ئێستات باش نیشتمان: ئارام حەسەن

0

هەواڵی دار بەڕوەکانت پرسیبوو، ئەوان ئێستا زمانی کوردیان لەبیرچوەتەوە، داری وایان تیایە سەد ساڵە بەڕوو ئەگرێ بەڵام بە عەرەبی قسان ئەکا، دەوەنی واشیان خستوەتەوە شیری فارسان نەبێ نایخەنە سەر لێویان..

حوجرەکان پڕن لە سورەچنار، پڕن لە دارەبەن و مازواری تازەپێگەیشتوو، کەچی عاگۆلنامە ئەخوێنن.. شۆڕەبی عەمامەی لەسەرناوە، دارستانەکان جلیان بە بەرەوە نەماوە، چۆلەکەهەردیلە سرکەیی ئەچنێتەوە، کۆترەکان لەبری گمەگم (یابەیابە)یانە!

ئاسەواری شوێنپێی قارەمانی حیزەڵە جەستەی شەوەڕێ، باریکەڕێ، لاڕێ و تولەڕێی هەلاهەلا کردوە!

بێشەڵانێک بۆی گێڕامەوە وتی: لێرە شێر لاسایی وشتر ئەکاتەوە!

قەدپاڵێک پێیوتم: بەرازە نەزۆکەکان وازیان لە مالۆس و خواردنی پیازەخوگانە هێناوە، دڵداری لەگەڵ سوێسکە ئەکەن!

سنەوبەرێک ئەیوت داد و بێدادمە لە دەست شوشەی شەراب!

ئێستا لێره.. هەتا گێژەڵوکە ئیمزا بۆ لەدایکبوونی سێبەر نەکا قەدەغەیە نەمام بڕوێ، حاکمی موتڵەقی گوڵجاڕان ڕەشەبای چڵکنە، باسی چیت بۆ بکەم نیشتمان؟

باسی ئەو شاعیر و شاعیرۆکانە، کە وەک جەستەی ئادەمیزاد ئەتبینن، یەکێک کردویتی بە کچ و یەکێکی تر ژن، یەکێک بە کوڕ و ئەوی تریش بە سنگی ژنە شەهیدێک!

ئاخر باسی چی بکەم؟

ئەو هەموو گەنجەی ناوی تۆیان نەبیستوە، یان ئەو هەموو هەرزەکارەی گاڵتە بە نون و یێو شین و تێ و میم و ئەلف و نونی دوەمت ئەکەن!

باسی ئەو کەمتیارانە بکەم کە شەوانە بە زریکەی مامزەکان گۆڕستان ئەترسێنن، یان ئەو سێ چەقەڵە، کە سەعات سفری شەوێکی زستان بەرخێکیان ڕفان بە بووکی، یەکێکیان قاچی گرت و ئەوی تر دەمی و سێهەمیشیان بوو بە زاوا؟!

ئێستا لێرە.. ماسیەکان لە بزنمژە ئاوسن، شەوانە ڕەشبەڵەکی دڕکەزیی و دڕکە پێکوڵە.. لە کوێستانان خێڵەوخواری گورگی تورکان و تولەماری عەجەمان و کرمی چاوڕەشی عارەبانە!

ئێرە.. پڕپڕە لە سوپاسالاری دۆڕاو، لە بەڕێوەبەری داوێنپیس و لە فەرماندەی بەزیو..

ئێستا لێره، نە ئاش ئەگەڕێ، نە بەرداش لە خەو هەڵئەسێ، نە ئاشەوان ئاردی پێوەیە، کوڕوکاڵ لەبری چنینەوەی گوڵەگەنم فیشەک کۆئەکەنەوە..

لێرە.. شەڕه لەسەر شەکەمێ و بەربەنیوەیی تەمەن و ژنبەژنی خەلیفان!

ئێستا، ئەڵقەی هاوژینان شەوی پەردە ون ئەبێ، گیرفانی مێرولە تاڵان ئەکرێ، ئیرەیی بە قژی ڕێحانە و هەڵەکۆک و ڕێواس ئەبرێ، هەرمێ کێویلە لایلایە بۆ سمۆرە ناکا، دۆڵی پەلەزێ و ئاوایی پەنجەخانم بوون بە بەهەشتی کەران، گوێ لە مریشکە کونج ناگیرێ، هیچ کەس خەونی گوڵاڵەسوورە ناگێڕێتەوە، ئەژنۆی گوڵەبەڕۆژە بە جۆرێک شکاوە توانای ڕوکردنە خۆریان نیە، کەس لە حەیرانی کەڵەباب ڕانامێنێ..

ئاسمانی ئێره.. نـە ئەپژمێ نـە هەوریش نووزەی لێوەدێ..

ئێستا.. پشتێنی دیرۆکی چوارشانە شلە و تەقەڵی ئاڵامان هەڵوەشاوە!

٭٭٭٭٭

٭عاگۆل: وشەیەکی عەرەبی دەشتەکیە، بەناوبانگترین دڕکی بیابانە، لای خۆمان پێیئەڵێن وشترخۆرە..

٭یابەیابە: حەیرانی عارەبانە..

٭پیازەخوگانە: جۆرێک پیازی خۆڕسکی کێوانە، تەنیا بەراز ئەیخوات..

٭مالۆس: مێینەی بەراز..

٭بزنمژە: هاوشێوەی مارمێلکەیە، بەڵام قەبارەی زۆر گەورەتر و سەوزباوە، بە دزی شوانەوە گوانی بزنان ئەمژێ..

٭شەکەمێ: مەڕ لە تەمەنی یەک ساڵیدا..

Leave A Reply

Your email address will not be published.