە لەژیر گوشاری ئەمریکاو غەربدا ناچارن ئەنجامی بدەن، ئەم مۆتەکەیە کە لێیەوە داکوژانی رۆڵی سیاسی خۆیانی تیادا دەبینین… ئەوەی لەم نیوەدا جێگای هەڵویستەیە نەبوونی ئەلتەرناتیفی پارتی و یەکێتییە… نەبوونی رێگاچارەو نوینەری خەڵکی کوردستانە لەبەرامبەر بە بەغداو سیاسەتەکانی… نەبوونی بەدیلێکی سیاسی بەهیزە کە نوێنەرایەتی خواستە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەبەرامبەر بەبەغدا و بۆ دیاریکردنی ئاییندەی سیاسی کوردستان بکات… هەر ئەوەشە وا دەکات تەمەنی ئەزمەگرتووی پارتی و یەکێتی سەرباری بێ ئاسۆییان درێژ بکاتەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.